ئێران لەنێوان فشاری ناوخۆیی و هەڕەشەکانی ترەمپدا
کاتژمێرێک لەمەوپێش
چەند کەس کوژران و چۆن ئینتەرنێت گەڕایەوە؟
ئامادەکردنی: هاوڵاتی
بڵاوبوونەوەی لیستی فەرمیی کوژراوانی ناڕەزایەتییەکانی مانگی یەکی حکوومەتی ئێران، شەپۆلێکی نوێی کاردانەوەی لە نێو ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و میدیاکاندا بەدوای خۆیدا هێنا. ئێران دەڵێت، لە خۆپیشاندانەکاندا سێ هەزار و 117 کەس کوژراون کە زیاد لە دوو هەزاریان لە هێزە ئەمنییەکانن، بەڵام رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ئەم ئامارە بە ناڕاست ناوزەد دەکەن و بە هەوڵێکی تارانی دەزانن بۆ شاردنەوەی ژمارەی راستەقینەی قوربانیان.
ئاژانسی هەواڵی چالاکوانانی مافی مرۆڤ (هرانا، HRANA) ڕایگەیاند، تا 1ی شوباتی ٢٠٢٦، گیانلەدەستدانی شەش هەزار و ٨٤٢ کەسیان پشتڕاستکردووەتەوە و لێکۆڵینەوە لە حاڵەتی زیاتریش هێشتا بەردەوامە.
لە لێکۆڵینەوەکانی کەناڵی "بی بی سی"دا هاتووە، بەشێک لە بنەماڵەکان ڕایانگەیاندووە، بۆ وەرگرتنەوەی تەرمەکان داوای بڕە پارەیەکی زۆریان لێ کراوە و لە هەندێک حاڵەتیشدا بە ئاشکرا پێدانەوەی تەرمەکانیان ڕەتکراوەتەوە، بۆ ئەوەی زانیاری وردتر لەسەر ژمارە و بڕی ئەو کوشتارە بەکۆمەڵانە بڵاو نەکرێتەوە.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، قەیرانی ئینتەرنێت وەک یەکێک لە ئاستەنگە سەرەکییەکانی ناوخۆی ئێران، هەڵایەکی گەورەی ناوەتەوە. دوای زیاتر لە سێ هەفتە لە سنووردارکردنی توندی ئینتەرنێت، لە ئێستادا هاوڵاتیان هەوڵدەدەن لە ڕێگەی بەکارهێنانی فلتەر شکێن و ئامرازە بەدیلەکانەوە پەیوەندی بە یەکتر و تۆڕە جیهانییەکانەوە بکەن.
کۆمپانیای سایفۆن دەڵێت: ژمارەی بەکارهێنەرانی پەیوەستبوو لە ناوخۆی ئێرانەوە بە هاوکاری فلتەرشکێنی سایفۆن، گەیشتووەتە نزیکەی هەشت ملیۆن کەس و لانیکەم دوو ملیۆن کەسیش لە ڕێگەی ئەپڵیکەیشنی کۆندۆیت “Conduit”ەوە دەستیان بە ئینتەرنێتی بێبەرامبەر گەیشتووە، کە پشت بە بەشداری بەکارهێنەران لە دەرەوەی وڵات دەبەستێت بۆ دابینکردنی ئینتەرنێتی بێبەرامبەر، بەبێ ئەوەی پێویستی بە سێرڤەری ناوخۆیی هەبێت.
لەسەر ئاستی دیپلۆماسیش، بەپێی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز وا بڕیارە ڕۆژی هەینی هەریەکە لە عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ، لە هەوڵێکدا بۆ زیندووکردنەوەی دیپلۆماسیەتی نێوان هەردوو وڵات، لە ئەستەنبوڵ کۆببنەوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، چەندین جار هەڕەشەی بەکارهێنانی هێزی بەرامبەر ئێران کردووە و لە نوێترین لێدوانیشیدا گوتی، بە هیوای ئەوەیە دانوستانەکانی رۆژی هەیینی بەرهەمدار بن، چونکە ئەگەر وا نەبن، ڕەنگە ڕووداوی خراپ ڕووبدات.
لە ئێستادا گوتاری رژێمی ئێران بەرامبەر ئەمریکا گۆڕاوە و عەلی خامنەیی، رابەڕی باڵای وڵاتەکە رایگەیاند، ئەمجارە جەنگ هەڵبگیرسێت جەنگێکی هەرێمیی لێدەکەوێتەوە، ئەمەش بەو مانایەی کە وڵاتانی دراوسێی ئێران تێوەدەگلێن و ڕەنگە ئێران هێرشبکاتە سەر چەند وڵاتێکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
عەبدولرەحیم موسەوی، سەرۆکئەرکانی سوپای ئێرانیش هەڕەشەی کرد و گوتی، لە جەنگی ئەمجارەدا ئێرانکی بەهێزتر دەبینن و ئاگری جەنگ ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دەسووتێنێت.
