سەرۆکوەزیرانی عێراق لیژنەیەک دەنێرێتە قەزای چەمچەماڵ

3 كاتژمێر لەمەوپێش



بەپێی زانیارییەکانی پەنجەرە، محەمەد شیاع سودانی لیژنەیەکی ڕەوانەی قەزای چەمچەماڵ کردووە، ئامانج لە ناردنی لیژنەکە بۆ ئەو شارۆچکەیە خەمڵاندنی زەرەر و زیانەکانی سێشەمەی ڕابردوە کە بەهۆی لافاوەوە دروست بوو.

 لیژنەکە لە ئێستادا لە قەزای چەمچەماڵن و دوور لە چاوی میدیاکان سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن و پێدەچێت سبەینێش بەردەوام بن لە کارەکانیان.

ڕۆژی سێشەمەی ڕابردوو، دوای بارینی بارێکی زۆر بەشێک لە قەزای چەمچەماڵ و ناحیەی شۆڕش ژێر ئاو کەوتن و زیانێکی زۆریش بەر موڵک و ماڵی هاوڵاتیان کەوت، جگە لەزیانی مادیش، بەهۆی لافاوەکەوە ژمارەیەک هاوڵاتی بوون بە قوربانی.

پێشتریش سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی ناوەندی نیشتمانی بۆ بەڕێوەبردنی قەیران و کارەساتەکانی سەربە وەزارەتی ناوخۆ و لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕاسپارد، بۆ ئەوەی ھاوکاری و پاڵپشتی بەو ھاووڵاتییانەی دانیشتووانی ھەرێمی کوردستان بکەن کە بەھۆی لافاوەوە زیانیان بەرکەوتووە.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە ناوەندی نیشتمانی بۆ بەڕێوەبردنی قەیران و کارەساتەکان سەربە وەزارەتی ناوخۆ و لایەنە پەیوەندیدارەکان لەلایەن محەمەد شەیاع سوودانییەوە ڕاسپێردراون، بۆ ئەوەی ھاوکاری و پاڵپشتی بەو ھاووڵاتییانەی دانیشتووانی ھەرێمی کوردستان بکەن کە بەھۆی لافاوەوە زیانیان بەرکەوتووە.

ھەروەھا ڕاشیگەیاندووە کە سەرۆکوەزیرانی عێراق، وەزارەتی دارایی ڕاسپاردووە کە بە خێرایی بوودجەیەک بە ئامانجی دابینکردنی ھەموو پێدوایستییەکی فریاگوازری پێویست بۆ ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان، تەرخان بکات، ئەمەش دوای ئەو کەشوھەوا سەختییەی کە شارو شارۆچکەکانی ھەرێمی گرتووەتەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار