ئەحمەد شەرع: پەیوەندییمان لەگەڵ بەغدا و قاهیرە لە ئاستێکی باشدایە
2 كاتژمێر لەمەوپێش
ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا لە میانی بەشداریکردنی لە ڕێوڕەسمی یەکەمین ساڵیادی گۆڕانکارییەکانی وڵاتەکەیدا، هەڵسەنگاندنی بۆ سیاسەتی دەرەوەی دیمەشق کرد و ڕایگەیاند: سەرکەوتوو بوون لە دروستکردنی هاوسەنگی لە پەیوەندییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکاندا، شەرع جەختی کردەوە، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ عێراق و میسر ئاساییە، بەڵام هەوڵدەدەن بیگەیننە ئاستێکی بەرزتر.
ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا لە گوتارێکیدا بەو بۆنەوە، باسی ئاستی پەیوەندییە دیپلۆماتییەکانی وڵاتەکەی کرد و ئاماژەی بەوە دا، پەیوەندییەکانی دیمەشق لەگەڵ هەر یەک لە تورکیا، سعودیە، قەتەر و ئیمارات گەیشتووەتە ئاستێکی نموونەیی. سەبارەت بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق و میسر، ئەو پەیوەندییانەی بە قبووڵکراو وەسف کرد و هیوای خواست لە داهاتوودا گەشەسەندنی گەورە بەخۆیانەوە ببینن.
هاوکات ئاستی پەیوەندییەکانیشی لەگەڵ زلهێزە جیهانییەکانی وەک ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، ڕووسیا و چین بە باش لە قەڵەم دا.
لەلایەکی دیکەوە و وەک بەشێک لە ڕێوڕەسمەکانی ساڵیادی لابردنی بەشار ئەسەد لە دەسەڵات، ئەحمەد شەرع دوای ئەنجامدانی نوێژی بەیانی لە مزگەوتی ئەمەوی لە دیمەشق، جەختی لەسەر گرنگیی یەکخستنی هەوڵەکان کردەوە بۆ بنیاتنانی سووریایەکی بەهێز.
ناوبراو بە هەمان ئەو جلوبەرگە سەربازییە سەوزەی کە ساڵێک لەمەوبەر پێی گەیشتە دیمەشق، دەرکەوتەوە و ڕایگەیاند، ئەرکی سەرەکیی ئێستای هەموو سوورییەکان پارێزگاریکردنە لەو سەرکەوتنە و بنیاتنانەوەی وڵاتە بە شێوەیەک شایستەی مێژوو و قوربانییەکانی گەلەکەی بێت.
