دادگای فیدراڵیی عێراق ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەسەند کرد
8 كاتژمێر لەمەوپێش
دادگای باڵای فیدراڵی عێراق ئەنجامی خولی شەشەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی پەسەندكرد، بەمەش وادە دەستورییەكان بۆ دانیشتنی پەرلەمان و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان، پاشان هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمارو دواتریش متمانەبەخشین بە حكومەت دەستپێدەكات.
دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە بە سەرۆکایەتیی دادوەر مونزیر ئیبراهیم حوسێن و بە ئامادەبوونی تەواوی ئەندامەکانی، دانیشتنێکی داخراوی کرد بۆ وردبینیکردن لە ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی گشتیی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بۆ ساڵی 2025، کە بە نووسراوی ژمارە (خ/25 ر.م/79) لە 8ی کانوونی یەکەمی 2025 لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانەوە نێردرابوو.
بەگوێرەی راگەیێدراوێکی دادگەکە، "دوای وردبینی و گفتوگۆ، بۆ دادگە دەرکەوت "پڕۆسەی دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی پەرلەمانی عێراق (خولی شەشەم)، بەپێی مەرجە دەستووری و یاساییەکان بەڕێوەچووە و هیچ تێبینییەک لەسەر دروستییەکەی نییە."
جومانە غەلای، وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق، رۆژی دووشەممەی رابردوو (8ـی كانوونی دووەمی 2025) رایگەیاند: ئەنجامەكانی هەڵبژاردنیان رەوانەی دادگای باڵای فیدراڵی كردوە بۆ پەسەندكردنی. بەپەسەندكردنی ئەنجامەكانیش خولی شەشەمی ئەنجومەنی عێراق دەستپێدەكات بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتییەكان و رێكارەكان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی.
بەپێی رێكارە دەستورییەكان، دوای پەسەندكردنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن، سەرۆك كۆمار بانگهێشتی پەرلەمانتارانی خولی نوێ دەكات بۆ ئەنجامدانی دانیشتنی یەكەم و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دوای هەڵبژاردنی دەستەكە، پێویستە لەماوەیەكدا كە لە 30 رۆژ تێپەڕنەكات ئەنجومەنی نوێنەران سەرۆك كۆماری نوێ هەڵبژێردرێت، بۆ ئەوەی كاندیدی فراكسیۆنی گەورەی پەرلەمان راسپێرێت بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ ئەویش لەماوەیەكدا كە لە 30 رۆژ تێپەڕنەكات.
بەپێی نەریتی سیاسی و سازانی نێوان پێكهاتە سەرەكییەكانی كورد، شیعە و سوننە و دەرئەنجامی كۆتایی دوایین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، شیعەكان كە ئێستا زۆرینەیان لە چوارچێوەی هەماهەنگیدا كۆبونەتەوە، پۆستی سەرۆك وەزیران وەردەگرن، سوننەكانیش كە زۆرینەیان لە ئەنجومەنی سیاسی نیشتیمانی كۆبونەتەوە پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران بەركەوتەی ئەوانە، لایەنە كوردییەكانیش كە تائێستا هیچ هاوپەیمانی تەنانەت كۆبونەوەیەكیشیان ئەنجامنەداوە، سەرۆك كۆمار بەركەوتەی ئەوانە، بەڵام تائێستا قسەیان لەسەر هیچ كاندیدێك نەكردووە.
رۆژی (11ـی تشرینی دووەمی 2025) دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەچوو، كە هەرێمی كوردستانیشی گرتەوە، زیاتر لە 50% ی دەنگدەران بەشداری پڕۆسەكەیان كرد.
