ھاوڵاتی   کامبوزیا پەرتۆیی، دەرهێنەری بەناوبانگی کرمانجی ئێران کە لەچەند رۆژی رابردوودا بەهۆی کۆرۆنا گیانی لەدەستدا، فیلمێکی سەبارەت بەکوردە ئێزدییەکان بەناوی «کامیۆن» بەرهەمهێنا. فیلمی بارهەڵگر، کە بابەتەکەی کوردە ئێزدییەکانە، خەڵاتی سیمۆرغی بلورینی فیلمنامەی فێستیڤاڵی فیلمی فەجری بردەوە. ئەو فیلمە سینەماییە لەسنوورەکانی سوریا و عێراق، لەگوندەکانی دەڤەری ناوچەی سیلوانا لەپارێزگای ئازەربایجانی ۆژاوا (ورمێ)، لەشارەکانی بانەو ورمێ بەڕێوەچوو، لەکۆتاییدا لەچەند ناوچە لەتاران لەوانە، ئازادی، تارانسەر، گوڵابدەڕە، شارەک غەرب، سادقیە و ... فیلمهەڵگری کراوە. فیلمەکە چیرۆکی شۆفێرێکی ئێرانی دەگێڕێتەوە کەبنەماڵەیەکی خەڵکی هەرێمی کوردستان بۆ دۆزینەوەی باوەپیارەیان دەهێنێتە تاران. لەو فیلمە سەعید ئاقاخانی، نیکی کەریمی، نەسرین مورادی، رامین راستاد، تروسکە جەولا (کوردی مەهاباد) رۆڵ دەگێڕن. سەعید ئاقاخانی رۆڵی سەرەکی لەئەو فیلمە دەگێڕێت. کامبوزیا پەرتۆیی سەبارەت بەئامادەبوونی ئاقاخانی لەو فیلمە وتبووی «پێم وابێت یەکێک لەشانسەکانی ئەو فیلمە هەبوونی سەعید ئاقاخانی بوو. من بەهۆی کوردبوونی سەعید ئاقاخانی ئەوم هەڵبژاردو ئەویش بەباشی رۆڵی گێڕا». شیاوی باسە، کامبوزیا پەرتۆیی، ئەکتەر، فیلمنامەنووس و دەرهێنەری کوردی کرمانجی ناوچەی گیلان بوو کە ١٨ی رەشەممەی ١٣٣٤ لەڕوستەم ئابادی رەشت لەدایکبوو و چەند رۆژ  لەمەوپێش بەهۆی تووشبوونی بە کۆرۆنا گیانی لەدەستدا.  

رۆژی 29ی تشرینی دووەم، (99) ساڵ تێپەڕی بەسەر لەدایکبوونی حەسەن زیرەکدا، ئەو ھونەرمەندەی کە (50) ساڵ زیاتر نەژیا و لەو تەمەنە کەمەدا زیتر لەھەزار گۆرانی تۆمار کردو وە.  هێشتا تێپەڕینی ئەو هەموو ساڵانە نەوەی نوێیان لەگوێگرتن لەدەنگە ئەفسانەیی‌و زێڕینەکەی ئەو دوورنەخستووەتەوە، چەندین نەوەی کورد گوێ‌ لەگۆرانیە جاویدانی‌و هونەرە بەرزەکەی دەگرن. ژیانی زیرەک حەسەن زیرەک (لەدایکبووی ٢٩ی تشرینی دووەمی ١٩٢١ لە بۆکان، ئێران– کۆچکردووی ٢٦ی حوزەیرانی ١٩٧٢ لەبۆکان) ھونەرمەند، مۆسیقازان و گۆرانیبێژێکی کورد بوو. یەکێک لەبەناوبانگترین ھونەرمەندانی کورد بوو، بەرچاوترین کاری ئەو کۆکردنەوەی گەنجینەیەک لە ھونەری ئاوازو گۆرانی کوردییە کە بەدەنگی ئەو وتراوەتەوە، حەسەن زیرەک بەھۆی گۆرانییەکانی لەناوکوردەکانی رۆژھەڵات و باشوور ناسراوە، لەساڵی ١٩٧٢ لەشاری بۆکان، پارێزگای ورمێ مرد و ھەر لەوێش نێژرا. حەسەن زیرەک لەمەڵبەندی موکریان لەدایکبووە، بەگوێرەی قسەی خەڵکی شاری بۆکان زیرەک لەگەڕەکی قەڵای سرداری ئەم شارە لەدایکبووەو زۆر کەسیش لەوانەی کە لەنزیکەوە دەیناسن، گوندی «ھەرمێلە» کە لەنێوان شاری سەقزو بۆکان ھەڵکەوتووە بەشوێنی لەدایکبوونی دەزانن. باوکی ناوی عەبدوڵڵایەو دایکی ئامینی ناو بووە، باوکی لەلای خانانی ئاغای گوندی ھەرمێلە کاری کردووە، لەبەر لێھاتووی بەزیرەک ناوی دەرکردووە، جگە لەحەسەن دوو کوڕی دیکەی بەناوەکانی حوسێنو مینە ھەبووە، لەتەمەنی خوار (10) ساڵیدا لەگەڵ چەند کەس لەدەنگخۆشانی بۆکان لەشایییەکانی ناو شارو گوندەکانی بۆکان گۆرانی وتووەتەوە، لەحەوت و ھەشت ساڵیدا بەردەستی مسگەری و قاوەچییەتی دەکات و ھەروەھا خزمەتی ماڵە دەوڵەمەندەکانی بۆکانی کردووە. زیرەک تەمەنی (١١) ساڵان دەبێ کە باوکی کۆچی دوایی دەکات، بەدوای مردنی باوکیدا بنەماڵەکەیان لەدێ بار دەکات و دەچنە شاری سەقز، پاشان دایکی زیرەک شوو دەکاتەوەو ئەمە دەبێتە ھۆی دژواری زیاتر لەژیانی ئابووری و کۆمەڵایەتی بۆ زیرەک و خوشک و براکانی، لە تەمەنی (١٢) ساڵیدا دەگەڕێتەوە ھەرمێلەو لەلای خانان ئاغای ئەو دێیە دەستدەکات بەقاوەچییەتی و چاوساخی و بەردەستی ئاغاوات. ساڵانی ھەرمێلەو سەقز ھەر لەو تەمەنەدا دەنگە خۆشەکەی سەرنجی خەڵکی ئەو دێیە بۆ لای خۆی رادەکێشێ و ھەموو ھەوڵی ئەوەیان دەبێ، کە زیرەک لەدەنگە خۆشەکەی بێبەشیان نەکات، کە خانان دەبینێ زیرەک دەنگی ئاوا خۆشە، ئەمجار زیاتر بایەخ بەئەو دەداو رێگا دەدا زیرەک بێتە دیوەخان و بەگۆرانییەکانی کۆڕی میوانانی خان بڕازێنێتەوە، لەولاشەوە زیرەک مێرمنداڵ و دەنگخۆش بۆ شەو داوەت و رەشبەڵەکی کوڕان و کچانی دێ، خۆ دەکوتێ و بەزمی شەوانەیان خۆش دەکات. دوای ساڵێک ھەرمێلەو لای ئاغاوات بەجێ دەھێڵێت و روودەکاتە شار، بە شاگرد لای کەبابچی و وردە کاری دیکە ژیان دەباتە سەرێ، پاشان دەگەڕێتەوە ھەرمێلەو وەک تفەنگچی لەماڵی ئاغاوات دادەمەزرێ و پاشان نێوانی لەگەڵ ئاغا تێکدەچێت و واز لەتفەنگچییەتی و ئازارو ئەزیەتی خەڵک لەپێناو ئاغادا دێنێت، دەچێتە سەقزو دەبێتە شۆفێری «مینە خانی ئەردەڵان» و لەنێوان سەقزو بانەدا دەست بەکار دەکات. ئاوارەیی و بەغدا رۆژێک لەڕۆژان کوڕە لاوێکی گوندی قوڕەدەرێ بەناوی مەحموود نارنج، دەکەوێتە بەر ئۆتۆمبێلەکەی و دەمرێ. لەترسان سەری خۆی ھەڵدەگرێ و ئاوارە دەبێت و لەڕێگەی پێنجوێنەوە روودەکاتە باشووری کوردستان و لەسلێمانی جێگیر دەبێت، دواتر لەڕێگەی کەرکوکەوە روودەکاتە شاری بەغداو لەوێ بەھۆی چەند کەسێک لەمیوانخانەی «شیمال ئەلکەبیر» دادەمەزرێ. لەوێش دەستدەکات بەگۆرانی وتن و لەماوەیەکی کەمدا بەم ھۆیانە ناوبانگ دەردەکات، چەند کەس لەناودارانی مۆسیقای کوردی وەک عەلی مەردان لەساڵی ١٩٥٣ی زایینی زیرەک لەوێ دەبینن و ئەو دەبەنە بەشی کوردی «رادیۆ بەغدا» بۆ یەکەم جار دەنگی لەڕادیۆی کوردی بەغداد دەبیسترێ و بەم جۆرە مەیدانێکی باش بۆ خۆنواندنی گۆرانیبێژیی زیرەک پەیدا دەبێ. حەسەن زیرەک لەماوەی مانەوەی لەبەغدا دەیان گۆرانی تۆمار دەکات، ئەم گۆرانییانە ناوو ئاوازەی زیرەک بەکوردستاندا بڵاودەکەنەوە، زیرەکی گۆرانیبێژ لەماوەی نزیک بە (١٠) ساڵ مانەوە لەعێراقدا دەبێتە دۆست و ئاشنای زۆر ھونەرمەندو گۆرانیبێژی بەناوبانگی کورد، لەئەزموون و رێنوێنییەکانیان کەڵک وەردەگرێ و سەرنجیان بۆ لای بەھرە ھونەرییە کەموێنەکەی خۆی رادەکێشێ. گەڕانەوە بۆ ئێران لەپایزی  ١٩٥٨ گەڕاوەتەوە بۆ رۆژھەڵاتی کوردستان و لەوێ چووە بۆ رادیۆی تاران، کرماشان، تەورێز، لەوێوە گۆرانی خوێندووە، ھەر لەو ساڵەدا لەڕادیۆی تاران لەگەڵ میدیا زەندی ئاشنا دەبێت و پێکەوە ژیانی ھاوبەش پێکدێنن کەئاکامی ئەو ژیانە دوو منداڵ بەناوەکانی «مەھتاب» و «ئارەزوو» دەبێ. دواتر حەسەن زیرەک ماڵەکەی دەباتە شاری بانەو لەوێ لە «کانی مەلا ئەحمەد» چایخانەیەک دادەمەزرێنێ، دیارە شانبەشانی ئەو کارەش لەگۆرانی وتن و کاری ھونەری ناوەستێ و لە بەزم و شادی خەڵکدا بەشداری دەکات و بەبۆنەی جۆراوجۆرەوە گۆرانی تۆمار دەکات. پاشان دەچێتە شاری مەھابادو لەدواکاتەکانی ژیانیشیدا دەچێتە شاری شنۆ، لەشاری شنۆ بەکارو کاسبی ژیان تێپەڕدەکات، لەساڵانی ١٩٦٠ – ١٩٦١ لەشاری سلێمانی لەتیپی «شانۆی ھونەرەجوانەکان» لەگەڵ «سێوەخان» و «ڕەشۆڵ عەبدوڵڵا» لەشانۆکانی «بووکی ژێر دەواری رەش» و «خەسوو یان ئەژدیھا» و «تەڕپیر» بەشداری کردووە. لەنێوان ساڵانی ١٩٦٧ – ١٩٦٨ لەشاری سەقز ھۆتێلی سێ ئەستێرەی ھەبووە کە بۆ خۆی لەوێ گۆرانی گوتووە. گۆرانییەکانی یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی گۆرانییەکانی حەسەن زیرەک، پشتبەستنی ئەو بەگۆرانی فۆلکلۆرییە، ئەو چاوی بەزۆر ناوچەو مەڵبەندی کوردستان کەوتووە، لێیان ماوەتەوە، لای خەڵکەکەی میوان بووەو ھەڵسان و دانیشتنی لەگەڵیان بووەو لەگەڵ شێوەی ژیانیان و جلوبەرگ و ھەڵسوکەوتیان ئاشنا بووە. ئەو گۆرانییانەی لەخەڵکەوە بیستوویەتی، فێری بووە. ھەرچەند زیرەک زۆر گۆرانیشی ھەیە کە ھەم ھەڵبەستەکەی و ھەم ئاھەنگەکەی ھی خۆیەتی، لە شیعری کوردیش کەڵکی وەرگرتووە، لەو شاعیرانە:  نالی، وەفایی، سەید کامیل ئیمامی، کوردی، ھەردی، پیرەمێردو ھێمن.  حەسەن زیرەک گۆرانی فارسی و ئازەریی ھەیە، لەو جۆرە گۆرانییانەدا زیرەک ھەڵبەستی کوردی تێکەڵاو کردوون. «گویلدر» یەکێکە لەو گۆرانییانە کە بە زمانی ئازەری گوتوویەتی. حەسەن زیرەک لەگەڵ زۆر گۆرانیبێژی کورد گۆرانی گوتووە، بۆ نموونە "محەممەد ماملێ"، "مەلا حسێنی عەبدوڵڵازادە"، "عوسمان بۆکانی" و "ئەحمەد شەماڵ". گۆرانی «ماڵی بابم بێ وەفا» یەکێک لەو گۆرانییانەیە کە حەسەن زیرەک، محەممەدی ماملێ و مەلا حسێنی عەبدولازادە پێکەوە بەیارمەتی تیپی مۆسیقای کرماشان تۆماریان کردووە، "بەرھەڵبێنە" و "ھەوارە، گوڵم ھەوارە" دوو گۆرانی دیکەن کە زیرەک و محەممەدی ماملێ پێکەوەیان گوتوون. ژیانی ھونەری و دەربەدەری لەماوەی ژیانی ھونەری، زیرەک دەربەدەری زۆری چەشت، ماوەیەک لەشارەکانی ئێران و ماوەیەک لەعێراق، لەڕۆژانی دەستپێکی ژیانی ل باشووری کوردستان لەشاری سلێمانی کاری دەکرد، رۆژێک بەدەم کارەوە لەژێر لێودا گۆرانی دەخوێنێت، ئەو گۆرانییەو دەنگی زیرەک ھەستی رێبوارێک دەبزوێنێ و ئەو رێبوارە دەبێتە ھۆی گۆڕانکاری لەژیانی زیرەکداو رێگەی بۆ دەکاتەوە بڕواتە رادیۆی بەغداد.  بۆ ماوەیەک لەڕادیۆ بەغداد  کاردەکات و کاتێ لەساڵی ١٩٥٦ بەشی کوردی رادیۆ تاران دەست بەکاردەکات حەسەن زیرەک بۆ تاران بار دەکات و لەوێ درێژە بەکار دەدات، زۆربەی بەرھەماکانی حەسەن زیرەک لەڕادیۆ تاران لەگەڵ گەورەکانی مۆسیقای ئێرانی وەک: حسەین یاحەقی، حەسەن کەسایی، جەلیل شەھناز، جەھانگیر مەلەک و ئەحمەد عیبادی بووە. حەسەن زیرەک ئەگەرچی لەبەر بارودۆخی ئەستەمی ژیان لەخوێندن بێبەش مابوو، بەڵام توانای بێوێنەی لەھۆنینی شیعری کوردی و دانانی مۆسیقای کوردی ھەبوو. ئەو توانایە لەگەڵ دەنگی بێوێنەی بووە ھۆی ئەوەی کە گۆرانییەکانی حەسەن زیرەک لەسەرانسەری کوردستان ببێتە خۆشەویستی جەماوەری خەڵک. ئێستاکەش لەشارو گوندەکانی کوردستان و لەماڵی کوردەکان گوێ لەگۆرانییەکانی دەگیرێت. حسەن زیرەک نە لەئێران و نە لەعێراق رووی خۆشیی نەدی. ھەڵسوکەوتی حکومەتی ئێران کێشەی زۆری بۆ درووستکرد، بۆ نموونە دوای ماوەیەک ئیتر رێگەیان نەدا لەڕادیۆ تاران بمێنێتەوە، بۆیە بڕیاریدا چیتر نەگەڕێتەوە تاران، کاتێک کۆچی کرد بۆ عێراق لەبەغداد دەستبەسەر کراو لەبەندیخانە ئەشکەنجە درا. خۆی دەگێڕێتەوە کە لە بنمیچ ھەڵواسراوەو لێی دراوە، بۆیە دوای رزگاربوونی رەوانەی ئێران دەکرێتەوە، بەڵام بۆ چارەڕەشی لەئێرانیش  دەزگای ساواک کە دەزگای ھەواڵگری سەردەمی شای ئیران بوو، دەیگرێ و ئەشکەنجەی زۆری دەکەن، زیرەک لەشوێنێک چۆنیەتی ئەشکەنجەکان دەگێڕێتەوەو ئەو گێڕانەوە وەک یادگاری ماوەتەوە لێی. کۆچی دوایی حەسەن زیرەک تووشی نەخۆشی شێرپەنجەی جگەر دەبێت، چەند جار لەنەخۆشخانەکانی ورمێ و بۆکان خەواندیان، بەڵام نەخۆشییەکەی، دەستبەرداری نەبوو، لێرەشدا حەسەن زیرەک وازی لەگۆرانی گوتن نەھێنا. لەساڵی ١٩٧١ی زایینی دوای ماوەیەکی زۆر لەجێگادا کەوتن لە ١٩٧٢ی زایینیدا لەنەخۆشخانەی شاری بۆکان ماڵئاوایی لەزێدو نیشتمانەکەی دەکات و چرای تەمەنی لەسووتان دەکەوێت و پەپوولەی گیانی قەفەسەی سینگی پڕ لەماتەمی بەجێھێشت. مەرگی حەسەن زیرەک وەک بۆمبێک لەنێو کوردستاندا تەقییەوەو شەپۆلەکانی خەم و ماتەمی لەدەستچوونی لەسنوورەکانی کوردستان تێپەڕی، لە سەر وەسیەتی خۆی لەداوێنی کێوی «ناڵەشکێنە» ی بۆکان بە خاک سپێردرا. گۆڕەکەی بوو بەزیارەتگای لایەنگران و ئەویندارانی. ئەم شیعرانەش بوونەتە رازێنەرەوەی کێلەکەی (تێبینی: ئێستا مەزارەکەی نۆژەن کراوەتەوە و ئەم شیعرانەش نەماون و شێعری نوێی لێ نووسراوە: بڕوانە کتێبەکەی، زیارەتیکە کێلەکەی                        کوردی زیندوو کردەوە زیرەک بەھونەرەکەی زیرەک زۆرت کرد خزمەتی ھونەر                         ژینت لەپێناو ھونەر بردە سەر رۆژگارت ساتێ بەبێ خەم نەبوو                              بەڵام لەھونەر ھیچت کەم نەبوو

سازدانى: نەوزاد ساڵح نوسەرو رووناکبیر دانا بەهادین لە چاوپێکەوتنێکی ‌هاوڵاتى دا باسلەوەدەکات  کورد  هیچ  پێگەیەکى  سیاسى و ئابوری  نییە لەناو شەپۆلەکانى  جیهانگیریدا هۆکارى سەرەکیش دەگەڕێتەوە  بۆ ئەوەى  خاوەنى  دەوڵەتى  سەربەخۆى خۆی  نییە. دانا بەهادین پێیوایە «هەربۆیە  زۆ ر گرنگە لەبرى  ئەوەى فۆکەسمان  چڕبکەینەوە  لەسەر  ئەوەى  کە سنورمان  کاڵ بکەینەوە  و ببین بەوەرگرى  هارد وێرى  جیهانگیرى، پێویستە  کارى سیاسى  بکەین  بۆ بەدەستهێنانى مافى  سەربەخۆیى و وەک  گەلانى پێشکەوتوى دنیا بەشداربین لەوەرگرتنى سۆفت وێرى  جیهانگیرى» . لەم چاوپێکەوتنەدا دانا بەهادین وەڵامی چەند پرسیارێکی هزریی ‌هاوڵاتى دەداتەوە. ‌هاوڵاتى: ئایا ئارگومێنتەکانى فەیلەسوفى بوارى مێژوو (فیرنان برودێل) لەگەڵ پرس و مێژووى کورد دەگونجێن لەکاتێکدا کە لەماوەى (100) ساڵی رابردوودا کوردستان  دووچارى  داگیرکردن و پارچە پارچەکردن بووەتەوە؟ دانا بەهادین: مێژووناس  و فەیلەسوفى  گەورەى  فەرەنسى (برودێل)، مێژووی رووداوەکان وەک رۆژو و ژمارە ناخاتەڕوو،  بەڵکو بۆ هەموو رووداو یان کارەساتێکى سیاسى باکگراوندە سیاسى و فکریەکەى شرۆڤە دەکات، واتا پشت نابەستێت بەباسکردن و گێڕانەوەى  چیرۆکى رووداوەکان بەساڵ و رۆژەوە، وەک ئەوەى مێژوونووسە کلاسیکیەکان گرنگى  پێدەدەن (برۆدێل)  لەیەکێک  لەئارگومێنتەکانیدا پێمان دەڵێت:  (زۆرجار بزووتنەوە سیاسییەکان بەهۆکارى  کاریگەرى بارودۆخە سیاسییە بەهەژموونە دەرەکیەکان چەندین  گۆڕانکارییان  بەسەردا دێت، بەشێویەک  کە ئەو بزووتنەوە سیاسییانە  ئێستاو ناوەڕاستەکانى تەمەنیان  بەهیچ  شێوەیەک لەسەرەتاکانى تەمەنیان ناچن)، ئەو مەبەستیەتى پێمان  بڵێت  بزووتنەوەیەک بەهەر هۆکارێکى سیاسى کە دروست دەبێت، چەندین  گۆڕانکارى  بەسەر پەیام و ئامانج  و  ستراتیژە  فکرى  و سیاسیەکانیدا دێت، ئەمەش  کاتێک  قۆناغەکانى  تەمەنى  بزووتنەوەکە بەرەو سەر هەڵدەکشێت و گوزەر  دەکات  بەناو  رەوش و ئەزموونە سیاسییە جۆراوجۆرەکاندا. لەم ڕوەوە، ئەو مێژووى  دابەشکردووە بەسەر (٣) ماوەدا وەک مێژووى ماوە ( دوور، مامناوەند، نزیک). بەپێى ئەم دابەشکاریەى  (برۆدێڵ)  بێت، مەرج نیە ئەو گۆڕانکاریانەی لەقۆناغەکانی دواتردا بەسەر پەیام و خەباتی سیاسییدا دێت باشتر بن لەوەی لەسەرەتادا بزووتنەوەکەی بۆ دروست بوو.  لەخوێندنەوەی مێژووی کورددا، (برۆدڵ) خزمەتێکی گەورەمان دەکات. بزووتنەوەى  سیاسى کوردستان  بەشێوەیەک گۆرانکارى  بەسەرداهاتووە پەیامەکانى ئێستامان بەهیچ  کلۆجێک لەپەیامى  سیاسى  مێژووى  ماوە دوورمان ناچێت  و لەپرسە سەرەکییە  راستەقینەکەى خۆمان داماڵراوین کە لەمێژووى ماوە دوورى سەدساڵەدا بۆمان دروست بوو  ئەویش بریتیە لە (داگیرکردن  و  دابەشکردن  و  توانەوەى نەتەوە)یمان. لەمێژووى ماوە دوورداو لەگەڵ دامەزراندنى  دەوڵەتى عێراقدا، بابوباپیرانمان بەنیازبوون دەوڵەتى کوردستانیان بۆ دابمەزرێنن، بەڵام مەخابن  قۆڵیان بڕین ، خەبات  و تێکۆشانى سیاسى نەوەى یەکەممان بۆ سەربەخۆیی بەردەوام  بوو، بەڵام لەماوە مامناوەندو نزیکدا ئەم پرۆژەیە وەرچەرخا بۆ باسى ئۆتونۆمى و سۆشیالیزم و دیموکراسى و رووبەڕووبونەوەى گەندەڵى . لەئێران بەڕێز( قاسملو) چووە شوێنى (قازى محمد)، قاسملو وەک  قوربانیدەرێکى سیاسى خاوەنى مێژوویەکى پرشنگدارە، بەڵام کەموکورتى پرۆژە سیاسییەکەى ئەوەبوو گەڕایەوە بۆ پلورالیزم (فرەیی) و پێکەوەژیانى ئاشتییانە لەگەڵ دەوڵەتى ئێرانداو پشتى کردە پرۆژەى سەربەخۆیى!!. (عەبدوڵڵا ئوج ئاڵان)یش مێژوویەکى لەقوربانیدان  تۆمارکردووە، بەڵام  لەکوردستانى باکور بەباسى  سەربەخۆیی دەستپێکردو بەزیندوکردنەوەى  شارستانیەتى  میزوپۆتامیاو رۆڵى کورد  لەپرۆژەى  ئاشتى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست کوتی پێهێنا. ئەم وەرچەرخانە سیاسییە تەنانەت نەبووە هۆى ئەوەى ژیانى سیاسى لەدوژمنایەتى داگیرکەرانى کوردستان بپارێزێت، ئەوەبوو قاسملویان تیرۆر کرد و ئوج ئالان-یشیان خستە بەندیخانەوە. مەبەستم ئەوەیە بزووتنەوەی کوردی ئێستا زۆر دوورە لەو شتەی بۆی دروستبوو. ‌هاوڵاتى: دەتەوێت پێمان بڵێیت لەئێستادا بزوتنەوە سیاسییەکانى کوردستان کار بەپرۆگرامێکى  سیاسى  دەکەن  لەهەناوى  واقیعى کێشە راستەقینەکانى کوردستانەوە هەڵنەقوڵاوە. ئەمەوێت لەسەر ئەم خاڵە روونکردنەوەی زیاتر بدەیت؟ دانا بەهادین: بەڵى کتومت  دەمەوێت ئەوە بڵێم ! ئێمە وەک کوردستان دووچارى داگیرکارى بووینەتەوە، کەچى  کاری  جۆراوجۆر  لەسەر بەرنامە فکرییەکانى وەک (لیبرالیزم و دیموکراسى و دادپەروەرى و سۆشیالیزم) دەکرێت. ئەم  بەرنامانە جێگەیان بە بەرنامەى سەربەخۆیى کوردستان چۆڵکردووە! لەڕاستیدا تەنها چەمکى سەربەخۆیى چەمکێکى خۆرسکە لەڕووى سیاسییەوە بۆ سەرجەم لایەنە سیاسییەکانى کوردستان کە بەداخەوە کارى لەسەر ناکەن، ئەم چەمکانەى دیکە زۆرینەیان هاوردەن و پێشتر لەلایەن بیریارانى وڵاتانى دەرەوە بەرهەمهێنراون و لێرەش بە کەموکورتیەکى زۆرەوە کاریان لەسەرکراوەو دەکرێت. زۆرینەى جاریش بوون بەهۆکارى دروستکردنى شەڕى ناوخۆ، بەنموونە: لایەنێکى سیاسى خۆی بەنوێنەری عەلمانیی دەزانێت و لایەنێکى تریش کۆنسێرڤەتیڤ (خۆپارێزو داخراوە) یان لایەنێک دیموکراتخوازەو لایەنەکەى بەرامبەرى سۆشیالیزمى رادیکاڵیە، لەماوەى زیاتر لەپەنجا ساڵ  لەمەوبەر تا هەنووکەش  بینیومانن  کە چۆن ئەم چەمکە هاوردانە بۆ کورد بوونەتە هۆکارى شەڕى ناوخۆ و بەریەککەوتنى قورسى ئایدیۆلۆژى و توانەوەى یەکترو پاشان دیزە بەدەرخۆنەکردنى بابەتى  یەکڕیزیى نیشتمانى و مەسەلەى سەربەخۆیى  کوردستان. ‌هاوڵاتى: بۆچی پێتوایە ئەو چەمکە فکرییانەی بزوتنەوە سیاسییەکانى کوردستان کە هەڵیانبژاردوون، کردویانن بەبەرنامە، بەناونیشانى پارت و بزوتنەوەکانیان و کەم و زۆر کارى لەسەر دەکەن، بابەتی نین؟ دانا بەهادین: بۆ وەڵامى ئەم پرسیارەتان، بۆچونێکى  واقعى  فەیلەسوف  و  ئابوریناسى  بەڕەچەڵەک  هیندى (ئەمارتیا سێن)تان، بیرهێنامەوە کە دەڵێت: ( گەلێک  داگیرکراو بێت دەبێت سەربەخۆیى مەرجى  یەکەمى بێت، دیموکراسییەتیش مەرجى  دووهەمى بێت). واتا بۆ گەلێک  گەر داگیرکراوبێت  تا سەربەخۆ نەبێت زانستى نییە هەر چەمکێک لەچەمکەکانى سیستمى فکرى  و سیاسى بکات  بەمەرج و پەیامى یەکەمى خۆى لەکاتێکدا دەوڵەتى خۆی نیە! جا ئەگەر باسکردن لەو سیستمانە دیموکراسى بێت یان سۆشیالیزم و دادپەروەریی  یان هەر چەمکێکى دیکە بێت. بەنموونە: لەسەردەمى  کۆڵونیالیزمدا زۆرینەى خاکى عەرەبى داگیرکرابوو لەناویاندا (میسر و مەغریب  و تونس و جەزائیر)، هەریەک لەم وڵاتانە جۆرەها لایەنى سیاسى ئۆپۆزسیۆنیان هەبوو، دابەشبوون بەسەر چەند ئاراستەیەکى فکریدا وەک (ئیسلامى ئسوڵى و میانڕەوەکان و پارتە کۆمۆنیستییەکان)، وێڕاى هەر ناکۆکیەکى فکرى و سیاسى لەنێوان خۆیاندا، بەڵام یەکڕیزبوون لەبەرامبەر  وەدەرەنانى  کۆڵونیالیستى  رۆژئاواو مەرجى یەکەمیان بریتى بوو لەسەربەخۆیی نیشتمانى عەرەبى. هەروەها لەدواى  شۆڕشى ئۆکتۆبەر وڵاتى فینلەندا سەربەخۆیى خۆى وەرگرت، لەماوەى سەربەخۆبووندا ئەم دەوڵەتە بۆ ماوەى (6) ساڵ ناکۆکى قورس لەنێوان لایەنە سیاسییەکانى وەک چەپى رادیکاڵ  و کۆنسێرڤەتیڤەکان  و میانڕەوەکاندا هەبوو، بەڵام سەرئەنجام  دەوڵەتەکەیان  هێنایەسەر مێزى  گفتوگۆو پاشان  توانیان دەوڵەت بکەنە بەرژەوەندى هاوبەشى نێوانیان و دواجار  چەمک و پرانسیپەکانى سۆشیال دیموکراتیان کرد بەسیستمى سیاسى دەوڵەتەکەیان. بۆ هەر گەلێک ئەم ئەزموونانەى لاى سەرەوە میکانیزمێکى سیاسى راستەقینەن، بەپێچەوانەشەوە  هەر گەلێکى بندەست  شۆڕش و پارتە سیاسییەکانى  مافى سەربەخۆیى فەرامۆش بکەن و سەرقاڵبن  بەباس  و خوازى یەکسانى و دیموکراسییەوە ماناى وایە کەوتوونەتەوە هەڵەیەکى زانستى  سیاسییەوە، بێگومان بۆ کوردیش ئەم ئارگۆمێنتە راستە کە حاڵى حازر لەناو ئەم هەڵەیەدا ژیان بەڕێدەکات! . بەکورتی، تا سەربەخۆ نەبیت، ناتوانیت دیموکراتخواز بیت مەگەر لەخەیاڵدا. تەنانەت سەختە بتوانیت شەفاف بیت، چونکە ترسی داگیرکەر ناهێڵێت لەکاتێکدا لای کەم نیوەی سەروەتی ماڵەکەتی بەدەستەوەیەو هەمیشە بەسەر سەرتەوەیە پشکێکی گەورە لەداهات و سەروەت بەزۆرەملێ بۆ خۆی بەرێت. ‌هاوڵاتى:  بەڕێزت ئاماژەت بەفکرو سیاسەتى هاوردە کرد! دەمەوێت ئەم بۆچوونەت زیاتر روونبکەیتەوەو ئەگەر بکرێت بە بۆچوونی فەیلەسوفان دەوڵەمەندتری بکەیت، ئایا (رانسێر) هیچ سودێکی لەم رووەوە هەیە؟   دانا بەهادین: فەیلەسوفى فەرەنسى (رانسێر) دەڵێت مامۆستایان هیچ وانەیەک بۆ خوێندکارەکانیان بەرهەم ناهێنن، بەڵکو تەنها وانەیەک دەخەنە بەردەست خوێندکاران کە پێشتر ئامادەکراوە، ئەم بۆچوونە بەسەر سیاسییەکانى ئێرەدا دەچەسپێت. لایەنە سیاسییەکانى کوردستانیش بەرهەمهێنەرى دەقى فکرى بابەتیانە نین بۆ کوردو تەنها بەرنامەى ئامادەکراوى پێشوەختەى دەرەوەى خۆیان دەخەنەڕوو  لەناو خەڵکى کوردستاندا. لەبەر ئاڵۆزیی بابەتە فکرییەکانی، بەباشى دەزانم لەڕێگەى باسکردنى چیرۆکیکى راستەقینە کەخۆى دەیگێڕێتەوە، یەکێک لەوانەکانى بخەمەڕوو  بۆ ئەوەى تێگەیشتن لەفەلسەفەى وانەکەى ئاسان بکەین. لەچیرۆکەکەیدا دەڵێت: (لەدواى جەنگى جیهانى  دووەم، مامۆستایەکى  فەرەنسى  هەلێکى کارى بۆ هاتووەتە پێش لەوڵاتى  هۆڵەندا وانە بەزمانى ئینگلیزى  بڵێتەوە بە (پێنج) خوێندکارى هۆڵەندى، لەکاتێکدا نە مامۆستاکە هۆڵەندى و ئینگلیزى دەزانێت، نە خوێندکارە  هۆڵەندیەکانیش  فەرەنسى  و  ئینگلیزى  دەزانن ! ئەم  کارە  هەم  بۆ مامۆستاکە و هەم  بۆ خوێندکارەکانیش دوائەندازە قورس و دژوار بوو، بەڵام  مامۆستاکە بەهۆى  قەیرانە داراییەکانى دواى جەنگى جیهانییەوە بەناچارى  ئەم  کارە  سەختە قبوڵ دەکات  و  بەگیرفانى خاڵییەوە  ملى رێگە دەگرێت  و بەرەو  وڵاتى هۆڵەندا  دەڕوات، لە یەکەم  رۆژى رووبەڕوبوونەوەى  لەگەڵ خوێندکارەکانیدا  فشار  لەخۆى  دەکات و تەنها لەماوەى چەند دەقیقەیەکدا بەزمانێکى ئینگلیزى  کەم و کورت  بەخوێندکارەکانى  دەڵێت: وانەکەى من ئەم کتێبە ئینگلیزیەى دەستمەو رادەستان دەکەم  و لەکۆتایى ساڵ دێمەوە بۆ  تاقیکردنەوەى  کۆتایى  وانەکەتان، خوێندکارانیش  کتێبەکەى  لێوەردەگرن  و پاشان دەستدەکەن بەهەوڵ و کۆشش  لەماوەى ئەو ساڵەدا،  تەنها لەبەرئەوەى  نمرەى دەرچوون بەدەست بهێنن، بەڵام سەیر لەوەدایە هەر پێنج خوێندکارەکە لە مادەى ئینگلیزى مامۆستا فەرەنسیەکەیاندا نمرەى  زۆر باش بەدەستدێنن  بەبێ  هیچ جۆرە یارمەتیدانێکى  مامۆستاکەیان  !. (رانسێر) لەگێڕانەوەى ئەم چیرۆکەدا مەبەستیەتى پێمان بڵێت:  ئەوانەى دەیانەوێت وەک مامۆستا یان وەک سەرکردەى سیاسى خۆیان بخەنەڕوو  داهێنەرى (بەرنامە و وانەکان) نین، بەڵکو تەنها بەکارهێنەرى  وانەو دەقە بەرهەم هاتووەکانن، واتە ئەگەر مامۆستاش ئامادەگى نەبێت لەوانە وتنەوە، خوێندکار  دەتوانێت  کۆنترۆڵى  وانەکانى بکات ( ئەگەرچى من تا ئاستێکى  زۆر  هاوڕا نیم  لەگەڵ  بۆچوونەکەى (رانسێر)دا سەبارەت  بەکەم تەماشاکردنى  رۆڵى مامۆستا  لەناو کایە مەعریفیەکاندا)، بەڵام  تائاستێکى  باش  لەڕەهەندى  سیاسییەوە هاوڕاى رانسێرم، چونکە دەبینین  هەرکەس و لایەنێکى سیاسى چەمکێکى  فکرى و سیاسى  دەکات  بەناونیشانى خۆى  و دەستدەکات  بەخۆنمایشکردن. لەکوردستاندا لایەن هەیە چەمکى  دیموکراسى  کردووە بەناوى  خۆیەوە، لایەنێکى تریش چەمکى سۆشیال دیموکرات و ئەوانى دیکەش سۆشیالیزم  یان  لیبرالێزم  ناونیشانى  پرۆژە سیاسییەکەیانە، لەکاتێکدا هیچ  یەکێک لەسەرکردە  کوردەکان  داهێنەرى  ئەم چەمک  و ناوانە نین  کە کرودیانن  بەناسنامەى  پارت و  بزووتنەوەکانیان! بەڵکو بەئامادەکراوى لەدەرەوەى عەقڵى خۆیان هاتووەتە بەردەستیان  و پاشان پەخشیان  کردووەتەوە  بۆ ناو  خەڵکى کوردستان، هەروەک چیرۆکى پێنج  خوێندکارە هۆڵەندییەکە مامۆستاکەش نەبێت خوێندکارەکان خۆیان فێردەبن و بەکۆششى خۆیان دەردەچن، واتە میللەت شتێکی نوێی لەم سەرکردانەوە وەرنەگرتووە. مەبەستم لە بیرۆکەیەکە کەڕەچەڵەکی خۆماڵیی هەبێت و ئەوان میللەتیان فێرکردبێت، بەڵکو بەهۆی (وانەکانی دیموکراسی هاوردەکراوەوە خەریکە وانە بنچینەیەکەی خۆیان لەبیر دەکەن)، خوێندکارەکان میتۆدێکیان هەبوو لەگەڵ دەزگایەکدا بۆیە فێربوون، باشە میللەتی کورد کەمیتۆدێکی راستەقینەی نیە بۆ خوێندن و دەزگای خۆی نیە، چۆن فێری دیموکراسییەت دەبێت؟ روونتر، مەبەستم لەدەزگا دەوڵەتە، لەمیتۆدیش سەربەخۆییە. کە ئەم دووانەی نەبوو، میللەت ناچێتە سەر سکەی خۆی و گەشە ناکات، بەڵکو سەروەتی بەفیڕۆ دەبات.  هاوڵاتى: بەگوێرەى ناوەرۆکى هەندێک لەوەڵامەکانت، چەمکى سەربەخۆیى دەخەیتە پێش چەمکەکانى تر بۆ بارودۆخى ئێستاى کوردستان، پێدەچێت بتەوێت بەرەو ئەو ئاراستەیەمان بەریت  تاسەربەخۆ نەبین ناکرێت ئێمە وەک کورد بۆمان گونجاو بێت  کاربکەین لەسەر هیچ چەمکێکى وەک دادپەروەرى یان دیموکراسى ...هتد. ئایا ئەمە رەها نیە؟ دانا بەهادین: بابەتەکە رەهایی و رێژەیی نیە، لێرەدا یان با بڵێم بە رێژەیی ناتوانیت ئەم بۆچوونە رەتبکەیتەوە، چونکە من باسی ئەزموونی مێژوویی گەشە و گەشەسەندن دەکەم، لەڕاستیدا سروشتى سیاسى دەوڵەتان ئەو راستییەى خستوەتەڕوو، گەلانى دنیا لەپاش دروستکردنى دەوڵەت توانیویانە سیستمى سیاسى بۆ خۆیان  دابڕێژن، بۆ نموونە وەک چۆن دەڵێن دەوڵەتى سۆشیالستى یان دەوڵەتى دیموکراسى، یان دەوڵەتانى سۆشیال دیموکرات بەواتاى ئەوەى دەوڵەت دەبێتە خاوەنى سیستمى سیاسى نەک بەپێچەوانەوە سیستمى سیاسى ببێت بەخاوەندارێتى دەوڵەت، مەبەستمە ئەوە بڵێم  ئێمە وەک کورد تا ئێستا نەگەیشتوین بەقۆناغى  دەوڵەت و  سەربەخۆیى  تا بانگەشەى ئەوە بکەین لەسیستمە سیاسییەکەماندا دادپەروەرین  یان دیموکراسین، گەر لەپێش دەوڵەت و سەربەخۆیى  هەر سیستم و چەمکێک  بکەین بەبەرى  ژیانى سیاسییماندا بێشک کەوتووینەتە  هەڵەى  زانستییەوە. دیموکراسی و دادپەوەریی هەر لەخۆیانەوە نابنە بەشێک لێمان، بەڵکو مەرجیان هەیە کەئەویش بوونی دەوڵەتە. بۆ پشتڕاستکردنەوەى  بۆچوونەکەم  بەپێویستى  دەزانم  بۆچوونی   بیریارى  گەورەى  بوارى  چەمکى دادپەروەرى   (جۆن ڕۆڵز ) بەنموونە  بهێنمەوە. ئەو  دەڵێت:   (هیچ  گەلێک ناگات بەدادپەروەریی  تا لەناو  دەوڵەتێکى سەربەخۆدا نەبێت )، چونکە گەلى داگیرکراو ناسەقامگیرە لەڕووى سیاسییەوە،  ئەم بۆچوونەش ئەو راستییەمان  بۆ دەخاتەڕوو  گەلى بندەست  و داگیرکراوى  وەک کورد بەهۆى  ئەوەى جومگە سیاسى و ئابورییەکانمان  بەدەست داگیرکەرانەوەیە، کەواتە لە سەقامگیرى سیاسییدا ناژین و لەڕێگەى  سەقامگیرى  سیاسییشەوە دەتوانین  دادپەروەرى  بکەین  بەسیستمى  بەڕێوەبردنى  دەوڵەت کە لێى بێبەشین ، کەواتە  لەقۆناغى ئێستاماندا پرۆسەى چاکسازى کارگێڕى و نەهێشتنى گەندەڵى  و  نادادى بەئامانجى  دادپەروەریی  بەبێ  سەربەخۆیی  کوردستان  کارێکى  مەحاڵە، چونکە هەرکات دەوڵەتى داگیرکەر  بیەوێت  هەرچى نوزە و نەفەسى سیاسى  هەیە دەتوانێت لێمان ببڕێت . بەنمونە: ئەگەر حکومەتى هەرێمى کوردستان بەنیاز بێت بووژاندنەوەى ئابورى لەبوارى  کەرتى کشتوکاڵیدا بکات، دەوڵەتانى ئێران و تورکیا سەرچاوەکانى ئاومان لێبگرنەوەو بەنداوەکانمان بەسەردا دابخەن ئیتر بەسە بۆ ئەوەى  وشکەساڵى جێگە بەپلانى چاکسازى و گەشەکردنى بوارى ئابورى کشتوکاڵیمان چۆڵ بکات. یاخود زۆرجار دەبینین حکومەتى هەرێم  باس لەپلانى سەقامگیرکردنى موچەى کارمەندان و فەرمانبەران دەکات، بەڵام تەنها بڕیاردانێک لەڕاگرتنى بەشە بودجەى  هەرێمى کوردستان لەلایەن حکومەتى عێراقەوە  کاریگەریی بەشێوەیەک دروستدەکات کە سەرلەبەرى پلانەکەى هەرێم قڵپ دەکاتەوە، ئاشکرایە چەندین جار ئەم حاڵەتەشمان بینیوە لەڕێگەى بڕیارە مەرکەزیەکانى عێراقەوە  کەچۆن  بەقووڵى  دووچارى  قەیرانى  دارایى  بووینەتەوە. خەڵکانێکى دیاریکراویش هەن لەڕێگەى دزى و چاوى تەماحکارانەوە بوون بە خاوەنى سەرمایەیەکى هێندە  زۆرو زەوەندە لەباڵانسى عەقڵ دەرچووە، ئەم خەڵکانەش هێندە هۆکارى سەرەکى نادادى و کۆڵەوارکردنى هەرێمەکەمان نین، هێندەى دەرهاویشتەى نەبوونى سەربەخۆیى و  ناسەقامگیرى  سیاسین  کەوەک میکرۆبێکى کوشندە  تەشەنەیان کردووە لەناو زەلکاوى داگیرکراویدا. ئەمەش جۆرێکە لە باجی بندەستیمان وەک گەلى کورد، بەمانایەکى دیکە بنبڕکردنى دزى و گەندەڵیش لەڕێگەى سەقامگیرى سیاسییەوە دەکرێت کەڕەوایەتى دەگەڕێنێتەوە بۆ یاساکانى بەڕێوەبردنى وڵات. هاوڵاتى: ئایا پێویست دەکات  کوردستان سنورى  سەربەخۆیى  هەبێت  و پرانسیپى  جیابوونەوە  بەنموونە  لەدەوڵەتى عێراقدا بکات  بەستراتیژى  سیاسیى خۆى لەکاتێکدا شەپۆلەکانی جیهانگیری سەرتاپای جیهانی بەیەکەوە بەستۆتەوە؟ دانا بەهادین: لەڕاستیدا  هەڵوەشاندنەوەى  بلۆکى شورەوى  و سەرهەڵدانى  نەزمى نوێى جیهان، لەسەرچاوە بەرچاوەکانى  ئەم قۆناغەن  کەپێى دەوترێت  سەردەمى  جیهانگیرى . من باوەڕم  وایە  لەڕووى  سیاسییەوە  سنورى  دەوڵەتانى دنیا کاڵ نەبوونەوتەوە، وردتر بڵێم  دەوڵەتان سنورەکانى خاکى خۆیان پاراستووە، تەنها  یەک نموونەشمان  لەسەرانسەرى  دنیادا  دەستناکەوێت  کە گەلێک هەبێت بەهۆى پێشکەوتنەکانى  سەردەمەوە  دەستبەردارى  دەوڵەتى  خۆیان بووبێتن  و پشتیان کردبێتە پاراستنى سەربەخۆیى  سنورەکانیان، بگرە  بەپێچەوانەوە  ئەو گەلانەشى کە دەوڵەتیان نیە دەیانەوێت ئەم   سەردەمەى  جیهانگیرى  بکەن  بەهەلێکى  سیاسى و دەوڵەتى سەربەخۆیى  خۆیانى  تێدا  دابمەزرێنن. بەڵام  هەروەک  ( سلوتەر دایک ) دەڵێت:  زۆر  لەگەلانى  رۆژ هەڵات  (هارد وێر)ى  جیهانگیرییان  وەرگرتووە، نەک (سۆفت وێر)، بۆچوونەکەى  (سلۆتەر دایک)  بۆ کورد  تاڕادەیەکى  باش راستى  تێدایە، چونکە کورد لەبرى ئەوەى خۆى بدۆزێتەوە لەجیهانى  کراوەدا و سنورەکانى خۆى جیابکاتەوە  لەگەڵ  دەوڵەتانى  داگیرکەردا و هەوڵبدات ببێت بەگەلێکى  بەرهەمهێن و  هاوتەریب بێت لەگەڵ پێشکەوتنەکانى جیهاندا، کەچى  پێچەوانەکەى  وەرگرتووە، بەنموونە  لەناو بەشێکى زۆر لە گروپە سیاسى  و  رۆشنبیرەکانماندا  باس لە بێبایەخى سنورى سیاسى و  سەربەخۆیی  کوردستان دەکەن  و دەیانەوێت  بەناوى  خۆمۆدێرن کردنەوەوە  مافى  سەربەخۆبوون  بۆ کورد  تێهەڵکێشى هزرە کلاسیک  و ماوە  بەسەرچووەکان  بکەن، بە باوەڕى من ئەمەش خۆونکردنەوە نەک خۆ دۆزینەوە . هەروەها سەرلەبەرى  ئامێر و بەرهەمەکانى  جیهانگیرى  لەهەرێمى کوردستان بەنوێترین  ڤێرژن  بەکاردێنین، بەڵام  ناتوانین   تەنها یەک ئامێرى  سادەشى   لێ بەرهەمبهێنین. ئێمە  وەک  کورد  هیچ  پێگەیەکى  سیاسى و ئابوریمان  نیە لەناو شەپۆلەکانى  جیهانگیریدا هۆکارى سەرەکیش دەگەڕێتەوە  بۆ ئەوەى  خاوەنى  دەوڵەتى  سەربەخۆى خۆمان  نین، هەربۆیە  زۆ ر گرنگە لەبرى  ئەوەى فۆکەسمان  چڕبکەینەوە  لەسەر  ئەوەى  کە سنورمان  کاڵ بکەینەوە  و ببین بەوەرگرى  هارد وێرى  جیهانگیرى، پێویستە  کارى سیاسى  بکەین  بۆ بەدەستهێنانى مافى  سەربەخۆیى و وەک  گەلانى پێشکەوتوى دنیا بەشداربین لەوەرگرتنى سۆفت وێرى  جیهانگیرى .

  ‌هاوڵاتى سێ کچی کورد لەیەک هەفتەدا سی خەڵاتی جیهانییان وەرگرت، کەئەوانیش هەریەکە لە سارا عومەرو زێڕین گەردی لەباشوورو زارا دۆغان لەباکوری کوردستانن. خەڵاتی ئەمساڵی ‹لاوراڵ›ی ئەدەبی لەدانیمارک درا بە سارا عومەر تەمەن (33) ساڵ، کە خەڵکی سلێمانییەو دانیشتووی دانیمارکە، هەروەها خەڵاتی ئەمساڵی کاریگەری جیهانی بۆ مافەکانی مرۆڤ درایە زێڕین گەردی لەباشووری کوردستان.  زارا دۆغانیش خەڵاتی کارۆڵ رامای ئیتاڵی لەبواری هونەردا بردەوەو بووە سێیەم کچی کورد کە خەڵاتی جیهانی بەرز وەرگرن تەنها لەیەک هەفتەدا. هەریەکە لەزاراو سارا ئەوە یەکەم جاریان نییە کەخەڵاتی جیهانی دەبەنەوە. چیرۆکی زارا دۆغان چیرۆکێکی سەرنجڕاکێشە، ماوەی  سێ ساڵە لەزیندانەکانی تورکیا ژیان دەگوزەرێنێت، تورکیا بەهۆی چەند تابلۆیەکەوە تۆمەتی بانگەشەکردن بۆ پەکەکەی داوەتە پاڵ زاراو زیندانی کردووە. زارا دەڵێت لەزینداندا دوو رێگام لەپێش بوو: یان تەسلیم بوون یان بەرخۆدان... رێگای بەرخۆدانم هەڵبژارد. چیرۆکە سەرنجڕاکێشەکەی زارا لێرەوە دەستپێدەکات: زارا بەنهێنی لەزیندان بەردەوامبووە لەکێشانی تابلۆکانی و بەقاچاغیش تابلۆکانی ناردۆتە دەرەوەی زیندان. زارا لەزینداندا هیچ کەرەستەیەکی بۆ کێشانی تابلۆکانی دەستنەکەوتووە، ناچار جلی کۆن و موقەباو پەڕەی رۆژنامەی وەک گراوند بەکارهێناوە. گیاوگۆڵ، سوتەکی جگەرە و توێکڵی هەنار، گەڵای خاس و تۆزی قاوەو تەنانەت خوێنی سوڕی مانگانەی بۆ رەنگەکان بەکارهێناوە. سەرەنجام زارا وانەیەکی تری «بەرخۆدان ژیانە»ی پێگوتین. زارا خۆی زیندانیی بوو و تابلۆکانی بەئازادی لەهۆڵەکانی هونەر لەئەوروپا و ئەمریکا ئازارو مەینەتییەکانی زاراو نەتەوەکەی دەگایەندە هەزاران کەس. زارا لەزیندانەوە تەسلیم نەبوو و بووە براوەی خەڵاتی کارڵ رامای ئیتاڵیی.. زارا دۆغان ماوەی سێ ساڵە لە زیندانەکانی تورکیادایە و بەتۆمەتی بانگەشە و پشتیوانی بۆ پەکەکە، ئەوەش دوای ئەوەهات کە تابلۆیەکی لەسەر رووداوەکانی نوسەیبین لە12ی تەمموزی 2016دا کێشا کە تیایدا هێرشەکانی تورکیای بۆسەر خەڵکی ناوچەکە دەگێڕایەوە. بەگوێرەی لێدوانێکی بۆ ئاژانسی فرانس 24 بەشێوەی نووسراو، وتوویەتی تابلۆکانم لێرە لەسەر تیشێرت و خاولی دەکێشم و سەرین و کەتان و زەرف و کاغەزی جگەرە بەکاردەهێنم. ئەو وتووشیەتی، فڵچەی بۆیەکانی لەقژی هاوڕێکانی دروستکراوەو توێکڵی پەتاتە، تەماتەو چا توێکڵی هەنارو تۆزی قاوە بەکاردەهێنێت و هەندێک جار بە «جوانترین رەنگ» ی خۆی کە خوێنی سوڕی مانگانەیەتی وێنەکانی دەکێشێت. ئێستا زارای تەمەن (30) ساڵان، لەزیندانەوە، براوەی خەڵاتی کارڵ رامای ئیتاڵییە، یەکەم زیندانی سیاسییە کە بەهۆی کێشانی وێنەکێشانەوە دەستبەسەر دەکرێت، بەڵام لەجیاتی ئەوەی بەرەو نائومێدی بچێت، زیاتر داهێنەرو کارکەر بووە.. هونەرمەندەکە بەئاژانسە فەرەنسیەکەی وتووە، بەهاوکاری و هاوڕێی زیندانیەکانی تابلۆکانی ئامادە کردووە کە هەر شتێک زانیبێتیان رەنگی دەبێت لەخواردنە بەجێماوەکەیان بۆیان هێناوە، لەکاتی کارکردندا بەدەوریدا کۆبوونەتەوە و هانیانداوە. زارا دۆغان لەنامەکانیدا لەزیندانەوە بۆ هاوڕێکەی ناز ئۆکەی کە رۆژنامەوان بووە بەرهەمەکانی ناردووەتە دەرەوەو چەند چیرۆک و کارێکیشی لەو رێیەوە بەزمانی فەرەنسی بڵاکردووەتەوە. زارا دۆغان لەساڵی 1989 لەئامەد لەدایکبووە. دەرچووی کۆلێژی هونەرە جوانەکانی زانکۆی دیجلەیە. لەکاتی راگەیاندنی قەدەغەی هاتوچۆدا زارا دۆغان لەشەقامەکانی شارۆچکەی نسێبین لەمێردینی باکووری کوردستان تابلۆی لەسەر دیوارەکان دەکێشاو بەهۆیەوە تۆمەتی ئەندامبوون لەپەکەکەی خرایەپاڵ.  رۆژی 23ی تەممووزی 2016 لەمێردین دەستگیرکراو رۆژی 9ی کانوونی یەکەمی هەمان ساڵ ئازادکرا، دوای بێتاوانبوونی لەو تۆمەتانەی خرابوونە پاڵی، لەمانگی حوزەیرانی 2017دا بەتۆمەتی ئەندامبوون و پرۆپاگەندەکردن بۆ پەکەکە بۆ ماوەی (33) مانگ لەگرتووخانەی سزا قورسەکانی ئامەد دەستبەسەر کراو رۆژی 24ی شوباتی 2019 ئازادکرا. زارا درێژەی بەکارە هونەرییەکانی داو تابلۆکانی لە مۆزەخانەی سانتا گیولیا بیچ (Santa Giulia Beach) نمایشکرا و بووە مایەی سەرنجی زۆر هونەرمەندان و هونەردۆستانی ئیتاڵیا. زارا لەماوەی دوو ساڵدا خەڵاتێکی هونەریی لەئیستەنبووڵ و شەش خەڵاتی دیکەی هونەریی لەئیتاڵیا بەدەستهێنا. هەر لەچەند رۆژی رابردوودا، سارا عومەر، لەوپەڕی باکوری دونیا، لەوڵاتی دانیمارک و زێڕین گەردیش لەوپەڕی باشوری دونیا، لەوڵاتی نیوزلەندا دوو خەڵاتی باڵا وەردەگرن. خاتو سارا خەڵاتی ‹لاورەڵ›ی زێڕێنی پێدەبەخشرێت، کە بەرزترین خەڵاتی دانیمارکە لەبواری ئەدەبداو ساڵانە بەو نووسەرانە دەدرێت کە خاوەنی پڕفرۆشترین و نایابترین کتێبن. زێڕین گەردیش خەڵاتی کاریگەری جیهانی پێدەبەخشرێت، کەساڵانە لەلایەن YPO بەیەکێک لەو گەنجە رابەرانە دەدرێت کە لەبواری مافی مرۆڤ لەسەر ئاستی جیهاندا کاریگەرییان هەیە. ئارام رەفعەت، نووسەر، لەوبارەیەوە دەڵێت ئەو کچانە پێمان دەڵێن «ئەگەر تاکی کورد هەلی بۆ بڕەخسێت لە تاکی نەتەوەکانی تر باڵاتر نەبێت، کەمتر نییە. ئەگەر دەسەڵاتیش دەرفەتێک بەو مرۆڤە جوانانە نادات، با ئێمەی هاووڵاتی رێز لە بەهرەو جوانییەکانیان بگرین». سالی رابردووش سارا عومەر، نووسەرو رۆشنبیرو پارێزەری مافی مرۆڤ لەوڵاتی دانیمارک، خەلاتی ژنی ساڵی پێبەخشرا. خه‌ڵاتی ژنی ساڵ لە دانیمارک ده‌درێت به‌و ژنانه‌ی که‌ له‌ناو ژنه‌کانی تردا کاره‌کانیان به‌شێوازێکی رێچکه‌شکێن دیاره‌،  ئەویش له‌وڵاتی دانیمارک و ئه‌سکه‌نده‌ناڤیاو زۆربه‌ی به‌شه‌کانی تری جیهان کار بۆ مافه‌کانی ژن و منداڵ و مرۆڤ ده‌کات. سارا عومەر، دەڵێت «کار بۆ شکاندنی تابۆکان ده‌که‌م، هه‌ر له‌و تابۆیانه‌وه‌ که‌ دین و پیاوسالاری دروستی کردوون هه‌تا ئه‌و تابۆیانه‌ی که‌کراون به‌کولتورو هه‌ندێک ژن له‌به‌ر وشه‌ی عه‌یبه‌ به‌توندی ده‌ستی پێیانه‌وه‌ گرتووه‌.» سارا عومەر تەمەنی (33) ساڵە و خەڵکی سلێمانیەو ساڵی 2017 رۆمانی مردوشۆری بڵاوبووەوە و لەجیهاندا دەنگدانەوەی هەبوو.  

هێرش رەسوڵ هەرچەند دەرفەتم زۆر کەم بو، بەڵام هەرچۆنێک بو، لە چەند مانگی رابردودا و لەگەڵ بڵاوبونەوەی ئەلیکترۆنییدا، توانیم نوێترین رۆمانی (نیهاد جامی) بخوێنمەوە. نیهاد پتر وەک نوسەر و شانۆکار و رەخنەگری شانۆیی ناسراوە، بەڵام ماوەی چەند ساڵێکە کار لە نوسینی چیرۆک و نۆڤلێت و رۆمانیش دەکات. ئەم کارە تازەیەی ناونیشانی (کارینا)ـی هەڵگرتوە. کارینا بەپێی ئەندێشەسازیی رۆماننوس یەکێکە لە ئەندامانی (بنەماڵەی خەیاڵ). کچێکە، لە دایک و باوکییەوە بە خەیاڵ دەژی، بە خەیاڵ بیردەکاتەوە، بە خەیاڵ رەفتاردەکا و، دەیەوێت هەر بەو خەیاڵەوە ئایندەی خۆی بنەخشێنێت. ئیشی من نیە لەم کورتەنوسینەدا، چیرۆک یان چیرۆکگەلی نێو رۆمانەکە بگێڕمەوە و روداو و کەسێتییەکانی ئاشکرابکەم، هێندەی دەمەوێ تەنها وەک خوێنەرێک هەست و بینینی خۆم بە کورتیی بخەمەڕو. سەرەتا، نایشارمەوە هەم چێژم لە خوێندنەوەی (کارینا) وەرگرت، هەم قوڵییم لێ رەچاوکرد. پەیکەری رۆمانەکە بریتییە لە سێ کتێب لەناو کتێبێکدا، هەریەکەیان گێڕەڕەوەی خۆی هەیە، پاشان هەمایان لە هێڵێکی چیرۆکئامێزدا یەکدەگرنەوە. وەکچۆن کەسێتیی راستینەی رۆماننوسیش (نیهاد) لە کۆتاییدا یەکێکە لەوان. گێڕانەوە لە (کارینا)ـدا زیاتر بە زمانی کەسی یەکەم و کەسی سێیەمە، کەوا لەلایەن کارەکتەرە سەرەکیی و لاوەکییەکانەوە چیرۆکە جیاوازەکان نمایشدەکرێن. تەکنیکەکەیشی جادوەواقیعیی (ریالیزمی سیحری)ـیە و شێوازێکی جوان و سەرنجبەرە. بۆ لایەنی زمانەوانیی، رێنوس و خاڵبەندیی هەست بە جۆرێک لە پەلە دەکرێت، چونکە هەندێ هەڵەی تێدایە، بەڵام کەمیان هەڵەی گەورە و ماناگۆڕن. ناکرێ من لێرەدا ناوەرۆکی رۆمانەکە بخەمەڕو، بەڵام تەنها دەمەوێ هێندە بڵێم؛ (کارینا) رۆمانی دەستنوسە خوێناوییەکانە، دەفتەری نەخوێنراوەی نەوەی ئازاردراو و بێئومێدی دوای راپەڕینی ۱۹۹۱ـە، یاداشتی رۆژنامەنوسە گەنجە تێرۆرکراوەکانە. تەوەری رۆمانەکە، تەنها لە دەوری بابەتی سیاسیی ناخولێتەوە، بەڵکو لایەنی ئابوریی، کۆمەڵایەتیی، کەلتوریی_یش دەگرێتەخۆ. چیرۆکەکانی نێو (کارینا) پڕن لە فڕین و ونبون، سەرڕێژن لە کوشتنی هیوا، بێهودەیی، گەمژاندن، لەسەر دەستی نەوەی دوەمی سیاسەت لەم نیشتمانەدا. بەو هیوایەی، (کارینا) تەنها لەنێو جاڵجاڵۆکەتۆڕی جیهانییدا نەمێنێتەوە و بە کاغەزییش چاپکرێ و بکەوێتە نێو رەفەی کتێبخانەکانیش. سەرکەوتن و بەردەوامیی بۆ نیهاد جامی.

هاوڵاتى  نوسه‌رێکى کورد و رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست له‌ وڵاتى دانیمارک، خه‌ڵاتى لۆریاڵى زێڕین به‌ سارا عومه‌ر رۆماننوسى کورد به‌خشرا و وه‌کو خۆى ده‌ڵێت:" ئه‌و خه‌ڵاته‌ به‌ په‌رتوکێک ده‌به‌خشرێت که‌ له‌ ئاستێکى ئه‌ده‌بى به‌رزدا بێت و سه‌رنجى ره‌خنه‌گران و خوێنه‌ران به‌لاى خۆیدا رابکێشێت". سارا عومه‌ر رۆماننوس له‌ فه‌یسبووکى خۆى نوسیویه‌تى: "خۆشحاڵم پێتان رابگه‌یه‌نم، که‌ رێککه‌وتى 18ى ئه‌م مانگه‌ له‌ شارى کۆپنهاگن له‌ وڵاتى دانیمارک خه‌ڵاتى ئه‌ده‌بى (لۆریاڵى زێڕین)م پێبه‌خشرا". هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌وه‌شکردووه‌ که‌ ئه‌وه‌ خه‌ڵاتێکى ئه‌ده‌بیى دانیمارکییه‌، که‌ له‌ ساڵى 1949دا دامه‌زرێندراوه‌، ھه‌موو ساڵێکیش به‌ یه‌کێک له‌ نوسه‌ره‌کانى هه‌مان وڵات ده‌به‌خشرێت" ئه‌و لیژنه‌یه‌ى بڕیار له‌سه‌ر به‌خشینى خه‌ڵاته‌که‌ ده‌دات پێکھاتوون له‌ ره‌خنه‌گه‌رانى ئه‌ده‌بیى و خاوه‌ن کتێبخانه‌کانى دانیمارک". هاوکات، باسى له‌وه‌شکردووه‌ لیژنه‌که‌ ئه‌و خه‌ڵاته‌ به‌ په‌رتوکێک ده‌به‌خشن، که‌ ئاستێکى ئه‌ده‌بى به‌رزى ھه‌بێت و سه‌رنجى ره‌خنه‌گران و خوێنه‌رانى به‌لاى خۆیدا راکێشابێت. نوسه‌رى براوه‌ که‌سێکه‌  زۆرترین خوێنه‌رى ھه‌بووه‌ و کتێبه‌که‌ به‌ شێوه‌یه‌کى به‌ربڵاو به‌ناو کۆمه‌ڵگادا بڵاوبووه‌ته‌وه‌. سارا عومه‌ر ئه‌وه‌شى روونکردووه‌ته‌وه‌ که‌ زۆرێک له‌ نوسه‌ره‌ گه‌وره‌کانى دانیمارک ئه‌و خه‌ڵاته‌یان بردووه‌ته‌وه‌ و ھه‌ر نوسه‌رێکیش ده‌توانێت یه‌کجار له‌ ژیانیدا وه‌ربگرێت. له‌باره‌ى ناوه‌ڕۆکى رۆمانه‌کانیشیه‌وه‌ سارا ده‌ڵێت:" ماناى رۆمانه‌کانى له‌ به‌رگریکردندایه‌ له‌ ئازادیى و رێگرتنه‌ له‌ سوکایه‌تى به‌ مرۆڤ، کتێبه‌کانم بۆنى خوێنیان لێدێت، خوێنى ئه‌و ژن و کچانه‌ى رۆژانه‌ به‌ تۆمه‌تى جیاواز ده‌کوژرێن و له‌دواى مردنیشیانه‌وه‌ گۆڕێکیان پێ ڕه‌وا نابینرێت". سارا عومه‌ر یه‌که‌مین نوسه‌رى گه‌نجه‌ که‌ خه‌ڵاتى لۆریاڵى زێڕینى پێ به‌خشرابێت.  

رامان ئاری خوێندنەوەی دیاردەی کۆچی شەجەریان بەگووتاری «بندەست – سەردەست» تۆزێک زەحمەتە. راستە بەجۆرێک نەخۆشکەوتن و دەنگدانەوەی ئەم هونەرمەندە بیرخەرەوەی باڵادەستی کولتووری فارسە لەکۆمەڵگاکانی کوردستاندا، بەڵام خەڵکانێکی باشیش هەن کە هەر بەپرسی کوردەوە ماندوون، بەڵام هەر دڵیان بۆ ئەم هونەرمەندە لێی داوە؛ ناشتوانین بڵێین ئەم کەسانە ناهۆشیارن. گرفت لەوەدایە لەم جۆرە خوێندنەوەیە، فارس بەیەکەیەکی یەکانگیر وێنا دەکرێت و کوردیش هەروەها. بەڵام لەڕاستیدا هیچکامیان یەکە نیین؛ هەردوولا پێکهاتوون لەدانایی و هزری جۆراوجۆر. بۆیە پێویستە ئەم دیاردەیە لەدەلاقەی کوردەوە نەخوێندرێتەوە. یانی دەبێت جۆرێک خوێندنەوە بۆ شەجەریان بکرێت کە یان ئەو کورد بووەو بەکوردی لەو جۆرە گۆرانیانەی وتووە؛ یان هەر توێژەرێکی کورد وەک هاووڵاتیەکی فارس سەیری ئەم بابەتە بکات. بەکورتی رەخنە دەبێت ناوەکی بێت تاکو دەرەکی، ئەگینا دەکەوینە ناو مشتومڕی سوواوی «چی بۆ کورد کردووە؟»، یان «ئایا لایەنگری کورد بووە، یان نا؟». لەکاتێکداو لەڕێگای دەوروبەرەکانیەوە دەزانین کە ئەم پیاوە دژی دۆزی کورد نەبووەو تەنانەت هەندێ جار ئەرێنیش سەیری بابەتەکەی کردووە؛ گرفت لێرەدا نییە. پرس، پرسی نوێنەرایەتی چینایەتیش نییە؛ یانی شەجەریان نوێنەری کولتووری-مەعریفی چینێک بێت لەکۆمەڵگای فارسی. چونکە دەزانین چینێکی تایبەت بەڕژدی و بەجۆشەوە لایەنگری ئەم هونەرمەندە نین؛ تەقریبەن هەمووی وەک یەک وایە. پرس، پرسی کەسایەتی ئەم هونەرمەندەش نییە، کە بۆ لەبەرانبەر زۆرینەی رووداوە سیاسییەکاندا بێهەڵوێست بووەو فەزای گشتی هیچی لێ نەبیستراوە؛ هونەرمەندی زۆر هەیە کە وایەو ئەمەش تاڕادەیەک هەر دەتوانرێت پاساو بدرێتەوە. کەواتە، پرس نە کەسایەتییە، نە نوێنەری چینایەتی یان نەتەوەیی فارس یان رژیمی ئیسلامی. ئەی مەترسییەکە لەکوێدایە؟ گرفت لەجۆرە، لەناوەڕۆکی گۆرانییەکانە. گرفت و مەترسی لەبێهەڵوێستی سیاسی ئەم هونەرمەندە نییە، بەڵکو لەو داناییانەیە کە دەیگوازێتەوە، یان بابڵێین دەبێتە نوێنەری باڵانوێنی ئەم دونیابینیە. زۆر لەئێمە جوانتر، شاملو شیکردووەتەوە کەچۆن حافز ئەگەر داهێنەریش نەبووبێت، ئەوا گەشەپێدەری کولتوورێکی زاڵە لەکۆمەڵگای فارسیدا کەکولتووری»شاردنەوە»و «دووڕووییە». شیعری حافز لەڕووی شیعرییەوە ئاستێکی باڵای هەیە، بەڵام لەڕووی ناوەڕۆکەوە هەموو کات خوێنەر دەخاتە نێوان دووڕیانێک؛ ئەم شیعرە بۆ خودا گووتراوە یان بۆ بەندەی خودا؛ بۆ خودایە یان بۆ کچێک؛ عیرفانیە یان دڵدارانە. زۆر کەس ئەمە بەبەرزی هونەری شیعری حافز دەزانن؛ بەڵێ وایە، ئەمە لەڕووی «هونەری شیعرییەوە» بەرزە، بەڵام لەڕووی «هونەری ژیانەوە» جێگای پرسیارە، مرۆڤ دەبێت چەندەها جار لەخۆی بپرسێتەوە کە چی ناتەواوە لەم کۆشکە رازاوەدا. پرس لەوەدا نییە کە شاعیرێک چۆن بەهۆنینەوە شتە سادەکانی ژیان جوان دەکات و مرۆڤی بێزار لەسادەبێژی زیندوو دەکاتەوە. لەلای حافز گرفت لەوەدایە کەئێمە قەد لەم پرسیاری سادەبێژی-هۆنەرمەندییەدا نامێنینەوە؛ یانی پرسیار ئەوە نییە زمان شیعرە یان ئاخاوتنی رۆژانە. لای حافز، هەموو کات، لەگەڵ ئەم پرسیارەدا، یان با بڵێین زۆربەی کاتەکان، ئێمە پرسێکی دیکەیشمان لەگەڵدایە «ئەم شیعرە بۆ کێ گووتراوە؟» ئەم جۆرە شیعرە رێخۆشکەرێکی جیددی کولتووری دوورڕووییە. ئەم جۆرە بینینە هەوێنی دونیابینی شاردنەوەیە. ئەگەر شیعر وەک هونەر، بریتیە لەخوێندنەوەی ژیان، هەوڵە بۆ جوانترکردنتی ژیان، پێویستە ئەم خوێندنەوەیە راستەوخۆ لەگەڵ خودی ژیاندا بکرێت، نەک ئەوەی پێش گەیشتن بەمە پرسیار لەخۆمان بکەین ئەم شیعرە بۆ کێیە، یان بۆ چییە؟ بۆ ژیانە یان نا؟ حافز هەتا ئێستاش شاعیری زاڵی کولتووری تایبەتی ئەدیبان و هەروەها کولتووری جەماوەری فارسزمانی ئێرانییە. لەمەدا سەعدیش تاڕادەیەک تەواوکەری حافزە. شەجەریان بەشێکە لەم داناییە؛ شەجەریان درێژەدەری ئەم کولتوورەیە. مەلایەک بەهەمان رادە چێژی لێدەبات کەکوڕێکی عاشقی کچێکێک خۆی تێدا دەبینێتەوە، چونکە بۆ ئەوەی یەکەم، ئەم گۆرانییە وەسفی خودای خۆیەتی. گۆرانی دەرهاوێشتراو لەدیوانی حافز هاوکات گۆرانی ئەندامێکی سوپای پاسدارانی ئیماندارو گۆرانی کوڕو کچی دڵدارە. ئەم جۆرە داناییە بەتەواوی خۆی لەگەڵ کولتووری ستەمکاری رژێمی ئێران رێکخستوە؛ هەموو رژێمە دیکتاتۆرەکانیش لەڕاستیدا پاڵنەرو گەشەپێدەری ئەم جۆرە داناییەن. بەڵام ئەم شێوازە لەدانایی بۆ نوێنەرانی خۆش دەنوێنێت، چونکە لەلایەک دەتوانن خۆیان وەک بەرهەڵستکار دەرخەن، لە لایەکی دیکەیش کەڵک ببینن لەو مەودایانەی رژێمە دیکتاتۆرەکان بۆیان دەڕەخسێنن. ساویلکەییە ئەگەر ئەمڕۆ وابزانین رژێمی ئێران دژی شەجەریانە؛ چونکە ئەوان باشتر لەهەموو کەس دەزانن کەئەم جۆرە کولتوورەیە کەزامنکاری ئەم جۆرە رژێمانەیە بەهەموو بێدادیەکانیەوە. با پێش لەچەن رەخنە بگرین: شەجەریان شیعری شاعیرانی وەک خەیام و مەولانایشی وتووەتەوە. بەڵام پرسیار لەمەدا نییە؛ پرسیار ئەوەیە، کامەیان دانایی زاڵە؟ پرسیار لە بوون و نەبوون نییە، پرسیار لەکەمتر و زۆرترە. هەندێ کەسیش دەتوانن بڵیین راستە، ئەم کولتوورە هەیە، بەڵام ئەمە نە حافزو سەعدی و دواتریش نە شەجەریان ئەمەیان ویستووە. بۆ ئەوانەی پێشوو لەوانەیە ئەم رەخنەیە تاڕادەیەک رەوا بێت، بەڵام بۆ شەجەریان ئەمە زۆر رەوا نییە؛ هونەرمەند خۆی بەپێی ئەو پەیوەندییەی لەگەڵ جەماوەرەکەی هەیەتی چارەنووسی «جۆری» هونەرەکەی دیاری دەکات. کەسێک دەتوانێت بەوتنەوەی شیعری مەولانا خۆی بەگۆرانبێژێکی رەوتی عیرفانی دەرخات؛ کەسێکیش دەتوانێت بەوتنەوەی خەیام گۆرانی بۆ ژیان بڵێت؛ لەهەموو ئەمانەدا لایەنگرەکان تایبەتن. بەڵام بژاردەی هەردووکیان دەرئەنجامی فرەوێژی شۆڕشگێڕانەی بێکردەیە کەهیچکات دەست لەگرفتەکە نادات. هونەری شەجەریان، هونەری خۆگونجاندنە لەگەڵ دۆخ؛ لەم کولتوورەدا، هونەری شەجەریان، وەک حافزو دەیان کەسی دیکەی پێش خۆی، یارییە لەنێوان خۆشویستنی ژیان و شاردنەوەی ئەم خولیایە؛ جیاوازی نێوان گۆرانییەکانی پێش و پاش شۆڕشی ئیسلامی شاهێدی ئەمەن. دەرئەنجامی هونەری هاوچەشنی شەجەریان، بووەتە هونەری «هەموو تەفسیرو راڤەیەک رەوایە». ئەوەی کەهونەر بێلایەن نییە بەمجۆرەیە، هەموو کولتوورێک هەڵوێست نواندێکە بەهەموو لق و پۆکانییەوە. ئەم هونەرە هونەری نوخبەوی باڵا نییە؛ هونەری گونجاندنی جەماوەرە لەگەڵ دۆخدا، هونەری فێرکردنیانە بەیاریکردن بەژیان؛ هونەری خۆدزینەوەیە لەپرسە سەرەکییەکانی ژیان؛ هونەری شاردنەوەی راستییەکانە؛ ئەم هونەرە، هونەری مامۆستایانەیە، تەکنیک بەرزە؛ بەڵام هونەری بەسۆزو جۆشی ژیان نییە؛ ئەم هونەرە، بۆ خاوکردنەوەیە هەم لەگوێگرتندا، هەم لەژیان. هونەری لەم جۆرە نە لەشێوازی هونەری یۆنانی کۆنە، کە ئامانج ململانێی خود بوو لەگەڵ خود، نە لە شێوازی مۆسیقای کلاسیکی ئەوروپی، کەگوێگر دەبێت شارەزا بێت لەگوێگرتنی و دواتر بزانێت کە بەپێچەوانەی رواڵەتە هێمنەکەی دونیایەک وروژانی نەستەکانی تێدایە. ئەم جۆرە رەخنەیەی کەئێمە باوەڕمان پێیەتی، چەندە رووی لەهونەرمەندە وەک سەبەبکار، ئەوەندەیش رووی لەکولتوورێکە کەگەلێک مەزنترە لەحافزو سەعدی و شەجەرییان و کۆماری ئیسلامی. بەڵام ئەم سەرنجەش گرنگە کەخاڵی پێچەوانەی ئەم کولتوورە خاڵی رەتدانەوەو وەدەرنانی راڤەو تەفسیری جیاواز نییە؛ هەڵوێستی توندئاژۆی کەسی بێمێشک نییە. هەڵوێستی پێچەوانەی دۆخی دووڕوویی، هەڵوێستی دووانی راستەوخۆ لەژیانە بەهەموو خۆشی و ناخۆشیەکانییەوە، هەڵوێستی ئامادەبوون بۆ چێژبینینە لەهەموو دەلاقە جۆراوجۆرەکان. هەڵوێستی دژی «شاردنەوە»، گەڕانەوەی سۆز، جۆش و خرۆش و تامە بۆ هونەر. لەئەدەبیاتی کلاسیکی کوردیدا حافز جێگاپەنجەی کاریگەریی دیارە. بەڵام سەرەڕای ئەم کاریگەرییانە، ئەدەبی کوردی بەڕێچکەیەکی دیکەدا رۆیشتووەو ئەمە جێی خۆشحاڵییە؛ ئەوەی کەئەم شاعیرە شاعیری زاڵی نەتەوەی دراوسێ نییە کە لەکولتووری ئێمەدا ئومێدبەخشە. تەرجیعبەند زۆرە لەشیعری حافز، بەڵام هەمووی بەناوەڕۆکی جیاوازەوە. ژمارەی ئەو وەرگێڕانانەی لەشیعرەکانی خەیام لەبەردەستن وەک گۆران، هەژارو هتد، زیاتر دڵخۆشمان دەکەن بەڕەوتی کلاسیکی شیعری کوردی؛ لەناوەرۆکدا شیعری کلاسیکی کوردی هاوشێوەی خەیامە تاکو حافز، ئەمە شتێکی باشە. شیعری کلاسیکی کوردی و دانایی کلاسیکی کوردی زۆر کەم لەحافز دەچێت؛ لەلای خانی و نالی، رەوت، رەوتی ژیانە، نە شاردنەوە. بەڵام ئایا ئەمڕۆ نە لەلای ئەدیبان، بەڵکو لای جەماوەری کوردستانی، ئەمە هەر بەهەمان شێوەیە. زەنگی مەترسی بەڕاستی لیرەدایە؛ ئایا بەشێک لەچین و توێژەکانی کوردستان لەسەر هەمان کولتوور پەروەردە بوون کە نالی، خانی، گۆران و شێرکۆ بینیویانە؟  ژیان جۆراوجۆرە، فرەچەشنە، هەمەڕەنگە؛ ئەوەی ژیانی دەوێت راستەوخۆ لێی دەدوێت، سۆفی بێت یان دڵدار. بەڵام هەندێ کەسیش هەن کەژیان تەنها بەیەک جۆر دەبینن و هەوڵی پەراوێزخستنی جۆرەکانی دیکە دەدەن. پرسیار لێرەدایە، هونەرمەندی هاوشێوەی شەجەریان چۆن خۆی دەبینێتەوە؟ بەدڵنیاییەوە، هونەری ئەو، هونەری چڕین نییە بۆ ژیان وەک خۆی. بەڵام لەلایەکی دیکەیش و لەبەرانبەر تەسک بینانی ژیاندا، شەجەریان زانیبێتێ یان نەیزانی بێت، خۆی لەگەڵ ئەم دەستەدا گونجاندووەو هونەرەکەیشی هونەری خۆگونجاندنە لەگەڵ دۆخ. نیچە لە «لەدایکبوونی تراژیدی» و «ویستی دەسەڵاتدا» فێری کردووین، ژیان بانترە لەهەموو شت؛ لەزانست، لەهونەرو لەهەموو شتێک. پێوەری باشی و خراپی هەموو ئەمانە لەوەدایە کەچۆن لەژیان دەدوێن. شاردنەوەی حەزو شاردنەوەی روانینەکان راڤەی ژیان نییە، هونەری واڵا نییە؛ «هونەری» خۆدزینەوەیە لەژیان، جا بەهەر جلوبەرگێکەوە رازێندرابێتەوە

شوان ئه‌حمه‌د نووسینی: موجاهید عەبدولمونعم لەنامۆبوونەوە بۆ بیرکردنەوە: هەرچەندە خۆر هەموو رۆژێک هەڵدێت و لەگەڵ خۆیدا روناکی و گەرمی دێنێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا مرۆڤی هاوچەرخ لەلێواری ئەوەدایە، پێ‌ بنێتە شەوی جیهانەوە. هاوکات ئەگەرچی هەموو رۆژێک مرۆڤ هەزاران خانوو چێدەکات، وەلێ‌ مرۆڤی سەدەی بیستەم، بێ داڵدەو بێ‌ پەناگەی راستەقینە ماوەتەوە، لەبەرئەوەی هەقیقەتی نیشتەجێبوونی بیرچۆتەوە کەپێکەوەیی و دڵ ئارام بوونەو بەوەش لەخۆی بێگانە بووە. وەک ئەوەی مارتن هایدیگەر لە(پەیامێک دەربارەی هیومانیزم)دا دەڵێت:(نەبوونی داڵدەو پەناگەیەک، بۆتە چارەنووسی جیهان). هەروەها مرۆڤ هەرچەندە بەوپەڕی تین و تاوەوە، ملی رێگای تەکنەلۆژیای گرتەبەر، وەلێ‌ تەکنەلۆژیا مانای دێرینی خۆی لەدەستدا.  وەک هایدیگەر دەڵێت:(تەکنیک مانای ئارایبوون و دەرکەوتنی دەگەیاندو لەهەوڵی ئەوەدا بوو تاهەقیقەت خۆی بۆ مرۆڤ مانیفێست بکات، بەڵام تەکنەلۆژیا بوو بەبەرهەمێکی دووبارەی میکانیکی لەسەر ئاستێکی بەرفراوان و ئەمەش وایکرد، مرۆڤ لەخودی راستەقینەی خۆی دوورکەوێتەوەو بەلاڕێدا ببرێت. لەبەرئەوە هایدیگەر لە(شاعیران لەپێناوی چیدا؟) دەڵێت:(ماهیەتی تەکنەلۆژیا بەهێواشی نەبێت بەرەو رۆژی روناک نایەت، ئەو رۆژەش بریتیە لەشەوی جیهان و تەنهاو تەنها لەنێو رۆژی تەکنەلۆژیدا، سەرلەنوێ‌ رێکخراوتەوە. ئەو رۆژە کورترین رۆژەو بەزستانێکی تولانی هەڕەشە دەکات. پاشان هەر مەسەلەکە بەوەندەوە ناوەستێت کەپارێزبەندی لەسەر مرۆڤ هەڵدەگیرێت، بەڵکو تاریکی هەیەو تاریکی  دەمێنێتەوەو جیهان بێگەردی خۆی خۆی لەدەستدەدات و بەپیرۆزیی نامێنێتەوە). هەر لەبەرئەوەیە هایدیگەر داوا دەکات، بگەڕێینەوە سەر مانای بنەڕەتی تەکنەلۆژیا. واتە ئان و سات و ئارایبوونی هەقیقەت، دەبێتە باعیسی ئەوەی جیهانێکی تەواو جیاوازترمان لەبەردەمدا بکرێتەوە. لەسەدەی بیستەمدا رێچکا و ئاقارەکان، بێشومار زۆربوون و مرۆڤیش لەنێوانیاندا دووچاری دادڕان و ونبوون بوو. وەلێ‌ گەورەترین دادڕانەکانی ئەوەیە، گەر رێبازێکی دیماگۆگی وەک نازیزم جڵەو بگرێتە دەست و مرۆڤ تەوق بدات، ئەوکات مرۆڤ خودی خۆی لەدەستدەدات و لەوانی دی دادەبڕێت..لەگەڵ ئەوەشدا (بەدگومانی لەڕێبازو ئاقارەکان دەستیپێکرد، وەلێ بازاڕی رای گشتی لەسەر داواکردنی ئاقاری نوێ بەردەوام دەبێت). سەدەی بیستەم ئەم رێباز و ئاقارانەی کە وتەزاگەلێکی بێشومار لەگەڵ خۆیاندا دێنن، هەر بەتەنها پرسێکی لابەلاو هاکەزایی نییە، بەڵکو لەسەردەمی مودێرنداو بەرلە هەرشتێ‌، لەسەر دیکتاتۆریەتێکی تایبەت و دەگمەن لەسنوری قەڵەمڕەوی تاپۆڕەی جەماوەردا چێدەبێت، بەجۆرێک خود لەنێو قەڵەباڵغی و جەماوەردا بزر دەبێت. منە جیاجیاکان سەر بەیەکەوە دەنێن و ئاپۆڕایەک دروستدەکەن کەتێیدا تاکەکەسەکان، خودێتی راستەقینەی خۆیان لەدەستدەدەن. لێرەوە بەو جۆرەی مارگۆری گرین شرۆڤەی فەلسەفەی مارتن هایدیگەر دەکات، دەڵێت:( دەبینین ئەو خودەی مل دەنێت بەرەو پێشەوە، دێن و قوربانی پێدەدەن لەپێناو ئاپۆڕەیەکی پانوپۆڕی بێئاماندا). هەربۆیە دەکرێت بڵێین ئیدی مرۆڤ خاوەنی خۆی نیەو بۆتە موڵکی ئەوانی دی. گەر بێتو پرسیار لەبارەی ماهیەتی مرۆڤەوە بکرێت، ئەوا وەڵامەکە بەمجۆرە دەبێت: (مێگەل نابەر پرس و نادیارە، مرۆڤیش لەدۆخی رۆژانەیدا دەکەوێتە ژێر فشاری قەرەباڵغی و ئەوەش دەبێتە، ژیان لەگەڵ ئەوانی دی و لەپێناو ئەوانی دی. لەم سەروبەندەشدا هەر بەتەنها، شتە لاوەکیەکانی ژیانی رۆژانەی وەک ئەو پارچە گۆشتەی دەبرژێت و ئەو ئۆتۆمۆبێلەی چەور دەکرێت و ئەو لیستانەی نرخەکانیان دەدات، تەنانەت ئەو خەڵک  خوایانەشی کە یەک بەیەکیان پەیوەندیان بەو شتانەوە هەیە: (خێزانەکەم کە گوشت دەخۆن و ئەو گۆشت فرۆشەی گۆشتەکەمان بۆ دێنێت و ئەو میکانیکیەی خزمەت بەئوتۆمۆبێلەکان دەکات و ئەو فرۆشیارەی فرۆشتوویەتی، سەرجەم ئەوانە تەوقی ژیانی منیان داوە، وەک چۆن منیش تەوقی ژیانی ئەوان دەدەم. واتە تۆڕێک لەلێکهەڵوەشان و ناپاکی لەئارەدایە). سەرەڕای ئەوەی بوونم موڵکی خۆمە، هەر لەڕۆژی لەدایکبوونمەوە تا ئان و ساتی مردنم، کەچی لەنێوان ژیان و مردنمداو لەڕەوتی ژیانی دووبارەی رۆژانەدا، هیچ شتێ‌ بەشێوەیەکی گونجاو راست و رەوان، موڵکی من نییە: (بوونم موڵکی ئێوەیەو موڵکی ئەوانەو موڵکی هەر کەسێکە). مرۆڤ ئەو کاتەی دەکەوێتە ناو قەرەباڵغیەوە و لەئاپۆڕەدا وندەبێت، ئیدی بیرکردنەوەی رووکەشانەو زانینی دەرەکی کەلەسەر ئامار و زانیاری دەرەکی بەندەو هەموو شتێک بەکڕین و فرۆشتن دەپێوێت، ئەمەش وادەکات مرۆڤ وەک بوونەوەرێک بسڕێتەوە. وەک شرۆڤەکاریەک بۆ بیرکردنەوەی هایدیگەر، لوسیان گۆڵدمان دەنووسێت: (بازاڕ بووە مایەی سڕینەوە و لەباربردنی ئیدراکی گشتگیر و سەرتاسەری - ئەوەش ئەوەیە کەهایدیگەر بەبوونی مرۆیی ناوزەدی دەکات - لەگشت ئاستەکاندا). لێرەوە مرۆڤ زانینێکی دەستگیر دەبێت کە زانینی راستەقینە نییە، بەڵام مەعریفەی راستەقینە بریتیە لەزانینی بنج و بناوان و سەرەتاکان و ئەو پێشبەندیانەی کە زانست و زانیاری لەسەریان دامەزراون. مارتن هایدیگەر لەلێکۆڵینەوەکەی( زانستی مۆدێرن و میتافیزیک و ماتماتیک)دا، دەڵێت:( ئەفلاتون لەسەر دەروازەی ئەکادیمیاکەی نوسیبووی: هەر کەسێک ماتماتیک بەڵەدنییە، ئەوا بانەیەتە ژوورەوە). ئەڵبەتە ئەم قسانە بەو مانایە نایەت کەپێویستە مرۆڤ بەتەنها هەر فێری یەک زانست بێت کە ئەویش ماتماتیکە، بەڵکو دەبێت لەگەڵیشیدا بنەما سەرەکیەکانی مەعریفەی راستەقینەو زانیارییەکانی دیکەش فێر ببێت). بیرکردنەوە لەشتە لاوەکی و رووکەش و دەرەکیەکان، بیرکردنەوە نییە. لەبەر ئەوە لەسەدەی بیستەمدا، وەک ئەوەی هایدیگەر لەتوێژینەوەکەیدا(چی وادەکات بیربکەینەوە؟)، باسی دەکات و دەڵێت:( ئەوەی ناچارمان دەکات بەبیرکردنەوە، ئەوەیە ئێمە هێشتا بیرمان نەکردۆتەوە). زمان کەلەڕێیەوە، بوون و مێژوویی بوونمان بەیان دەکرێت لەم بوونەدا، بۆتە زمانی شتەکان و زمان ناوەڕۆک و جەوهەری خۆی لەدەست داوە. لەپاش ئەوەی زمان پرسیار بوو لە هەقیقیەتی بوون، بوونێک کەهارمۆنیەتی مرۆڤ بەدی دێنێت و هەقیقەتی ئەو هارمۆنیەتە رادەگەیەنێت، دەبینین بۆتە زمانی پەخشان و کڕین و فرۆش و تەنانەت کار گەیشتۆتە ئەوەی، زمان وای لێهاتووە:( ماهیەتی راستەقینەی خۆیمان لێبشارێتەوە، بەو پێیەی ماڵی هەقیقەتی بوونە). بەمجۆرە مرۆڤ لەمرۆڤ دابڕاو ملی رێگەی دۆڕان و سیاچارەیی گرتەبەر و پێینایە سەرزەمینی ونبونەوە. هایدیگەر ئەزموونی مرۆڤی هاوچەرخ، لەم وتەزایەیدا پۆخت دەکاتەوە کەدەڵێت: (مرۆڤ لە بووندا وێڵ دەبێت و خۆی لەیاد دەکات و بەخۆی بێگانە دەبێت، لەبەرئەوە بەهیچ جۆرێک ئاگاداری بوون نابێت و ئاوڕی لێناداتەوە). هەر لەبەرئەمەیە، دێت و ئەمە دەکاتە خاڵی دەسپێکی تەواوی فەلسەفەکەی. لەو بارەیەوە مارگۆری گرین روونکردنەوە دەدات‌و دەڵێت: (ئەو خودەی لەخۆی هەڵدێت، چارەنووسی کەوتن و دۆڕانە. لەفەلسەفەی هایدیگەریشدا، ئەوە خاڵی دەسپێک و تێزەی سەرەکییە). گەر هایدیگەر ویستی قوتارکردنی تاکەکەس بێت لەقەرەباڵغی و لەخەڵک، ئەوا نایەوێت ئەو پرۆسەیە بەدوور لەقەرەباڵغی یان خەڵک بەرێوەبچێت، بەڵکو بەدەستکاریکردن و گۆڕینی هەڵوێستی گاڕان و خەڵک، سەر پێیدەخات. لەکتێبەکەدا ( بوون و کات) دەڵێت:(بوونی رەسەنی مرۆڤ لەهەلومەرجی هەڵاوێردی خوددا، وەک دۆخێکی دابڕاو لەوانی دی پایەدار نابێت، بەڵکو بۆخۆی بریتییە لەگۆڕینی وجودیانەی قەرەباڵغی).. گۆڕینی(وجودیانەی) قەرەباڵغی. لێرەوە لەنهێنی بایەخدانی بەردەوامی هایدیگەر، بەبوون تێدەگەین. کەینونە تاکە رێگەمانە بۆ لەباربردنی پرۆسەی  بەشت بوون و ونبوون لەشتەکانداو مژۆڵبوون بەبونی لاوەکیەوە. بەم پێیە دەبینین کارو بەرهەمەکانی هایدیگەر:( لەدەوری بابەتی سایکۆلۆژی و تایبەتی مرۆڤ خول ناخۆن، بەڵکو تەواوی کارەکانی خۆخەریککردنی بەردەوام و سەرقاڵ بوونە بەبابەتێکی قوڵتر و قورسترەوە. بەجۆرێک دەبینین بوونی تایبەتی تێیدا، بەشێوەیەکی  قوڵ و روون و رەوان نامۆیەو بەخۆ بێگانەیە، ئەو بابەتەش بۆخۆی بریتیە لەگەڕان و پشکنین لەبوونی گشتیدا). رووبەرو پانتاییەک لەنێوان مرۆڤ و خۆیدا چێکرا. هەر بۆیە مرۆڤ بوو بەخودێکی نامۆی وا کە بێپەروا لەدووی شتەکان رابکات. وەکو ئەوەی ریچارد شاخت لەکتێبەکەیدا( نامۆبوون) باسی دەکات. نامۆبوون سروشتی جەوهەری کەسەکەو ئەو بارودۆخەی تێیدایە لەیەک دوردەخاتەوە و خەڵک و خواش دەیانەوێت لەو چەمکە تێبگەن. هایدیگەر ئەم تێرمە بۆ ئەو دۆخە بەکاردێنێت کەتێیدا مرۆڤ بەشێوازێکی راستەقینە نیەو بوونێکی رەسەنانەی نابێت( واتە ئەو دۆخەی مرۆڤ لەبوونی رەسەنی خۆی دوردەکەوێتەوە و دادەبڕێت، ئەوەش ئەو دۆخەیە کەئەو بوونە بەخۆی نامۆ دەبێت). نامۆبوون ئاماژەیە بۆ شکست هێنان لەوەی، ئەگەری بوونی راستەقینەمان بکەینە واقعێکی بەرجەستەو نامۆبوونیش لای هایدیگەر ئاماژەیە، بۆ ئەو دۆخەی مرۆڤ لەخودی خۆی بێگانە دەبێت و دووچاری کەوتن و بوونێکی درۆزنانە دەبێت، بوونێک کە لەئێستا و رابردوودا رۆدەچێت، ئەمەش وادەکات مەرگ فەرامۆش بکات، مەرگ وەک حاڵەتێکی وجودیانە کە کۆتاداری بۆ بیرکردنەوە و کارکردن دروستدەکات. دەرچوونی مرۆڤ  لەدۆخی ئەم نامۆبوونە، بەو مانایە دێت کە نابێت لەو د‌ۆخەدا بەردەوام بێت و(پەی بردنیش بەو نابێتە، خواست و ویستی مرۆڤە بۆئەوەی خۆی بێت). بیرکردنەوە لەدەربازکردنی مرۆڤ لەو نامۆبوونەی و لەوەی ئەو لەماڵی خۆیدا نییە، خاڵی سەرەکی فەلسەفاندنە. لە(بوون و کات)دا مارتن هایدیگەر دەڵێت:( لەڕوانگەی بوونخوازیی ئۆنتۆلۆژیەوە - بەوەی مرۆڤ لەماڵی خۆی دا نیە -، پێویستە وەها مەزەندە بکرێت کە لەگرنگترین دیاردە لەپێشینەکانە). لێرەدا مکوڕبوون  لەسەر پێداویستی بیرکردنەوە دێتە گۆڕێ‌. ئاخر بیرکردنەوە پەیامێکی هەیەو ئەویش بریتیە لەقوتارکردنی مرۆڤ لە بەشتبوون و لەونبونی لەنێو هەبووەکاندا. بەمجۆە بیرکردنەوە دەبێتە بانگهێشت و بانگەوازو مرۆڤیش بەچاکی لەو بانگهێشت حاڵی و بانگەوازە دەبێت. بەوەش مرۆڤ ئازادی راستەقینەی بەنسیب دەبێت(ئێمە هەموومان ئازادین)، بەڵام ئازادیشن لەوەی ئازادیمان بەدیبهێنین و لەدەستیشی بدەین.(بەسروشت کەس کۆیلە نییە، وەلێ‌ زۆربەی زۆرمان خۆی کردۆتە کۆیلە).

  ‌هاوڵاتى- تایبەت بەڕێزەوە.. ״با״یەک ئەنووشتێتەوە بۆ پاییز بەڕێزەوە.. پاییز ئەنووشتێتەوە بۆ عاشق عاشق بۆ عەشق عەشق بۆ خەیاڵ خەیاڵ بۆ من و منیش بۆ شیعر! نەک هەر بۆ شیعر نووشتایەوە، بەڵکو هەموو ژیانی بەخشی بەشیعر. گەر لەساتێک لەساتەکاندا، یان لەیەکێک لەوەرچەرخانەکانی مێژوودا یاخود لەشوێنێکدا بێ خواستی خۆی کات و وزەی بەشتێکی تریش بەخشی بێت، زوو هەستی کردووە ئەو جگە لەشیعر نابێت سەرقاڵی شتێکی دیکە بێت. ناکرێت یەک رۆژ لەشیعر وەربگرێتەوەو بیدات بەشتێکی دیکە. ئەوە شێرکۆ بێکەس بوو. شاعیر هەموو ژیانی پێشکەش کرد بەشیعر، بەپەیامی ئازادی و بەلێکۆڵین و هەڵکۆڵین لەنێو چارەنووس و بوون و مانەوەی نەتەوەکەیدا. ئەو هێشتا تەمەنی لەناوەڕاستی بیستەکاندا بوو کە سترانی بۆ باکورو رۆژهەڵاتی وڵاتەکەی دەگوت. حەزی دەکرد لەتەنها بەشێک نا، بەڵکو لەئاسمانی هەموو کوردستان شیعرەکانی بجریوێنن و وەکو باڵندەی ئازاد لەفڕینی بەردەوامدا بن، بێ ئەوەی سنوورەکان ببن بەڕێگر. خەونی شێرکۆ بوو سەرجەمی بەرهەمەکانی بەزاری کرمانی سەروو چاپ بکرێن و بڵاوببنەوە. ساڵی ٢٠١٠ سیروان رەحیم کۆمەڵێکی زۆر لەشیعرەکانی شێرکۆ بێکەس بەکرمانجی سەروو ئامادە دەکات. پاشان موحسین ئۆزدەمیر بەشێوازی گۆڕینی هەموو شیعرەکاندا دەچێتەوە، لەو سۆنگەیەوە ناوی موحسین ئۆزدەمیریش وەکو یەکێک لەوەرگێڕەکان لەسەر ئەم پرۆژە گرنگە ئەدەبییە دەنووسرێت. پاش تەواوبوونی کارەکە، هەردوولا بڕیار لەسەر بڵاوکردنەوەی دیوانەکە دەدەن. کۆمەڵێک ئاستەنگ وادەکەن چاپکردنی دیوانەکە دوابکەوێت. لەسەرووی هەموو ئاستەنگەکانەوە کێشەی بودجە دێتە پێشەوە. رۆژانی کۆتایی ساڵی ٢٠١٣ لەدانیشتنێکدا لەشاری ئامەدی باکوری کوردستان، بەبەشداری هەردوو وەرگێڕ، خاوەنی دەزگای ‌هاوڵاتى تاریق فاتیح و مەمەد رۆناهی بەرپرسی وەشانخانەی رۆناهی لەشاری ئامەد، پێکەوە بڕیاری چاپکردن و بڵاوکردنەوەی دیوانەکە دەدەن. رۆژنامەی ‌هاوڵاتى سەرجەم تێچوونی چاپی دیوانەکە دەخاتە سەرشان و بەو جۆرە دیوانەکە چاپ دەبێت.  ناسنامەی دیوانەکە: دیوانی شێرکۆ بێکەس: بەشێوەزاری کرمانجیی سەروو، بەپیتی لاتینی. ناو: ژ باشور بارانا هەلبەستێ «لەباشورەوە بارانی هەڵبەست». گۆڕینی: موحسین ئۆزدەمیر و سیروان رەحیم. وەشان: وەشانخانەی رووناهی. ئەرک و تێچوونی چاپ: رۆژنامەی ‌هاوڵاتى. شوێن و ساڵی چاپ: ئامەد ٢٠١٤ ژمارەی لاپەڕە ٤٢٠ ژمارەی نێونەتەوەیی دیوانەکە: 9786058552975 جێگەی داخە چاپکردنی دیوانەکە بەو جۆرە نایابە کەوتە پاش مردنی شاعیرەوە، بەڵام چاپکردنی ئەو بەرهەمە بەشێوەزاری کرمانجیی سەروو و لەشاری ئامەد، خەونی لەمێژینەی شێرکۆ بێکەس بوو. خەونێک هەرچەندە درەنگ، بەڵام هاتەدی. بۆیە هەموو بەشدارانی ئەم پرۆژە نایابە هەستیان دەکرد کەهاوپشک و بەشدارن لەبەدیهێنانی یەکێک لەحەزو خواستەکانی شێرکۆ بێکەسدا. حەزو خواسێک کە لەخۆشەویستی نیشتمانەکەیەوە سەرچاوەی گرتبوو. بەداخەوە کەئێمە نەمانتوانی هەموو خەونە گەورەکەی شێرکۆ بێکەس بەدی بێنین کەدەیان جارو لای دەیان کەس ئەم خەونەی خۆی باس کردووە، ئەوەی ئێمە پێمانکرا ئەم بەشە بچووکە بوو لەخەونەکەی، بۆیە بەدیهێنانی ئەم خەونە گەورەیە ئەرکی هەرکەس‌و دامودەزگایەکە کەبتوانێت لەئاییندەدا بیهێنێتە دی‌و نموونەیەک لەسەرجەم شیعرەکانی خۆی بەزاری کرمانجی بەدیاری بۆ ببەنە سەر مەزارەکەی، بۆ ئەوەی تا ئەبەد رۆحی شێرکۆ ئاسوودە بێت.   بۆ ئیسماعیل بێشکچی دارێک گوتی: ئێمە ئێستاکە ناتوانین شەقامێکی دیاربەکر بەناوی تۆوە ناوبنێین گوڵێک گوتی: ئێمە ئێستاکە ناتوانین باخچەیەکی نێو قامیشلی بەناوی تۆوە ناوبنێین شیعرێک گوتی: ئێمە ئێستاکە ناتوانین کتێبخانەیەکی سابڵاخ بەناوی تۆوە ناوبنێین بەردێک گوتی: ئێمە ئێستاکە ناتوانین لەسنگی بابەگوڕگوڕا پەیکەرێکت بۆ داتاشین... دواتر کوردستانم گوتی: ئەوەی ئێستاکە، ئێمە دەتوانین بیکەین هەر ئەوەیە وەک گوڵ و شیعر و ئازادی  لەگیانماندا هەڵتگرین..

  هیوا موسا تیگەيشتن لەتورکیا بۆ ئێمەی کورد گرنگییەکی تایبەتی هەیە، نەک تەنها لەبەرئەوەی ئەو وڵاتە گەورەترین بەشی کوردستانی داگیرکردووە، بەڵکو کاریگەری لەسەر پارچەکانی تریش هەیە، مەترسی بۆ سەر تەواوی کورد دروستکردووە. ئەمەو چەندین هۆکاری تر ئەوە دەخوازێ کەزانستیيانە لەتورکیاو سەرجەم ئەو ئایدۆلۆژییانەی تر تێبگەین کە ناوبەناو لەتورکیادا وەک قارچکێک سەردەردێن و هەڵدەتۆقن، لەوانە کەمالیزم ، ئیسلامیزم، پان ئیسلامیزم ، عوسمانیەتی کۆن و نوێ ، فاشیزم . تورکانیزم پان تورکیزم و چەندانی تر. بەبێ تیگەيشتن لەم ئایدۆلۆژیانەو سەرهەڵدان و دونیابینیان بەرامبەر بەکوردو ناوچەکە، ئەوا ناتوانین خوێندنەوەیەکی دروست بۆ تورکیاو سیاسەتەکەی بکەین. لەم رووەوە (کتێبی پان تورکیزم کە لێکۆڵینەوەی وردە لەسەر ئەم رەوتە لەلایەن جیکۆب لاندۆوە نوسراوە، دواتر بەکوردیەکی جوان رەوان ، د.ئەبوبەکر خۆشناو وەریگێڕاوە بۆ سەر زمانی شیرینی کوردی) سەرچاوەیەکی باش دەبێت بۆ تیگەشتن لەڕەوتێک لەتورکیادا، ئەویش ئایدیای پانتورکیزمە. ئەگەرچی ئەم رەوتە لەدەرەوەی تورکیاو لەسەرەتاکانی سەدەی نۆزدەدا سەری دەرهێناوە بەڵام کاریگەری و تەرزەکانی لەناو پارتەکانی وەک مەهەپەو رەوتی فاشیزم و ئاکەپەو ئیسلامیەکاندا هەتا ئەمڕۆش دەیبینین مێژوی پانتورکیزم پانتورکیزم  پرۆژەیەکی ئایدۆلۆژی سیاسی، نەژادی، کلتوری و رۆشنبیری گشتگیرە کەخواستی هەیە گشت تورک نەژادەکان یەکبخات و بیانکات بەخاوەن یەک گوتار، ئەگەر کرا لەجوگرافیایەکدا کۆیان بکاتەوە، یان لەڕێگەی کۆنفیدراسێۆنێکەوە یەکیان بخات. مێژووی سەرهەڵدانی پانتورکیزم پێش دروستبوونی کۆماری تورکیایە، ئەو پرۆژەیەکە دەکرێ بڵێن لەتاراوگەدا دروستبووە، واتە لەدەرەوەی سنوری دەوڵەتی تورکیا دامەزراوە. لەقۆناغی سەرهەڵدانیدا ئاینی ئیسلام دەورێکی کاریگەی بینیوەو ئەکرێ وەک هۆکاری سەرەکی وەرگیرێت لەدروستبونی هەستی ئەم ئایدۆلۆژیایەدا. لەقۆناغەکانی دواتردا ئاینی ئیسلام و ونەژادی تورک لەپانتورکیزمدا هێندە تیکەڵ دەبن، بەجۆرێک هەر هەوڵێک بەئاڕاسەتی پارێزگاریکردن بێت لەئیسلام لەهەمان کاتدا پارێزگاریکردن بووە لەنەژادی تورک. واتە لەپرۆژەی پانتورکیزمدا ئیسلام و نەژادی تورک بەجۆرێک تێکەڵ دەبن ناتوانین لەیەکیان جودابکەیتەوە، تەنانەت ئەمە بۆ ناسیۆنالیزمی تورکیش دروستە، وەک تورکناسی نوێ. م هاکان یافوز دەڵێ ، ناسیۆنالیزمی تورکی و ئیسلام لەیەک جوادا ناکرێنەوە .  ژینگەی سەرهەڵدانی مەیلی پانتورکیزم، ئەو کۆمەڵگا موسوڵمانانەن کە لەژێر دەسەڵاتە یەک لەدوای یەکەکانی روسیای کۆن و تازەدا چەوساونەتەوە. کاتێک کەمیونیتییە موسوڵماناکانی روسیای قەیسەری دەچەوسێنرێنەوە ، لەوانە تاتارەکان ، ئۆگورەکان، قازاقەکان چەندین تورک نەژادی تر......، ئیدی ئەم مەیلە سەرهەڵدەدات ، چون موسوڵمانەکانی روسیای قەیسەری و دواتر یەکێتی سۆڤیەت زۆربەیان تورک نەژادن، بەجۆرێک بەپێی سەرژمێرییەک لەساڵی ١٩٧٥ لەڕوسیا کراوە،  (٤٣) ملیۆن موسوڵمان لەڕوسیادا هەبووە، لەو ژمارەیە (٣٧)ملیۆنیان تورک بوون ، واتە تورک بوون و موسوڵمان بوون یەک شت بووە لەناوچەکانی قەوقازو هەرێمەکانی پێشووی یەکێتی سۆڤیەتدا، هاوکێشەکە ئەمەدەکات، ئەودەمەی کە تورکێک چەوسێنراوەتەوە واتە موسوڵمانێک چەوسێنراوەتەوە، بە پێچەوانەشەوە راستە. سەرەتای ئەم بزوتنەوەیە ( پانتورکیزم) لەناو کایەی رۆشنبیری تورکیدا دەرکەوت، بڵاوکردنەوەی رۆژنامەی تەرجومان لەساڵی ١٨٢٣ لەلایەن ئیسماعیل بەگ گاسپەرالی بەیەکەمین رووداوی مێژووی دەرکەوتنی پانتورکیزم دادەنرێت. واتە پانتورکیزم ئەو ئایدۆلۆژیا بێ نیشتیمان و پەڕاگەندەیە کە لەکۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەدا لەسەردەمی روسیای تزار دەستیپێکرد. ئەو رۆژگارە قۆناغێکی گەشاوە بوو لەڕووی پرۆژەی پانەکانەوە، ئەوان یەک لەدوای یەک دەهاتن ، بۆ نموونە کۆنگرەی پان سلاڤ لەساڵی  ١٨٤٨ کە لەپراگ بەسترا، دواتر زایۆنیستی لەساڵی ١٨٩٧ لەبازل لەسویسرا بەسترا، دواتریش کۆبوونەوەی ڕێبەرانی پان تورکیزمکە لەڕوسیا بوو. دواتریش پان ئیسلامیزم و پان عەرەبیزم پان ئەفریکایزم سەری دەرهێنا. هۆکارەکانی لەدایکبوونی پانتورکیزم. یەکەم؛ ژمارەیەکی زۆری تورک لەڕوسیا دەژیان، ئەوان کەوتنە ژێر کاریگەری پان سلاڤیزمەوە، کە پان سلاڤیزم بەرلەوەی کۆنگرەی خۆیان ببەستن چەند دەیەیەک پێش ئەوە سەری هەڵدابوو. دووەم؛ چەوساندنەوەی  ئەو ژمارە زۆرە لەموسوڵمان و تورک نەژادەکان لەڕوسیا، لەبەرئەوە هێرشەکان بۆ سەریان هۆکاربوو بۆ بەرزکرددنەوەی ئایدۆلۆژیای پانتورکیزم لەناویاندا، وەک هەوڵێک بۆ مانەوەیان و پاریزگاریکردن لەخۆیان، ئەوان دەگەڕان بەدوای ئایدۆلۆژیایەکدا کە لەڕووی نەژادییەوە یەکیان خات، ئەم هەوڵەش لەسەردەستی کۆمەڵێ فیگەری گەورەی ئەم بوارە درا لەڕوسیا لەوانە یوسف ئاقچۆرا، ئاقائۆغلۆ. کۆسپەکانی بەردەم پانتورکیزم پان تورکیزم ئایدۆلۆژیایەکی رێگەپێدراو نەبوو لەڕوسیادا . بەڵکو ئەو ڕووبەڕووی چەندین کۆسپ بووەوە لەڕوسیادا. * یەکەم جار روسیای قەیسەری بەتوندترین شێوە رووبەڕوویان بووەوەو سەرکردەکانی ناچارکرد کەوڵات بەجێبهێڵن لەوانە یوسف ئاق چۆرا کەهەڵهات بۆ ئەستەنبول لەساڵی ١٩٠٨دا. * دواتر کەشۆڕشی ئۆکتۆبەر سەریهەڵدا، ئەم شۆڕشە لەبونیادیدا رێگەی بەقوڵبوونەوەی جیاوازی چینایەتی و رەگەزایەتی نەدەدا، لەبەرئەوە بەهەموو شێوەیەک سەرانی شۆڕش دژ بەئایدۆلۆژییای پانتورکیزم وەستانەوە. * ستالینیش بەتوندترین شێوە رووبەڕووی ئایدۆلۆژیای پان تورکیزم بووەوە، سزای سەرکردەو ئەو کەسانەی دەدا کەڕابەرایەتی ئەم رەوتە دەکەن. دواتر سەرانی پانتورکیزم زۆربەیان هەڵهاتن بەرەو تورکیاو ئەوروپا. * لەڕۆژگاری دەوڵەتی عوسمانیدا، ئەو ئیمپراتۆرە ئیسلامییە  رێگەی بەئایدۆلۆژیای پانتورکیزم نەدەدا، چون ئەم ئایدۆلۆژیایەی بەمەترسی دەزانی بۆ سەر ئایدۆلۆژیای ئیسلام. خزانی پانتورکیزم بۆ ناو تورکیای نوێ *لەوکاتەدا کەدەوڵەتی عوسمانی لاواز بووبوو، بزووتنەوەی تورکە لاوەکان سەریهەڵدابوو، ئەمە چانسێکی باشیدا بە رەوتی پانتورکیزم ، دواتر خۆی خزاندە ناو بزوتنەوەی ترو کەلاوەکانەوە، زیاکو ئالب کەیەکێکبوو لەبەناوبانگترین ئەندامانی ناو ئەم بزوتنەوەیە، ئەو باوەشی بۆ ئایدۆلۆژیای پان تورکیزم کردەوە، ئیدی لەو بەروارەوە ئەم ئایدۆلۆژیاییە لەتورکیادا چەکەرەی کرد، بەڵام موستەفا کەمال کە بەدامەزرێنەری کۆماری نوێ دادەنرێت، ئەو دژ بەم ئایدۆلۆژیایە بوو ، تەنانەت  لەنزیکی دوو دەیەی سەرەتای تەمەنی کۆماردا موستەفا کەمال رێگەی بەئایدۆلۆژیای پانتورکیزم نەدا. چون ئەم ئایدۆلۆژیایە دەبووە هۆی لێکترازانی کۆمەڵی تورکی و دواتر جیاوازی دروستدەکرد، کەئەمە دژ بەتێزەکەی موستەفا کەمال بوو کەئاشتی لەناوەوە ئاشتی لەدەرەوە، هەروەها موستەفا کەمال وەک عیلمانیخوازێ کنەی دەویست کێشەی تورکە موسوڵمانەکانی روسیا ببەستێت بەخۆیەوەو بیکاتە بارو قورسی بۆ سەر کۆمار، چون موستەفا کەمال، پەیڕەوی دۆکترینی (ئایزۆلەیشنی) دەکر لەسیاسەتی دەرەوەیدا، واتە خۆکەنارگیرکردن لەکێشەکانی چواردەورو دەستتێوەرنەدان لەکێشەکانی چواردەوردا. هەروەها دورکەوتنەوە لەجیهانی ئیسلامی و رووکردنە ئەوروپاو رۆژئاوا. * لەدوای مردنی موستەفا کەمال و لەکۆتايی سییەکان و بەتایبەت لەسەرەتای پەنجاکان تورکیا دەڕواتە ناو قۆناغێکی نوێوە ئەویش فرەحزبییە ، ئیسلامییەکان لەڕێگەی عیسمەت ئینەنووە دێنەوە بۆ ناوکایەی سیاسەت، عیسمەت ئینەنوو هاوسۆز بوو لەگەڵ موسوڵمانەکانی روسیا ، بەڵام بەتەواوی نەیدەوێرا دژ بەڕوس بووەستێتەوە ئەویش بەهۆی جەنگی جیهانی دووەم و هاوپەیمانی دژەنازیزم لەلایەن روس و ئەمریکاو هەندێ وڵاتی ئەوروپاوە، ئەگەرچی بزوتنەوەی پانتورکیزم داوایان لەحکومەتەکەی ئینەنوو کرد کەهاوشانی نازییەکان دژ بەڕوسەکان بوەستێتەوە، بەڵام ئەمە ریسک بوو بەداهاتووی تورکیاوە، کەبچێتە بەرەی نازیزمەوە. کەوتنی یەکێتی سۆڤیەت و گەشانەوەی پانتورکیزم  لەگەڵ کۆتایهاتنی یەکێتی سۆڤیەت و سەربەخۆبوونی هەرێمەکان، بەتایبەتی پێنج هەرێمە تورکەکە وەک ئازربایجان و تورکمەنستان و ئۆزبەکساتن و تاجیکستان و، کازاخستان و هاتنی ئۆزال و پارتە ئیسلامییەکان دووبارە ئایدۆلۆژیای پانتورکیزم گەشایەوە. دوايی یەکێتی سۆڤیەت و تورکەکان بوون بەخاوەن شەش دەوڵەتی تایبەت بەخۆیان، سەرەڕای ئەوەی ئایدۆلۆژیای پانتورکیزم لەلای تاتارەکانی کریمیاو ئۆغورەکانی چین و روسیاو چەند هەرێمی تر بەرزبووەوە. لەناوخۆی تورکیاشدا چەند هێزێک هەن کەپاڵپشتی پانتورکیزمن ، لەوانە سەرانی پارتی مەهەپە کەپارتێکی فاشیزمەو باوەڕی بەئایدۆلۆژیای پانتورکیزم هەیە، ئەو دەیەوێ لەڕێگەی نەژادی تورکەوە تورکەکانی قەوقازو روسیا یەکبخات. لەهەمانکات پارتی ئاک پارتی و پارتە ئیسلامییەکانی تریش باوەڕیان بەئایدۆلۆژیای پانتورکیزم هەیە، ئەوان لەڕێگەی ئیسلامەوە دەیانەوێت بەم ئامانجە بگەن. ئەگەر تەماشابکەین تورکیا لەکێشەکانی ئەم دوو هەفتەی دوایی ئەرمەنستان و ئازربایجاندا بەفڕۆکەی بێفڕۆکەوانە هاوکاری ئازربایجانی کردووە. تەنانەت قسە لەسەر گواستنەوەی میلیشیا ئیسلامییەکانی سوریا دەکرێت بۆ شەڕی ئەم دوایيەی ئازربایجان و ئەرمینیا. ئەم رووداوانەو چەندانی تر هەروەها لەهەڵویست و روئیای ئاکپارتی و مەهەپەو دەوڵەتی قوڵدا ئەو نامەيە دەنێرن، کەڕاستە پانتورکیزم پرۆژەیەک بووە لەمێژوودا، بەڵام ئەو کۆتايی نەهاتووەو پرۆژەیەکی تەواو نەکراوە، هەتا ئێستاش زیندووە لەتورکیاو لەئاستی بەرزدا کاری بۆ دەکرێ، بۆ ئەوەی تەواوبکرێ، کەبێگومان ئەمە راستەوخۆ کاریگەری بەناوچەکەو لەناویشیاندا کورد هەیە، ئەویش بەهۆی بوونی تورکیا لەکوردستان و پەیوەنديیە مێژوویيەکەی تورکیا بەکوردو و بوونی کەمینە تورکمانەکانی هەولێرو کەرکوک و ناوچەکانی تر. کەتورکیا بەئاسانی بەکاریهێناون و بەکاریدەهێنێت وەک بەشێک لەناو پرۆژە فراوانخوازییەکەی خۆی کە لەڕۆحی پانتورکیزمدایە.

سیروان ره‌حیم قاوەخانەی ئەدەبیاتی گۆلدموند لەقاوەخانەی گۆلدموند دانیشتووم، قاوەخانەیەک لەقاوە، لەچای و لەکێک زۆرتر، گەلێ زۆرت کتێبی لێیە. کتێب کەشێکی دڵگیرو نایابی بەم شوێنە بەخشیوە. قاوەخانەکە شوێنێکە بەردەوام سیمیناری ئەدەبی و هونەری تێدا رێکدەخرێت. ئەوانەی روو لەگۆلدموند دەکەن و لەوێ دادەنیشن مرۆڤگەلێکن وابەستەی کتێب و جوانی. ئەوەی دێتە ئەو قاوەخانەیە هەواداری رووبەری رووناک و دڵنیایە بۆ مرۆڤەکان. کتێبەکانی ئەم قاوەخانەیە زۆربەیان یان نزیکەی هەموویان زوان ئەڵمانین. لەتەنیشتی مێزەکەی منەوە کتێبێک سەرنجم دەبات. لەنێو کتێبی تردایە، بەڵام نیگام بۆ خۆی رادەکێشێت. رۆمانی نووسەری ئەڵەمانی ئێریش کێستنەر (١٨٩٩-١٩٧٤). وەکو زۆر بەرهەمی دیکەی، کێستنەر ئەم رۆمانەی بۆ منداڵان نووسیوە. رۆمانەکە ناوی «داس دۆپلتە لۆتچەن = دوانەی لۆتچەن»ە و چەقی گێڕانەوەی خستۆتە سەر بابەتی لێکدابڕان. ئێمەی دابڕاو لەچاوی نیشتمان ئەم چیرۆک و بەسەرهاتانە زووتر راماندەگرن و لەکن خۆ گلمان دەدەنەوە. بەکورتی کێستنەر لەڕۆمانەکەیدا باس لەبەسەرهاتی لێکدابڕانی دوو کەنیشکی نۆ ساڵە دەکات. لویزە خەڵکی ڤییەنای پایتەختی ئۆتریشەو لۆتە خەڵکی شاری موینشنی ئەڵمانیایە. ئەم دوو کەنیشکە لەسەیرانگەیەک لەچیاکانی ئالپ یەکدەگرن. لەوێ دەردەکەوێت کە ئەو دوو کەنیشکە دووانەن و بەهۆکاری جیابوونەوەی دایک و بابەوە لێکدابڕاون. باوکی لویزە رابەری ئۆرکسترایە لەڤییەنا. دایکی لۆتە لەشاری موینشن لەبواری هونەری دیزاینی وێنەو وێنەسازیدا کاردەکات. لەکۆتایی گەشتەکەیاندا کەدەبێت بەرەو ماڵ بچنەوە، لویزە لەبری لۆتە لەگەڵ دایکی بەرەو موینشن دەچێت و لۆتەیش لەگەڵ باوکی بەرەو ڤییەنا بەڕێدەکەوێت. بەسەرهاتەکانی پاش ئەو رۆڵگۆڕینەوەیەی کەنیشکە دووانەکە، ئاشکرابوونی هەندێ شت بەتایبەتی نەخۆشیی یەکێکیان، گەشتی لویزەو دایکی بۆ ڤییەنا و ئاهەنگی یادی لەدایکبوونیان،  پێکەوە دەبن بەهۆکاری یەکگرتنەوەی ئەو دایک و باوکە. منداڵانی ئێرە بەم چیرۆک و بەو کاراکتەرانەی نێو چیرۆک و رۆمانەکان گەورە دەبن. ئەو بەسەرهات و رووداوانە لەیادەوەری منداڵانی ئێرەدا نەخشێکی گەورەیان هەیە، ئەو کتێبانە خۆشحاڵی و شادمانی کەموێنەیان پێدەخشن. ئێمە  لەم بوارەدا یان نەداراین یاخود یەکجار دەگمەن شتمان هەن. نازانم بۆچ، بەڵام خەیاڵ و رامانێک کەئەو کتێبە سەرچاوەیەتی بەرەو لای وێنەیەکی فایەق بێکەس دەمباتەوە. وێنەیەکی بێکەس لەچەقی چەمچەماڵدا، کە بۆ منی منداڵ رۆژگارێک سەرچاوەی شادی و خۆشەویستی بوو. وێنە پڕ ئەفسوونەکەی بێکەس شتێکی بێ روح و گیان دەفڕێ و دەچێتە ئاسمان ناویان ناوە تەیارە زۆر مەحکەم و بەکارە لەشەڕا موسیبەتە لەئاشتیا نیعمەتە هتد بێکەس (١٩٠٥-١٩٤٨)   لەڕۆژگاری وتووێژی نێوان حکومەتی بەغداو بزاڤی کورددا (١٩٧٠-١٩٧٤) لەگۆڕەپانێکی شاری چەمچەماڵ، فولکەیەک لەگەڕەکی بێکەس، کەگەڕەکەکە هەڵگری ناوی بێکەس خۆی بوو. ئێستا نا، لەو رۆژگارەدا فولکەکە دەکەوتە چەقی شارەکەوە، وێنەیەکی فایەق بێکەس، وێنەیەکی گەورەو پڕ شکۆ، لەچوارچێوە گیراو، لەو فولکەیەدا جێگیرکرابوو. دوو وێنە بوون، لەهەردوو لاوە هەمان وێنە جێگیرکرا بوون. بەدەوری وێنەکەدا گڵۆپی رەنگاوڕەنگ هەبوون و کاتێک لەئێوارە بەدواوە گڵۆپەکان دادەگیرسان، رووناکی زەردو سوور ئەفسوونێکی ناوازەیان بەوێنەکەو تەواوی شوێنەکە دەبەخشی. جاری یەکەم ئێوارەیەکی درەنگی هاوین بوو، (دەبێت هاوینی ساڵی ١٩٧٣ بووبێت) وێنەکە سەرنجی منی راکێشا، پرشنگی گڵۆپەکان و رووناکییان شتێکی سەرنجبەریان لەبەر دیدەی منی منداڵ ئافراندبوو. دەستم لەدەستی کاکمدا بوو. باشم لەبیرە، وەکو دوێنێ بێت لەبیرمە، بەزمان و بەکەرەستەی دەربڕینی منداڵانەم لە (کاکە غەفورم) پرسی، سەبارەت بەو هەموو گڵۆپەی بەدەوری وێنەکەوەو هەروەها وێنەکە خۆیشی پرسیارم لێی کرد. ئەویش باسی بێکەسی بۆم کرد کەکێیە. باسی ئەوەی کرد بێکەس لەقوتابخانەی چەمچەماڵ مامۆستا بووە. واتە من دەچوومە فێرگەیەک بێکەس لەوێ مامۆستا بووە. چ شادییەک بوو، چ شادییەک! پاشان کاکەم گوتی کەچووینەوە ماڵ شیعری بێکەست بۆ دەخوێنمەوە. لەماڵەوە یەکێک لەو شیعرانەی ئەو شەوە (کاکە غەفورم) بۆ منی خوێندەوە ئەو شیعرە بوو «شتێکی بێ روح و گیان...». کاتێک پاییزی ساڵی ١٩٧٣ چوومە قوتابخانە، ئەو شیعرەم لەبەربوو. ئێستایش لەبیرم ماوە. ئەو شیعرە پەیامی رەنگینی من بوو، هەر کاتێک مامۆستا منی هەڵساندباو ئەو شیعرەم لەبەر بخوێندایەتەوە شادترین دەمی من بوو لەفێرگە. دیارە ئیتر بێکەس پاڵەوانەکەی سەردەمی منداڵیم بوو. کاتێک ساڵی ١٩٧٤ شەڕ دەستی پێکردەوە، ئێمە ماڵمان چوو بۆ کەرکوک، پاش گەڕانەوەمان لەکەرکوکەوە بۆ چەمچەماڵ یەکەم شت کە هەناوی منداڵانەی منی داخ کرد نەمانی ئەو وێنەیە بوو. هەرگیز لەبیرم ناچێت وێنەکەی بێکەس چ بۆشاییەکی دروستکردبوو لەو گۆڕەپانە. پاشان بیستنی بەسەرهاتی شکاندن و لادانی وێنەکە لەلایەن لەشکرە هۆڤەکەی بەعسەوە ئەوەندەی تر منی غەمگین دەکرد. کاتێک لەشکری داگیرکەرو تاڵانچی بەعس چەمچەماڵ دەگرن یەکێک لەکارە هەرە لەپێش و «گرنگەکان» بۆیان وێرانکردن و لادانی ئەو وێنەیە دەبێت. دیارە ئەوان درکیان بەوە کردووە بێکەس پاڵەوانی دڵی ئێمەو پەیامەکانی وی بزوێنەری کوردایەتیمان بوون. نازانم وێنەی ئەو فولکەیە شاری چەمچەماڵ لەو ڕۆژگارەدا و بەوێنەی بێکەسەوە لەکن کەس ماوە یان نا؟ خۆزگە بۆ بیستنی هەواڵێکی وەها دەخوازم.. ئێستا ئەو رۆژگارە نییە، کەچی ئێمە ساڵانێکی زۆر ئەم جۆرە پاڵەوانانە، ئەو چەشنە چیرۆک و شیعرانەمان کشاونەتەوە. یان زۆر دەگمەن یاخود هەر هیچ ئەو دەرفەت و دەلیڤە دەستەبەر ناکەین کەمنداڵانمان ئەو یادەوەری، ئەو هەستە کوردەواری و دیرۆکییانەی خۆیان بژین، هاوکاتیش لەخەیاڵگەی ناسک و بێخەوشی منداڵیدا بنەخشێن. مخابن. بێگومان هەموو ئەو یادەوەری و پاڵەوانانەیش کتێب و خوێندنەوە دروستیان دەکەن و پێماندەخشن.. کتێب لەڕۆژگاری کۆرۆنادا لەقاوەخانەی گۆلدموند دانیشتووم، هەر لەوێم، بەڵام کێ لەگۆلدموند دەزانێت من بۆچ وەها گرمۆڵەی نێو خۆم بوومە، کێ دەزانێت گەشتێکی چەمچەماڵم کرد، لەم پەنجەرانەوە پیاسەیەکی گەڕەکی بێکەسم لەچەمچەماڵ کرد، خەیاڵ تەماشایەکی پڕ ئەفسونی وێنەیەکی پێبەخشیم کەچەندین ساڵ شەوانە گڵۆپە زەردو سوورەکانی دەوری دادەگیرسان و سەرنجی ئێمەی منداڵیان داگیر دەکرد.  هەرچەندە ئێستا ترس و دڵەڕاوکێ سەبارەت بەکۆرۆنا خاوبووەتەوە، بەڵام هەرچەند هەفتەیەک لەمەوبەر بوو، لەدەمی کەرەنتینەی گشتگیردا، کاتێک بازاڕی زۆر کاڵا، گەلێک پێداویستی و چەندین شتی گرنگ شکا، کەچی لێرە بازاڕی کتێب بەشێوەیەکی بەرچاو برەوی پەیدا کرد. لەو رۆژگارەدا کتێبفرۆشی و دەزگاکانی پەخش کارەکانیان بۆ دابەشکردنی کتێب چەندین جار هەڵکشان و داخوازی لەسەر کتێب بەشێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو هەڵکشا. بێگومان ئەمە تەنها پەیوەندی بەکەرەنتینە و هەر پەیوەندی بەهەبوونی کات و مانەوە نییە لەماڵ، بەڵکو شتێکە سەلمێنەری ئەوەی خوێندنەوە و خۆشەویستی کتێب کولتورێکە و پاشخانێکی گرنگی هەس. کاتێک تۆ کتێبێک بەکەسێک بەدیاری دەبەخشیت، دەمێک دەبینیت کەسانێک بەر لەوەی گەشت بکەن و بڕیاری پشوو بدەن وەکو خۆئامادەکردن کتێب دەکڕن، یان کتێب وەکو دیارییەکی نایاب لەجەژنی لەدایکبوون و یادە گرنگەکاندا پێشکەش بەیەکتر دەکرێت، مرۆڤ باشتر حاڵی دەبێت کتێب بۆ خەڵکانێک تاکوێ واتای بڕ دەکات. کتێب و خوێندنەوە لەکوێ؟ دڵنیام کاتێک تۆی بەڕێز ئەم دێڕانە بخوێنیتەوە لەوەیە بڵێیت تۆ لێرە نیت، لەنێو بێ مووچەیی، بێ وزەیی، بێکاری و لەبۆتەی نادڵنیاییدا نیت. بەڵام من بەشێوەیەک لە شێوەکان لەوێم، دیارە دەزانم خوێندنەوە هەم رووبەرێکی ئارام و هەم بواری دڵنیایی دەوێت. مرۆڤ ناتوانێت لەڕووبەری شەڕ، نادڵنیایی و بێکاریدا بخوێنێتەوە، گەر بشخوێنێتەوە بەچاو دەخوێنێتەوە نەک بە هۆش، نەک تەڤی هێزی هەڵگرتن و مانەوە. بەڵام لەڕۆژگاری ئارامی و پارەداریشدا ناوچەکەی ئێمە هەر پشت لەکتێبەو روو لەشتی دیکە. ئەوەندەی کتێب لەمانگێکدا لەوەڵاتێکی وەکو ئەڵمانیا دەفرۆشرێت و دەخوێندرێتەوە، دڵنیام لەچەندین ساڵدا لەهەموو وەڵاتانی عەرەبیدا ئەو ژمارەیەی کتێب نافرۆشرێت و ناخوێندرێتەوە. لەکاتێکدا ئەوان لەکورد زۆر زۆرترن بەژمارەو بەئابوریش زۆر بەهێزتر. بەکورتی بەراوردەکە کاری نەکردەیە. ئاشکرایە بۆ وەڵاتێکی وەکو ئەڵمانیا کارەکە جۆرێکی ترە. بەڵام بۆ شوێنێکی وەکو کوردستان بەباشوور و بەشە داگیرکراوەکانی ترییەوە، لەم رۆژگارەدا خوێندنەوەی کتێب، فرۆشت و مامەڵەکردن بەو دەستکەوتە گرنگەوە وەکو کارێکی بازرگانی ئاسان نییە. بێکاری و شەڕ دوو ئافاتی بێوێنەن. لەوێ نەک شەڕ، نەک کۆرۆنا، بەڵکو رووداوی بچووکیش سیستەمەکە یان سیستەمەکان دەهەژێنن، چونکە لەزۆرێک لەو وڵاتانە سیستەم لەبنەڕەتدا بوونی نییە یان بەدارشەق بەڕێوەدەچێت. لێرە، لەوڵاتێکی وەکو ئەڵمانیا کارەکە تەواو پێچەوانەیە، لێرە هەموو ئەو کەسانەی بەهۆکاری کۆرۆنا کاریان لەدەستدا، دەوڵەت هاوکاری دارایی کردن، هەرچەندە ئاشکرا نییە هێشتا ئەو بڕە دراوەی وەکو هاوکاری درا بەکەسانی بێکار دەدرێتەوە بەدەوڵەت یان نا، بەڵام گرنگ لەتەنگەژەکەدا باهاناهاتنێکی گرنگ بوو. بۆیە مرۆڤەکان دەتوانن لەماڵیش بن، واتا لەماڵ بمێننەوە، هاوکات کتێبیش بکڕن و بخوێننەوە، بەڵام جەخار لەوێ پارەیش هەبێت، رەوشی دارایی باش بێت و دڵنیاییش هەبێت، ئەوانەی خوازیاری کتێبن ژمارەیان کەمە، یەکجار کەم. نەبوونی پاڵەوان لەهۆشی زارۆکدا دروستکردنی پاڵەوان، ئەفراندنی چیرۆک، سەرچاوەی کاری باش و هاندەری چاکە لەلای منداڵ بەکتێب دەکرێت. هەر ئەوەیشە دەبێت بەبناغە بۆ خۆشەویستی و پاشانیش هەوێنی هۆگری لەگەڵ کتێب و خوێندنەوەدا.. رۆژگارێکی درێژە، نەک هەر لەلای کورد، لەلای زۆرێک لەگەلانی ناوچەکە، شەڕ، بێکاری و نادڵنیایی ئەو بوارەیان وێران کرد کەمنداڵان لەگەڵ خەون و لەتەک شتەگەلی پڕ ئەفسوونی دنیای خۆیاندا منداڵییان بەڕێ بکەن. دیکتاتۆرە ملهوڕو شەڕخوازە دزێوەکان لەوێرانکردنی خەون و حەزی منداڵانەوە دەستدەکەن بە وێرانکردنی هەموو ژیان. بەڵێ بۆ ئەوەی کتێب و خوێندنەوە ببن بەکولتورو مرۆڤ هۆگریان ببێت، بۆ ئەوەی کتێب و پاڵەوانەکانی نێو کتێبەکان شوێنگەیەکیان لەلای منداڵان بەتایبەتی و مرۆڤەکان بەگشتی هەبێت، پێویستە بزانین ناچارین لەبنەڕەتەوە دەستپێبکەین، لەمنداڵانەوە. بەڵێ زارۆک پێویستیان بەوەیە زارۆکێتی خۆیان بژین، کاتێک ئەو ماف و دەرفەتەی منداڵان وێران بکرێت، ئیتر نەک کتێب و خوێندنەوە، واتایەک بۆ ژیان خۆیشی نامێنێتەوە و هەموو جوانییەک بزر دەبێت. دەنا نەک هەر خۆش دەبێت، بەڵکو پێویستیی گیانی و هەستکردن بەجۆرێکی ترە لەبوون، کاتێک لەدڵ و لەیادەوەری منداڵی - منداڵانماندا کتێب، چیرۆک، رۆمان و شیعرگەلی نووسەرانی وەکو بێکەس، کێستنەر، عومەر عەبدولڕەحیم، مارک توین، وێنەکانی لالە عەبدە، دایکی سۆلاڤ، جەزا عەلی ئەمین، وشەو وانەکانی ئیبراهیم ئەمین باڵدارو... هتد، هەبن.

تایبەت بە‌هاوڵاتى- ئامەد ناڵاندم‌ و فەرمووی کە ئەم ئاوازە حەزینە یان مەحوی-یە یان بولبولەکەی فەسڵی خەزانە   سەیدۆ شیمشەک کە پاشان دەبێت بە سەیدخانێ بۆیاخچی و دواتریش وەکو بولبولی ئامەد ناسرا، ماوەیەک لەمەوبەر لە ئەنجامی هەوکردنەوە تووشی ئیفلیجبوون دەبێت و بەرەبەیانی رۆژی ٥\٧\٢٠٢٠ لەماڵەکەی خۆی لەشاری ئامەدی باکوری کوردستان کۆچی دوایی دەکات. کۆچێک وەکو هەر کۆچێکی تر نا، بەڵکو کۆچێک ئاوازو رستە دڵگیرەکانی زمانی کورد، زمانێک کەئەو لەڕووبەرە جوانەکەی ئاهەنگ و ئاوازدا، رەنگڕێژیش بە تانوپۆی ئەڤینەوە، بەدرێژایی تەمەن لەپاراستن و هەوڵی پاراستن و گەشەسەندنیدا بوو. تەمەنێکی درێژ لەدەنگبێژی هۆکاربوو تاکو لەلایەن ئەڤیندارانی دەنگییەوە ناسناوی «بولبولی دیاربەکر»ی پێببەخشن. دەنگبێژە بەنێوبانگەکە یان بولبولی دیاربەکر کێ بوو؟ ساڵی ١٩٣٣ لەگوندی لەخەری لەدایکبووە. گوندی لەخەری سەر بەشاری ئامەدە. لە دوو ساڵیدا دایکی و لەچوار ساڵیدا باوکی لەدەست دەدات. ئەم منداڵە بێکەس و بێنەوایە، لەلای پورو مامی گەورە دەبێت. بێکەسی و هەژاری هۆکارن کە بۆ تاکە رۆژێکیش نەچێتە قوتابخانە. لەتەمەنێکی زۆر زوودا دەبێت بەشوان. وەکو خۆی لەدیدارێکی تەلەفزیۆنیدا دەڵێت: «دەنگبێژیی لەسەرەتاوە هاتۆتە ژیانییەوە. لەتەمەنی حەفت ساڵییەوە دەستی بەدەنگبێژی کردووە». لەو تەمەنەوە دەنگبێژی، کەلام، هەڵبەست و وشەی کوردی لەگەڵ هەناسەدا ئاوێتەی پێداویستی ژیانی ئەو بولبولە خەمگینە بوونەو تاکو مردن دەستبەرداری نەبووە. لەتەمەنی ١٥ ساڵیدا دەچێتە ئامەدو لەبندیواری ئامەددا «لەگەڕەکی سوری دیرۆکی و بەنێوبانگی ئامەد» دەستدەکات بە بۆیاخچێتی پێڵاو. لەو ڕۆژەوە وەکو سەیدخانی بۆیاخچی دەناسرێت. ٢٥ ساڵ ئەو کارە دەکات و پاشان بۆ ماوەیەک وەکو خزمەتگوزار لەشارەوانی ئامەد دادەمەزرێت. ئەو بولبولی فەسڵی خەزانە، کە هەموو ژیانی فەسڵی خەم و خەزان بووە، دەیگوت: «کەس نییە پێڵاوم بۆ بۆیاخ کردبێت و بەدەم بۆیەکردنەوە بەیتێک یان چەند بەیتێکم بۆ نەگوتبێت». ژیانێک سەرتاپای پڕ بوو لەکارەسات، بەڵام کۆڵنەدەرانە ژیا.. نەک هەر منداڵی، بەڵکو هەموو ژیانی بۆیاخچی پڕ بوو لەکارەسات. هەندێ کەس هەن تۆ دەڵێی بۆ بێچارەیی و نەگبەتی دێنە دنیاوە، بۆیاخچی کەسێک بوو لەوانەو ژیانی پڕبوو لەبرک و ژان، بەهارێکی لەو تەمەنە درێژەیدا نەبینی و هەمیشە لەخەزان و لەنێو هەڵوەریندا بوو. بەڵام مرۆڤێک بوو سەرباری بەشمەینەتیی گەورە و سەخت، کۆڵنەدەرو «بولبول ئاسا» ژیا. رەنگبێ دەنگبێژی و بولبولبوونەکەیشی جۆرێک لەشیوەن و هەڵڕشتنی ئەو خەم و ئازارانە بووبێتن کە لەهەناویدا کەڵەکە بووبوون.  بۆیاخچی جارێکیان لەدیدارێکیدا لەگەڵ ئاژانسی میوزۆپۆتامیادا گوتبووی: لەتەمەنێکی زۆر زوودا دەستم بەکارکردن کرد، بۆ دابینکردنی بژێوی. لەم شاری ئامەدە شیرینیی دارچینیم فرۆشت، بەساڵان بارهەڵگر و کۆڵبەر بووم، کرێکاریم کرد، کاری پاککردنەوەم دەکرد، بەڵام بەردەوام ئامەدم خۆشدەویست و خۆشمدەوێت. زۆر زۆرم کارکرد و توانیم هەندێ دراو خڕکەمەوە. توانیم ژیانی هاوسەری پێکبهێنم. بەڵام جەخار منداڵمان بۆ نەدەما. یەک لەدوای یەک ٧ منداڵمان لەدەستدا. هەر منداڵێکمان دەبوو، نەخۆش دەکەوت و دەمرد. هەر کەسێکی تر بووبا، بەرگەی ئەو هەموو منداڵ مردنەی نەدەگرد، ئەو دەنگبێژە خەمگینە وەهای دەگوت. دەنگبێژی ئەڤینێکی گەورەیە بۆیاخچی دەیگوت، من ناتوانم هیچ شتێک لەو بەیت و داستانگەلەی دەیانڵێم بیاننووسمەوە، بەڵام ئەوانە لەدڵ و لەیاداوەری مندا هەڵکۆڵدراون و بۆ هەمیشە لەلام دەمێننەوە. دەنگبێژی وەکو هیچ شتێکی تر نییە، ئەڤینێکی مەزنەو هەمیشە لەگەڵ مرۆڤدایە. ئەگەر دەنگبێژی نەبا پاش ئەو هەموو کارەسات و دوای ئەو ژیانە پڕ برک و ژانەم هەڵبەتە نەمدەتوانی بژیم و دەمردم. دەنگبێژی و گوتن منیان بەپێوە هێشتەوە. پاش تەمەنێکی ٨٧ ساڵە، ئەو دەنگبێژە دەمرێت و بڕیارە لەگۆڕستانی گوندی نوێ «یەنی کوێی» لەشاری ئامەد بەخاکی بسپێرن. دەنگبێژان و پاراستنی زمانی کوردی پاش قەدەغەکردن و هەوڵی تواندنەوەی زمانی کوردی لەدامەزراندنی کۆماری تورکیا بەدواوە، یەکێک لەهۆکارە هەرە گرنگ و کاریگەرەکان لەبواری پاراستن و هێشتنەوەی زمانی کوردیدا ئەم جۆرە دەنگبێژانە بوون لەباکوری کوردستان. بەیت، بالۆرە، داستان و چیرۆکی ئەڤینداری و دیرۆکی ئەمان بوون ئەم گوند بۆ ئەو گوند، ئەم شار بۆ ئەو شارو ئەم ناوچە بۆ ئەو ناوچە لەهاتوچۆی بەردەوامدا بوون و خەڵک لە بۆتەی ئەم حەزو داستانە لێوانلێوانەی ئەڤینەوە،  لەهۆکاری ئەم بەسەرهاتانەی دابڕان و کۆڵنەدانەوە، خۆشەویستیی زمانی کوردیان لەدەست نەدەداو بەڵکو ئەم دەنگبێژانە هەر جارێک بڕێکیش لەخۆشەویستی و حەزکردنی زۆرتریان دەخستە سەر خەرمانی زمانی کوردی. رۆڵی ئەم دەنگبێژانە بەجۆرێک گرنگە، لەو بوارەدا سازکردنی فیلم و ئامادەکردنی لێکۆڵینەوەی زانستی و گرنگ پێویستی و ئەرکە. بنوو بولبولە دەنگ سازەکەی ئامەد بنوو بولبولە دەنگ سازەکە ئامەد.. دە لۆ لۆ دە لۆ لۆ.. بنوو.. کول و کەدەر نەیانهێست چێژێک لەژیان ببینیت، بەڵام سەرباری ئەو ژیانە پڕ ئازارەیشت تۆ ماڵی ئاوازو زمانی کوردیت پڕتر کرد لەچێژ و لەخۆشەویستی.. بنوو یادت بەخێرو هەزاران تیشک و تیرێژ ئاوێتەی گڵی نێو گۆڕت بن.    

کتێبی (سیستمی کارگێڕیی هەرێم چۆن بە ناناوەندیی بکرێت؟) لە نوسین و ئامادەکردنی (محەمەد رەسوڵ موڕاد) بڵاوکرایەوە. نوسەر و ئامادەکاری کتێبەکە، لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە (فەیسبوک) دەربارەی چاپکردنی کتێبەکەی نوسیویەتی: "ئەگەرچی ماوەی سەرقاڵبونم بە نوسین و ئامادەکردنی ئەم کتێبە، نزیکەی چوار ساڵی خایاند و زۆر پێیەوە ماندوبوم، بەڵام چاپکردنی لەمڕۆدا، بە تایبەت کە پرسی بایەخ و پێویستیی ناناوەندێتیی بۆ هەرێمی کوردستان بۆتە رۆژەڤ (پرسی رۆژ)، زۆر خۆشحاڵیکردم و هیلاکییەکەی لەبیربردمەوە." کتێبەکە، لە سێ بەشی سەرەکیی و کۆمەڵێ باس و تەوەر پێکدێت، کە بە پشتبەستن بە (۲۷) سەرچاوەی زانستیی لە بواری یاسا و کارگێڕیی و سودوەرگرتن لە ئەزمونی کەسیی، هەوڵدراوە بە شێوەیەکی میتۆدیی و لە رێگەی تاووتوێکردنی یاسا بەرکارەکانی عیراق و هەرێمی کوردستان، وەڵامی پرسیارە سەرەکییەکە بدرێتەوە. وەکچۆن، لە پێشەکیی کتێبەکەدا هاتوە: هۆکاری سەرەکیی هەوڵەکەمان، بۆ گرنگیی و پێویستیی (سیستمی ناناوەندێتیی) بۆ بارودۆخی ئێستای هەرێم دەگەڕێتەوە، کە هەنگاو بۆ هەڵبژاردنی سیستمێکی کارگێڕیی ئەوتۆ بنرێت، کەوا لەگەڵ واقیعی جوگرافیی و ئیتنیکیی وڵاتەکەدا بگونجێت. ئەم تەرزە کارگێڕییەش، بریتییە لە "بونیادنانی متمانە لەناو حکومەتدا"، کە ئەنجومەنی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان، لە حەوتەمین دیداری جیهانیدا (٢٠٠٧ - ڤیەننا) پشتگیری لێکردووە. کەواتە ئەم سیستمە هاوچەرخە، بایەخی زۆری بۆ سەرکەوتنی حکومڕانیی هەیە و، کاریگەریی ئەرێنیشی لەسەر تەواوی جومگەکانی ژیانی تاک و کۆمەڵ دەبێت. هەر لەو پێشەکییەدا، نوسەر رونیکردۆتەوە، "لە دوتوێی بەش و باس و تەوەرەکانی ئەم کتێبەدا، هەوڵدراوە، بە شێوەیەکی میتۆدیی و پاڵپشت بە کۆمەڵێ سەرچاوە، سیستمی کارگێڕیی بە گشتیی رونبکرێتەوە، پاشان تیشکبخرێتەسەر شێوازەکانی، لەمەشەوە، پتر رۆبچینە نێو بابەتی سەرەکیی و، لە رێگەی تاووتوێکردنی یاسا بەرکارەکانی عیراق و هەرێمی کوردستانەوە، وەڵامی پرسیارە پێویست و گرنگەکە: (سیستمی کارگێڕیی هەرێم چۆن بە ناناوەندیی بکرێت؟) بدەینەوە." هەروەک ئاماژەی بەوەش داوە، کەوا بۆ نوسین و ئامادەکردنی ئەم باسە، سەرەڕای سەرچاوە زانستییەکان بە زمانە جیاوازەکان، ئەزمونی ١٢ ساڵەی خۆیشی لە بواری کارگێڕییدا، لە فەرمانبەرێتیی و بەرپرسیارێتیی بەش و هۆبە و فەرمانگەوە، تا دەگاتە ئەندامێتیی لە ئەنجومەنی پارێزگا و بەریەککەوتنی راستەوخۆی لەگەڵ واقیعەکە و دەرهاویشتەکانی لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا، کۆمەکی باشیان کردووە، تاکو بابەتییانە و واقیعبینانەتر پرسەکە تاووتوێ بکات و سەرنجی خۆمی لەسەر بخاتەڕوو. (سیستمی کارگێڕیی هەرێم چۆن بە ناناوەندیی بکرێت؟) لە نوسین و ئامادەکردنی (محەمەد رەسوڵ موڕاد) چاپی یەکەمییەتی و بە تیراژی (١٠٠٠) دانە و لە چاپخانەی حەمدی لە سلێمانی چاپکراوە و ژمارەی سپاردنی (١٥٣١)ـی ساڵی ٢٠٢٠ـی وەزارەتی رۆشنبیریی دراوەتێ. نوسەر و ئامادەکاری کتێبەکە، لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە (فەیسبوک) راشیگەیاندوە، لەپێناو پابەندبون بە رێکارە تەندروستییەکان بۆ خۆپاراستن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا، لە ئێستادا هیچ رێوڕەسمێکی واژۆکردن و بڵاوکردنەوە بۆ کتێبەکە ناکەین. بەو هیوایەی لە ئایندەیەکی نزیکدا ئەو خەونەش بهێنینەدیی، لەوەش گرنگتر و پێویستتر خەونی بە ناناوەندییکردنی سیستمی کارگێریی هەرێمەکەمان. محەمەد رەسوڵ موڕاد • لەدایکبوی ١٩٦٩ – رانیە • دبلۆم لە (بەڕێوەبردنی پرۆژەکانی ئاو)- پەیمانگای تەکنەلۆژیی موسەییەب- (١٩٨٩ – ١٩٩٠) • بەکالۆریۆس لە (یاسا)- زانکۆی کۆیە- (٢٠٠٧ – ٢٠٠٨) • مینی ماستەر لە (کارگێڕیی کار)- زانکۆی (عین شمس) بە هاوکاریی (ئەکادیمیای جیۆری) - (٢٠١٦). • ئەزمونی کارگێڕی: ٢٠٠٣ - تاکو ئێستا: فەرمانبەر، لێپرسراوی بەش و هۆبە، بەڕێوەبەری فەرمانگە، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا (لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان). • سەرۆکی لیژنەی شارەوانی و خزمەتگوزارییەکان، جێگری سەرۆکی لیژنەی کاروباری یاسایی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی. • کتێبێکی چاپکراوی هەیە: (یۆگای تەمەندرێژی و گەنجبوونەوە). • چەند راپۆرتێکی پڕ زانیاری و سەرنجی وردی سەبارەت بە: (کێشەی کەمئاوی لە پارێزگای سلێمانی، زیادەڕەویی زەویوزار لە هەرێمی کوردستاندا، سەرچاوەکانی داهات لە هەرێمی کوردستان و پێویستیی پێداچوونەوە بە باج و رسومات، چۆنێتیی پەرەپێدانی کەرتی گەشتوگوزار لە دەڤەری راپەڕین و هەڵبژاردنەوەی ئەنجومەنی شارەوانییەکان. .. تاد) ئامادەکردوە. • چەندین بابەت و نوسینی دەربارەی: (سامانی ئاو، یاسای ئاو، کارگێڕیی، یاسای کارگێڕیی) لە سایت و رۆژنامەکاندا بڵاوکردۆتەوە. • چەند توێژینەوە و راپۆرت و نامیلکەیەکی تری ئامادەی چاپن. • ئەندامی هەریەک لەم سەندیکا و رێکخراوانەیە: کۆمکاری زیندانییانی سیاسیی کوردستان، سەندیکای تەکنیکارانی کوردستان، کۆمەڵەی کوردستانێکی سەوز، یەکێتیی مافپەروەرانی کوردستان.

نوسینی : ئاوات نامق ئاغا سلێمانی. حوزەیرانی 2020 رباب، درامایەکی عێراقییە ساڵی ٢٠١٣ کەناڵی العراقیة لەگەڵ کۆمپانیای خاوێ فیڵم بەرهەمیان ‌‌‌هێناوە، و هەر لە ڕەمەزانی ئەو ساڵەشدا هەمان کەناڵ پێشکەشی کرد. من ئەو کات بابەتێکم لەسەر نوسی، مەخابن دواتر نوسینەکەم ڕەشڕاهات و نەمزانی لە کوێ خۆی لێ شاردمەوە!   ئەمساڵ کەناڵی کوردسات دراماکەی بە کوردی دووبارە کردەوە، گەرچی من هەرگیز چیکڵدانەی تەماشاکردنی هیچ کارێکی دۆبلاجکراوم نەبووە، سەرەڕای بێزارکردنی ناوبڕ و بانگەشە هەرزانەکانی برنجی سەفرە و ئەوەکانی دی، لەبەر تراجیدیای ناخهەژێنی کوردانی فەیلی و دیسانەوە خۆشەویستی هاوڕێی ئازیز و لەکیسچووم کاکە ئاسۆ سوارە سەرلەنوێ بە تاسەوە ئەوەندەی بۆم لوابێ سەیرم کردەوە! لێرەوە جارێکی دی کۆمەڵێک وردە سەرنجم لە سەر کرۆکی دراماکە و ڕێنوێنیی هونەری art direction و چەند لایەنێکی گرنگی تر لەلا گەڵاڵە بوون، و حەز ئەکەم وەک نموونە زۆر بە کورتی باسیان بکەم.    بەڵام با پێشەکی ئەوەش بڵێم کە تا ڕادەیەکی بەرچاو دۆبلاجکردنەکە گونجاو بوو، بە تایبەت بەرجەستەکردنی دەنگی هەر یەک لە رباب و کواکب! مەخابن بەوەش نیگەران بووم کە هەموو ئەو گەعدە عەرەبیانەی کە صبری و عقید مٶید لەناو باخە تایبەتیەکەیاندا ئەیانگێرا، خرابوونە ژێر سانسۆرێکی بێ ماناوە، و تێیدا پێك نۆشین و خواردنەوە کهولیەکانی سەر مێزەکان لێڵ کرابوون، و سەماکانیش قرتێندرابوون، بە جۆرێک بینەری ئاسایی هەستی بە پچڕ پچڕی و بازدانی ناو دیمەنەکان و ناڕێک و پێکی قەبارەی دوور و نزیکی وێنەکان ئەکرد. بەو هۆیەوە ئازارێکی زۆر بەر دەرخستنی هەریەک لە کارەکتەرەکانی صبری و مٶید کەوتن!   لە کاتێکدا ئاهەنگ و شەوبەسەربردن لە گەڵ کاولی و بنات الریف لە کلتوری عەرەبی عێراقدا هیچ نەنگییەکی تێدا نییە، باشترین گەواهیدەری ئەم ڕاستییەش هەموو ئەو ڤیدیۆیانەن کە لە بەرپرسەکانی بەعس و پلەدارە باڵاکانی سوپاوە تا ئەگاتە صباح میرزای یاوەری یەکەمی صدام حسین، و علی حسن المجیدی ئامۆزا و وەزیری ناوخۆ- بەرگری و دیسانەوە کوڕەکانی خۆیەوە بەردەست ئەکەون.   کوردسات ئەبێ ئەوە بزانێ کە ئەم درامایە پێشتر کە کەناڵی العراقیة نیشانیدا ئەم بڕینانەی تێدا نەبوون! سەیرەکە لەوەدایە ئێمەی کورد بمانەوێ لە عەرەب کە قورئان بۆ ئەوان هاتووە، بە ئایینەکەوە پابەندتر بین. قسەکەی ڕەحمەتی مام جەلالم بیرکەوتەوە کە کورتەکەی ئەیووت 'عەرەبەکان ئەیانەوێ ئێمەی کورد لە فەلەستینیەکان فەلەستینی تر بین و مەرحەبای ئیسرائیل نەکەین، لە کاتێکا ئەوان خۆیان ڕێک کەوتوون و سەفارەتیان لای یەکتر کردۆتەوە!'   فەیلییەکان بەشێکی زۆر گرنگی گەلەکەمانن، ئەوان سەر بە هۆزی لوڕن کە لە دوو بەشی سەرەکی پێك هاتووە، فەیلی و مامە سەنی و زۆرینە موسوڵمانی شیعەن، و بە درێژایی مێژوو لە هەردوو دیوی شاخەکانی زاگرۆس واتە بە هەردوو ڕووکاری رۆژهەڵاتی عێراق و ڕۆژئاوای ئێڕاندا ژیاون، زۆر جار بەم هۆیەوە بە پشتکۆ و پێشکۆ جودا ئەکرێنەوە.   فەیلییەکان بە چەند دیالەکتێکی لوڕی قسە ئەکەن کە یان لە فارسی نزیک ئەبنەوە یاخود لە کوردی سۆرانی.  بەشەکەی ئێران لە شارەکانی کرماشان و عیلام و خوزستان ئەژین و لە ڕۆژئاواوە هەر لە خەسرەوی و قەسری شیرینەوە بە ناو شارەکانی کرماشان، سەرپێڵێ زەهاو، ئەندیمەشک، عیلام، مەهران....تا ئەگاتە مەلایەر درێژ ئەبنەوە، بە دیوی عێراقیشدا هەر لە هەڵەبجەوە بەرەو رۆژهەڵآتی دیالە تا ئەگاتە کوت و عمارەو بصرە هەن. دیارە ئێستاش ژمارەیەکی بەرچاویان لەسەر خاکی خۆیان لە شارەکانی هەرێمی کوردستاندا سەربەرزانە ئەژین.   بەشێکی زۆری ئەمانەی ئەمدیو کاتی خۆی، لە پێناوی خۆقوتارکردن لە خزمەتی سەربازی و زۆرە ملێی دەوڵەتی عوسمانی خۆیان بە تەبەعیەی فارس نوسیوە، بەشەکەی تریان لەگەڵ دامەزراندنی دەوڵەتدا ڕەگەزنامەی عێراقیان وەرگرتووە. گەرچی بەعس لە هەردوو جاری هاتنە سەر دەسەڵاتیدا دژایەتییەکی بەرچاوی کردوون و وەک باس ئەکەن لە پەلاماری یەکەمدا ١٩٦٩-١٩٧١ نزیکەی حەفتا هەزاری لێ ئاوارە کردوون.   فەیلییەکان بە تایبەت لە بەغدا کۆمەڵگایەکی گەورە بوون و دوای دەرپەڕاندنی جولەکە لە تەواوی عێراق هەموو بازاڕی شۆریجە و جەمیلە و زۆر کارو کاسبی گرنگی ناو پایتەختیان بە دەستەوە گرتبوو. حکومەتی بەعس زۆر لە توانای ئابووری و کۆمەڵایەتی و زیرەکییان ئەسڵەمیەوە، جگە لەوەی کە خۆشیان هەمیشە لە بەرەی میللەت و بەرەنگارییدا بوون و لە ڕیزەکانی پارتی، یەکێتی، حیزبی شیوعی، دەعوەدا خۆیان رێکخستووە.   پەلاماری دووەم دوای ئەو سیناریۆیە هات کە ئەپریلی ١٩٨٠ لە نزیک زانکۆی (المستنصریة) ی بەغدا بۆ کوشتنی طارق عزیزی وەزیری دەرەوەی عێراق رێکخرا، حکومەتی بەعس وتی گوایە ئەو کەسەی ئەم کارەی کردووە، تەبەعیەی ئێرانییە و سەمیر غوڵامی ناوە. بەو هۆیەوە بنەماڵەی ئەو گەنجە فەیلییە کۆکرانەوە و لە سێدارە دران، ئەوەی من بیرم بێ تەنانەت خەزوری سەمیر کە لە شاری بصرە حەماڵ بوو،  ئەویش لەوێ گیرا و کوژرا.   دوا بە دوای ئەم ڕووداوە ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕشی عێراق، (مجلس قیادة الثورة) بڕیاری ژمارە ٦٦٦ ساڵی ١٩٨٠ دەرکرد و تێیدا داوای لێسەندنەوەی ڕەگەزنامەی عێراقی تێكرای کوردە فەیلییەکانی کرد. بەم جۆرە دوای لێسەندنەوەی ڕەگەزنامەکانیان تیكرای ماڵ و موڵكی گوستراوە و نە گوازراوەیان هەموو داگیر کردن، و نزیکەی نیو ملیۆن هاوڵاتی کوردی فەیلی لە خاک و وڵاتی خۆیان لە سەر سنووری عێراق- ئێران بە پیادەیی وڵاتبەدەر کران و بەو هۆیەوە بەشێکی ژن و منداڵەکانیان لە ناو بیابان و چۆڵەوانیدا مردن.    ئەمە جگە لەوەی نزیکەی بیست هەزارێک لە گەنجەکانیان کە لە تەمەنی سەربازیدا بوون، لە زیندانەکانی ئەبو غرێب و نوگرە سەلمان، شوێنەکانی تر گلدرانەوە و قسەش هەیە کە دواتر بۆ تاقیکردنەوەکانی چەکی کیمیاوی و بایەلۆجی قەدەغەکراو یاخود وەک ڕەوە مرۆڤ بۆ تەقاندنەوەی مینەکانی سەرسنور و قەڵغانی مرۆیی کاتی شەڕی عێراق - ئێران بەکار هێنرابن، و بۆ هەتایە بزر و گۆڕونکران. بەدوای ئەمەشدا هەر ئەو ئەنجومەنە بەدناوە و ڕژێـمی بەعس نزیکەی ٣٠ بڕیاری تریان لە دژ دەرکردن، لە نێویاندا ئەو بڕیارەی حکومەتی عێراق بوو کە تێێدا بڕی ١٠ هەزار دیناری ئەو کاتە کە ئەیکردە ٣٠ هەزار دۆلاری بە دیاری ئەدا بەو کەسانەی کە لە هاوسەرە کوردە فەیلییەکانیان جودا ئەبنەوە تا ڕەوانەی ئێران بکرێنەوە... تاد.   کوردە فەیلییەکانی ئەمدیو لو دیویش بیست و سێ ساڵ زۆرتر چەرمەسەری و ئاوارەییان لە ئۆردوگاکانی ئێراندا چەشت، بەشێکی زۆریان لەوێش هەر بە عێراقی ئەژمار کران و بۆیان نەبوو نە دەست بدەنە هیچ کارێکی ڕەسمی و نە خوێندنیش تەواو بکەن!   بە بڕوای من حکومەتی عێراق وای لێکدایەوە کە بە ڕاگوێزان و تەفرو توناکردنی کوردە فەیلییەکان ئەتوانێ ئەو پردی پەیوەندییە تۆکمەیەی لە نێوان کورد و عەرەبی ستەمدیدەی شیعەدا هەیە تەواو هەڵتەکێنێ ، چونکە ئەمان بە ڕەچەڵەک کوردو بە مەزهەبیش زۆرینە شیعەن و لەوێشەوە ئەو بەرەی بەرەنگارییەی لە عێراقدا بەرامبەر ڕژێمەکەی هەبوو لاواز بکات!   ئێمەی کورد زۆر جار باسی ئەو ناهەقییە ئەکەین کە لە ١٩٤٨-١٩٥١ لە جولەکەکانی کوردستان وعێراق کران، بەڵام بەدڵنیایی ئەو ستەمەی لە کوردە فەیلییەکان کرا زۆر زۆرتر بوو، چونکە ئەمان بە هەردوو هۆکاری نەتەوەیی و مەزهەبی ئەچەوسانەوە، بە ژمارەی قوربانیانش مەگەر ئەنفال و قەڵاچۆکردنی بەرزانییەکان، و پەلاماردانی کوردانی یەزیدی شان بدەن لە شانی.   کەچی لەلایەکی ترەوە ئەمان براوە بوون چونکە دوای ڕووخانی بەعس پەرلەمانی عێراق بڕیارێکی تایبەتیان بۆ دەرکردن و  لەبەرەوە وردە وردە گەڕانەوە کوردستان و عێڕاق و کەوتنەوە دەستخستنەوەی رەگەزنامە و دۆکیومێنت و ماڵ و حاڵە زەوتکراوەکانیان ، گەرچی ئەمە زۆر جار توشی ڕۆتین و بیرۆکراسی بووە.    بەڵام زۆر گرنگە بزانین کە دوای ڕووخانی رژێمی بەعس، جێگری سەرۆکی دادگای تەمیزی عێراق، ئەو کەسەی کە دادگایی سەرانی رژێمی پێشووی کرد و ئیمزای لەسەر بڕیاری لە سێدارەدانی صدام حسین کرد و خۆیشی ئامادەی جێ بەجێکردنی بوو منیر حدادی خاوەن شەهید و ئەشکەنجە دراوی زیندانی و دەربەدەری کوردی فەیلی بوو.   هونەرمەند ئاسیا کمال کە ڕۆڵی رباب، ی پاڵەوانی ئەم درامایە ئەبینێ خۆی بە بنەڕەت لە کوردانی فەیلی خەڵکی مەندەلییە و باپیرەی ناوی سەردارە. هاوسەرەکەی باسل الشبیب، ی ئەکتەر و نوسەری دیارە، کە پێشتر چەندین سیناریۆی گرنگی بۆ تەلەفیزیۆنی عێراق نوسیوە، و  وا پێ ئەچێ هەم لەبەر خۆشەویستی ئاسیا و هەمیش بە هۆی ئەوەی لە نزیکەوە ئاگاداری ئەو ستەمە گەورەیە بووە کە لە کوردە فەیلییەکان کراوە، دەستی بە نوسینی چیرۆک و سیناریۆی ئەم درامایە کردبێ.   بیرۆکەی سەرەکی ئەم درامایە باسی لە گیانی بەرەنگاربوونەوە و خۆ بەدەستەوەنەدان ئەکات، کە بەشێکە لە خەسڵەتە گرنگەکانی کارەکتەری مرۆڤی کورد. چنینی سەرەکی و ئەنجا لاوەکییەکانی ڕووداوەکان ئەوەندە سەرنجڕاکێشن کە هەر زوو بینەرانی ئاوێتەی ئەبن، چونکە هەر یەک لە بیرەوەریاندا چەندین چیرۆکی هاوبابەت و لێکچوویان هەن و بیستووە و لە ناخیاندا گینگڵ ئەدەن.   رباب مۆڵەت نادات بینەرانی چاوانی لێ بتروکێنن. هیچ دیمەنێک و دایەلۆگێکی تێدانین گەر چیرۆکەکەی بەرەو پێش نەبەن! خاو و خلیچکی تێدا نییە، ڕێزی خۆ تەرخانکدنی بینەرانی ئەگرێ و ناهێڵێ هەست بکەن کە بە خۆڕایی کاتیان بەسەر ئەبەن، و لە بری ئەوە زانیاری مێژوویی ئەبەخشێتەوە، ڕۆشنبیریان ئەکات و هەمانکات چێژیشیان پێ ئەبەخشێ!   گۆرانی پێشەکی و پاشەکی دراماکە کە شیعری حازم جبار و ئاوازی علی بـدرە، لەگەڵ  ئەو گرافیکە سەرنجڕاکێش و مۆنتاجە پڕ مانایە، رۆڵێکی بەرچاوی هەیە بۆ ئاوێتە بوون بە چیرۆکەکە و ڕووداوەکانی ناوی و هونەرمەند محـمد عبدالجبار بە دەنگە  کەساسەکەی کە پڕە لە سۆز و لاواندنەوە بۆ حاڵی هەموو کوردانی فەیلی و هاوژینەکانیان بە قوڵی ئەیچڕێ و کورد وتەنی ڕۆحی ئەکا بە بەردا!(*)   گەرچی وا چاوەڕوان ئەکرا دراماکە دوای ئەو هەموو نەهامەتییە، ئیتر لە دوا ئەڵقەدا کاتی ئەوە هاتبێ بینەرانی دڵخۆش بکات و سڵاوێکی بداتەوە، کەچی لە بری ئەوە بینەرانی ئەتاسێنێ! رباب،ی پاڵەوانی چیرۆکەکە کە نموونەی ئافرەتی خۆڕاگری نیشتمان پەروەر و خێزان پەروەرە بەنی جگەری ئەپچڕێ! بەم جۆرە جگە لە عبداللەی کوڕی کە بە برینداری ڕزگاری ئەبێ و بینەران هەموو ڕووداوەکانی چیرۆکەکە لە دیدی ئەوەوە ئەبینن، هەریەک لە هومامی کوڕی و عبدالرحمنی هاوسەری، تێکڕای پێشمەرگەکان و هەڵاتووە عەرەبەکان پێكەوە شەهید ئەبن و جارێکی تر خوێنی نێر و مێی ڕۆڵەکانی هەردوو نەتەوەی کورد و عەرەب لەسەر خاکی پیرۆزی کوردستان بە ناڕەوا ئەڕژێن.   رباب پێمان ئەڵێ، مەرج نییە کە هەرچی لە ناو ڕژێمی پێشودا کاربەدەست بووبێ، دژی گەلەکەی بووبێ و سەنگەری میللەتی چۆڵ کردبێ! بەڕێوەبەری ئەمنی سلێمانی بەخۆی و ماڵ و منداڵیەوە پەنا بۆ کوردستان ئەهێنن و لە ڕێگە ئەکوژرێ.  هەمانکات مەرجیش نییە ئەوەی لە ناو پێشمەرگەدا بووبێ و چەکی کردە شانی لەبەرەی میللەتدا بێ، ئەوەتا رەئووف سیخوڕ دەرئەچێ و پلان بۆ کوشتنی هاوڕێکانی دائەنێ و عاقیبەت هەر بەدەستی پێشمەرگەش 'ئیعدامی شٶڕشگێرانە' ئەکرێ!    ئەم درامایە ئەوە ئەسەلمێنێ کە چیا سەرکەشەکانی کوردستان، هەمیشە حەشارگەی شۆڕشگێرانی هەموو عێراق بوون بە جیاوازی نەتەوەیی، مەزهەبی، ئایینی و بیرو باوەڕی سیاسییانەوە. هەرگیز کورد دوژمنی عەرەب نییە، و دیسانەوە ئەوە ئاشکرا ئەکات کە هەموو کات سلێمانی مەڵبەندی کوردایەتی و لانکی شۆڕش، و خۆراگری و بەرخودانە!   پەیامێکی تری رباب بریتییە لەوەی کە گەلانی عێراق بە کورد و عەرەبەوە، بە شیعە و سونەوە یەک خانەوادە بوون و حکومەتی بەعس لە ئازاردان و سەرکوتکردنی هیچ لایەک دەستی نەئەپاراست. بەعس ئەوەندە دڕندە و ستەمکار بوون تەنانەت لە تێکدانی پەیوەندی خێزانیش نەدەپرینگانەوە!  صبری چەندین جار هەڕەشەی بەگرتدانی مجیدی ئامۆزا و کوشتنی کوڕەکەی خۆی ئەکا ، کە ئەفسەری سوپای عێراقە و وەکو تر زاوای ربابە.   رباب ڕەنگدانەوەی کلتوری ئیسلام و عەرەبی بیابانی لە خاوەندارێتی کچە ئامۆزا و پیلانگێڕی و داگیرکاری ژن و منداڵی یەکتریدا بەرجەستە ئەکات. خودی کارەکتەری رباب هەروەک سەبایە کوردە یەزیدییەکانی، ژێردەستی داعش وایە و ئەکەوێتە بەردەستی صبری بەعسی کوڕە مامی خۆی نەک والی یان خەلیفەیەکی داعشی بێگانە!   گەرچی هەندێک جار هەست ئەکەم کە نەتوانراوە توێژینەوەی تەواو بۆ ڕووداوەکانی ئەو سەردەمە بکرێ. بە نموونە لە ١٩٨٠ کاندا حکومەتی بەعس هەرگیز ئەوەندە ئازا نەبوو بدات بەسەر دێیەکی پڕ لە پێشمەرگەدا و هەموویان بکوژێ. هەرگیز ئەمن نەدەکاری بە دوو سێ ئوتۆمبێلی هیلاک و بە دە پانزە ئەندام و بڵند گۆیەکەوە بچێتە ناو دێیەکەوە و بە مۆڵی لە پیکابەکەیان دا نەبەزن لە کاتێکدا ئەو ژمارە پێشمەرگەیەی تێدا بن و خۆیان خاوەن ماڵ بن، ئەنجام پێشمەرگەکانیش هەموو بکوژرێن!   پەلاماری گوندێکی وڵات هەرگیز کاری ئەمن نەبووە. ڕێنوێنی دراماکە وایلێکداوەتەوە کە ئەمە دێیەکی ناوچەی محمودییەی بەغدا بێ، یاخود دوجەیەل و راشدیە، و نازانێ کە ئەمە کوردستانە و کورد گەر خۆیشی ئازا نەبێ، ئەوا شاخەکان دۆستین و بە کڵاو ناگیرێن! چ جای ئەوەی ئەو دێیە لە قوڵاییشدا بووبێ، نەک قەراغ شار!   کۆتایی ساڵانی١٩٧٠ کان کەسێک لە تاخی مجید بەگی شار لە دەمەوە درا و، لە دوا نیوەڕۆ وە هێزەکانی ئەمن چوونە ئەو گەڕەکە و لە هەر چوار لاوە ئابڵوقەیان دا. ئەم گەرچی هەر خۆی بوو، بەڵام توانی لە ژێر تەقەدا خێزانەکەی دەربکا. ئەمن و قوات خاصەکان بە بڵندگۆ بانگەوازیان بۆ ئەکرد و پەیمانیان ئەدایە کە گەر خۆی ڕادەست بکات سەلامەت ئەبێ، کەچی ئەو هەر کۆڵی نەدا و تا ئێوارە بەرگری کرد، و لێی ئەکوشتن و بریندار ئەکردن، تا دواتر بە ئارپی جی ماڵەکەیان بەسەردا ڕووخاند و شەهیدیان کرد.    خەڵکی سلێمانی چاک بیریانە هاوینی ساڵی ١٩٧٩کە ملازم محسن پەلاماری شەهید غەریب و هاوڕێکانی لە خانوەکانی ئیدارە محەلی گەڕەکی سەرشەقام و حاجیاوای خوارووی شار دا، بە چ دەردێک چوو!  کە عەباس چاوشین و ئاسۆی دەلاک چۆن بە ڕۆژی نیوەڕۆ کونە مشکیان لێ کردبووە قەیسەری؟!   بۆیە ئەمن ئەوەندە نەفام نەبوون و خۆیان لێ زیاد نەبووە، کە ئاوا بە تۆپزی بەو ئۆتۆمبێلە خەڕەکە شکاوانەوە پەلاماری پێشمەرگە بدەن!   ئەو ئیشە کاری سوپا بوو، دیارە ئەویش بەبێ پاڵپشتی هەلیکۆپتەر، پیلاتۆز،  تانک ، زرێپۆش و جاش هەرگیز زاتی ئەو سەرکێشییەی نەکردووە.   ئەمە جگە لەوەی کە لە هەموو مێژووی سلێمانیدا هیچ بەڕێوەبەرێکی ئەمنی عەرەب ئەوەندە ویژدان زیندوو و لە خۆبردوو نەبووە کە چەکی شەرەف بکاتە شانی، بەڵكو بە پێچەوانەوە هەموو لە کورد کوشتندا داهێنانیان کردووە و نموونەشیان زۆرە.   ڕاستە ئەم چیرۆکە بەشێکی زۆری هەڵبەستنە و هەرگیز دۆکیومێنتەری نییە، هەمانکات ئیشی ئەویش نییە کە هەموو ڕووداوەکان وەک خۆی دەقاق و دەق بگێڕێتەوە، و بۆ چوونەکە ڕێژەییە. دەنا خەڵکی کەمفرسەتی دانیشتووی سلێمانیش هەبوون کە ئەو زەمان خۆیان گەیاندۆتە بەغدا ماڵ و موڵکی فەیلییەکانیان بە تاڵان لە حکومەت کڕیوەتەوە، لە هەندێ حاڵەتیشدا لە دەمیانەوە داون و بەو هۆیەوە ئەم دەوڵەمەند کراوە و ئەوانیش سەریان پەڕێنرا!   لە هەڵبژاردنی ئەکتەرەکاندا وەستاییەکی باش کراوە، ئەکتەری ناسراو و بە توانای عێراق و عەرەبی تێدان، کە جگە لە ئاسیا کمال، هناء محمـد، اقبال نعیم، عزیزخیون، غانم حمید، سعد مجید، سعد محسن، مقداد عبدالرضا، شیماء جعفر.... و دەیانی تر.  جگە لەوەی کە بەرهەمەکە بە چەندین ئەکتەری بە توانای کوردی وەک ئاسۆ عمر سوارە، نەهرۆ صالح دەلۆیی، کامەران رٶوف، کاوە قادر، ئاشتی عثمان دانش، جزا محمـد سعید، ، جبار محمـد، هۆزان هەڵگورد، یاسین بەرزنجی.. تاد، موتوربە کراوە.   ڕەنگە کەس لە غانم حمید گونجاوتر نەبێ تا (صبری) بێت،  یان سعد مجید بۆ ڕۆڵی (عقید مٶید) ، و هناء محـمد وەک (کواکب)، و .. تاد. بەڵام بە داخەوە ئەڵێم کە لە هەڵبژاردنی بەشێک لە ئەکتەرە کوردەکاندا سەرکەتوو نین، و لەوە ئەچێ بە ناسیاوی و دەستیاوی کرابێ! بە نموونە هەردوو کارەکتەری سیروان، دڵشاد بۆ ئەوە ناگونجێن باوک و کوڕ بن، چونکە هەردووکیان یەک تەمەنن و لە باتی ئەوە زۆر گونجاوترە برا بن! ئەمە سەرەڕای سەرنجی زۆر لەسەر ناوی کارەکتەری سیروان!   کارەکتەری پێشمەرگەکان پێویستە بیچم و قەڵافەتیان لە پێشمەرگە بچن، نەک بەو شێوەیەی کە بەشێکیان ئەبینرێن! لە ناو هەموو پێشمەرگەدا لەبەر کەم خۆری و هەمیشە جوڵە جوڵ و جەولە کردن ڕەنگە تێیاندا نەبووبێ وەک چەندانێک ئەوەندە ناو قەد ئەستوور بووبێ!    هەرچی کارەکتەرەی صبری و عقید مٶیدیشە ئەوە بەهەمان شێوە زۆر تەنگە ئەستوور بوون، و لەگەڵ پێگە و بەرپرسیارێتیاندا نەئەگونجا! ئەوەی کە من بیرمە صدام هەر لەو ساڵانەدا جۆرە ڕێنماییەکەی بۆ گشت بەرپرسە باڵاکانی بەعس و دەوڵەت دەرکرد کە کێشیان داگرن، لە یادمە یەکێک لەوانەی کە بە ماوەیەکی زۆر پێوانەیی کێشی خۆی دابەزاند طە یاسین رمضان بوو!   ڕێنوێنیی هونەری، کە مەبەستم لە دیکۆر، پۆشاک، مەکیاج، تفاق، جێگەکان.. تاد زۆر جار کورت ئەهێنێ. جێگەکانی بەغدا مایەی باوەڕپێکردن نین کە ئەوانە نوسینەگەی ئەو بەرپرسە باڵایانەی حزبی بەعس و دەزگا داپلۆسێنەرەکانی بن. ئەوان نوسینگەکانیان گەورە و فراوانتر بوون لەوەی لە رباب دا دەرئەکەون، ئەوەی کە بەغدای جارانی بینیبێ ئەزانێ کە کەس نەیوێراوە بە بەردەمی ئەو ناوچەیەی ئەمنی عامەدا تێپەڕێ و سەیری بەردەرگا و پاسەوانەکانیان بکات!     جگە لەوە بەڕێوەبەرایەتی ئەمنی سلێمانی کە ئەوکاتی ئەم چیرۆکە باسی لێوە ئەکات، زۆر لەوە تۆکمەتر بوو کە لەم درامایەدا دەرئەکەوێ و زۆرترین پارەیان بۆ ئەمنە سورەکە سەرف کرد، و باشترین نەخشە و بەڵێندەریان بۆ هەڵبژارد!   ئەو زەمان ملازم محسن ببڕ و بکوژی شار بوو، و زۆر جار بە ئوتۆمبێلە جێ ئێڵە خاکییەکەی بە ناو شاردا ئەهات و ئەچوو، دەیان لاندکروزەر و پیکابی شۆفرۆلێتی قەبە و خاکی و سەوزباویان هەبوون کە سەربازەکانیان بە مدیو و ئەودیودا بە تفەنگەکانیانەوە تێێدا دائەنیشتن!   کەچی ئۆتۆمبێلەکانی ناو دراماکە، بە نموونە لە سلێمانی بریتین لە پیکابێک، لاندرۆڤەرێکی سور و لاندکروزەرێکی هیلاک کە لەو باوەڕەدام مۆدێلی ١٩٨٧ بەرەو ژوور بێ، لە کاتێکدا رباب باسی سەرەتای ١٩٨٠کان ئەکات، زۆر لەوە کەمترن کە لە بەردەستی دەزگا حیزبی و تۆقێنەرەکانی حکومەتدا هەبوون، تەنانەت زۆر لەوە پەڕپوتتریشن کە بە مفەوەزێکی ئەمنی عامە یاخود سلێمانیش بووبن!   جگە لەوەی کە بەشیکی تفاق و کەرەسەکانی دراماکە هی ئەو زەمان نەبوون و نوێترن. دیسانەوە ئەو جێگەیەی کە عبدالرحمن و کوڕەکانی پێیدا تێپەڕین چیایی و پڕسەوزایی بوون، و بە ئاشکرا ناو سنەوبەرەکانی شاخی گۆیژە یان مامەیارە بوون لە کاتیکدا فەیلییەکان لە ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە دەربەدەر کران، کە ئەو ناوچانە زۆرینە گردۆڵکەی ڕووتەن و بیابانی لماوین، بۆیە ئەکرا تۆزێک بەملاترەوە لە دۆڵەڕووت، ئەم جێگایانە زۆر ئاسان فەراهەم بکرێن.   گوندی هەنارەی خواروو یەکێک بوو لە جێگەکانی وێنەگرتنی ئەم درامایە کەچی لە هەندێ جێگەدا ژمارەی شەقام و کۆڵان و گەڕەک لەلا تەنیشتی دیواری ماڵەکان بە بۆیاخیكی سەوزی شێخانی ئەمڕۆ دەرئەکەوتن، کە ئەو کات نەبوون.   لە بەغدایش هەمان کێشەی کەمی لێ وردبوونەوە لە وردەکاری و بەردەوامییدا هەن. لە دیمەنێکدا ئەبینرێ کاتێک صبری دوور لە مێزو کورسی نوسینگە حیزبییەکەی لەولاترەوە قسە ئەکا، دەسکی تەلەفۆنەکەی لەسەر لاشەکەی لادراوە! ئەمە گەر بە مەبەست نەبێ دیارە بەو مانایە دێ کە ئەتوانرێ گوێ لە قسەکانی بگیرێ و ئەبوو ڕینوێن Directorو ڕێنوێنی فۆتۆگرافی Director of Photographyو هونەرمەندی بەردەوامی Continuity artist وردبینتر بن.   سەبارەت بە جلوبەرگی کارەکتەرەکان ئەهێنێ زۆری لەسەر باس بکرێ، بە نموونە چۆن مٶید لە سەرەتای دراماکەوە تا کۆتایی کە باسی هەر نەبێ چەند مانگێک ئەکا یەک جۆر قاتی سەفاری لەبەردا ئەبێ، کراسە وەنەوشەییەکەی ئەمنێک هەر هەمان کراس ئەبێ، و ناژاکێ؟   هەرچی پەیوەستە بە جلکی کارەکتەرە کوردەکانی دراماکەوە، ئەوا ڕەنگە من زۆر گلەیم لە ایاد عابدی پۆشاکسازی دراماکە نەبێ کە کورد نییە، گەرچی ئەویش ئەبوو پێشتر توێژینەوەی قوڵی لەم کایە گرنگەدا بکردایە، بەڵام پێویست بوو کۆمپانیای خاوێ فیلم لەم لایەنەوە چاوساغییان بکات و ئەکتەرە کوردەکانیش هەریەک لەلای خۆیانەوە ئەوە ڕەچاو بکەن و بەو جۆرە لە دراماکە کەم نەکەنەوە.   بەرگی عبدالرحمن و کوڕەکانی سەیر بوون و لە پێوانەی خۆیان گەورەتر بوون، جامانەکانیان خراپ بەسترابوون. پێشمەرگە و گوندنشینانیش هەموو جلکی خاکی و کاڵ لەبەر ئەکەن تاکو تێر و تاریک. کەچی بەشێکی گوندیی و پێشمەرگەکانی ئەم درامایە، جلکی تۆخ و شارییانەیان لەبەردابوون کە بۆ جەژن و شەکراو خواردنەوە ئەشیان!   پۆشاکی کوردەکان بە تایبەت کارەکتەری هوشیار لە جلکی کەسێکی ژیاوی ناو دەشت و دەر ناچێ! کراسەکانیان هەموو نفت و نوێ و دەق نەشکاو بوون! شەرواڵ و ستارخانییەکەی هوشیار خۆڵاوی نابێ، ملیانی کراسەکەی بە ڕێگەیەکی پیادەی ناو شاخ و داخی چەند ڕۆژەی نێوان دوو وڵات و مانەوە لە ئێران، چڵک سواغی نادا.. تاد؟   دیسانەوە مەکیاجیش هەندێ جار گرنگی پێ نەدرابوو و لەوە ئەچوو هەرکەس بۆخۆی ئیشی کردبێ، بە نموونە نینۆکی رباب لەوپەڕی کاتەکانی نەهامەتی و ئاوێرکردنی لە مێرد و کوڕەکانی بۆیەی تەواو و بریقەداری سەردەمی بوون. ئەمانە هەمووی بەرپرسیاریەتی علی ابو سیف، ی ڕینوێنی دراماکەن بە پلەی یەکەم، حسان رعدی ڕێنوێنی جێبەجێکار و ڕێنوێنی هونەری و مەکیاجکاری کارەکە... تاد، بەڵام ئەشبوو لایەنی بەرهەمهێنەر کە بە پلەی یەکەم کەناڵی العراقیة ئەگرێتەوە، تۆزێک دەستکراوە بن و لەبەر تێچوون کۆمەڵێک وردەکاری زۆر گرنگ ئافەرۆز نەکەن.    ئەمە یەکێکە لە هۆکارە سەرەکیەکانی دەرکەوتنی ئەم جۆرە هەڵە زەقانە و جگە لەوەش هەست ئەکرێ کە ئیشەکانی کوردستانیان بە پەلە پروزێ کراون، توێژینەوەی قوڵیان بۆ نەکرابێ، و ویستراوە بە ماوەیەکی زۆر کەم وێنە گرتنی ئەو هەموو دیمەنە گرنگ و سەرنجراکێشەی ئیشکەیان ڕاپەڕێنن.   لام وایە ئەمێستا دەرهەق زەمانە ئەوەندە بەس بێ، ئەگینا دیارە رباب زۆرتر لەوە ئەهێنێ کە لێرەدا بتوانم لەسەر هەموو لایەنێكی بنوسم! بەڵام سەرەڕای هەموو ئەمانەش رباب بە هۆی گونجاوی و جوانی بیرۆکەی خۆبەدەستەوەنەدان، کە هەموو لەگەڵیدا هاوسۆز و تەباین و ئەو چنینە نایاب و جاڕسنەکەرەیەوە، دیسانەوە بیرخستنەوەی ئەو هەموو ئازارەی کە زۆرینەمان دوور و نزیک پێیاندا تێپەڕیووین و ئەزمونمان کردووە، وێڕای نواندنی بەرچاوی ئەو هەموو کەڵە هونەرمەندە کورد و عەرەبە، زۆرینەی زۆری دراما کوردییەکانی دوای ڕاپەڕینی تێپەڕاند و بینەرانی بۆ خۆی بڕدا! _______________________ (*)  بە کەمێک دەستکارییەوە شیعرەکە ئەڵێ؛ محمـد: بۆ لە چارەمان نوسراوە، پەستی، فرمێسک، ئاخی تەمەنێک کە ئەژین، کۆرس: ژیان رۆژ لە دوای ڕۆژ سەختترە و هەمووی بە دڵەراوکێ ئەبەینە سەر، ئێمە فرۆشراوین هەموو دنیاش هاواریانە بە چەند؟ محمـد: هەرچەند خەون بەوە ئەبینین کە سبەینێمان باشتر بێ کەچی سبەینێ هەمووی ئەبێ بە زام، ئیتر ئەگەڕێینەوە بە گریان و ئەگەڕیینەوە بۆ خەمخواردن هەموو تەمەنمان، بە ئازاردانی گیانمان تەواو ئەکەین.  لە دنیاماندا خۆشیمان نەدی، شەومان بینی بەڵام بەیانیەکەی ون بوو، جا  کە زامەکانی بە هێندەی دنیاو گەورەتریش بن، چۆن بژین؟ کۆرس: هەمان دێڕەکانی پێشوو محــمد: بڕوانە دنیا چی لێ کردین، دووری خستینەوە، نازانم ئێمە چیمان کرد و بۆچی ئەو هەموو خەڵکە باشەیان هەڵفراند؟ خەڵکیمان خۆش ئەویست و بەوەفا بووین، بیرمان نایە جارێکیش ئاسودە بووبین، لەو مەراقەشدا کە تێماندایە، دە لێگەڕێن ئەمانەوێ بژین.. کۆرس: هەمان دێڕەکانی پێشوو   سەرنج: بۆ نوسینی ئەم بابەتە بێجگە لە بیرەوەری و زانیارییەکانی خۆم لەسەر بنەچەی کوردە فەیلییەکان و بەشێکی ڕووداوە مێژووییەکان چەند سەرچاوەیەکیشم بەسەرکردۆتەوە، لەوانە: ١. کوردستانی، محمەد مەردۆخی، 'مێژووی کورد و کوردستان'،  وەرگێرانی عەبدول کەریم محەمەد سەعید. پێداچونەوەی، ئومێد ئاشنا، چاپخانەی اسعد. بەغداد. ١٩٩١ 2. Faili Kurds, minority rights group international,  https://minorityrights.org/minorities/faili-kurds/1/6/[email protected] 3. Feylis, https://en.wikipedia.org/wiki/Feylis. 1/6/2020 @ 10.00am 4. https://www.youtube.com/watch?v=5BvseGCOZBk 31/5/2020    

نوسینی: هیوا موسا لەکتێبی جەستەیەکی لاواز بەخاچەوە. فۆکۆ لە کتێبی دسپلین وسزادا مێژوی قۆناغە جۆراوجۆرەکانی سیستمی سزاو لەدایک بونی زیندان و ئەو بەرەوپێشچونانەمان بۆ دەخاتە ڕوو کەبەسەر سیستمی سزادا هاتوە، هەر لە چاودێری تەواوی بەندکراوانەوە بۆ لەسێدارەدانیان. فۆکۆ ئەو ڕێگاو شێوازانەمان بۆ بەیان دەکات کە چۆن تێیدا سیستمی سزادان لە ئازاری توند لەسەر جەستەوە گواستراوەتەوە بۆ ئازاری ڕۆحی. بەندینخانە بەلای فۆکۆوە سیستمێکی داخراو کۆنتڕۆڵکراوە، ئەو جێگەیە کە تاکەکان دەخرێنە ژێر چاودێری توندەوە، ئیدی دەسەڵات لەوێ وە خۆی پەخشدەکات. سیستمی سزا لەپێش سەدەی هەژدە ڕاستەخۆ لەسەر جەستەبوە وەک لێدان وهەڵواسین و ئازاردان و تەنانەت لەسێدارەدانیش، ئەمانە هەموو بۆ ئەوەبو هەتا ببێت بەوانەیەک بۆ ئەوانی تر کە کاری لەم شێوەیە نەکەن، بەڵام لەسەدەی هەژدەبەدواوە ڕیفۆرمیستە فەڕەنسەیەکان پرسەکانی خۆیان لەسەر سیستمی سزا چرکردەوە بەجۆرێک داوای کەمکردنەوەی سزایان دەکرد بۆ تاوانباران، ڕیفۆرمیستەکان پیان وابو کە ئامانج لە سیستمی سزا نابێت تۆڵەکردنەوەبێت بەڵکو دەبێت هەوڵێک بێت بۆ ڕێگری کردن لە ئەنجامدانی تاوان لەداهاتودا. ئەوەی بۆ من گرنگ بو لەم خوێندنەوەدا، ئەوەیە کە قسەلەسەر ڕەفتاری بەعس و سیستمی سزاکەی بکەین لەزینداندا، کە لەم کتێبەی هاوڕێ حەکیمدا هاتوە، کەچۆن زیندانی بەعس بەدیوێکدا جێگەیەک بوە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی کۆمەڵگا، لەهەمان کات جێگەیکیش بوە بۆ تۆڵە کردنەوە. لەئەشکەنجەکانی کەسی زیندانیکراودا ئەوە دەبینیت کە تۆڵەکردندەوە زاڵە بەسەر سزای زیندانیاندا، ئەوان لێت نادەن تەنها لەبەر ئەوەی دان بنێیت بەوشتانەی کەلەسەر تۆ وتراون، وەک ئەوەی نوسەر پێی وایە، بەڵکو بەشێکی شاراوەی پشی ئەم لێدان و ئەشکەنجەدانە ئەو تۆڵە کردنەوەیە، کەلای بەعس و دەوڵەتەکەی هەیە، ئەوان لەقامچی و هەڵواسین و فەلاقەکردنی دکتۆر حەکیمدا دەیانەوێت بەکەسی بەندکراو بڵێن، کە چۆن لەژێر دەستی ئێمەداو بەدزی دەوڵەتەوە هەستاوی بەئەنجامدانی کاری دژ بە ئێمە. کلتوری هەڵواسین ولێدان وئەشکەنجەو لەسێدارەدان ،کەلتوری سزای پێش دروستوبونی دەوڵەتی مۆدێرنە، چون دەوڵەتی مۆدێرن بۆ کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵگا ڕێگەی ئاسانتری لەبەردەستدایە، بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ زیندانیاندا ڕێگەو فۆرمی تر دەگرێتەبەر زیاتر سزایەکی ڕۆحی یە وەک ئەوەی جەستەی بێت. ئەو تەنانەت نەخۆشخانەکان و قوتابخانەکان ناوەندی ئامارو چەندان ناوەندی تریش وەک ناوەندی کۆنتڕۆڵ دەبینێت بەسەر کۆمەڵگاو تاکەوە وەک ئەوەی فۆکۆ پێمان دەڵێ. بەڵام سزای زیندانەکان لەعێراقدا هێشتا لەو قۆناغەدایە کە ناو دەبرێت بەزیندانەکانی پێش سەدەی هەژدە، هێشتا لێدان و ئەشکەنجەو لەسێدارەدان زمانی ئاخاوتن وەسیلەیەی گفتوگۆیە لەگەڵ زیندانداو تەنها وەسیلەیە بۆ کۆنتڕۆڵی کۆمەڵگا. بۆمن کلتوری تۆڵەکردنەوە لەزیندانەکانی بەعسدا بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆئەو پێکهاتە خێڵگەرێتیەی کە بەعس تێیدا لەدایک بوەو وەبەردەوامیشی بەخۆی داوە تێیدا، بۆنمونە لەزمانی یەکێک لەشاهید حاڵەکانی زیندانەوە گوێبیستی ئەوە دەبین و وەک کامێرەمانێک بەجوانی ڤیدیۆی ئەو تۆڵەکردنەوەی بەعسمان بۆدەکات لە سەر دکتۆر حەکیم و دەڵێ( دوای ئەوەی (حەکیم)یان لەژێر فەلاقەو هەڵواسین وکارەبا دەرهێنا هێنایان بە عەمودێکەوە( سی و شەش) کاتژمێر دەستەکانیان بەستەوە بەشێوازی هەڵواسین، بەجۆرێک پێی یەکانی لەعەرز پچڕابون، هەر جەلادیکیش بەو جێگادا تێدەپەڕی بۆ سەرئاو ، جگەرەکەی دەستی بەجەستەی دکتۆر حەکیمەوە دەکوژاندەوە. کاتێک هاوردیانە ژوورەکەی ئێمەوە وتی هیچی کە ماوە بەرامبەرم بیکەن). خودی دکتۆر حەکیم خۆی دەڵێت، هەمو ئەشکەنجە قورسەکانی من بۆ ئەوەبو کە ئیعتراف بکەم ، بە ئیعترافکردنیشم لەسێدارەدان بو، پرسیارەکە ئەوەیە بۆ دەبێت دوای ئیعترافیش بتکوژن، ئەگەر کلتوری تۆڵە لەهەناوی ئەم سیستمەدا نی یەو وەک وزەی ئاڕاستەکەری ئەم سیستمە نی یە؟ کلتوری تۆڵەکردنەوە سەربەندونیا نەریتە هاوتەریبە بەخێڵەوە، یەکێک لەجیاوزیەکانی کۆمەڵگای خێڵەکی لەگەڵ کۆمەڵگای مۆدێرندا برتی یە لەکلتوری تۆڵەکردنەوە،لەخێڵدا تاوانبار نادرێت بە دادگا چون شتێک بەناوی دادگای مەدەنی لەناو خێڵدانی یە، دادگای خێل واتە تۆڵەکردنەوە یان لێ خۆش بون. بەڵام کاتێ کۆمەڵگای مەدەنی دروست دەبێت و دەوڵەتی مۆدێرن پەیدا دەبێت ، ئیدی دەوڵەت بەو ئەرکە هەڵدەسێت لەڕێگەی دادگای مەدەنیەوە، دادگا دوای لێکۆڵینەوەی مەدەنی بڕیاری خۆی دەدات، نەک تاوانبار بدرێت بە خێڵ هەتا تۆڵەی لێ بکرێتەوە. یەکێک لەماتەوزەکانی خێڵ بریتی یە لە کلتوری تۆڵەکردنەوە، بەجۆرێک خێڵ بۆئەوەی خۆی بپارێزێت لەمەترسیەکان هەمیشە چەکی تۆڵەکردنەوەی بەدەستەوەیە لەنەیارەکانی، ئێمەش لەزمانی کەسی زیندانی کراو ئەشکەنجەدراوەلەم کتێبەدا ئەو لایەنەی بەعسمان بۆ ئاشکرا دەبێت کەچۆن ویستویتی لەڕێگەی ئەشکەنجە قورسەکانی لەسەر دکتۆر حەکیم تۆڵەبکاتەوە لەکەسی ناوبرا.واتە دەوڵەتی عێراق لەڕێگەی ئەشکەنجەکانی لەسەر دکتۆر حەکیم ئەوەمان پێ دەڵێت کەسیستمی سزا لەم دەوڵەتەدا سیستمێکی خێڵەکی بوەولەسەر تۆڵەکردنەوە وەستابو.