مێینە و گورگەکانی دەرەوە

3 كاتژمێر لەمەوپێش
هاوار محەممەد
ئیسلامیزم لە ڕێگەى خێرخوازى و بانگخوازییەوە هەم فەزاى گشتیى كۆمەڵگە كۆنترۆڵ دەكات، هەم دزە دەكاتە نێو ڕووبەرە هەرە تایبەتییەكانى مرۆڤەوە و پەیوەندییەكانى لەگەڵ دەوربەردا بۆ دیاری دەكات. لە سەرەتاى سەدەى نوێوە بانگخوازى و خێرخوازى دەبن بە میكانیزمى هەرە سەرەكیى ئیسلامیزم بۆ بڵاوكردنەوەى ستایلێكى ژیان كە بە تەواوەتى ستایلە مۆدێرن و ئازادانەكان سەركوت دەكات.
ئەم فۆڕمى ژیانەى وا ئیسلامیزم بڵاوى دەكاتەوە بەشێكى گەورەى گرەوە لەسەر كۆنترۆڵكردنى "مێینە": سنوورەكانى جووڵەى، شێوازى هەڵسوكەوتى، پۆشاكى، پەیوەندییەكانى، ئەرك و واجباتەكانى و هتد. بەبێ زاڵكردنى وێنایەكى ئیسلامیستى بۆ مێینە، بەبێ دەركردنى مێینە لە زۆربەى ڕووبەرە گشتییەكاندا، بەبێ داماڵینى هەر سیمایەكى مۆدێرن لە مێینە، بەبێ زیندانیكردنى لە پەچە و ماڵدا و بەبێ داكوتینى بە ماڵدارى و وەچەخستنەوە و خزمەتكاریدا، مومكین نییە كۆى فۆڕمى ژیانى ئیسلامیستى سەركەوتوو بێت. تەنانەت كۆمەڵگە پێویستى بە "كار"ى ژن نییە؛ گوایە تەنیا بە هۆى خواستى سەرمایە و بازاڕەوە دەرفەتى ئەوە بۆ ژنان سازكراوە كە بێنە دەرێ و لەمەشدا دەكرێن بە "سۆزانى" و "كاڵا". ژنى بە حورمەت "واجبات"ـى دیكەى هەیە كە لە چوارچێوەى ماڵدایە و پێویست نییە لەپێناو كاردا ماڵ بێ سفرە و نان جێ بهێڵێت. لە ڕووى شەرعیشەوە لەسەرى فەرزە هەموو كاتێك ئامادە بێت ئارەزووى پیاوەكەى تێر بكات و نامەحرەم نەیبینێت.
ئیسلامیزم بەوە كۆمەڵگەى دەترسێنێت كە كاركردنى ژن لە دەرەوە واتە هەڵوەشانەوەى خێزان، دەستدرێژى بۆ سەر مێینە لە شوێنى كار، فەرامۆشكردنى منداڵ و مێرد. خۆ ئەگەر لە هەر دۆخێكیشدا ژنان و كچان بۆیان هەبێ بەهۆی بارى گوزەران [مەعیشەت]ـەوە بژێوى خۆیان پەیدا بكەن، دەبێت بە جلى شەرعییەوە، بە حیجاب، پەچە، بوركە، چارشێو، عەبا و پۆشاكى لەم بابەتەوە بن، دەبێت لەژێر چاودێریی پۆلیسى ئەخلاق، سیخوڕ، دراوسێدا بن، یاخود هەموو كۆمەڵگە بكرێت بە چاودێر و باوك و براگەورە بە سەریانەوە، هەمووان مافیان هەبێت دەستوەردان لە ژیانیان بكەن، ڕێیان لێ بگرن، بیانپارێزن، لێیان بدەن، بە گرتیان بدەن، نەفرەتیان لێ بكەن، تانەیان لێ بدەن. ئیدى بەم جۆرە دەرەوە دەگۆڕدرێت بە سەرچاوەى هەڕەشە، دەكرێت بە مۆڵگەى گورگەكان. كاتێك ژن وەك ڕاپۆنزێل بە دێوودرنجەكانى دنیاى دەرەوە دەترسێنردێت، ئەوا دەستبەجێ هێمایش بۆ كونجى ماڵ وەك پەناگە، وەك سووچێكى ئارام، دەكرێت. ژن دەبێت دیار نەبێت، دەبێت نەیەتە دەرێ، چونكە تەنیا بەم جۆرە بوون، شەرەف و كەرامەتى پارێزراوە. بەشێك لەو هاوكارییە خێرخوازییانەى ڕێكخراوە ئیسلامییەكان لە ساڵانى نەوەدەكان و دوو هەزارەكاندا بە "بێوەژنان" و خێزانە بێ سەرپەرشتەكانیان دەگەیاند، لەو پێناوەدا بوو مێینەكانى ماڵ ناچار نەبن بۆ كار و بژێوى ڕوو لە دەرەوە بكەن. ئەم ستراتیژە بەوە پاساو دەدرا كە ژنانى بێ مێرد و كچانى بێ باوك دەشێت بەهۆى خراپى گوزەرانییەوە لە دەرەوە بۆ مەبەستى سێكسى ئیستیغلال بكرێن. لەم ڕێگەیەوە ئەوان "شەرەف"ـیان دەپاراستن. بەڵام هەر ئەمە خۆى جۆرێك ئیستیغلالى هەژارى بوو بۆ بەهێزكردنى پێگەى كۆمەڵایەتى ئیسلامیزم. جەوهەرى گوتارى ماڵدارییەك كە ئیسلامیزم هەڵگرییەتى ئەمەیە: وێناكردنى خێزان وەك ئامێزێكى ئارام و پەناگەیەكى پارێزراو كە هەمان ئەو بورجەیە وا ڕاپۆنزێلى تێدا بەند دەكرێت، هاوكات گۆڕینى دەرەوە بۆ فەزاى دێودرنجەكان، بۆ دارستانى تاریكى دڕندەكان.
