کۆمسیۆنتانەكانی تەواوکردووەو رادەستی دەستەی دادوەری كردووە
6 ڕۆژ لەمەوپێش
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، تەواكردنی سەرجەم رێكارەكانی پەیوەست بە تانەكانی سەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی راگەیاند، دەشڵێت سەرجەمیان نێردراون بۆ دەستەی دادوەری و پاشانیش دەنێردرێت بۆ دادگای فیدراڵی بەمەبەستی پەسەند كردنیان.
رۆژی دووشەممە، 1-12-2025عیماد جەمیل، سەرۆكی تیمی راگەیاندنی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق رایگەیاند: ناردنی تەواوی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن بۆ دادگای فیدراڵی بۆ پەسەندكردنی، دوای ئەوە دەبێت كە دەستەی دادوەری پێداچوونەوە بە تەواوی تانەكاندا دەكات".
وتیشی:كۆمسیۆن تەواوی تانەكانی تەواو كردووە و پێشنیازەكانی خۆی لەبارەیانەوە پێشكەش كردووە، ئێستا كارەكە لای دەستەی دادوەرییە.
بەوتەی ئەو بەرپرسەی كۆمسیۆن "دەستەی دادوەری پابەند دەبێت بە ماوەی یاسایی كە 10رۆژە، دوای وەرگرتنی كۆتا تانە لە كۆمسیۆن و تەواوكردنی رێكارەكانی تایبەت بەو تانەیە".
"دەستەی دادوەری بەردەوامە لە ئەنجامدانی كارەكانی، كۆمەڵێك لەو تانانەی گەیشتوونەتە كۆمسیۆن و پێشنیازەكانی ئەنجومەنی كۆمسیارانیش سەبارەت بە رەتكردنەوەیان پەسەند كراون". عیماد جەمیل وای وت.
رۆژی 30-11-2025 ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق، یەكلاكردنەوەی 428 تانەی لە كۆی 853 تانە لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەكان راگەیاند.
پێنج شەممەی رابردوو كۆمسیۆن دوایین قۆناغی تانەكانی رەوانەی دەستەی دادوەری كرد بۆ بڕیاردان لەسەریان.
كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق، ئێوارەی رۆژی دووشەممە (17ـی تشرینی دووەمی 2025) ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی راگەیاند، كە رۆژی سێشەممە (11ـی تشرینی دووەمی 2025) بەرێوەچوو.
كۆمسیۆن دواتر سێ رۆژ دەرفەتیدا بە قەوارە و كاندید و لایەنەكان بۆ پێشكەشكردنی تانەكانیان لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەكان.
بەپێی رێكارەكان، كۆمسیۆن دوای وەرگرتنیان راسپاردەی هونەری و یاسایی لەبارەی تانەكانەوە بۆ دەستەی دادوەری بەرزدەكاتەوە بەمەبەستی سەیركردنیان. دواتر دەستەی دادوەری كۆمسیۆن لە ئەنجامی تانەكان یەكلایی دەكاتەوە، پاشان ناوی كاندیدە دەرچووەكان رەوانەی دادگای فیدراڵی دەكرێن بۆ پەسەندكردنیان.
