سیروان ره‌حیم قاوەخانەی ئەدەبیاتی گۆلدموند لەقاوەخانەی گۆلدموند دانیشتووم، قاوەخانەیەک لەقاوە، لەچای و لەکێک زۆرتر، گەلێ زۆرت کتێبی لێیە. کتێب کەشێکی دڵگیرو نایابی بەم شوێنە بەخشیوە. قاوەخانەکە شوێنێکە بەردەوام سیمیناری ئەدەبی و هونەری تێدا رێکدەخرێت. ئەوانەی روو لەگۆلدموند دەکەن و لەوێ دادەنیشن مرۆڤگەلێکن وابەستەی کتێب و جوانی. ئەوەی دێتە ئەو قاوەخانەیە هەواداری رووبەری رووناک و دڵنیایە بۆ مرۆڤەکان. کتێبەکانی ئەم قاوەخانەیە زۆربەیان یان نزیکەی هەموویان زوان ئەڵمانین. لەتەنیشتی مێزەکەی منەوە کتێبێک سەرنجم دەبات. لەنێو کتێبی تردایە، بەڵام نیگام بۆ خۆی رادەکێشێت. رۆمانی نووسەری ئەڵەمانی ئێریش کێستنەر (١٨٩٩-١٩٧٤). وەکو زۆر بەرهەمی دیکەی، کێستنەر ئەم رۆمانەی بۆ منداڵان نووسیوە. رۆمانەکە ناوی «داس دۆپلتە لۆتچەن = دوانەی لۆتچەن»ە و چەقی گێڕانەوەی خستۆتە سەر بابەتی لێکدابڕان. ئێمەی دابڕاو لەچاوی نیشتمان ئەم چیرۆک و بەسەرهاتانە زووتر راماندەگرن و لەکن خۆ گلمان دەدەنەوە. بەکورتی کێستنەر لەڕۆمانەکەیدا باس لەبەسەرهاتی لێکدابڕانی دوو کەنیشکی نۆ ساڵە دەکات. لویزە خەڵکی ڤییەنای پایتەختی ئۆتریشەو لۆتە خەڵکی شاری موینشنی ئەڵمانیایە. ئەم دوو کەنیشکە لەسەیرانگەیەک لەچیاکانی ئالپ یەکدەگرن. لەوێ دەردەکەوێت کە ئەو دوو کەنیشکە دووانەن و بەهۆکاری جیابوونەوەی دایک و بابەوە لێکدابڕاون. باوکی لویزە رابەری ئۆرکسترایە لەڤییەنا. دایکی لۆتە لەشاری موینشن لەبواری هونەری دیزاینی وێنەو وێنەسازیدا کاردەکات. لەکۆتایی گەشتەکەیاندا کەدەبێت بەرەو ماڵ بچنەوە، لویزە لەبری لۆتە لەگەڵ دایکی بەرەو موینشن دەچێت و لۆتەیش لەگەڵ باوکی بەرەو ڤییەنا بەڕێدەکەوێت. بەسەرهاتەکانی پاش ئەو رۆڵگۆڕینەوەیەی کەنیشکە دووانەکە، ئاشکرابوونی هەندێ شت بەتایبەتی نەخۆشیی یەکێکیان، گەشتی لویزەو دایکی بۆ ڤییەنا و ئاهەنگی یادی لەدایکبوونیان،  پێکەوە دەبن بەهۆکاری یەکگرتنەوەی ئەو دایک و باوکە. منداڵانی ئێرە بەم چیرۆک و بەو کاراکتەرانەی نێو چیرۆک و رۆمانەکان گەورە دەبن. ئەو بەسەرهات و رووداوانە لەیادەوەری منداڵانی ئێرەدا نەخشێکی گەورەیان هەیە، ئەو کتێبانە خۆشحاڵی و شادمانی کەموێنەیان پێدەخشن. ئێمە  لەم بوارەدا یان نەداراین یاخود یەکجار دەگمەن شتمان هەن. نازانم بۆچ، بەڵام خەیاڵ و رامانێک کەئەو کتێبە سەرچاوەیەتی بەرەو لای وێنەیەکی فایەق بێکەس دەمباتەوە. وێنەیەکی بێکەس لەچەقی چەمچەماڵدا، کە بۆ منی منداڵ رۆژگارێک سەرچاوەی شادی و خۆشەویستی بوو. وێنە پڕ ئەفسوونەکەی بێکەس شتێکی بێ روح و گیان دەفڕێ و دەچێتە ئاسمان ناویان ناوە تەیارە زۆر مەحکەم و بەکارە لەشەڕا موسیبەتە لەئاشتیا نیعمەتە هتد بێکەس (١٩٠٥-١٩٤٨)   لەڕۆژگاری وتووێژی نێوان حکومەتی بەغداو بزاڤی کورددا (١٩٧٠-١٩٧٤) لەگۆڕەپانێکی شاری چەمچەماڵ، فولکەیەک لەگەڕەکی بێکەس، کەگەڕەکەکە هەڵگری ناوی بێکەس خۆی بوو. ئێستا نا، لەو رۆژگارەدا فولکەکە دەکەوتە چەقی شارەکەوە، وێنەیەکی فایەق بێکەس، وێنەیەکی گەورەو پڕ شکۆ، لەچوارچێوە گیراو، لەو فولکەیەدا جێگیرکرابوو. دوو وێنە بوون، لەهەردوو لاوە هەمان وێنە جێگیرکرا بوون. بەدەوری وێنەکەدا گڵۆپی رەنگاوڕەنگ هەبوون و کاتێک لەئێوارە بەدواوە گڵۆپەکان دادەگیرسان، رووناکی زەردو سوور ئەفسوونێکی ناوازەیان بەوێنەکەو تەواوی شوێنەکە دەبەخشی. جاری یەکەم ئێوارەیەکی درەنگی هاوین بوو، (دەبێت هاوینی ساڵی ١٩٧٣ بووبێت) وێنەکە سەرنجی منی راکێشا، پرشنگی گڵۆپەکان و رووناکییان شتێکی سەرنجبەریان لەبەر دیدەی منی منداڵ ئافراندبوو. دەستم لەدەستی کاکمدا بوو. باشم لەبیرە، وەکو دوێنێ بێت لەبیرمە، بەزمان و بەکەرەستەی دەربڕینی منداڵانەم لە (کاکە غەفورم) پرسی، سەبارەت بەو هەموو گڵۆپەی بەدەوری وێنەکەوەو هەروەها وێنەکە خۆیشی پرسیارم لێی کرد. ئەویش باسی بێکەسی بۆم کرد کەکێیە. باسی ئەوەی کرد بێکەس لەقوتابخانەی چەمچەماڵ مامۆستا بووە. واتە من دەچوومە فێرگەیەک بێکەس لەوێ مامۆستا بووە. چ شادییەک بوو، چ شادییەک! پاشان کاکەم گوتی کەچووینەوە ماڵ شیعری بێکەست بۆ دەخوێنمەوە. لەماڵەوە یەکێک لەو شیعرانەی ئەو شەوە (کاکە غەفورم) بۆ منی خوێندەوە ئەو شیعرە بوو «شتێکی بێ روح و گیان...». کاتێک پاییزی ساڵی ١٩٧٣ چوومە قوتابخانە، ئەو شیعرەم لەبەربوو. ئێستایش لەبیرم ماوە. ئەو شیعرە پەیامی رەنگینی من بوو، هەر کاتێک مامۆستا منی هەڵساندباو ئەو شیعرەم لەبەر بخوێندایەتەوە شادترین دەمی من بوو لەفێرگە. دیارە ئیتر بێکەس پاڵەوانەکەی سەردەمی منداڵیم بوو. کاتێک ساڵی ١٩٧٤ شەڕ دەستی پێکردەوە، ئێمە ماڵمان چوو بۆ کەرکوک، پاش گەڕانەوەمان لەکەرکوکەوە بۆ چەمچەماڵ یەکەم شت کە هەناوی منداڵانەی منی داخ کرد نەمانی ئەو وێنەیە بوو. هەرگیز لەبیرم ناچێت وێنەکەی بێکەس چ بۆشاییەکی دروستکردبوو لەو گۆڕەپانە. پاشان بیستنی بەسەرهاتی شکاندن و لادانی وێنەکە لەلایەن لەشکرە هۆڤەکەی بەعسەوە ئەوەندەی تر منی غەمگین دەکرد. کاتێک لەشکری داگیرکەرو تاڵانچی بەعس چەمچەماڵ دەگرن یەکێک لەکارە هەرە لەپێش و «گرنگەکان» بۆیان وێرانکردن و لادانی ئەو وێنەیە دەبێت. دیارە ئەوان درکیان بەوە کردووە بێکەس پاڵەوانی دڵی ئێمەو پەیامەکانی وی بزوێنەری کوردایەتیمان بوون. نازانم وێنەی ئەو فولکەیە شاری چەمچەماڵ لەو ڕۆژگارەدا و بەوێنەی بێکەسەوە لەکن کەس ماوە یان نا؟ خۆزگە بۆ بیستنی هەواڵێکی وەها دەخوازم.. ئێستا ئەو رۆژگارە نییە، کەچی ئێمە ساڵانێکی زۆر ئەم جۆرە پاڵەوانانە، ئەو چەشنە چیرۆک و شیعرانەمان کشاونەتەوە. یان زۆر دەگمەن یاخود هەر هیچ ئەو دەرفەت و دەلیڤە دەستەبەر ناکەین کەمنداڵانمان ئەو یادەوەری، ئەو هەستە کوردەواری و دیرۆکییانەی خۆیان بژین، هاوکاتیش لەخەیاڵگەی ناسک و بێخەوشی منداڵیدا بنەخشێن. مخابن. بێگومان هەموو ئەو یادەوەری و پاڵەوانانەیش کتێب و خوێندنەوە دروستیان دەکەن و پێماندەخشن.. کتێب لەڕۆژگاری کۆرۆنادا لەقاوەخانەی گۆلدموند دانیشتووم، هەر لەوێم، بەڵام کێ لەگۆلدموند دەزانێت من بۆچ وەها گرمۆڵەی نێو خۆم بوومە، کێ دەزانێت گەشتێکی چەمچەماڵم کرد، لەم پەنجەرانەوە پیاسەیەکی گەڕەکی بێکەسم لەچەمچەماڵ کرد، خەیاڵ تەماشایەکی پڕ ئەفسونی وێنەیەکی پێبەخشیم کەچەندین ساڵ شەوانە گڵۆپە زەردو سوورەکانی دەوری دادەگیرسان و سەرنجی ئێمەی منداڵیان داگیر دەکرد.  هەرچەندە ئێستا ترس و دڵەڕاوکێ سەبارەت بەکۆرۆنا خاوبووەتەوە، بەڵام هەرچەند هەفتەیەک لەمەوبەر بوو، لەدەمی کەرەنتینەی گشتگیردا، کاتێک بازاڕی زۆر کاڵا، گەلێک پێداویستی و چەندین شتی گرنگ شکا، کەچی لێرە بازاڕی کتێب بەشێوەیەکی بەرچاو برەوی پەیدا کرد. لەو رۆژگارەدا کتێبفرۆشی و دەزگاکانی پەخش کارەکانیان بۆ دابەشکردنی کتێب چەندین جار هەڵکشان و داخوازی لەسەر کتێب بەشێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو هەڵکشا. بێگومان ئەمە تەنها پەیوەندی بەکەرەنتینە و هەر پەیوەندی بەهەبوونی کات و مانەوە نییە لەماڵ، بەڵکو شتێکە سەلمێنەری ئەوەی خوێندنەوە و خۆشەویستی کتێب کولتورێکە و پاشخانێکی گرنگی هەس. کاتێک تۆ کتێبێک بەکەسێک بەدیاری دەبەخشیت، دەمێک دەبینیت کەسانێک بەر لەوەی گەشت بکەن و بڕیاری پشوو بدەن وەکو خۆئامادەکردن کتێب دەکڕن، یان کتێب وەکو دیارییەکی نایاب لەجەژنی لەدایکبوون و یادە گرنگەکاندا پێشکەش بەیەکتر دەکرێت، مرۆڤ باشتر حاڵی دەبێت کتێب بۆ خەڵکانێک تاکوێ واتای بڕ دەکات. کتێب و خوێندنەوە لەکوێ؟ دڵنیام کاتێک تۆی بەڕێز ئەم دێڕانە بخوێنیتەوە لەوەیە بڵێیت تۆ لێرە نیت، لەنێو بێ مووچەیی، بێ وزەیی، بێکاری و لەبۆتەی نادڵنیاییدا نیت. بەڵام من بەشێوەیەک لە شێوەکان لەوێم، دیارە دەزانم خوێندنەوە هەم رووبەرێکی ئارام و هەم بواری دڵنیایی دەوێت. مرۆڤ ناتوانێت لەڕووبەری شەڕ، نادڵنیایی و بێکاریدا بخوێنێتەوە، گەر بشخوێنێتەوە بەچاو دەخوێنێتەوە نەک بە هۆش، نەک تەڤی هێزی هەڵگرتن و مانەوە. بەڵام لەڕۆژگاری ئارامی و پارەداریشدا ناوچەکەی ئێمە هەر پشت لەکتێبەو روو لەشتی دیکە. ئەوەندەی کتێب لەمانگێکدا لەوەڵاتێکی وەکو ئەڵمانیا دەفرۆشرێت و دەخوێندرێتەوە، دڵنیام لەچەندین ساڵدا لەهەموو وەڵاتانی عەرەبیدا ئەو ژمارەیەی کتێب نافرۆشرێت و ناخوێندرێتەوە. لەکاتێکدا ئەوان لەکورد زۆر زۆرترن بەژمارەو بەئابوریش زۆر بەهێزتر. بەکورتی بەراوردەکە کاری نەکردەیە. ئاشکرایە بۆ وەڵاتێکی وەکو ئەڵمانیا کارەکە جۆرێکی ترە. بەڵام بۆ شوێنێکی وەکو کوردستان بەباشوور و بەشە داگیرکراوەکانی ترییەوە، لەم رۆژگارەدا خوێندنەوەی کتێب، فرۆشت و مامەڵەکردن بەو دەستکەوتە گرنگەوە وەکو کارێکی بازرگانی ئاسان نییە. بێکاری و شەڕ دوو ئافاتی بێوێنەن. لەوێ نەک شەڕ، نەک کۆرۆنا، بەڵکو رووداوی بچووکیش سیستەمەکە یان سیستەمەکان دەهەژێنن، چونکە لەزۆرێک لەو وڵاتانە سیستەم لەبنەڕەتدا بوونی نییە یان بەدارشەق بەڕێوەدەچێت. لێرە، لەوڵاتێکی وەکو ئەڵمانیا کارەکە تەواو پێچەوانەیە، لێرە هەموو ئەو کەسانەی بەهۆکاری کۆرۆنا کاریان لەدەستدا، دەوڵەت هاوکاری دارایی کردن، هەرچەندە ئاشکرا نییە هێشتا ئەو بڕە دراوەی وەکو هاوکاری درا بەکەسانی بێکار دەدرێتەوە بەدەوڵەت یان نا، بەڵام گرنگ لەتەنگەژەکەدا باهاناهاتنێکی گرنگ بوو. بۆیە مرۆڤەکان دەتوانن لەماڵیش بن، واتا لەماڵ بمێننەوە، هاوکات کتێبیش بکڕن و بخوێننەوە، بەڵام جەخار لەوێ پارەیش هەبێت، رەوشی دارایی باش بێت و دڵنیاییش هەبێت، ئەوانەی خوازیاری کتێبن ژمارەیان کەمە، یەکجار کەم. نەبوونی پاڵەوان لەهۆشی زارۆکدا دروستکردنی پاڵەوان، ئەفراندنی چیرۆک، سەرچاوەی کاری باش و هاندەری چاکە لەلای منداڵ بەکتێب دەکرێت. هەر ئەوەیشە دەبێت بەبناغە بۆ خۆشەویستی و پاشانیش هەوێنی هۆگری لەگەڵ کتێب و خوێندنەوەدا.. رۆژگارێکی درێژە، نەک هەر لەلای کورد، لەلای زۆرێک لەگەلانی ناوچەکە، شەڕ، بێکاری و نادڵنیایی ئەو بوارەیان وێران کرد کەمنداڵان لەگەڵ خەون و لەتەک شتەگەلی پڕ ئەفسوونی دنیای خۆیاندا منداڵییان بەڕێ بکەن. دیکتاتۆرە ملهوڕو شەڕخوازە دزێوەکان لەوێرانکردنی خەون و حەزی منداڵانەوە دەستدەکەن بە وێرانکردنی هەموو ژیان. بەڵێ بۆ ئەوەی کتێب و خوێندنەوە ببن بەکولتورو مرۆڤ هۆگریان ببێت، بۆ ئەوەی کتێب و پاڵەوانەکانی نێو کتێبەکان شوێنگەیەکیان لەلای منداڵان بەتایبەتی و مرۆڤەکان بەگشتی هەبێت، پێویستە بزانین ناچارین لەبنەڕەتەوە دەستپێبکەین، لەمنداڵانەوە. بەڵێ زارۆک پێویستیان بەوەیە زارۆکێتی خۆیان بژین، کاتێک ئەو ماف و دەرفەتەی منداڵان وێران بکرێت، ئیتر نەک کتێب و خوێندنەوە، واتایەک بۆ ژیان خۆیشی نامێنێتەوە و هەموو جوانییەک بزر دەبێت. دەنا نەک هەر خۆش دەبێت، بەڵکو پێویستیی گیانی و هەستکردن بەجۆرێکی ترە لەبوون، کاتێک لەدڵ و لەیادەوەری منداڵی - منداڵانماندا کتێب، چیرۆک، رۆمان و شیعرگەلی نووسەرانی وەکو بێکەس، کێستنەر، عومەر عەبدولڕەحیم، مارک توین، وێنەکانی لالە عەبدە، دایکی سۆلاڤ، جەزا عەلی ئەمین، وشەو وانەکانی ئیبراهیم ئەمین باڵدارو... هتد، هەبن.

تایبەت بە‌هاوڵاتى- ئامەد ناڵاندم‌ و فەرمووی کە ئەم ئاوازە حەزینە یان مەحوی-یە یان بولبولەکەی فەسڵی خەزانە   سەیدۆ شیمشەک کە پاشان دەبێت بە سەیدخانێ بۆیاخچی و دواتریش وەکو بولبولی ئامەد ناسرا، ماوەیەک لەمەوبەر لە ئەنجامی هەوکردنەوە تووشی ئیفلیجبوون دەبێت و بەرەبەیانی رۆژی ٥\٧\٢٠٢٠ لەماڵەکەی خۆی لەشاری ئامەدی باکوری کوردستان کۆچی دوایی دەکات. کۆچێک وەکو هەر کۆچێکی تر نا، بەڵکو کۆچێک ئاوازو رستە دڵگیرەکانی زمانی کورد، زمانێک کەئەو لەڕووبەرە جوانەکەی ئاهەنگ و ئاوازدا، رەنگڕێژیش بە تانوپۆی ئەڤینەوە، بەدرێژایی تەمەن لەپاراستن و هەوڵی پاراستن و گەشەسەندنیدا بوو. تەمەنێکی درێژ لەدەنگبێژی هۆکاربوو تاکو لەلایەن ئەڤیندارانی دەنگییەوە ناسناوی «بولبولی دیاربەکر»ی پێببەخشن. دەنگبێژە بەنێوبانگەکە یان بولبولی دیاربەکر کێ بوو؟ ساڵی ١٩٣٣ لەگوندی لەخەری لەدایکبووە. گوندی لەخەری سەر بەشاری ئامەدە. لە دوو ساڵیدا دایکی و لەچوار ساڵیدا باوکی لەدەست دەدات. ئەم منداڵە بێکەس و بێنەوایە، لەلای پورو مامی گەورە دەبێت. بێکەسی و هەژاری هۆکارن کە بۆ تاکە رۆژێکیش نەچێتە قوتابخانە. لەتەمەنێکی زۆر زوودا دەبێت بەشوان. وەکو خۆی لەدیدارێکی تەلەفزیۆنیدا دەڵێت: «دەنگبێژیی لەسەرەتاوە هاتۆتە ژیانییەوە. لەتەمەنی حەفت ساڵییەوە دەستی بەدەنگبێژی کردووە». لەو تەمەنەوە دەنگبێژی، کەلام، هەڵبەست و وشەی کوردی لەگەڵ هەناسەدا ئاوێتەی پێداویستی ژیانی ئەو بولبولە خەمگینە بوونەو تاکو مردن دەستبەرداری نەبووە. لەتەمەنی ١٥ ساڵیدا دەچێتە ئامەدو لەبندیواری ئامەددا «لەگەڕەکی سوری دیرۆکی و بەنێوبانگی ئامەد» دەستدەکات بە بۆیاخچێتی پێڵاو. لەو ڕۆژەوە وەکو سەیدخانی بۆیاخچی دەناسرێت. ٢٥ ساڵ ئەو کارە دەکات و پاشان بۆ ماوەیەک وەکو خزمەتگوزار لەشارەوانی ئامەد دادەمەزرێت. ئەو بولبولی فەسڵی خەزانە، کە هەموو ژیانی فەسڵی خەم و خەزان بووە، دەیگوت: «کەس نییە پێڵاوم بۆ بۆیاخ کردبێت و بەدەم بۆیەکردنەوە بەیتێک یان چەند بەیتێکم بۆ نەگوتبێت». ژیانێک سەرتاپای پڕ بوو لەکارەسات، بەڵام کۆڵنەدەرانە ژیا.. نەک هەر منداڵی، بەڵکو هەموو ژیانی بۆیاخچی پڕ بوو لەکارەسات. هەندێ کەس هەن تۆ دەڵێی بۆ بێچارەیی و نەگبەتی دێنە دنیاوە، بۆیاخچی کەسێک بوو لەوانەو ژیانی پڕبوو لەبرک و ژان، بەهارێکی لەو تەمەنە درێژەیدا نەبینی و هەمیشە لەخەزان و لەنێو هەڵوەریندا بوو. بەڵام مرۆڤێک بوو سەرباری بەشمەینەتیی گەورە و سەخت، کۆڵنەدەرو «بولبول ئاسا» ژیا. رەنگبێ دەنگبێژی و بولبولبوونەکەیشی جۆرێک لەشیوەن و هەڵڕشتنی ئەو خەم و ئازارانە بووبێتن کە لەهەناویدا کەڵەکە بووبوون.  بۆیاخچی جارێکیان لەدیدارێکیدا لەگەڵ ئاژانسی میوزۆپۆتامیادا گوتبووی: لەتەمەنێکی زۆر زوودا دەستم بەکارکردن کرد، بۆ دابینکردنی بژێوی. لەم شاری ئامەدە شیرینیی دارچینیم فرۆشت، بەساڵان بارهەڵگر و کۆڵبەر بووم، کرێکاریم کرد، کاری پاککردنەوەم دەکرد، بەڵام بەردەوام ئامەدم خۆشدەویست و خۆشمدەوێت. زۆر زۆرم کارکرد و توانیم هەندێ دراو خڕکەمەوە. توانیم ژیانی هاوسەری پێکبهێنم. بەڵام جەخار منداڵمان بۆ نەدەما. یەک لەدوای یەک ٧ منداڵمان لەدەستدا. هەر منداڵێکمان دەبوو، نەخۆش دەکەوت و دەمرد. هەر کەسێکی تر بووبا، بەرگەی ئەو هەموو منداڵ مردنەی نەدەگرد، ئەو دەنگبێژە خەمگینە وەهای دەگوت. دەنگبێژی ئەڤینێکی گەورەیە بۆیاخچی دەیگوت، من ناتوانم هیچ شتێک لەو بەیت و داستانگەلەی دەیانڵێم بیاننووسمەوە، بەڵام ئەوانە لەدڵ و لەیاداوەری مندا هەڵکۆڵدراون و بۆ هەمیشە لەلام دەمێننەوە. دەنگبێژی وەکو هیچ شتێکی تر نییە، ئەڤینێکی مەزنەو هەمیشە لەگەڵ مرۆڤدایە. ئەگەر دەنگبێژی نەبا پاش ئەو هەموو کارەسات و دوای ئەو ژیانە پڕ برک و ژانەم هەڵبەتە نەمدەتوانی بژیم و دەمردم. دەنگبێژی و گوتن منیان بەپێوە هێشتەوە. پاش تەمەنێکی ٨٧ ساڵە، ئەو دەنگبێژە دەمرێت و بڕیارە لەگۆڕستانی گوندی نوێ «یەنی کوێی» لەشاری ئامەد بەخاکی بسپێرن. دەنگبێژان و پاراستنی زمانی کوردی پاش قەدەغەکردن و هەوڵی تواندنەوەی زمانی کوردی لەدامەزراندنی کۆماری تورکیا بەدواوە، یەکێک لەهۆکارە هەرە گرنگ و کاریگەرەکان لەبواری پاراستن و هێشتنەوەی زمانی کوردیدا ئەم جۆرە دەنگبێژانە بوون لەباکوری کوردستان. بەیت، بالۆرە، داستان و چیرۆکی ئەڤینداری و دیرۆکی ئەمان بوون ئەم گوند بۆ ئەو گوند، ئەم شار بۆ ئەو شارو ئەم ناوچە بۆ ئەو ناوچە لەهاتوچۆی بەردەوامدا بوون و خەڵک لە بۆتەی ئەم حەزو داستانە لێوانلێوانەی ئەڤینەوە،  لەهۆکاری ئەم بەسەرهاتانەی دابڕان و کۆڵنەدانەوە، خۆشەویستیی زمانی کوردیان لەدەست نەدەداو بەڵکو ئەم دەنگبێژانە هەر جارێک بڕێکیش لەخۆشەویستی و حەزکردنی زۆرتریان دەخستە سەر خەرمانی زمانی کوردی. رۆڵی ئەم دەنگبێژانە بەجۆرێک گرنگە، لەو بوارەدا سازکردنی فیلم و ئامادەکردنی لێکۆڵینەوەی زانستی و گرنگ پێویستی و ئەرکە. بنوو بولبولە دەنگ سازەکەی ئامەد بنوو بولبولە دەنگ سازەکە ئامەد.. دە لۆ لۆ دە لۆ لۆ.. بنوو.. کول و کەدەر نەیانهێست چێژێک لەژیان ببینیت، بەڵام سەرباری ئەو ژیانە پڕ ئازارەیشت تۆ ماڵی ئاوازو زمانی کوردیت پڕتر کرد لەچێژ و لەخۆشەویستی.. بنوو یادت بەخێرو هەزاران تیشک و تیرێژ ئاوێتەی گڵی نێو گۆڕت بن.    

کتێبی (سیستمی کارگێڕیی هەرێم چۆن بە ناناوەندیی بکرێت؟) لە نوسین و ئامادەکردنی (محەمەد رەسوڵ موڕاد) بڵاوکرایەوە. نوسەر و ئامادەکاری کتێبەکە، لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە (فەیسبوک) دەربارەی چاپکردنی کتێبەکەی نوسیویەتی: "ئەگەرچی ماوەی سەرقاڵبونم بە نوسین و ئامادەکردنی ئەم کتێبە، نزیکەی چوار ساڵی خایاند و زۆر پێیەوە ماندوبوم، بەڵام چاپکردنی لەمڕۆدا، بە تایبەت کە پرسی بایەخ و پێویستیی ناناوەندێتیی بۆ هەرێمی کوردستان بۆتە رۆژەڤ (پرسی رۆژ)، زۆر خۆشحاڵیکردم و هیلاکییەکەی لەبیربردمەوە." کتێبەکە، لە سێ بەشی سەرەکیی و کۆمەڵێ باس و تەوەر پێکدێت، کە بە پشتبەستن بە (۲۷) سەرچاوەی زانستیی لە بواری یاسا و کارگێڕیی و سودوەرگرتن لە ئەزمونی کەسیی، هەوڵدراوە بە شێوەیەکی میتۆدیی و لە رێگەی تاووتوێکردنی یاسا بەرکارەکانی عیراق و هەرێمی کوردستان، وەڵامی پرسیارە سەرەکییەکە بدرێتەوە. وەکچۆن، لە پێشەکیی کتێبەکەدا هاتوە: هۆکاری سەرەکیی هەوڵەکەمان، بۆ گرنگیی و پێویستیی (سیستمی ناناوەندێتیی) بۆ بارودۆخی ئێستای هەرێم دەگەڕێتەوە، کە هەنگاو بۆ هەڵبژاردنی سیستمێکی کارگێڕیی ئەوتۆ بنرێت، کەوا لەگەڵ واقیعی جوگرافیی و ئیتنیکیی وڵاتەکەدا بگونجێت. ئەم تەرزە کارگێڕییەش، بریتییە لە "بونیادنانی متمانە لەناو حکومەتدا"، کە ئەنجومەنی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان، لە حەوتەمین دیداری جیهانیدا (٢٠٠٧ - ڤیەننا) پشتگیری لێکردووە. کەواتە ئەم سیستمە هاوچەرخە، بایەخی زۆری بۆ سەرکەوتنی حکومڕانیی هەیە و، کاریگەریی ئەرێنیشی لەسەر تەواوی جومگەکانی ژیانی تاک و کۆمەڵ دەبێت. هەر لەو پێشەکییەدا، نوسەر رونیکردۆتەوە، "لە دوتوێی بەش و باس و تەوەرەکانی ئەم کتێبەدا، هەوڵدراوە، بە شێوەیەکی میتۆدیی و پاڵپشت بە کۆمەڵێ سەرچاوە، سیستمی کارگێڕیی بە گشتیی رونبکرێتەوە، پاشان تیشکبخرێتەسەر شێوازەکانی، لەمەشەوە، پتر رۆبچینە نێو بابەتی سەرەکیی و، لە رێگەی تاووتوێکردنی یاسا بەرکارەکانی عیراق و هەرێمی کوردستانەوە، وەڵامی پرسیارە پێویست و گرنگەکە: (سیستمی کارگێڕیی هەرێم چۆن بە ناناوەندیی بکرێت؟) بدەینەوە." هەروەک ئاماژەی بەوەش داوە، کەوا بۆ نوسین و ئامادەکردنی ئەم باسە، سەرەڕای سەرچاوە زانستییەکان بە زمانە جیاوازەکان، ئەزمونی ١٢ ساڵەی خۆیشی لە بواری کارگێڕییدا، لە فەرمانبەرێتیی و بەرپرسیارێتیی بەش و هۆبە و فەرمانگەوە، تا دەگاتە ئەندامێتیی لە ئەنجومەنی پارێزگا و بەریەککەوتنی راستەوخۆی لەگەڵ واقیعەکە و دەرهاویشتەکانی لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا، کۆمەکی باشیان کردووە، تاکو بابەتییانە و واقیعبینانەتر پرسەکە تاووتوێ بکات و سەرنجی خۆمی لەسەر بخاتەڕوو. (سیستمی کارگێڕیی هەرێم چۆن بە ناناوەندیی بکرێت؟) لە نوسین و ئامادەکردنی (محەمەد رەسوڵ موڕاد) چاپی یەکەمییەتی و بە تیراژی (١٠٠٠) دانە و لە چاپخانەی حەمدی لە سلێمانی چاپکراوە و ژمارەی سپاردنی (١٥٣١)ـی ساڵی ٢٠٢٠ـی وەزارەتی رۆشنبیریی دراوەتێ. نوسەر و ئامادەکاری کتێبەکە، لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە (فەیسبوک) راشیگەیاندوە، لەپێناو پابەندبون بە رێکارە تەندروستییەکان بۆ خۆپاراستن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا، لە ئێستادا هیچ رێوڕەسمێکی واژۆکردن و بڵاوکردنەوە بۆ کتێبەکە ناکەین. بەو هیوایەی لە ئایندەیەکی نزیکدا ئەو خەونەش بهێنینەدیی، لەوەش گرنگتر و پێویستتر خەونی بە ناناوەندییکردنی سیستمی کارگێریی هەرێمەکەمان. محەمەد رەسوڵ موڕاد • لەدایکبوی ١٩٦٩ – رانیە • دبلۆم لە (بەڕێوەبردنی پرۆژەکانی ئاو)- پەیمانگای تەکنەلۆژیی موسەییەب- (١٩٨٩ – ١٩٩٠) • بەکالۆریۆس لە (یاسا)- زانکۆی کۆیە- (٢٠٠٧ – ٢٠٠٨) • مینی ماستەر لە (کارگێڕیی کار)- زانکۆی (عین شمس) بە هاوکاریی (ئەکادیمیای جیۆری) - (٢٠١٦). • ئەزمونی کارگێڕی: ٢٠٠٣ - تاکو ئێستا: فەرمانبەر، لێپرسراوی بەش و هۆبە، بەڕێوەبەری فەرمانگە، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا (لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان). • سەرۆکی لیژنەی شارەوانی و خزمەتگوزارییەکان، جێگری سەرۆکی لیژنەی کاروباری یاسایی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی. • کتێبێکی چاپکراوی هەیە: (یۆگای تەمەندرێژی و گەنجبوونەوە). • چەند راپۆرتێکی پڕ زانیاری و سەرنجی وردی سەبارەت بە: (کێشەی کەمئاوی لە پارێزگای سلێمانی، زیادەڕەویی زەویوزار لە هەرێمی کوردستاندا، سەرچاوەکانی داهات لە هەرێمی کوردستان و پێویستیی پێداچوونەوە بە باج و رسومات، چۆنێتیی پەرەپێدانی کەرتی گەشتوگوزار لە دەڤەری راپەڕین و هەڵبژاردنەوەی ئەنجومەنی شارەوانییەکان. .. تاد) ئامادەکردوە. • چەندین بابەت و نوسینی دەربارەی: (سامانی ئاو، یاسای ئاو، کارگێڕیی، یاسای کارگێڕیی) لە سایت و رۆژنامەکاندا بڵاوکردۆتەوە. • چەند توێژینەوە و راپۆرت و نامیلکەیەکی تری ئامادەی چاپن. • ئەندامی هەریەک لەم سەندیکا و رێکخراوانەیە: کۆمکاری زیندانییانی سیاسیی کوردستان، سەندیکای تەکنیکارانی کوردستان، کۆمەڵەی کوردستانێکی سەوز، یەکێتیی مافپەروەرانی کوردستان.

نوسینی : ئاوات نامق ئاغا سلێمانی. حوزەیرانی 2020 رباب، درامایەکی عێراقییە ساڵی ٢٠١٣ کەناڵی العراقیة لەگەڵ کۆمپانیای خاوێ فیڵم بەرهەمیان ‌‌‌هێناوە، و هەر لە ڕەمەزانی ئەو ساڵەشدا هەمان کەناڵ پێشکەشی کرد. من ئەو کات بابەتێکم لەسەر نوسی، مەخابن دواتر نوسینەکەم ڕەشڕاهات و نەمزانی لە کوێ خۆی لێ شاردمەوە!   ئەمساڵ کەناڵی کوردسات دراماکەی بە کوردی دووبارە کردەوە، گەرچی من هەرگیز چیکڵدانەی تەماشاکردنی هیچ کارێکی دۆبلاجکراوم نەبووە، سەرەڕای بێزارکردنی ناوبڕ و بانگەشە هەرزانەکانی برنجی سەفرە و ئەوەکانی دی، لەبەر تراجیدیای ناخهەژێنی کوردانی فەیلی و دیسانەوە خۆشەویستی هاوڕێی ئازیز و لەکیسچووم کاکە ئاسۆ سوارە سەرلەنوێ بە تاسەوە ئەوەندەی بۆم لوابێ سەیرم کردەوە! لێرەوە جارێکی دی کۆمەڵێک وردە سەرنجم لە سەر کرۆکی دراماکە و ڕێنوێنیی هونەری art direction و چەند لایەنێکی گرنگی تر لەلا گەڵاڵە بوون، و حەز ئەکەم وەک نموونە زۆر بە کورتی باسیان بکەم.    بەڵام با پێشەکی ئەوەش بڵێم کە تا ڕادەیەکی بەرچاو دۆبلاجکردنەکە گونجاو بوو، بە تایبەت بەرجەستەکردنی دەنگی هەر یەک لە رباب و کواکب! مەخابن بەوەش نیگەران بووم کە هەموو ئەو گەعدە عەرەبیانەی کە صبری و عقید مٶید لەناو باخە تایبەتیەکەیاندا ئەیانگێرا، خرابوونە ژێر سانسۆرێکی بێ ماناوە، و تێیدا پێك نۆشین و خواردنەوە کهولیەکانی سەر مێزەکان لێڵ کرابوون، و سەماکانیش قرتێندرابوون، بە جۆرێک بینەری ئاسایی هەستی بە پچڕ پچڕی و بازدانی ناو دیمەنەکان و ناڕێک و پێکی قەبارەی دوور و نزیکی وێنەکان ئەکرد. بەو هۆیەوە ئازارێکی زۆر بەر دەرخستنی هەریەک لە کارەکتەرەکانی صبری و مٶید کەوتن!   لە کاتێکدا ئاهەنگ و شەوبەسەربردن لە گەڵ کاولی و بنات الریف لە کلتوری عەرەبی عێراقدا هیچ نەنگییەکی تێدا نییە، باشترین گەواهیدەری ئەم ڕاستییەش هەموو ئەو ڤیدیۆیانەن کە لە بەرپرسەکانی بەعس و پلەدارە باڵاکانی سوپاوە تا ئەگاتە صباح میرزای یاوەری یەکەمی صدام حسین، و علی حسن المجیدی ئامۆزا و وەزیری ناوخۆ- بەرگری و دیسانەوە کوڕەکانی خۆیەوە بەردەست ئەکەون.   کوردسات ئەبێ ئەوە بزانێ کە ئەم درامایە پێشتر کە کەناڵی العراقیة نیشانیدا ئەم بڕینانەی تێدا نەبوون! سەیرەکە لەوەدایە ئێمەی کورد بمانەوێ لە عەرەب کە قورئان بۆ ئەوان هاتووە، بە ئایینەکەوە پابەندتر بین. قسەکەی ڕەحمەتی مام جەلالم بیرکەوتەوە کە کورتەکەی ئەیووت 'عەرەبەکان ئەیانەوێ ئێمەی کورد لە فەلەستینیەکان فەلەستینی تر بین و مەرحەبای ئیسرائیل نەکەین، لە کاتێکا ئەوان خۆیان ڕێک کەوتوون و سەفارەتیان لای یەکتر کردۆتەوە!'   فەیلییەکان بەشێکی زۆر گرنگی گەلەکەمانن، ئەوان سەر بە هۆزی لوڕن کە لە دوو بەشی سەرەکی پێك هاتووە، فەیلی و مامە سەنی و زۆرینە موسوڵمانی شیعەن، و بە درێژایی مێژوو لە هەردوو دیوی شاخەکانی زاگرۆس واتە بە هەردوو ڕووکاری رۆژهەڵاتی عێراق و ڕۆژئاوای ئێڕاندا ژیاون، زۆر جار بەم هۆیەوە بە پشتکۆ و پێشکۆ جودا ئەکرێنەوە.   فەیلییەکان بە چەند دیالەکتێکی لوڕی قسە ئەکەن کە یان لە فارسی نزیک ئەبنەوە یاخود لە کوردی سۆرانی.  بەشەکەی ئێران لە شارەکانی کرماشان و عیلام و خوزستان ئەژین و لە ڕۆژئاواوە هەر لە خەسرەوی و قەسری شیرینەوە بە ناو شارەکانی کرماشان، سەرپێڵێ زەهاو، ئەندیمەشک، عیلام، مەهران....تا ئەگاتە مەلایەر درێژ ئەبنەوە، بە دیوی عێراقیشدا هەر لە هەڵەبجەوە بەرەو رۆژهەڵآتی دیالە تا ئەگاتە کوت و عمارەو بصرە هەن. دیارە ئێستاش ژمارەیەکی بەرچاویان لەسەر خاکی خۆیان لە شارەکانی هەرێمی کوردستاندا سەربەرزانە ئەژین.   بەشێکی زۆری ئەمانەی ئەمدیو کاتی خۆی، لە پێناوی خۆقوتارکردن لە خزمەتی سەربازی و زۆرە ملێی دەوڵەتی عوسمانی خۆیان بە تەبەعیەی فارس نوسیوە، بەشەکەی تریان لەگەڵ دامەزراندنی دەوڵەتدا ڕەگەزنامەی عێراقیان وەرگرتووە. گەرچی بەعس لە هەردوو جاری هاتنە سەر دەسەڵاتیدا دژایەتییەکی بەرچاوی کردوون و وەک باس ئەکەن لە پەلاماری یەکەمدا ١٩٦٩-١٩٧١ نزیکەی حەفتا هەزاری لێ ئاوارە کردوون.   فەیلییەکان بە تایبەت لە بەغدا کۆمەڵگایەکی گەورە بوون و دوای دەرپەڕاندنی جولەکە لە تەواوی عێراق هەموو بازاڕی شۆریجە و جەمیلە و زۆر کارو کاسبی گرنگی ناو پایتەختیان بە دەستەوە گرتبوو. حکومەتی بەعس زۆر لە توانای ئابووری و کۆمەڵایەتی و زیرەکییان ئەسڵەمیەوە، جگە لەوەی کە خۆشیان هەمیشە لە بەرەی میللەت و بەرەنگارییدا بوون و لە ڕیزەکانی پارتی، یەکێتی، حیزبی شیوعی، دەعوەدا خۆیان رێکخستووە.   پەلاماری دووەم دوای ئەو سیناریۆیە هات کە ئەپریلی ١٩٨٠ لە نزیک زانکۆی (المستنصریة) ی بەغدا بۆ کوشتنی طارق عزیزی وەزیری دەرەوەی عێراق رێکخرا، حکومەتی بەعس وتی گوایە ئەو کەسەی ئەم کارەی کردووە، تەبەعیەی ئێرانییە و سەمیر غوڵامی ناوە. بەو هۆیەوە بنەماڵەی ئەو گەنجە فەیلییە کۆکرانەوە و لە سێدارە دران، ئەوەی من بیرم بێ تەنانەت خەزوری سەمیر کە لە شاری بصرە حەماڵ بوو،  ئەویش لەوێ گیرا و کوژرا.   دوا بە دوای ئەم ڕووداوە ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕشی عێراق، (مجلس قیادة الثورة) بڕیاری ژمارە ٦٦٦ ساڵی ١٩٨٠ دەرکرد و تێیدا داوای لێسەندنەوەی ڕەگەزنامەی عێراقی تێكرای کوردە فەیلییەکانی کرد. بەم جۆرە دوای لێسەندنەوەی ڕەگەزنامەکانیان تیكرای ماڵ و موڵكی گوستراوە و نە گوازراوەیان هەموو داگیر کردن، و نزیکەی نیو ملیۆن هاوڵاتی کوردی فەیلی لە خاک و وڵاتی خۆیان لە سەر سنووری عێراق- ئێران بە پیادەیی وڵاتبەدەر کران و بەو هۆیەوە بەشێکی ژن و منداڵەکانیان لە ناو بیابان و چۆڵەوانیدا مردن.    ئەمە جگە لەوەی نزیکەی بیست هەزارێک لە گەنجەکانیان کە لە تەمەنی سەربازیدا بوون، لە زیندانەکانی ئەبو غرێب و نوگرە سەلمان، شوێنەکانی تر گلدرانەوە و قسەش هەیە کە دواتر بۆ تاقیکردنەوەکانی چەکی کیمیاوی و بایەلۆجی قەدەغەکراو یاخود وەک ڕەوە مرۆڤ بۆ تەقاندنەوەی مینەکانی سەرسنور و قەڵغانی مرۆیی کاتی شەڕی عێراق - ئێران بەکار هێنرابن، و بۆ هەتایە بزر و گۆڕونکران. بەدوای ئەمەشدا هەر ئەو ئەنجومەنە بەدناوە و ڕژێـمی بەعس نزیکەی ٣٠ بڕیاری تریان لە دژ دەرکردن، لە نێویاندا ئەو بڕیارەی حکومەتی عێراق بوو کە تێێدا بڕی ١٠ هەزار دیناری ئەو کاتە کە ئەیکردە ٣٠ هەزار دۆلاری بە دیاری ئەدا بەو کەسانەی کە لە هاوسەرە کوردە فەیلییەکانیان جودا ئەبنەوە تا ڕەوانەی ئێران بکرێنەوە... تاد.   کوردە فەیلییەکانی ئەمدیو لو دیویش بیست و سێ ساڵ زۆرتر چەرمەسەری و ئاوارەییان لە ئۆردوگاکانی ئێراندا چەشت، بەشێکی زۆریان لەوێش هەر بە عێراقی ئەژمار کران و بۆیان نەبوو نە دەست بدەنە هیچ کارێکی ڕەسمی و نە خوێندنیش تەواو بکەن!   بە بڕوای من حکومەتی عێراق وای لێکدایەوە کە بە ڕاگوێزان و تەفرو توناکردنی کوردە فەیلییەکان ئەتوانێ ئەو پردی پەیوەندییە تۆکمەیەی لە نێوان کورد و عەرەبی ستەمدیدەی شیعەدا هەیە تەواو هەڵتەکێنێ ، چونکە ئەمان بە ڕەچەڵەک کوردو بە مەزهەبیش زۆرینە شیعەن و لەوێشەوە ئەو بەرەی بەرەنگارییەی لە عێراقدا بەرامبەر ڕژێمەکەی هەبوو لاواز بکات!   ئێمەی کورد زۆر جار باسی ئەو ناهەقییە ئەکەین کە لە ١٩٤٨-١٩٥١ لە جولەکەکانی کوردستان وعێراق کران، بەڵام بەدڵنیایی ئەو ستەمەی لە کوردە فەیلییەکان کرا زۆر زۆرتر بوو، چونکە ئەمان بە هەردوو هۆکاری نەتەوەیی و مەزهەبی ئەچەوسانەوە، بە ژمارەی قوربانیانش مەگەر ئەنفال و قەڵاچۆکردنی بەرزانییەکان، و پەلاماردانی کوردانی یەزیدی شان بدەن لە شانی.   کەچی لەلایەکی ترەوە ئەمان براوە بوون چونکە دوای ڕووخانی بەعس پەرلەمانی عێراق بڕیارێکی تایبەتیان بۆ دەرکردن و  لەبەرەوە وردە وردە گەڕانەوە کوردستان و عێڕاق و کەوتنەوە دەستخستنەوەی رەگەزنامە و دۆکیومێنت و ماڵ و حاڵە زەوتکراوەکانیان ، گەرچی ئەمە زۆر جار توشی ڕۆتین و بیرۆکراسی بووە.    بەڵام زۆر گرنگە بزانین کە دوای ڕووخانی رژێمی بەعس، جێگری سەرۆکی دادگای تەمیزی عێراق، ئەو کەسەی کە دادگایی سەرانی رژێمی پێشووی کرد و ئیمزای لەسەر بڕیاری لە سێدارەدانی صدام حسین کرد و خۆیشی ئامادەی جێ بەجێکردنی بوو منیر حدادی خاوەن شەهید و ئەشکەنجە دراوی زیندانی و دەربەدەری کوردی فەیلی بوو.   هونەرمەند ئاسیا کمال کە ڕۆڵی رباب، ی پاڵەوانی ئەم درامایە ئەبینێ خۆی بە بنەڕەت لە کوردانی فەیلی خەڵکی مەندەلییە و باپیرەی ناوی سەردارە. هاوسەرەکەی باسل الشبیب، ی ئەکتەر و نوسەری دیارە، کە پێشتر چەندین سیناریۆی گرنگی بۆ تەلەفیزیۆنی عێراق نوسیوە، و  وا پێ ئەچێ هەم لەبەر خۆشەویستی ئاسیا و هەمیش بە هۆی ئەوەی لە نزیکەوە ئاگاداری ئەو ستەمە گەورەیە بووە کە لە کوردە فەیلییەکان کراوە، دەستی بە نوسینی چیرۆک و سیناریۆی ئەم درامایە کردبێ.   بیرۆکەی سەرەکی ئەم درامایە باسی لە گیانی بەرەنگاربوونەوە و خۆ بەدەستەوەنەدان ئەکات، کە بەشێکە لە خەسڵەتە گرنگەکانی کارەکتەری مرۆڤی کورد. چنینی سەرەکی و ئەنجا لاوەکییەکانی ڕووداوەکان ئەوەندە سەرنجڕاکێشن کە هەر زوو بینەرانی ئاوێتەی ئەبن، چونکە هەر یەک لە بیرەوەریاندا چەندین چیرۆکی هاوبابەت و لێکچوویان هەن و بیستووە و لە ناخیاندا گینگڵ ئەدەن.   رباب مۆڵەت نادات بینەرانی چاوانی لێ بتروکێنن. هیچ دیمەنێک و دایەلۆگێکی تێدانین گەر چیرۆکەکەی بەرەو پێش نەبەن! خاو و خلیچکی تێدا نییە، ڕێزی خۆ تەرخانکدنی بینەرانی ئەگرێ و ناهێڵێ هەست بکەن کە بە خۆڕایی کاتیان بەسەر ئەبەن، و لە بری ئەوە زانیاری مێژوویی ئەبەخشێتەوە، ڕۆشنبیریان ئەکات و هەمانکات چێژیشیان پێ ئەبەخشێ!   گۆرانی پێشەکی و پاشەکی دراماکە کە شیعری حازم جبار و ئاوازی علی بـدرە، لەگەڵ  ئەو گرافیکە سەرنجڕاکێش و مۆنتاجە پڕ مانایە، رۆڵێکی بەرچاوی هەیە بۆ ئاوێتە بوون بە چیرۆکەکە و ڕووداوەکانی ناوی و هونەرمەند محـمد عبدالجبار بە دەنگە  کەساسەکەی کە پڕە لە سۆز و لاواندنەوە بۆ حاڵی هەموو کوردانی فەیلی و هاوژینەکانیان بە قوڵی ئەیچڕێ و کورد وتەنی ڕۆحی ئەکا بە بەردا!(*)   گەرچی وا چاوەڕوان ئەکرا دراماکە دوای ئەو هەموو نەهامەتییە، ئیتر لە دوا ئەڵقەدا کاتی ئەوە هاتبێ بینەرانی دڵخۆش بکات و سڵاوێکی بداتەوە، کەچی لە بری ئەوە بینەرانی ئەتاسێنێ! رباب،ی پاڵەوانی چیرۆکەکە کە نموونەی ئافرەتی خۆڕاگری نیشتمان پەروەر و خێزان پەروەرە بەنی جگەری ئەپچڕێ! بەم جۆرە جگە لە عبداللەی کوڕی کە بە برینداری ڕزگاری ئەبێ و بینەران هەموو ڕووداوەکانی چیرۆکەکە لە دیدی ئەوەوە ئەبینن، هەریەک لە هومامی کوڕی و عبدالرحمنی هاوسەری، تێکڕای پێشمەرگەکان و هەڵاتووە عەرەبەکان پێكەوە شەهید ئەبن و جارێکی تر خوێنی نێر و مێی ڕۆڵەکانی هەردوو نەتەوەی کورد و عەرەب لەسەر خاکی پیرۆزی کوردستان بە ناڕەوا ئەڕژێن.   رباب پێمان ئەڵێ، مەرج نییە کە هەرچی لە ناو ڕژێمی پێشودا کاربەدەست بووبێ، دژی گەلەکەی بووبێ و سەنگەری میللەتی چۆڵ کردبێ! بەڕێوەبەری ئەمنی سلێمانی بەخۆی و ماڵ و منداڵیەوە پەنا بۆ کوردستان ئەهێنن و لە ڕێگە ئەکوژرێ.  هەمانکات مەرجیش نییە ئەوەی لە ناو پێشمەرگەدا بووبێ و چەکی کردە شانی لەبەرەی میللەتدا بێ، ئەوەتا رەئووف سیخوڕ دەرئەچێ و پلان بۆ کوشتنی هاوڕێکانی دائەنێ و عاقیبەت هەر بەدەستی پێشمەرگەش 'ئیعدامی شٶڕشگێرانە' ئەکرێ!    ئەم درامایە ئەوە ئەسەلمێنێ کە چیا سەرکەشەکانی کوردستان، هەمیشە حەشارگەی شۆڕشگێرانی هەموو عێراق بوون بە جیاوازی نەتەوەیی، مەزهەبی، ئایینی و بیرو باوەڕی سیاسییانەوە. هەرگیز کورد دوژمنی عەرەب نییە، و دیسانەوە ئەوە ئاشکرا ئەکات کە هەموو کات سلێمانی مەڵبەندی کوردایەتی و لانکی شۆڕش، و خۆراگری و بەرخودانە!   پەیامێکی تری رباب بریتییە لەوەی کە گەلانی عێراق بە کورد و عەرەبەوە، بە شیعە و سونەوە یەک خانەوادە بوون و حکومەتی بەعس لە ئازاردان و سەرکوتکردنی هیچ لایەک دەستی نەئەپاراست. بەعس ئەوەندە دڕندە و ستەمکار بوون تەنانەت لە تێکدانی پەیوەندی خێزانیش نەدەپرینگانەوە!  صبری چەندین جار هەڕەشەی بەگرتدانی مجیدی ئامۆزا و کوشتنی کوڕەکەی خۆی ئەکا ، کە ئەفسەری سوپای عێراقە و وەکو تر زاوای ربابە.   رباب ڕەنگدانەوەی کلتوری ئیسلام و عەرەبی بیابانی لە خاوەندارێتی کچە ئامۆزا و پیلانگێڕی و داگیرکاری ژن و منداڵی یەکتریدا بەرجەستە ئەکات. خودی کارەکتەری رباب هەروەک سەبایە کوردە یەزیدییەکانی، ژێردەستی داعش وایە و ئەکەوێتە بەردەستی صبری بەعسی کوڕە مامی خۆی نەک والی یان خەلیفەیەکی داعشی بێگانە!   گەرچی هەندێک جار هەست ئەکەم کە نەتوانراوە توێژینەوەی تەواو بۆ ڕووداوەکانی ئەو سەردەمە بکرێ. بە نموونە لە ١٩٨٠ کاندا حکومەتی بەعس هەرگیز ئەوەندە ئازا نەبوو بدات بەسەر دێیەکی پڕ لە پێشمەرگەدا و هەموویان بکوژێ. هەرگیز ئەمن نەدەکاری بە دوو سێ ئوتۆمبێلی هیلاک و بە دە پانزە ئەندام و بڵند گۆیەکەوە بچێتە ناو دێیەکەوە و بە مۆڵی لە پیکابەکەیان دا نەبەزن لە کاتێکدا ئەو ژمارە پێشمەرگەیەی تێدا بن و خۆیان خاوەن ماڵ بن، ئەنجام پێشمەرگەکانیش هەموو بکوژرێن!   پەلاماری گوندێکی وڵات هەرگیز کاری ئەمن نەبووە. ڕێنوێنی دراماکە وایلێکداوەتەوە کە ئەمە دێیەکی ناوچەی محمودییەی بەغدا بێ، یاخود دوجەیەل و راشدیە، و نازانێ کە ئەمە کوردستانە و کورد گەر خۆیشی ئازا نەبێ، ئەوا شاخەکان دۆستین و بە کڵاو ناگیرێن! چ جای ئەوەی ئەو دێیە لە قوڵاییشدا بووبێ، نەک قەراغ شار!   کۆتایی ساڵانی١٩٧٠ کان کەسێک لە تاخی مجید بەگی شار لە دەمەوە درا و، لە دوا نیوەڕۆ وە هێزەکانی ئەمن چوونە ئەو گەڕەکە و لە هەر چوار لاوە ئابڵوقەیان دا. ئەم گەرچی هەر خۆی بوو، بەڵام توانی لە ژێر تەقەدا خێزانەکەی دەربکا. ئەمن و قوات خاصەکان بە بڵندگۆ بانگەوازیان بۆ ئەکرد و پەیمانیان ئەدایە کە گەر خۆی ڕادەست بکات سەلامەت ئەبێ، کەچی ئەو هەر کۆڵی نەدا و تا ئێوارە بەرگری کرد، و لێی ئەکوشتن و بریندار ئەکردن، تا دواتر بە ئارپی جی ماڵەکەیان بەسەردا ڕووخاند و شەهیدیان کرد.    خەڵکی سلێمانی چاک بیریانە هاوینی ساڵی ١٩٧٩کە ملازم محسن پەلاماری شەهید غەریب و هاوڕێکانی لە خانوەکانی ئیدارە محەلی گەڕەکی سەرشەقام و حاجیاوای خوارووی شار دا، بە چ دەردێک چوو!  کە عەباس چاوشین و ئاسۆی دەلاک چۆن بە ڕۆژی نیوەڕۆ کونە مشکیان لێ کردبووە قەیسەری؟!   بۆیە ئەمن ئەوەندە نەفام نەبوون و خۆیان لێ زیاد نەبووە، کە ئاوا بە تۆپزی بەو ئۆتۆمبێلە خەڕەکە شکاوانەوە پەلاماری پێشمەرگە بدەن!   ئەو ئیشە کاری سوپا بوو، دیارە ئەویش بەبێ پاڵپشتی هەلیکۆپتەر، پیلاتۆز،  تانک ، زرێپۆش و جاش هەرگیز زاتی ئەو سەرکێشییەی نەکردووە.   ئەمە جگە لەوەی کە لە هەموو مێژووی سلێمانیدا هیچ بەڕێوەبەرێکی ئەمنی عەرەب ئەوەندە ویژدان زیندوو و لە خۆبردوو نەبووە کە چەکی شەرەف بکاتە شانی، بەڵكو بە پێچەوانەوە هەموو لە کورد کوشتندا داهێنانیان کردووە و نموونەشیان زۆرە.   ڕاستە ئەم چیرۆکە بەشێکی زۆری هەڵبەستنە و هەرگیز دۆکیومێنتەری نییە، هەمانکات ئیشی ئەویش نییە کە هەموو ڕووداوەکان وەک خۆی دەقاق و دەق بگێڕێتەوە، و بۆ چوونەکە ڕێژەییە. دەنا خەڵکی کەمفرسەتی دانیشتووی سلێمانیش هەبوون کە ئەو زەمان خۆیان گەیاندۆتە بەغدا ماڵ و موڵکی فەیلییەکانیان بە تاڵان لە حکومەت کڕیوەتەوە، لە هەندێ حاڵەتیشدا لە دەمیانەوە داون و بەو هۆیەوە ئەم دەوڵەمەند کراوە و ئەوانیش سەریان پەڕێنرا!   لە هەڵبژاردنی ئەکتەرەکاندا وەستاییەکی باش کراوە، ئەکتەری ناسراو و بە توانای عێراق و عەرەبی تێدان، کە جگە لە ئاسیا کمال، هناء محمـد، اقبال نعیم، عزیزخیون، غانم حمید، سعد مجید، سعد محسن، مقداد عبدالرضا، شیماء جعفر.... و دەیانی تر.  جگە لەوەی کە بەرهەمەکە بە چەندین ئەکتەری بە توانای کوردی وەک ئاسۆ عمر سوارە، نەهرۆ صالح دەلۆیی، کامەران رٶوف، کاوە قادر، ئاشتی عثمان دانش، جزا محمـد سعید، ، جبار محمـد، هۆزان هەڵگورد، یاسین بەرزنجی.. تاد، موتوربە کراوە.   ڕەنگە کەس لە غانم حمید گونجاوتر نەبێ تا (صبری) بێت،  یان سعد مجید بۆ ڕۆڵی (عقید مٶید) ، و هناء محـمد وەک (کواکب)، و .. تاد. بەڵام بە داخەوە ئەڵێم کە لە هەڵبژاردنی بەشێک لە ئەکتەرە کوردەکاندا سەرکەتوو نین، و لەوە ئەچێ بە ناسیاوی و دەستیاوی کرابێ! بە نموونە هەردوو کارەکتەری سیروان، دڵشاد بۆ ئەوە ناگونجێن باوک و کوڕ بن، چونکە هەردووکیان یەک تەمەنن و لە باتی ئەوە زۆر گونجاوترە برا بن! ئەمە سەرەڕای سەرنجی زۆر لەسەر ناوی کارەکتەری سیروان!   کارەکتەری پێشمەرگەکان پێویستە بیچم و قەڵافەتیان لە پێشمەرگە بچن، نەک بەو شێوەیەی کە بەشێکیان ئەبینرێن! لە ناو هەموو پێشمەرگەدا لەبەر کەم خۆری و هەمیشە جوڵە جوڵ و جەولە کردن ڕەنگە تێیاندا نەبووبێ وەک چەندانێک ئەوەندە ناو قەد ئەستوور بووبێ!    هەرچی کارەکتەرەی صبری و عقید مٶیدیشە ئەوە بەهەمان شێوە زۆر تەنگە ئەستوور بوون، و لەگەڵ پێگە و بەرپرسیارێتیاندا نەئەگونجا! ئەوەی کە من بیرمە صدام هەر لەو ساڵانەدا جۆرە ڕێنماییەکەی بۆ گشت بەرپرسە باڵاکانی بەعس و دەوڵەت دەرکرد کە کێشیان داگرن، لە یادمە یەکێک لەوانەی کە بە ماوەیەکی زۆر پێوانەیی کێشی خۆی دابەزاند طە یاسین رمضان بوو!   ڕێنوێنیی هونەری، کە مەبەستم لە دیکۆر، پۆشاک، مەکیاج، تفاق، جێگەکان.. تاد زۆر جار کورت ئەهێنێ. جێگەکانی بەغدا مایەی باوەڕپێکردن نین کە ئەوانە نوسینەگەی ئەو بەرپرسە باڵایانەی حزبی بەعس و دەزگا داپلۆسێنەرەکانی بن. ئەوان نوسینگەکانیان گەورە و فراوانتر بوون لەوەی لە رباب دا دەرئەکەون، ئەوەی کە بەغدای جارانی بینیبێ ئەزانێ کە کەس نەیوێراوە بە بەردەمی ئەو ناوچەیەی ئەمنی عامەدا تێپەڕێ و سەیری بەردەرگا و پاسەوانەکانیان بکات!     جگە لەوە بەڕێوەبەرایەتی ئەمنی سلێمانی کە ئەوکاتی ئەم چیرۆکە باسی لێوە ئەکات، زۆر لەوە تۆکمەتر بوو کە لەم درامایەدا دەرئەکەوێ و زۆرترین پارەیان بۆ ئەمنە سورەکە سەرف کرد، و باشترین نەخشە و بەڵێندەریان بۆ هەڵبژارد!   ئەو زەمان ملازم محسن ببڕ و بکوژی شار بوو، و زۆر جار بە ئوتۆمبێلە جێ ئێڵە خاکییەکەی بە ناو شاردا ئەهات و ئەچوو، دەیان لاندکروزەر و پیکابی شۆفرۆلێتی قەبە و خاکی و سەوزباویان هەبوون کە سەربازەکانیان بە مدیو و ئەودیودا بە تفەنگەکانیانەوە تێێدا دائەنیشتن!   کەچی ئۆتۆمبێلەکانی ناو دراماکە، بە نموونە لە سلێمانی بریتین لە پیکابێک، لاندرۆڤەرێکی سور و لاندکروزەرێکی هیلاک کە لەو باوەڕەدام مۆدێلی ١٩٨٧ بەرەو ژوور بێ، لە کاتێکدا رباب باسی سەرەتای ١٩٨٠کان ئەکات، زۆر لەوە کەمترن کە لە بەردەستی دەزگا حیزبی و تۆقێنەرەکانی حکومەتدا هەبوون، تەنانەت زۆر لەوە پەڕپوتتریشن کە بە مفەوەزێکی ئەمنی عامە یاخود سلێمانیش بووبن!   جگە لەوەی کە بەشیکی تفاق و کەرەسەکانی دراماکە هی ئەو زەمان نەبوون و نوێترن. دیسانەوە ئەو جێگەیەی کە عبدالرحمن و کوڕەکانی پێیدا تێپەڕین چیایی و پڕسەوزایی بوون، و بە ئاشکرا ناو سنەوبەرەکانی شاخی گۆیژە یان مامەیارە بوون لە کاتیکدا فەیلییەکان لە ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە دەربەدەر کران، کە ئەو ناوچانە زۆرینە گردۆڵکەی ڕووتەن و بیابانی لماوین، بۆیە ئەکرا تۆزێک بەملاترەوە لە دۆڵەڕووت، ئەم جێگایانە زۆر ئاسان فەراهەم بکرێن.   گوندی هەنارەی خواروو یەکێک بوو لە جێگەکانی وێنەگرتنی ئەم درامایە کەچی لە هەندێ جێگەدا ژمارەی شەقام و کۆڵان و گەڕەک لەلا تەنیشتی دیواری ماڵەکان بە بۆیاخیكی سەوزی شێخانی ئەمڕۆ دەرئەکەوتن، کە ئەو کات نەبوون.   لە بەغدایش هەمان کێشەی کەمی لێ وردبوونەوە لە وردەکاری و بەردەوامییدا هەن. لە دیمەنێکدا ئەبینرێ کاتێک صبری دوور لە مێزو کورسی نوسینگە حیزبییەکەی لەولاترەوە قسە ئەکا، دەسکی تەلەفۆنەکەی لەسەر لاشەکەی لادراوە! ئەمە گەر بە مەبەست نەبێ دیارە بەو مانایە دێ کە ئەتوانرێ گوێ لە قسەکانی بگیرێ و ئەبوو ڕینوێن Directorو ڕێنوێنی فۆتۆگرافی Director of Photographyو هونەرمەندی بەردەوامی Continuity artist وردبینتر بن.   سەبارەت بە جلوبەرگی کارەکتەرەکان ئەهێنێ زۆری لەسەر باس بکرێ، بە نموونە چۆن مٶید لە سەرەتای دراماکەوە تا کۆتایی کە باسی هەر نەبێ چەند مانگێک ئەکا یەک جۆر قاتی سەفاری لەبەردا ئەبێ، کراسە وەنەوشەییەکەی ئەمنێک هەر هەمان کراس ئەبێ، و ناژاکێ؟   هەرچی پەیوەستە بە جلکی کارەکتەرە کوردەکانی دراماکەوە، ئەوا ڕەنگە من زۆر گلەیم لە ایاد عابدی پۆشاکسازی دراماکە نەبێ کە کورد نییە، گەرچی ئەویش ئەبوو پێشتر توێژینەوەی قوڵی لەم کایە گرنگەدا بکردایە، بەڵام پێویست بوو کۆمپانیای خاوێ فیلم لەم لایەنەوە چاوساغییان بکات و ئەکتەرە کوردەکانیش هەریەک لەلای خۆیانەوە ئەوە ڕەچاو بکەن و بەو جۆرە لە دراماکە کەم نەکەنەوە.   بەرگی عبدالرحمن و کوڕەکانی سەیر بوون و لە پێوانەی خۆیان گەورەتر بوون، جامانەکانیان خراپ بەسترابوون. پێشمەرگە و گوندنشینانیش هەموو جلکی خاکی و کاڵ لەبەر ئەکەن تاکو تێر و تاریک. کەچی بەشێکی گوندیی و پێشمەرگەکانی ئەم درامایە، جلکی تۆخ و شارییانەیان لەبەردابوون کە بۆ جەژن و شەکراو خواردنەوە ئەشیان!   پۆشاکی کوردەکان بە تایبەت کارەکتەری هوشیار لە جلکی کەسێکی ژیاوی ناو دەشت و دەر ناچێ! کراسەکانیان هەموو نفت و نوێ و دەق نەشکاو بوون! شەرواڵ و ستارخانییەکەی هوشیار خۆڵاوی نابێ، ملیانی کراسەکەی بە ڕێگەیەکی پیادەی ناو شاخ و داخی چەند ڕۆژەی نێوان دوو وڵات و مانەوە لە ئێران، چڵک سواغی نادا.. تاد؟   دیسانەوە مەکیاجیش هەندێ جار گرنگی پێ نەدرابوو و لەوە ئەچوو هەرکەس بۆخۆی ئیشی کردبێ، بە نموونە نینۆکی رباب لەوپەڕی کاتەکانی نەهامەتی و ئاوێرکردنی لە مێرد و کوڕەکانی بۆیەی تەواو و بریقەداری سەردەمی بوون. ئەمانە هەمووی بەرپرسیاریەتی علی ابو سیف، ی ڕینوێنی دراماکەن بە پلەی یەکەم، حسان رعدی ڕێنوێنی جێبەجێکار و ڕێنوێنی هونەری و مەکیاجکاری کارەکە... تاد، بەڵام ئەشبوو لایەنی بەرهەمهێنەر کە بە پلەی یەکەم کەناڵی العراقیة ئەگرێتەوە، تۆزێک دەستکراوە بن و لەبەر تێچوون کۆمەڵێک وردەکاری زۆر گرنگ ئافەرۆز نەکەن.    ئەمە یەکێکە لە هۆکارە سەرەکیەکانی دەرکەوتنی ئەم جۆرە هەڵە زەقانە و جگە لەوەش هەست ئەکرێ کە ئیشەکانی کوردستانیان بە پەلە پروزێ کراون، توێژینەوەی قوڵیان بۆ نەکرابێ، و ویستراوە بە ماوەیەکی زۆر کەم وێنە گرتنی ئەو هەموو دیمەنە گرنگ و سەرنجراکێشەی ئیشکەیان ڕاپەڕێنن.   لام وایە ئەمێستا دەرهەق زەمانە ئەوەندە بەس بێ، ئەگینا دیارە رباب زۆرتر لەوە ئەهێنێ کە لێرەدا بتوانم لەسەر هەموو لایەنێكی بنوسم! بەڵام سەرەڕای هەموو ئەمانەش رباب بە هۆی گونجاوی و جوانی بیرۆکەی خۆبەدەستەوەنەدان، کە هەموو لەگەڵیدا هاوسۆز و تەباین و ئەو چنینە نایاب و جاڕسنەکەرەیەوە، دیسانەوە بیرخستنەوەی ئەو هەموو ئازارەی کە زۆرینەمان دوور و نزیک پێیاندا تێپەڕیووین و ئەزمونمان کردووە، وێڕای نواندنی بەرچاوی ئەو هەموو کەڵە هونەرمەندە کورد و عەرەبە، زۆرینەی زۆری دراما کوردییەکانی دوای ڕاپەڕینی تێپەڕاند و بینەرانی بۆ خۆی بڕدا! _______________________ (*)  بە کەمێک دەستکارییەوە شیعرەکە ئەڵێ؛ محمـد: بۆ لە چارەمان نوسراوە، پەستی، فرمێسک، ئاخی تەمەنێک کە ئەژین، کۆرس: ژیان رۆژ لە دوای ڕۆژ سەختترە و هەمووی بە دڵەراوکێ ئەبەینە سەر، ئێمە فرۆشراوین هەموو دنیاش هاواریانە بە چەند؟ محمـد: هەرچەند خەون بەوە ئەبینین کە سبەینێمان باشتر بێ کەچی سبەینێ هەمووی ئەبێ بە زام، ئیتر ئەگەڕێینەوە بە گریان و ئەگەڕیینەوە بۆ خەمخواردن هەموو تەمەنمان، بە ئازاردانی گیانمان تەواو ئەکەین.  لە دنیاماندا خۆشیمان نەدی، شەومان بینی بەڵام بەیانیەکەی ون بوو، جا  کە زامەکانی بە هێندەی دنیاو گەورەتریش بن، چۆن بژین؟ کۆرس: هەمان دێڕەکانی پێشوو محــمد: بڕوانە دنیا چی لێ کردین، دووری خستینەوە، نازانم ئێمە چیمان کرد و بۆچی ئەو هەموو خەڵکە باشەیان هەڵفراند؟ خەڵکیمان خۆش ئەویست و بەوەفا بووین، بیرمان نایە جارێکیش ئاسودە بووبین، لەو مەراقەشدا کە تێماندایە، دە لێگەڕێن ئەمانەوێ بژین.. کۆرس: هەمان دێڕەکانی پێشوو   سەرنج: بۆ نوسینی ئەم بابەتە بێجگە لە بیرەوەری و زانیارییەکانی خۆم لەسەر بنەچەی کوردە فەیلییەکان و بەشێکی ڕووداوە مێژووییەکان چەند سەرچاوەیەکیشم بەسەرکردۆتەوە، لەوانە: ١. کوردستانی، محمەد مەردۆخی، 'مێژووی کورد و کوردستان'،  وەرگێرانی عەبدول کەریم محەمەد سەعید. پێداچونەوەی، ئومێد ئاشنا، چاپخانەی اسعد. بەغداد. ١٩٩١ 2. Faili Kurds, minority rights group international,  https://minorityrights.org/minorities/faili-kurds/1/6/[email protected] 3. Feylis, https://en.wikipedia.org/wiki/Feylis. 1/6/2020 @ 10.00am 4. https://www.youtube.com/watch?v=5BvseGCOZBk 31/5/2020    

نوسینی: هیوا موسا لەکتێبی جەستەیەکی لاواز بەخاچەوە. فۆکۆ لە کتێبی دسپلین وسزادا مێژوی قۆناغە جۆراوجۆرەکانی سیستمی سزاو لەدایک بونی زیندان و ئەو بەرەوپێشچونانەمان بۆ دەخاتە ڕوو کەبەسەر سیستمی سزادا هاتوە، هەر لە چاودێری تەواوی بەندکراوانەوە بۆ لەسێدارەدانیان. فۆکۆ ئەو ڕێگاو شێوازانەمان بۆ بەیان دەکات کە چۆن تێیدا سیستمی سزادان لە ئازاری توند لەسەر جەستەوە گواستراوەتەوە بۆ ئازاری ڕۆحی. بەندینخانە بەلای فۆکۆوە سیستمێکی داخراو کۆنتڕۆڵکراوە، ئەو جێگەیە کە تاکەکان دەخرێنە ژێر چاودێری توندەوە، ئیدی دەسەڵات لەوێ وە خۆی پەخشدەکات. سیستمی سزا لەپێش سەدەی هەژدە ڕاستەخۆ لەسەر جەستەبوە وەک لێدان وهەڵواسین و ئازاردان و تەنانەت لەسێدارەدانیش، ئەمانە هەموو بۆ ئەوەبو هەتا ببێت بەوانەیەک بۆ ئەوانی تر کە کاری لەم شێوەیە نەکەن، بەڵام لەسەدەی هەژدەبەدواوە ڕیفۆرمیستە فەڕەنسەیەکان پرسەکانی خۆیان لەسەر سیستمی سزا چرکردەوە بەجۆرێک داوای کەمکردنەوەی سزایان دەکرد بۆ تاوانباران، ڕیفۆرمیستەکان پیان وابو کە ئامانج لە سیستمی سزا نابێت تۆڵەکردنەوەبێت بەڵکو دەبێت هەوڵێک بێت بۆ ڕێگری کردن لە ئەنجامدانی تاوان لەداهاتودا. ئەوەی بۆ من گرنگ بو لەم خوێندنەوەدا، ئەوەیە کە قسەلەسەر ڕەفتاری بەعس و سیستمی سزاکەی بکەین لەزینداندا، کە لەم کتێبەی هاوڕێ حەکیمدا هاتوە، کەچۆن زیندانی بەعس بەدیوێکدا جێگەیەک بوە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی کۆمەڵگا، لەهەمان کات جێگەیکیش بوە بۆ تۆڵە کردنەوە. لەئەشکەنجەکانی کەسی زیندانیکراودا ئەوە دەبینیت کە تۆڵەکردندەوە زاڵە بەسەر سزای زیندانیاندا، ئەوان لێت نادەن تەنها لەبەر ئەوەی دان بنێیت بەوشتانەی کەلەسەر تۆ وتراون، وەک ئەوەی نوسەر پێی وایە، بەڵکو بەشێکی شاراوەی پشی ئەم لێدان و ئەشکەنجەدانە ئەو تۆڵە کردنەوەیە، کەلای بەعس و دەوڵەتەکەی هەیە، ئەوان لەقامچی و هەڵواسین و فەلاقەکردنی دکتۆر حەکیمدا دەیانەوێت بەکەسی بەندکراو بڵێن، کە چۆن لەژێر دەستی ئێمەداو بەدزی دەوڵەتەوە هەستاوی بەئەنجامدانی کاری دژ بە ئێمە. کلتوری هەڵواسین ولێدان وئەشکەنجەو لەسێدارەدان ،کەلتوری سزای پێش دروستوبونی دەوڵەتی مۆدێرنە، چون دەوڵەتی مۆدێرن بۆ کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵگا ڕێگەی ئاسانتری لەبەردەستدایە، بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ زیندانیاندا ڕێگەو فۆرمی تر دەگرێتەبەر زیاتر سزایەکی ڕۆحی یە وەک ئەوەی جەستەی بێت. ئەو تەنانەت نەخۆشخانەکان و قوتابخانەکان ناوەندی ئامارو چەندان ناوەندی تریش وەک ناوەندی کۆنتڕۆڵ دەبینێت بەسەر کۆمەڵگاو تاکەوە وەک ئەوەی فۆکۆ پێمان دەڵێ. بەڵام سزای زیندانەکان لەعێراقدا هێشتا لەو قۆناغەدایە کە ناو دەبرێت بەزیندانەکانی پێش سەدەی هەژدە، هێشتا لێدان و ئەشکەنجەو لەسێدارەدان زمانی ئاخاوتن وەسیلەیەی گفتوگۆیە لەگەڵ زیندانداو تەنها وەسیلەیە بۆ کۆنتڕۆڵی کۆمەڵگا. بۆمن کلتوری تۆڵەکردنەوە لەزیندانەکانی بەعسدا بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆئەو پێکهاتە خێڵگەرێتیەی کە بەعس تێیدا لەدایک بوەو وەبەردەوامیشی بەخۆی داوە تێیدا، بۆنمونە لەزمانی یەکێک لەشاهید حاڵەکانی زیندانەوە گوێبیستی ئەوە دەبین و وەک کامێرەمانێک بەجوانی ڤیدیۆی ئەو تۆڵەکردنەوەی بەعسمان بۆدەکات لە سەر دکتۆر حەکیم و دەڵێ( دوای ئەوەی (حەکیم)یان لەژێر فەلاقەو هەڵواسین وکارەبا دەرهێنا هێنایان بە عەمودێکەوە( سی و شەش) کاتژمێر دەستەکانیان بەستەوە بەشێوازی هەڵواسین، بەجۆرێک پێی یەکانی لەعەرز پچڕابون، هەر جەلادیکیش بەو جێگادا تێدەپەڕی بۆ سەرئاو ، جگەرەکەی دەستی بەجەستەی دکتۆر حەکیمەوە دەکوژاندەوە. کاتێک هاوردیانە ژوورەکەی ئێمەوە وتی هیچی کە ماوە بەرامبەرم بیکەن). خودی دکتۆر حەکیم خۆی دەڵێت، هەمو ئەشکەنجە قورسەکانی من بۆ ئەوەبو کە ئیعتراف بکەم ، بە ئیعترافکردنیشم لەسێدارەدان بو، پرسیارەکە ئەوەیە بۆ دەبێت دوای ئیعترافیش بتکوژن، ئەگەر کلتوری تۆڵە لەهەناوی ئەم سیستمەدا نی یەو وەک وزەی ئاڕاستەکەری ئەم سیستمە نی یە؟ کلتوری تۆڵەکردنەوە سەربەندونیا نەریتە هاوتەریبە بەخێڵەوە، یەکێک لەجیاوزیەکانی کۆمەڵگای خێڵەکی لەگەڵ کۆمەڵگای مۆدێرندا برتی یە لەکلتوری تۆڵەکردنەوە،لەخێڵدا تاوانبار نادرێت بە دادگا چون شتێک بەناوی دادگای مەدەنی لەناو خێڵدانی یە، دادگای خێل واتە تۆڵەکردنەوە یان لێ خۆش بون. بەڵام کاتێ کۆمەڵگای مەدەنی دروست دەبێت و دەوڵەتی مۆدێرن پەیدا دەبێت ، ئیدی دەوڵەت بەو ئەرکە هەڵدەسێت لەڕێگەی دادگای مەدەنیەوە، دادگا دوای لێکۆڵینەوەی مەدەنی بڕیاری خۆی دەدات، نەک تاوانبار بدرێت بە خێڵ هەتا تۆڵەی لێ بکرێتەوە. یەکێک لەماتەوزەکانی خێڵ بریتی یە لە کلتوری تۆڵەکردنەوە، بەجۆرێک خێڵ بۆئەوەی خۆی بپارێزێت لەمەترسیەکان هەمیشە چەکی تۆڵەکردنەوەی بەدەستەوەیە لەنەیارەکانی، ئێمەش لەزمانی کەسی زیندانی کراو ئەشکەنجەدراوەلەم کتێبەدا ئەو لایەنەی بەعسمان بۆ ئاشکرا دەبێت کەچۆن ویستویتی لەڕێگەی ئەشکەنجە قورسەکانی لەسەر دکتۆر حەکیم تۆڵەبکاتەوە لەکەسی ناوبرا.واتە دەوڵەتی عێراق لەڕێگەی ئەشکەنجەکانی لەسەر دکتۆر حەکیم ئەوەمان پێ دەڵێت کەسیستمی سزا لەم دەوڵەتەدا سیستمێکی خێڵەکی بوەولەسەر تۆڵەکردنەوە وەستابو.

سازدانی: شوان ئەحمەد بەشی حەوتەم‌و کۆتایی د.محەمەد کەمال، نووسەرو ئەکادیمست و توێژەرێکی بواری فەلسەفە لەبەشی حەوتەم و کۆتایی چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ ‌هاوڵاتى دەربارەی فینۆمینۆلۆژی هۆش،  تیشک دەخاتە سەر چەند لایەنیکی دیکەی فەلسەفەی هیگڵ. هاوڵاتى: بەدور لەبابەتە سەرەکیەکەمان و لەپەراوێزی ئەم گفتوگۆیەدا پێمخۆشە پرسیارێک بکەم، سەبارەت بەکوردو فەلسەفە؟ ئایا کورد وەک میللەتێک فەلسەفەی هەیە؟ گەر هەیەتی چۆن و بەچ بارێک؟ گەر نییەتی چۆن دەستپێبکەین؟ د.محەمەد کەمال: گەر بەو جۆرە پێناسەی فەلسەفە بکەین کە لەزانکۆکاندا دەخوێنرێت (بەشێوەیەکی ئەکادیمی)، ئەوا ئێمە لەسەرەتاداین و تازە دەستمان پێکردووە. ئەگەر وابێت، گەر مەبەست لەفەلسەفە ئەو شێوازە بیرکرنەوەو نووسینە ئەکادیمییە بێت کە لەڕۆژئاوادا هەیە، یاخود لەزۆرێک لەزانکۆکانی رۆژهەڵاتدا هەن، ئەوا ئێمەی کورد هێشتا لەسەرەتاداین. بەڵام ئایا مرۆڤی کور دەتوانێت فەلسەفیانە بیربکاتەوە، یان نا؟ بۆچی ناتوانێت فەلسەفیانە بیربکاتەوەو بۆچی ناتوانێت فەلسەفیانە بنووسێت؟ ئایا مرۆڤی کورد چی لەمرۆڤێکی تر کەمترە کەنەتوانێت فەلسەفیانە بیربکاتەوە، یاخود بنووسێت؟ من بڕوام بەوە نییە مرۆڤ کورد نەتوانێت، فەلسەفیانە بیربکاتەوەو فەلسەفیانە بنووسێت. بەڵام لەکۆمەڵگەی ئێمەدا ئەو هەلومەرجانەمان بۆ نەڕەخساوە، تابتوانین لەنێو دەزگاکاندا(بۆنمونە دەزگای فێربوون، بەتایبەت قوتابخانە و زانکۆکان)، خوێندکارەکانمان فێری بیرکردنەوەی فەلسەفی بکەین. هەرچەندە کورد بەردەوام خاوەنی ئەندێشەی فەلسەفەی بووە. بۆ نموونە گەر بگەڕێینەوە بۆ سەر کلتوری ئەدەبی کوردی، شاعیرمان هەیە لەکۆپلە شیعرێکدا کێشەی فەلسەفەی زۆر جوانی باسکردووە، بەڵام ناکرێت بڵێین ئەوە فەلسەفەیە. ئەوە لەشێوازێکی شیعریدا، تەعبیری لەئەندێشەیەکی فەلسەفی کردووە. بەوجۆرەی ئەمڕۆ باسی فەلسەفە دەکرێت، بەشێوەی ئەکادیمیی و زانکۆکان و خوێندن و نووسینی جیدی، ئێمە لەقۆناغێکی سەرەتایداین. ‌هاوڵاتى: ئەگەرچی کتێبخانەی کوردی خاڵی بووە لەپەرتوکی فەلسەفی و نووسەرانی کورد کەمتر سەروکاریان لەگەڵ فەلسەفەدا هەبووە، کەچی کۆمەڵگەی کوردی هەمیشە حەزی بەوە بووە بەرگی فەلسەفەو نازناوی فەیلەسوف بکاتەبەرو بداتە پاڵی کەسە بەهرەمەندەکانی(وەک شاعیر و نووسەر و مێژوونوسەکانی). بۆ نمونە ئێمە هەر کاتێک ناوی کارەکتەرە گەورەکانی دنیای رۆشنبیری کوردی دێنین، وەک:(ئەحمەدی خانی و پیرەمێرد و..... هتد)، رێک و راست نازناوی فەیلەسوفێکیان دەدەینە پاڵ . ئەمە لەکاتێکدایە ئینگلیزەکان بەشکسپیر ناڵێن فەیلەسوف و ئەڵمانەکان گۆتە وەک فەیلەسوف ناناسێنن. کەچی ئێمەیەک کە نە حەزمان بەفەلسەفە هەبووەو نە سەروکارمان لەگەڵیدا هەبووە، کوشتەی ئەوە بووین بەرگی فەیلەسوف بکەین بەبەری قەڵەم بەدەست و بەهرەمەندەکانماندا(وەک ئەوەی مەسعود محەمەد فەیلەسوفە و......هتد)؟ د.محەمەد کەمال: بەڵێ‌.. ئەڵمانییەک بەگۆتە ناڵێت فەیلەسوفە، چونکە دەزانێت فەلسەفە چییە.. بەڵام ئێمە نازانین فەلسەفە چییە، بۆیە پیرەمێرد دەکەین بەفەیلەسوف. ئێمە نازانین فەیلەسوف کێیە؟ لەکوردێک بپرسە، بۆچی پیرەمێرد فەیلەسوفە؟ هەرگیز ئەم پرسیارانەمان لەخۆمان نەکردووە. یان بۆچی ئەحمەدی خانی دەکرێت بەفەیلەسوف و بۆچی ناڵێین شاعیر؟ ئەمانە هەمووی دەرگیری تێنەگەیشتنی ئێمەیە، لەواتاو مانای فەلسەفە. بۆیە ئەو هەڵەیە دەکەین و بەبڕوای من هەڵەیە. ‌هاوڵاتى: تاچەندە بڕوات بەفەلسەفەی ئیسلامی هەیە؟ ئایا شتێک هەیە ناوی فەلسەفەی ئیسلامی بێت، یان ئەمە فێڵێکە نووسەرانی ئیسلامی لێمانی دەکەن.. ئەوەی هەیە فەلسەفەی خۆرهەڵاتیە، بەڵام ئەوانە بەفەلسەفەی ئیسلامی دەیناسێنن؟ د.محەمەد کەمال: ئەوە پرسیارێکی زۆر جوانە، چونکە بەبڕوای من فەلسەفەی ئیسلامی نییە. فەلسەفەی ئیسلامی وەکو ئەوە وایە بڵێی، چوارگۆشەیەکی بازنەیمان هەیە کەشتی وانییە. چونکە ئەگەر بیرکردنەوەیەک ئیسلامی بێت، پێویستە بیرکردنەوەیەکی ئایینی بێت و نابێت نادینی بێت. ئەو فەلسەفەیەی کەهەیەو هەندێ‌ لەموسڵمانەکان دایانهێناوە(من پێی دەڵێم فەلسەفەی موسوڵمانەکان، یان فەلسەفەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، یاخود رۆژهەڵات)، زۆر لەئایین دوورەو لێی جیاوازە. هەربۆیە پێی دەوترێت فەلسەفە. ئەو کێشانەی کەسانی وەک:(کندی و فارابی و ئیبن سیناو سوهرەوەردی و مەلا سەدرا) باسی دەکەن، فەلسەفەییانە باسی دەکەن و لەڕوانگەیەکی ئایینەوە باسی ناکەن. ئیبن سینا کەباسی خودا دەکات، هەر زۆر لەخودای ئیسلام جیاوازەو خوایەکی ئەفلاتونی نوێیە. خودایەکی ئیسلامی نییە، لەبەرئەوە تۆ ناتوانین بڵێیت ئیبن سینا فەیلەسوفێکی ئیسلامییە. کێشەیەکی زۆر فەلسەفی ئیبن سینات بۆ باسکەم. کەهەندێ‌ جار بۆ موسڵمانەکانی باس دەکەم، سەرسام دەبن. ئێمە دوو جۆر زانینمان هەیە:(زانینی هەمەکی، وەک ئەو چەمکە هەمەکیانەی هەمانەو دەڵێین مرۆڤ)، مرۆڤ چەمکێکی هەمەکییە لەبیرکردنەوەی ئێمەدا . دەزانین مرۆڤ هەیە، بەڵام کەمن دەڵێم مرۆڤ، ناڵێم(شوان ئەحمەد)، چونکە (شوان ئەحمەد) هەندەکییە، تاکە. لەکاتێکدا مرۆڤ هەمەکییە، چەمکێکی هەمەکییە. کەواتە دوو جۆر زانینمان هەیە:(هەمەکی و هەندەکی) کە بەعەرەبی پێی دەڵێن(کلی و جزئی). ‌هاوڵاتى: بەڵێ‌، (گشت و بەش)... د.محەمەد کەمال:  ئێمە زانینی هەندەکی لەڕێی هەستکردنەوە دەناسین. من لەڕێی ئەزمونی هەستەکیەوە دەتوانم تۆ بناسم. تۆش بابەتێکی هەندەکیت، نەک هەمەکی. بۆچی من تۆ دەناسم، لەبەرئەوەی ئەزمونی هەستەکیم هەیە. ئەزموونی هەستەکیم هەیە، لەبەرئەوەی لەشم هەیە. گەر لەشم نەبوایەو رۆحێکی پەتی بوومایە، نەمدەتوانی تۆ بناسم، لەڕێی ئەزموونی هەستەکیەوە. جا ئیبن سینا لێرەدا دەڵێت:(خودا ئەزموونی هەستەکی نییە، چونکە خودا لەشی نییە. گەر خودا ئەزموونی هەستەکی نەبێت، بابەتە هەندەکیەکان ناناسێت). کەواتە خودا نازانێت ئیستا من و تۆ -شوان ئەحمەد و کەمال -، لێرەدا دانیشتووین و باسی بوونی ئەو دەکەین. ئەو تەنها بیرۆکە هەمەکیەکانی لایە، وەکو مرۆڤ. خودا دەزانێت بوومەلەرزە وەک چەمکێکی هەمەکی هەیە، بەڵام نازانێت دوێنێ‌ شەو لەکوردستان بوومەلەرزەیەک روویداوەو ئاگای لەوە نییە. دەی ئەمە لەکوێدا دینییە؟ ئەمە دین هەڵدەوەشێنێتەوە...ئەمە هەرچی کێشەی قیامەت و بەهەشت و جەهەنەمە، هەڵدەوەشێنێتەوە، چونکە خودا نازانێت من و تۆ چی دەکەین لێرە. ئەمە جۆرێکە لەبیرکردنەوەی فەلسەفەی ئیبن سینا. گەرتۆ ئەمە بەئیسلامی دابنێیت، ئیسلام دەکەوێتە مەترسیەوە. وانییە؟ لەبەرئەوە تۆ ناتوانیت بڵێیت:(ئەمە فەلسەفەیەکی ئیسلامییە). دەتوانیت بڵێیت ئەمە فەلسەفەی موسوڵمانێکە. جا تاچ رادەیەک ئیبن سینا موسوڵمانە، ئەوە نازانین. لەبەرئەوەی ئیبن سینا بەسێکس و بە مەی کۆچی دوایکردووە. واتە کابرا ئەوەندە سێکسی کردووەو ئەوەندە مەی نۆشیوە، کوشتویەتی. ‌هاوڵاتى: ئەدۆنیسی شاعیر زۆرجار باس لەوەدەکات - چ لەنووسین و چ لەگفتوگۆکانی- داو ئەوانەی لەچوارچێوەی شارستانیەتی ئیسلامیدا ژیاون (وەک بیرمەندو فەیلەسوف و ئەدیبانی بلیمەت و بەهرەمەند)، تێکڕایان زەندیق و بێباوەڕبوون، بەڵام بەپەنهانی و ئاشکرایان نەکردووەو بەبەرهەم و نووسینەکانیانەوە دیارەو ناکرێت وەک مرۆڤی ئیماندار سەیربکرێن؟ د.محەمەد کەمال: لەڕووی دینەوە راستە. ئەی بۆچی مەلاکان تەنگیان بەمەلا سەدرا هەڵچنی، لەئەسفەهان راویان نا؟ چوو دەساڵ لەلادێیەکدا خۆی شارداوە، لەترسی مەلاکان. سەیری ئەو بیرۆکەیەی بکە (الحرکه‌ الجوهریه‌). من ئێستا کتێبێکم هەیە بەئینگلیزی لەلەندەنە لەژێر چاپدایە، هەر بەناوی(گۆڕانی جەوهەری، لەلای مەلا سەدرا). دوا بەشی کتێبەکە ئاکامەکانی ئەو بیرۆکەیەیە:(گەر هەموو شتێک بەجەوهەرەوە لەگۆڕاندا بێت، شوناس چی لێدێت؟ یاساکانی کۆمەڵ چییان لێدێت؟ شەریعەت چی لێدێت؟ ئایین چی لێدێت؟). وانییە؟ چونکە ئەوە شتێکی رادیکالە... دەی گەر کابرا موسوڵمان و ئیسلامی بێت، چۆن وابیردەکاتەوە کەبڵێت هەموو شتێک لەگۆڕاندایە؟ لەبەرئەوە بڕواناکەم فەلسەفەیەک هەبێت پێی بوترێت ئیسلامی، بەو شێوەیەی کەدەڵێیت شەریعەتی ئیسلامی. ‌هاوڵاتى: چ وەک نووسین و چ وەک وەرگێڕان، گرنگیتان بەدوو پۆل فەیلەسوف و قۆناغی فەلسەفی داوە، یەکێکیان ئەوانەنن سەر بەفەلسەفەی کۆنی یۆنانن(ئەفلاتون، ئەریستۆ، ئەفلاتۆنیزمی نوێ‌)، پۆلێکیشیان ئەوانەن کەسەر بەفەلسەفەی مۆدێردنن(سپینۆرا، کانتـ، هیگڵ، نیشتە، هایدیگەر، سارتەر). لەشەشەم بەشی کتێبەکەی (نیشتە و پاش تازەگەری)یشدا، باس لەپۆلێک لەفەیلەسوفانی پۆست مۆدێرن دەکەیت(ئەڵبەتە زۆر بەکورتی)، وەکو:(دۆڵۆز، فوکۆ،، لیوتارد، بۆدریار، دێریدا). بەتەما نین وەک پرۆژەی داهاتووتان بەشێوەیەکی ورترو بەرفراوانتر، نووسینتان لەسەر بیرمەندانی پۆست مۆدێرن هەبێت؟ د.محەمەد کەمال: ئەڵبەت من بۆ داهاتوو پرۆژەم زۆر بەدەستەوەیە، گەر تەمەن رێگە بدات. زۆر فەیلەسوف هەن ئاوڕم لێ‌ نەداونەتەوەو حەزدەکەم لەداهاتوودا بەسەریان بکەمەوە. بۆنمونە:(فێرگەی ئەزموونگەری). وەک دەبینم لەکتێبخانەکاندا هیچمان نییە لەسەری، وەکو:(جۆن لوک و بارکلی و هیوم) کەئەمانەش زۆر گرنگن بۆ تێگەیشتن، لەمێژووی فەلسەفەو کێشە فەلسەفیەکان. من حەزدەکەم بەجددی ئاوڕێک لەوانە بدەمەوە، ئاوڕێک لەپۆست مۆدێرنەکان بدەمەوە. بەجددی ئاوڕێک لەهەندێ‌ فەیلەسوفی گرنگی دیکەش بدەمەوە. بەڵام ئەوەش دەکەوێتە سەر تواناو ئەوکاتەی هەمە بۆ نووسین. هیوادارم بتوانم لەداهاتوودا، بەرهەمی زیاترم هەبێت. ‌هاوڵاتى: ئێمەش هیوای بەردەوامی و تەمەن درێژیت بۆ دەخوازین.. سوپاست دەکەم و ماندووم کردن. - سوپاس بۆ ئێوەش.

سازدانی: شوان ئەحمەد بەشی شەشەم د.محەمەد کەمال، نوسەرو ئەکادیمست و توێژەرێکی بواری فەلسەفە لەبەشی شەشەمی چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ ‌هاوڵاتى دەربارەی فینۆمینۆلۆژی هۆش.  تیشک دەخاتەسەر چەمکی هۆش و روح و رای خۆی لەبارەیانەوە دەڵێت. د.محەمەد کەمال دەڵێت «زۆربەی کۆڕەکانی من ئەمجارە، لەزانکۆکاندا نەبوون. من تائێستا نەچوومەتە بەشی فەلسەفەی زانکۆی سلێمانی. چوومە هەولێر، بەڵام نەچوومەتە بەشی فەلسەفەی زانکۆی سەڵاحەدین. لەدەرەوەی زانکۆ کۆڕم گرتووە، چونکە دەزانم کۆمەڵێک گەنجی باش، خوێنەری چاک و جدیمان هەن لەدەرەوەی زانکۆکان فەلسەفە دەخوێننەوە». ‌هاوڵاتى: بەهەرحاڵ ئەوەمان بۆ ڕوونبکەنەوە کەتۆ بۆچی بە(هۆش)کردوتەوە بە (ڕۆح) نەتکردووە، تاخوێنەرانی ئێمە لەو بێنەو بەردەیە نەجاتیان بێت و یەکلابنەوە لەوەی کەکامیان دروستەو هیگڵ خۆی مەبەستی کامیان بووە؟ د.محەمەد کەمال: من لەکۆڕەکەمدا لەسەر (فینۆمینۆلۆژیی هۆش)، ئەوەم روونکردووەتەوە. لێرەشدا هەوڵدەدەم بەچەند خاڵێک ڕوونی بکەمەوە: یەکەم/ ئەگەر (هۆش) هەڵەبێت و (ڕۆح) ڕاست بێت، ئەی بۆچی کاتێک ولیەم واڵاس(فینۆمینۆلۆژیی) وەرگێڕا بۆسەر زمانی ئینگلیزی، کردی بە (فینۆمینۆلۆژیی هۆش)، کەس پەلاماری نەدا. کەس نەیوت تۆ هەڵەیت و وەرگێڕانەکەی بوو بەستاندارد. بەهەمان شێوە وەرگێڕانێکی دیکەی بەزمانی ئینگلیزی هەیە، بەناوی(فینۆمینۆلۆژیی ڕۆح). ئەمانە کەسیان ناڵێن، من ڕاستم و تۆ هەڵەیت. ئەمە دەبێت، چونکە بەزمانی ئەڵمانی واتای (هۆش، ئاگایی) و ڕەنگە مانای (ڕۆح)یش بگەیەنێت. کە لەڕاستیدا ئەو ناڵێت ڕۆح و دەڵێت: (-واتە خێو، تارمایی). لەم حاڵەتەشدا واباشترە بیکەین بەفینۆمینۆلۆژیی خێو، نەک ڕۆح . دووەم/ ئەوانەی هیگڵ بەرەو ئایین پەلکێش دەکەن و لەئایدیالیزم زۆر نزیکی دەکەنەوە، حەزدەکەن ئەو بەرهەمەی بکەن بە(فینۆمینۆلۆژیی ڕۆح). ئەوانەشی دەیانەوێت شرۆڤەیەکی مرۆڤدۆستانە بۆ هیگڵ بکەن، زیاتر جەخت لەسەر ڕاڤەکردنی هیگڵ بۆ مێژوو دەکەن (کەدیالێکتیکەکەیە). هەوڵدەدەن ئەو بەرهەمەی بە(فینۆمینۆلۆژیی هۆش)، وەربگێڕن. لەبەر ئەوەی هیگڵ بەیەکێک لەپایە سەرەکیەکانی هۆشگەری و سەردەمی مۆدێرن و تازەگەری دادەنێن. منیش بۆخۆم لەو ڕوانەگەیەوە، کردوومە بەهۆش نەک بەڕۆح. لەو بڕوایەشدا نیم من هەڵەبم و ئەوان ڕاست بن، یان ئەوان ڕاست بن و من هەڵەبم. مەسەلە ڕاست و هەڵە نییە، چونکە کتێبکە خۆشی بەزمانی ئینگلیزی، بەدوو شێوە ناونیشانەکەی تەرجەمەکراوە(هەم بەهۆش و هەم بەڕۆح). ‌هاوڵاتى: ئێمە ئێستا لەسەردەمێکدا دەژین، ڕۆژانە گوێمان بەدەنگ و سەدای کۆتاییەکان دەزرنگێتەوە: (کۆتایی مرۆڤ، کۆتایی هونەر، کۆتایی مێژوو، کۆتایی فەلسەفە.....هتد). بەڕای ئێوە فەلسەفە کۆتایی هاتووە، یان دەشێت بیرکردنەوەی فەلسەفی کۆتایی بێت؟ د.محەمەد کەمال: گەر فەلسەفە بەزانستی میتافیزیک دابنێین، ئەو زانستەی لەبوونی خودا دەکۆڵێتەوەو دەیەوێت بەڕاستەقینەیەکی ڕەها بگات، ئەوا فەلسەفە لێرە کۆتایی دێت. چونکە زانستەکان هاتوون وەڵامی زۆر پرسیاریان داوەتەوە. بەڵام کاتێک فەلسەفە بەبیرکردنەوە لەبوون دادەنێین، بەهیچ شێوەیەک کۆتایی نەهاتووەو کۆتایشی نایەت، لەبەرئەوەی تائێستا نەمانتوانیوە ڕاستی بوون بناسین و واتاکەی بدۆزینەوە. بۆیە پێویستە فەلسەفە بەردەوام بێت و بەردەوامی هەبێت. ‌هاوڵاتى: میشیل ئۆنفێری وەک چەپێکی نیتشەیی و وەک پۆست - ئانارشیستێک، کار بۆ ئەوە دەکات فەلسەفە بکاتە بابەتێکی میللی و جەماوەری و لەوچوارچێوە ئەکادیمی و نوخبەگەراییە دەریبهێنێت. لەوبارەیەوە دەڵێت: (پێویستە فەلسەفە لەو تەوقە ئەکادیمیە ڕزگاربکرێت و بگەڕێتەوە ناو خەڵک و نێو شەقام و کوچەو کۆڵانەکان). ئەمە هەولێک نییە بۆ لێدان لەفەلسەفەو کۆتایهێنان بەفەلسەفە؟ یان هەولێکە بۆ ڕزگارکردنی لەدەستی نوخبەگەرا و ئەکادیمیا؟ د.محەمەد کەمال: بەڵێ‌. من خۆم میشێل ئۆنفێری دەناسم. بینیوومەو پێکەوە دانیشتووین. لەماوەی ڕابردوودا سەردانی ئوستراڵیالی کرد. لەوێ‌ رادیۆیەک دەعوەتی چەند کەسێکیان کردبوو بۆ ژەمی بەیانی تا لەگەڵ میشێل ئۆنفێری دانیشن، یەکێک لەوانەی داوەتکرابوون، من بووم. ئەوانەی لەوێ‌ بوون سێ‌ چوار کەس بوون کەڕۆژنامەنووس بوون، شارەزاییان لەفەلسەفەدا نەبوو. لەو دانیشتەدا دووبەدوو کەوتینە گفتوگۆو مشتومڕ لەسەر هەندێ‌ کێشە، بەتایبەت تەکنەلۆژیاو گەشەی خێرای زانست و چەند بابەتێکی تر. بەڕێوبەری ڕادیۆکە دواتر تەلەفونی بۆکردم، وتی بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیم ئامادەکردووە تا تۆو میشێل ئۆنفێری گفتوگۆبکەن. منیش لەوەڵامدا وتم: (دەبێت کاتم بدەنێ‌، تاخۆمی بۆ ئامادەبکەم). ئاخر ئاسان نییە لەسەر تەلەفزیۆن و لەگەڵ فەیلەسوفێکی فەرەنسی دابنیشیت و دەبێت ئەو شتانەی دەیانڵێیت مەعقول بن. کتێبەکانی بخوێنیتەوەو پرسیارت هەبێت و گفتوگۆ بکەیت لەگەڵی دا . من وتم دەبێت لانی کەم هەفتەیەکم بدەنێ‌ بۆ خۆئامادەکردن، بەڵام ئەو دەڕۆیشتەوەو زۆر نەمایەوە.. لەبەرئەوە نەمتوانی بەشداربم و لەبری من یەکێکی دیکەیان بانگهێشت کرد. بەڵام سەبارەت بەپرسیارەکەتان و گواستنەوەی فەلسەفە لەهۆڵە ساردەکانی وانەوتنەوەی زانکۆکانەوە، بۆ نێو خەڵک، ئەوە شتێکی تازە نییە. بەبۆچونی من یەکەمجار هایدیگەر کردی، بەنووسینی کتێبی(بوون و کات). (بوون و کات) کەدەیخوێنیتەوە، وەکو(فینۆمینۆلۆژیی هۆش)نییە. دەقێکە تەنانەت ئەوەی فەلسەفەشی نەخوێندووە، دەتوانێت بیخوێنێتەوەو لێی تێبگات. تەنانەت مارکۆزە لەوتارێکیدا دەڵێت:(هایدیگەر توانی فەلسەفە ڕزگاربکات و لەزانکۆکانەوە بیهێنێتە سەرشەقام). ئەڵبەتە مەبەستی لە(سەرشەقام)یش ئەوە نییە بیخاتە ناو کلتورە بازاڕیەکەوە، بەڵکو بەو مانایەی ئەو خوێنەرەی دەستی بەزانکۆکانیش نەگەیشت، دەیتوانی (بوون و کات) بخوێنێتەوەو لەبۆچونەکانی هایدیگەر تێبگات. بەهەمان شێوە میشێل ئۆنفێری دەیەوێت، فەلسەفە لە زانکۆکان ڕزگار بکات و بیهێنێتە دەرەوە. ئەمەش بەبڕوای من، کارێکی زۆر باشە. تۆ دێیت و بیرکردنەوەی فەلسەفی بەخوێنەران بناسێنیت، کارێکی زۆرباشە. ئەڵبەتە من حەزناکەم خۆم بخەمە ڕیزی ئەو فەیلەسوفانەوە، چونکە ئەوانە هەم مرۆڤی گەورەن و هەم فەیلەسوفی گەورەن، بەڵام بیرت نەچێت زۆربەی کۆڕەکانی منیش ئەمجارە، لەزانکۆکاندا نەبوون. من تائێستا نەچوومەتە بەشی فەلسەفەی زانکۆی سلێمانی. چوومە هەولێر، بەڵام نەچوومەتە بەشی فەلسەفەی زانکۆی سەڵاحەدین. لەدەرەوەی زانکۆ کۆڕم گرتووە، چونکە دەزانم کۆمەڵێک گەنجی باش، خوێنەری چاک و جدیمان هەن لەدەرەوەی زانکۆکان فەلسەفە دەخوێننەوە. پێویستە ئەوانە ببینم و پێویستە فەلسەفە لەو شێوازە تەقلیدییە بێتە دەرەوەو بچێتە ناو خەڵکەوە. ئەمەش بۆخۆی هەوڵێکی بەجێیە، بەڵام نابێت بکرێتە کلتورێکی بازاڕی. کلتوری بازاڕی ئەوەیە، بۆنمونە من کتێبێک دەنووسم (چۆن لەهەفتەیەکدا فێری فەلسەفە دەبیت)، وەک چۆن جاران بەزمانی عەرەبی کتێبی لەو جۆرە هەبوو (فێربونی زمانی ئینگلیزی لەسێ ڕۆژدا). ئەمە بۆ خۆی بەبازاڕکردنی ئەو جۆرە زانینەیەو من لەگەڵ ئەوەدانیم، بەڵام زۆر گرنگە ئێمە بتوانین فەلسەفە لەزانکۆکاندا بێنینە دەرەوە، تابگاتە دەست خوێنەری جدی لەدەرەوەی زانکۆکان. من بڕوام بەنوخبە و دەستەبژێرییە، بەڵام بڕوام بەوە هەیە هەموو کایەیەک (هونەر، فەلسەفە، ئەدەب)، خوێنەری خۆیان هەیە. جائەو خوێنەرە هەرتەنها نوخبە نییەو بەنوخبەی دانانێم، بەڵکو بەخوێنەری جیاوازی دادەنێم. ڕەنگە من و تۆ حەز لەهونەری شێوەکاری بکەین، هەر پێشانگایەکی هونەری لەم شارەدا بکرێتەوە دەچین ڕووی تێدەکەین. دەچین دەیبینین تابزانین ئەو هونەرە چۆنە، بەڵام هەشە لەوانەیە لەهەموو ژیانیدا، پێشانگایەکی هونەری نەدیبێت. ئەمەش دەکەوەێتە سەر حەزو ئارەزووی تاکەکەسەکان. ‌هاوڵاتى: دەی باشە گەر وابێت دەکرێت هەموو فەلسەفەیەک لەو چوارچێوە ئەکادیمیی و زانکۆی و نوخبەگەراییە دەربهێنرێت و بهێنرێتە سەرشەقام و نێو کوچەو کۆڵانەکان و بەمیللی بکرێت، بۆنمونە (فەلسەفەی کانت، هیگڵ، ڤیتگنشتاین، میرلۆپۆنتی و......هتد)؟ فەلسەفەی ئەمانە تائەو رادەیە سادەو ئاسانە تاوردبکرێتەوەو هەموو کەس تێی بگات؟ د.محەمەد کەمال: مەبەستم وردکردنەوەو بەمیللی کردن نییە. من دژی ئەوەم. وەک وتم نابێت کتێبێک بنووسین بازاڕی بێت و لەئاستێکی ئەکادیمیدا نەبێت. بەڵام باوەڕم بەوەهەیە کەمرۆڤ لەنێو زانکۆدابێت و لەدەرەوەی زانکۆ بێت، دەتوانێت بیربکاتەوە. دەتوانێت بخوێنێتەوەو دەتوانێت خۆی بەکێشە فەلسەفیەکانەوە ماندوو بکات. ئەوە بۆ من گرنگە. ئێمە گەر لەبەشی فەلسەفەی زانکۆیەکدا سەد خوێندکارمان هەبێت، رەنگە پێنجسەد خوێنەرمان لەدەرەوەی زانکۆدا هەبێت، روو لەکتێبی فەلسەفی بکەن و بەجدی بیخوێننەوە. من خۆم کاتێک کتێبی فەلسەفەیم خوێندۆتەوە، لەزانکۆ نەبووم و نەشمتوانیوە بگەمە زانکۆ. بەڵام بەردەوام کتێبی فەلسەفیم خوێندۆتەوەو هەوڵمداوە تێ‌بگەم. من دڵنیام زۆر خوێندکاری تریش بەهەمان شێوە هەن، دەیانەوێت لەفەلسەفە تێبگەن و پێویستە ئێمە هەوڵبدەین خۆمان بەو خوێنەرانە بگەیەنین.

سازدانی: شوان ئەحمەد بەشی پێنجەم د.محەمەد کەمال، نوسەرو ئەکادیمست و توێژەرێکی بواری فەلسەفە لەبەشی پێنجەمی چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ هاوڵاتی دەربارەی فینۆمینۆلۆژی هۆش، تیشک دەخاتە سەر بیروباوەڕی هیگڵ لەبارەی روحانیەت و ئایین و خوداوە. ئەوپێیوایە لەفەلسەفەی هیگڵ دا، دەبێت بوونی خوا لەئایین جیابکرێتەوە، چونکە هیگڵ باوەڕی بەبوونی خودا هەبووە کەئاگامەندی رەهایە. د.محەمەد کەمال باس لەوەدەکات کە ئایین و روحانیەک لەدیدگای هیگلەوە دوو شتی جیاوازن، چونکە «ئایین بۆخۆی دەزگایەکی سیاسی خاوەن دەسەڵاتە، بۆ کۆنتڕۆڵکردنی تاکەکانی کۆمەڵ. بەڵام روحانیەت جیاوازترە لەوە. هەربۆیە کاتێک هیگڵ دێت و باسی ئاگامەندیی ڕەها دەکات، جۆرێکە لەڕوحانیەت و دوورە لەئایین». هەروەها دەڵێت «فەلسەفەی هیگڵ، سیستەمێکی گشتگیرەو هەموو جۆرە ئایدیاو بیرۆکەکانی تێدا کۆکراوەتەوە. ئەو ئایین بەقۆناغێک دەبینێت، لەگەشەکردنی ئاگامەندی رەهادا، لەپرۆسەی دیالەکتیکدا. فەلسەفەش قۆناغێکە لەو پرۆسەیەو ئەمانە قۆناغی جیاوازن. بۆیە ناتوانین بڵێین فەلسەفە گشتگیرەو دین گشتگیر نییە». هاوڵاتی: هەر سەبارەت بەپرسی ئایین، هیگڵ ئایینی زەرادەشتی بەیەکەم ئایینی گرنگی فەلسەفی دەداتە قەڵەم و لەو بارەیەوە دەڵێت:(بۆ یەکەمجار لەئێراندا تەعبیری نا -مادی بۆ خوداوەند دێتەئاراوە. بەمەش ئێران دەبێتە ئەو جێگایەی پێش شوێنەکانی دیکە، ئاگایی تێدا پەیدادەبێت..ئەگەر لەگەڵ زەرادەشتدا خودا بەڕوناکی ناوببرێت، ئەوا لەگەڵ مەسیحیەتدا خودا وەک ڕوناکی نامێنێت و وەک ڕوح خۆی مانیفێست دەکات). هەندێ‌ لەڕەخنەگرانی ئەوروپا مەرکەزی، ئەم دیدو تێڕوانینەی هیگڵ بەدیدو تێڕوانینێکی ڕاسیستانە دەدەنە قەڵەم و لەچوارچێوەی بیرکردنەوەی ئەوروپا مەرکەزیدا دایدەنێن. بەو پێیەی خۆرئاوا وەک بەشێک لەشوناسی خۆی سەیری مەسیحیەت دەکات، ئەوا ئەو هەڵوێستەی هیگڵ، وەک شکۆبەخشین بەکلتوری خۆرئاوای و بەکەم سەیرکردنی کلتورەکاکنی دیکە سەیردەکەن؟ د.محەمەد کەمال:  سەرەتا دەبێت ئەوەمان لەبیربێت کەئایینی مەسیحی، ئاینێکی ئەوروپایی نییە. لەبەر ئەوە گرنگی دان بەمەسیحیەت، ناگاتە بیرکردنەوەی ئەوروپا مەرکەزیانە. پاشان لەفەلسەفەی هیگڵ دا، دەبێت ئێمە بوونی خوا لەئایین جیابکەینەوە، چونکە هیگڵ باوەڕی بەبوونی خودا هەبووە. ئاگامەندی ڕەها کەئەو باسی دەکات خودایە، نەک شتێکی دیکە. خوایە کەخۆی بەرجەستە دەکات و خۆی دەخاتە نێو پرۆسەی دیالەکتیکی و لەدواجاردا لەگەڵ بابەتەکەی دا دەبێتەوە یەک. جا لەنێو ئەم پرۆسەیەدا، پێویستە هیگڵ ئایینەکانیش باس بکات. چونکە گەر وانەکات، سیستمە فەلسەفیەکەی تەواو نابێت. ئاخر دینیش بەشێکە لەکلتورو بیرکردنەوەی کۆمەڵگە. کەبەدیدی ئەو جۆرێکە لەبیرکردنەوەی ئاگامەندی و خۆی تێدا مانیفێست دەکات. ئەم دووشتە زۆر جیاوازن، هەر بۆیە لەمڕۆشدا زۆر کەس جیاوازی لەنێوان ڕوحانیەت و ئاییندا دەکەن. ئایین بۆخۆی دەزگایەکی سیاسی خاوەن دەسەڵاتە، بۆ کۆنتڕۆڵکردنی تاکەکانی کۆمەڵ. بەڵام ڕوحانیەت جیاوازترە لەوە. هەر بۆیە کاتێک هیگڵ دێت و باسی ئاگامەندیی ڕەها دەکات، جۆرێکە لەڕوحانیەت و دوورە لەئایین. هاوڵاتی: هیگڵ لەفەلسەفەکەیدا باس لە (بەش و گشت – جز‌‌و و کل) دەکات، دەکرێت بڵێین لەفەلسەفەکەی دا، ئایین وەک بەش و فەلسەفە وەک گشت سەیر دەکات؟ د.محەمەد کەمال: فەلسەفەی هیگڵ، سیستەمێکی گشتگیرەو هەموو جۆرە ئایدیاو بیرۆکەکانی تێدا کۆکراوەتەوە. ئەو ئایین بەقۆناغێک دەبینێت، لەگەشەکردنی ئاگامەندی ڕەهادا، لەپرۆسەی دیالەکتیکدا . فەلسەفەش قۆناغێکە لەوپرۆسەیەو ئەمانە قۆناغی جیاوازن. بۆیە ناتوانین بڵێین فەلسەفە گشتگیرەو دین گشتگیر نییە. هاوڵاتی: بەدیدگای هیگڵ:(مرۆڤ سەروەختێک لەناوەوە پڕەو بیردەکاتەوە، ئەوا فەلسەفیانە بیردەکاتەوەو ئەو هەقیقەتەی بۆی دەگەڕێت، هەقیقەتێکی فەلسەفیە، بەڵام کاتێک ئەم خاڵی بوونەوەیە ڕوودەدات، مرۆڤ هەر لەگەڕان بەدوای هەقیقەتدا ناوەستێت و ئەو هەقیقەتەی لەدوای وێڵ دەبێت، دەبێتە هەقیقەتێکی ئایینی). بەم تێگەیشتنە بێت دەکرێت بڵێین هەردوو گەڕانەکە یەک شتن، یاخود جیاوازی لەنێوان گەڕانی فەلسەفی و گەڕانی ئایینی دا هەیە؟ د.محەمەد کەمال: ئایین و فەلسەفە یەک شتن، چونکە هەردووکیان قۆناغی گەشەی ئاگامەندین و لەوێدا دەبن بەیەک شت. هەردووکیان سەربەیەک ڕاستەقینەن، بەڵام شێوازی بیرکردنەوەی فەلسەفی، لەشێوازی بیرکردنەوەی ئایینی جیاوازە. شێوازی بیرکردنەوەی فەلسەفەی پێشکەوتووترە لەشێوازی بیرکردنەوەی ئایینی، لەسیستمی بیرکردنەوەی هیگڵ دا . پێشکەوتنەکەشی لەوەدایە لەبیرکردنەوەی ئاییندا، جیاوازیەکی گەورە لەنێوان خۆ و بابەتدا هەیە. هەربۆیە بۆ هیگڵ کەسێکی دینخواز و ئیماندار، غەمبارە. چونکە بابەتی بیرکردنەوەکەی لەدەرەوەی بوونی ئەودایە، پێینەگەیشتووەو لێیدابڕاوە. بەڵام لەفەلسەفەدا، جیاوازی نامێنێت لەنێوان(سوبێکت و ئۆبێکت)داو هەردووکیان دەبن بەیەک ڕاستەقینە.ئەمەش بەدیدی هیگڵ، کۆتایی بیرکردنەوەیە لەمێژوودا. هاوڵاتی: یەکێک لەوبیرمەندانەی زۆربەتوندی ڕەخنەی لەهیگڵ و فەلسەفەکەی گرتووە، کارل پۆپەرە. لەزنجیرە گفتوگۆیەکیدا لەگەڵ هەفتەنامەی (دی زێت)ی ئەڵمانیدا، زۆر زبرو ڕەق قسە لەسەر هیگڵ و مارتن هایدیگەر دەکات و دەڵێت: (بەبۆچونی من هیگڵ و لەو زۆر زیاتریش مارتن هایدیگەر، فەیلەسوفانێکی تەواو بێناوەڕۆک و شۆڤێنیستگەلێکی بێنرخن.. دەربارەی هیگڵ گەر بێم و حوکم بدەم، ئەوا دەڵێم: هاتوو زمانی ئەڵمانی هەڵژەند لەپیسی و پۆخڵی و شێواندی. نوسراوەکانی بەتایبەت – فەلسەفەی ماف – ەکەی کەڕەنگە گرنگترین بەرهەمی ئەویش بێت، بەردەوام بابەتگەلێک هەیە، هێندە دژوارو ناڕێک باسکراوە، هیچ کەس ناتوانێ مەبەستی ڕاستەقینەی ئەو بزانێ و پەی پێبەرێت. خوێنەران هەرگیز ناتوانن بڵێن: هیگڵ گیان ئەمە هەڵەیە، لەبەرئەوەی بابەتەکە ناڕوونەو دیار نییە کەباس لەچی دەکات. تەنانەت دیاریش نییە کەهەڵەیەو......هتد). ئایا ئەم رەخنانە لەهیگڵ و فەلسەفەکەی لەجێی خۆیدان؟ د.محەمەد کەمال:  جگە لەم  ڕەخنەو گازندانەی کارل پۆپەر، کەسێکی وەک برتراند ڕاسلیش کەفەیلەسوفێکی بەریتانییە، لەکتێبەکەی دا(مێژووی فەلسەفەی ڕۆژئاوا)کاتێک دێتە سەر باسی هیگڵ دەڵێت:(ئەمەی هیگڵ لێکی دەداتەوە، فەلسەفە نییەو شتێکی ترە). بۆچی؟ چونکە برتراند ڕاسلیش لەڕوانگەی بۆچوونەکانی خۆیەوە، سەیری فەلسەفەی هیگڵ دەکات. بێگومان لەنێو بیرکردنەوەی فەلسەفەدا، ئەم جۆرە ڕەخنانە ئاساییەو ڕێپێدراوە.. واتە تۆدەتوانیت ڕەخنە لەفەلسەفەیەکی دیکە بگریت کەلەگەڵیدا ناگونجێت. ئەوانەی پێیان وایە فەلسەفەیەک بێناوەڕۆکە، بێناوەڕۆکی فەلسەفەیەکیش دەکەوێتە سەر ئەوەی، تۆ چ پێناسەیەکت بۆ ناوەڕۆکی فەلسەفە هەیە. بۆنمونە گەر بێینەوە سەر فەلسەفەی شیکاری و لۆژیکی - پۆزەتفیزمی و ئەمانە، کاتێک تۆ دەستەواژەیەکی فەلسەفی دروست دەکەیت، دەبێت ئەو دەستەواژەی فەلسەفیە واتایەکی هەبێت. واتاکەشی بەستراوە بەو دیاردە دەرەکیەوە کە لەدەرەوەی بیرکردنەوەی تۆدا هەیە. کاتێک من دەڵێم ئەم کاغەزە سپییە، ئەم دەستەواژە فەلسەفییە واتای هەیە، چونکە کاغەزەکە سپییە. بەڵام گەر بلێم خودا ڕوناکییە، هیچ واتایەکی نییە، لەبەرئەوەی خودا کەبنەی ئەم دەستەواژەیەیە، لەهیچ شوێنێکدا نییە. لەدەرەوەی بیرکردنەوەی مندا نادۆزرێتەوە، بەڵام کاغەزە سپییەکە دەدۆزرێتەوە. لێرەدا بەبۆچوونی ئەوان، ئەم جۆرە دەستەواژانە کە لەفەلسەفەدا ئێمە زۆر بەکاری دەهێنین، ناوەڕۆکێکیان نییەو بێواتان. هەربۆیە برتراند ڕاسل دەڵێت:(ئەوەی هیگڵ باسی دەکات، بێناوەڕۆکەو دەستەواژەی فەلسەفی نییەو ناتوانرێت بەدەستەواژەی فەلسەفیان دابنێین). ڕەنگە ڕەخنەکانی کارل پۆپەریش لەهیگڵ و هایدیگەر، هەر لەهەمان ڕوانگەوە بێت.. بەڵام لەبەرئەوەی من بەرهەم و نوسینەکانیم نەخوێندۆتەوە، ناتوانم حوکم بدەم. بامن لێرەدا مەسەلەیەکی دیکەت بۆباس بکەم: شۆپنهاوەر هاوسەردەمی هیگڵ بووە. هەردووکیان لەیەک زانکۆدا وانەیان وتۆتەوە. شۆپنهاوەر کاتێک چۆتە ئەو زانکۆیە، وتویەتی من وانەی فەلسەفە دەڵێمەوەو دەبێت وابکەم، هیگڵ گوێگر و هەواداری نەمێنێت و بەو نیازەوە دەچێت وانە بڵێتەوە. کەچی کاتێک دەرسگوتارەکان پێشکەش دەکات، چەند خوێندکارێک ئامادە دەبن و ژمارەیەکی زۆریش بەهۆڵی وانەوتنەوەکانی هیگڵدا ئامادە دەبن. تەنانەت لەپێشەکی یەکێک لەکتێبەکانیدا، شۆپنهاوەر دەنووسێت: (هەندێ‌ فەیلەسوف هەن لەمڕۆدا، بازرگانی بەفەلسەفەوە دەکەن). ئەڵبەتە مەبەستیشی هیگڵ بووە. بەبۆچونی من، گرنگی و بایەخی فەلسەفەی هیگڵ لەوەدایە کەزۆرێک بەرگری لێدەکەن و زۆرێکیش ڕەخنەی لێدەگرن و دژی دەوەستنەوە. ئەم لەگەڵ بوون و دژبوونەی هیگڵ، هەر لەدوای مردنیەوە سەرهەڵدەدات. هەرلەوکاتەوە خوێندکارەکانی دەبن بەدووبەرەوە. هەندێکیان ویستویانە لەئایین نزیکی بکەنەوە، هەندێکی دی هەوڵیانداوە لەئایین دووری بخەنەوە. مشتومڕو بێنەو بەردە لەو قۆناغەوە، لەسەر فەلسەفەی هیگڵ بەردەوامە. هاوڵاتی: ئێوە کتێبەکەی هیگڵتان بە (فینۆمینۆلۆژیی هۆش) وەرگێڕاوەو زۆرێکیش هاوڕان لەسەر ئەوەی (فینۆمینۆلۆژی ڕۆح) دروستترەو هیگڵیش مەبەستی ڕۆح بووە نەک هۆش. وەک نمونەیەک ئەوەتا دکتۆر سەید جەواد تەباتەبائی لەکتێبی (دەربارەی فۆنۆمینرلۆژیای ڕۆح) و لەیەکم سیمیناری دا(لاپەڕە-53)دەڵێت:(وەرگێڕانی بەهۆش مومکین نیەو ئەو کەسانەی بەهۆش وەریدەگێڕن، وەک ئەوانە وان لەدەرەوەو لەڕێگەیەکی دوورەوە، وەسفی کۆشکی فینۆمینۆلۆژیایان کردووە)؟ د.محەمەد کەمال: ئەوە ڕاوبۆچوونی تەباتەبائی خۆیەتی، گەرنا چ بەڵگەیەکی پێیە کە لەدەرەوەو لەڕێگەیەکی دوورەوە، وەسفی کۆشکی فینۆمینۆلۆژیامان کردووە.

دەربارەی هیگڵ‌و فینۆمینۆلۆژی هۆش، گفتوگۆیەکی فەلسەفی لەگەڵ د.محەمەد کەمال سازدانی: شوان ئەحمەد بەشی چوارەم   د.محەمەد کەمال، نووسەرو ئەکادیمست و توێژەرێکی بواری فەلسەفە لەبەشی چوارەمی چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ ‌هاوڵاتى دەربارەی فینۆمینۆلۆژی هۆش،  تیشکدەخاتە سەر چەند لایەنێکی دیکەی فەلسەفەی هیگڵ. لەم بەشەی چاوپێکەوتنەکەیدا د.محەمەد کەمال، «هیگڵ کاریگەرێتی هەبووە بەسەر مارکسەوە، بەو شێوەیەی ئەفلاتون کاریگەرێتی هەیە بەسەر ئەریستۆوە، ئەریستۆش کارگەرێتی هەیە بەسەر دیکارتەوە». ھەروەھا دەڵێت «ئەڵبەتە ئەو کاریگەرێتیە بەردەوام لەمێژووی فەلسەفەدا هەبووە، بەڵام فەیلەسوفەکان لەگەڵ یەکدا، بۆچوونی جیاوازیشیان هەبووە». ‌هاوڵاتى: دیالەکتیک و فەلسەفەی دیالەکتیکی خۆبەخۆ هیگڵمان بیردێنێتەوە. کەبابەتەکەش دێتە سەر مارکس، باس لەوە دەکرێت ئەوە دیالەکتێکی هیگلی راستکردۆتەوە؟ - د.محەمەد کەمال: پێشتر باسمان لەئایدیالیستی بوون و ریالیستی بوونی هیگڵ کردو وتمان: (هیگڵ ئایدیالیستێکی ڕیالیستانەیە). بۆ هیگڵ هەموو شتێک یاخود (ڕاستەقینەی رەها)، ئاگامەندی رەهایە. ئاگامەندی رەها (هۆش)ەو بیردەکاتەوە کەبیردەکاتەوە، پرۆسەی دیالەکتیک دروستدەبیت. لەئەنجامی بیرکردنەوە، خۆ و بابەت دروستدەکات. خۆ و بابەتیش دوو لایەنی ناکۆک و جیاوازو دژ وەستاون. ئەمە لێرەدا دەبێتە سەرهەڵدانی لایەنی نێگەتیڤ و پرۆسەی دیالەکتیک. بەڵام تەواوی ئەم پرۆسانەی هیگڵ باسیان دەکات، لەیەکەم بیرکردنەوەی دیالەکتیکانەی هۆشی رەها، تاکو دواسات کەجارێکی دی ئاگامەندی رەها بەڕەهایی خۆی، بەتەواوی کۆی خۆ دەگاتەوە لەکۆتایی مێژوودا، ئەم جوڵانە هەمووی جوڵانەوەی بیرۆکەییە. بەڵام مارکس دێت و دەڵێت: (جوڵانی بیرۆکەی شتەکان ناگۆڕێت، گەر نەچێتە سەر واقیع و بەواقیعیەوە نەبەستیتەوە.. جوڵانی راستەقینە ئەوەیە لەنێو مێژوودا، بەواقعێکی ماتریالییەوە رووبداتـ، چونکە واقیع واتە - ئەو راستەقینەی هیگڵ باسی دەکات -، ڕاستەقینەی رەها نییەو هەموو شتێک ماتریالە). کەواتە لێرەدا مێتافیزیکی هیگڵ و مێتافیزیکی مارکس، بەتەواوەتی دەگۆڕێت. لێرەدا لۆژیکی دیالەکتیک هەڵگەڕاوەتەوە. لەسەر سەر نەوەستاوەو لەسەر قاچ دەوەستێت، واتە لەسەر واقعێکی ماتریالی و مێژوویی دەوەستێت. ‌هاوڵاتى: دوایین کتێبی ئێوە وەک نووسین و بەزمانی کوردی لەسەر (مارکسە وەکو فەیلەسوفێک). راستیەکەی من جارێ‌ جگە لەچەند لاپەڕەیەکی کەمی، سەرلەبەری کتێبکەم نەخوێندۆتەوە. بۆیە ناتوانم هیچی لەبارەوە بڵێم، یان بزانم چۆن چۆنی قسەت لەمارکس کردووەو دەتەوێت باسی کامە مارکس بۆ خوێنەرانی کورد بکەیت. بەڵام لەپەراوێزی ئەوەدا دەمەوێت پرسیارێکی دیکە بکەم و بڵێم: (گفتوگۆیەکی فەیلەسوفی فەرەنسی کۆستاس ئەکسیلۆس هەیە لەگەڵ حەمیدە نەعنع، لەکتێبی- گفتوگۆ لەگەڵ بیریارانی خۆرئاوا-و ئەکسیلۆس لەوێدا دەڵێت: بۆ ئاشنابوون بەمارکس پێویستە ئاشنای هەموو هیگڵ بین. مارکس جگە لەمیراتگرو پاشکۆیەکی هیگڵ، هیچی تر نییە). ئایا بەبێ‌ بوونی هیگڵ مارکس دەبوو، یان دەکرا بیر لەمارکسیزم بکرێتەوە؟.. ئێوەش لەم کتێبە نوێیەتان دا، هەمان راوبۆچوونتان هەیە؟ د.محەمەد کەمال: بەبۆچوونی من ناکرێت بەو شێوەیە بیر لەمارکس بکەینەوە، چونکە ئەویش فەیلەسوفێکی گەورە بووەو خاوەنی بیرکردنەوەی خۆیەتی. گەر بێتو بڵێیت مارکسیزم هیگلیزمە، ئەوا ئەوسا بیرکردنەوەی رەسەن و بیرکردنەوەی مارکسیزم بەتەواوەتی لەناو دەبەین. ئەوە راستە مارکس سوودی لەهیگڵ وەرگرتووە، سوودی لەدیالەکتیکی هیگلێ‌ و لەدیالەکتیکی ئاغاو کۆیلە وەرگرتووە، بۆ راڤەکردنی کۆمەڵگەی چینایەتی و سیستمی سەرمایەداری. بەڵام لەهەمان کاتدا مارکس بیروبۆچونی تایبەتی خۆیی هەیەو گۆڕانکاری دروستکردووە لەڕاڤەکردنەکەدا، هەربۆیە بۆتە فەیلەسوف و خاوەن رێچکای تایبەتی خۆی لەفەلسەفەدا. لێرەدا دەتوانین بڵێین بەڵێ‌ هیگڵ کاریگەرێتی هەبووە بەسەر مارکسەوە، بەو شێوەیەی ئەفلاتون کاریگەرێتی هەیە بەسەر ئەریستۆوە، ئەریستۆش کاریگەرێتی هەیە بەسەر دیکارتەوە. ئەڵبەتە ئەو کاریگەرێتیە بەردەوام لەمێژووی فەلسەفەدا هەبووە، بەڵام فەیلەسووفەکان لەگەڵ یەکدا، بۆچوونی جیاوازیشیان هەبووە و........ ‌هاوڵاتى: ببوورە لێرەدا قسەکانیشت پێدەبڕم، سەبارەت بەبوونی کاریگەرێتی هیگڵ لەسەر مارکس بەجۆرێک باس دەکرێت کەکاریگەریەکە هێندە گەورەو زەق و دیارە، وەک ئەوە وایە بووترێت گەر هیگڵ نەبوایە، مارکسیش نەدەبوو؟ - راستە، بەڵام ئەمە جۆرێکە لەحوکمدان.. ئایا دەتوانین بڵێین، ئەگەر ئەفلاتون نەبوایە، ئەریستۆ دەبوو؟ ئێمە ئێستە زۆر چاک دەزانین کەمارکس بەبێ‌ هیگڵ نییە، وانییە؟چونکە هیگڵ کاریگەرێتی بەسەر مارکسەوە هەیە، بەڵام نابێت لێرەدا زوڵم لەمارکسیش بکەین و بڵێین مارکس هیچی تازەی پێنەبووە، یاخود ئەوەی مارکس باسی دەکات، جۆرێکە لەفەلسەفەی هیگڵیزم و کۆپیکردنەوەی ئەوەو خۆی هیچ بیرۆکەیەکی نوێی نەهێناوەتە ئاراوە. ‌هاوڵاتى: دەکرێت دیالەکتیکی هیگڵی وەک شەڕی ئاگایی و مەعریفە و هەقیقەت سەیربکەین، لەنێوان ناوەوەو دەرەوە یان لەنێوان سوبێکت و ئۆبێکتدا؟ د.محەمەد کەمال: تەواوی کێشەی هیگڵ، پرسی سوبێکت و ئۆبێکتە کەمن پێی دەڵێم: (خۆو بابەت). چونکە هیگڵ دەڵێت:(نابێت بابەت لەدەرەوەی خۆدا بمێنێتەوە، ئەگەر لەدەرەوەی خۆدا مایەوە، زانینی خۆ سەبارەت بەبابەت نابێت بەڕەها. واتە ئێمە ناتوانین زانینێکی تەواومان سەبارەت بەو بابەتە هەبێت و بابەتەکە بەنامۆیی دەمێنێتەوەو خۆش -واتە سوبێکت - لەبابەتەکە نامۆ دەبێت. بۆ لەناوبردنی ئەو نامۆییە، ئاگامەندیی خۆی دەهاوێتە ناو پرۆسەی مێژووەوە، تاکو لەکۆتاییدا بابەتەکە بەتەواوی لەناوبەرێت و بیکات بەبەشێک لەبوونی خۆی. ‌هاوڵاتى: یەکێک لەو پەرتووکە گەورەو گرنگانەی هێربەرت مارکۆزە (وەک بیرمەندێکی دیاری قوتابخانەی فرانکفۆرت)، دەربارەی هیگڵ نووسیویەتی (ئەقڵ و شۆڕش- هیگڵ و گوڕانی تیۆریی کۆمەڵایەتی)، بەبەرگرینامەیەک دەچێت لەهیگڵ و فەلسەفەکەی دژ بەوانەی، نەیارن پێی و رەخنەی ئەوە لەهیگڵ دەگرن کەفەیلەسوفێکی کۆنزێرڤاتیڤ و دژە شۆڕش بووە. بەپێچەوانەوە مارکۆزە پێیوایە فەلسەفەی هیگڵ، فەلسەفەیەکی رادیکالەو ئەو تەوەری رادیکاڵبوونی هیگڵیش لەدەوری خول دەخوات ئایدیای نێگەتیڤە، ئەو نێگەتیڤەی لەدیالەکتیکی هیگڵی دا، رۆڵی کارا دەگێڕێت و داینامۆی سەرەکییە تێیدا. بەگشتی مارکۆزە لەو بڕوایەدا بووە، فەلسەفەی ئایدیالیستی ئەڵمانی بزاوتێکی ئازادیخوازانە بووەو قایل نییە، بەو رەخنانەی کەوەک بزاوتێک سەیریان کردووە، ئەنگێزەی کۆنزێرڤاتیزمی بەسەریدا زاڵ بێت؟ د.محەمەد کەمال: دوای داڕمانی فاشیزم و نازیزم، هەندێک لەبیریاران کەوتنە نووسین لەدژی هیگڵ. بەو بیانووەی هیگڵ و بیریارانی وەک ئەو بەرپرسیارن لەسەرهەڵدان و دەرکەوتنی ئەو جۆرە ئایدیۆلۆژیایانە (کەمۆدێلێکە لەتۆتالیتاریزم). وەک پێشتر ناوی کارل پۆپەرمان هێنا، هەروەها وەک ئەوەی هێربەرت مارکۆزە کە لەو کتێبەی دا بەرگری لەدیدو بۆچوونەکانی هیگڵ و فەلسەفەی هیگڵیزم دەکات. بەرگریکردنەکەشی لەم خاڵەوە سەرچاوە دەگرێت: (ئێمە لەدیالەکتیکدا، لەپرۆسەی دیالەکتیکی مێژوودا یاخود لەپرۆسەی دیالەکتیک خۆیدا، هەموو شتێک پێویستە. واتە بەپێویستی سەرهەڵدەدات و بەپێویستیش لەناودەچێت. هیچ شتێک بەردەوام نامێنێتەوە، هەموو شتێک ساتی خۆی هەیە. وەک سەرهەڵدانی ئایدیۆلۆژیاو جۆرێک لەئایدۆلۆژیا لەنێو پرۆسەی مێژوودا، ئانیەو دواتر دژە تێزەکەی خۆی دروستدەکات و لەناودەچێت و شتێکی دی دێتەپێش). بەوجۆرە دەتوانین بڵێین فەلسەفەی هیگڵ، فەلسەفەی نوێبوونەوەیەو بەردەوام لەتازەبوونەوەدایە. ئەو فەلسەفەیەشی لەنوێبوونەوەی بەردەوامدابێت، رێگەنادات تۆتالیتاریەتێکی رەها بێتە ئاراوە. هیگڵ لەسەردەمی لاوێتیدا، بۆ بەرزڕاگرتنی شۆڕشی فەرەنسی، لەگەڵ هاوڕێکانی دا(شیلینگ و هۆڵدەرلین)، نەمامیان روواندووەو بەگەرمی پێشوازییان لەشۆڕش کردووە. تەنانەت کاتێک دوا بەشەکانی کتێبی (فینۆمینۆلۆژیای هۆش)ی نوسیووە، گوێی لەزرمەی گوللە تۆپەکانی لەشکری فەرەنسابووە کەهاتوون ئەڵمانیا داگیربکەن. ئەو زۆری پێخۆش بووە، فەرەنسا وڵاتەکەی (واتە ئەڵمانیا) داگیربکات، لەبەرئەوەی فەرەنسای بەهێزێکی پێشکەوتووخواز داناوە. ‌هاوڵاتى: بابێینە سەر پرسی هیگڵ و ئایین.. ئاشکرایە پێگەو ڕۆڵی ئایین لەفەلسەفەی هیگڵی دا (ئایین وەک بەش و فەلسەفە وەک گشت)، وەک دەرکەوتەیەکی مرۆیی و وەک فینۆمینێکی رۆحی تەماشا دەکات و پێشیوایە هەقیقەتی فەلسەفی و هەقیقەتی ئایینی، هەریەک شتن. هەرچەندە هەرخۆی جیاوازی دەکات لەنێوان گەڕانی فەلسەفی و سۆراخی ئایینی، بەدوای هەقیقەتدا ئاشکراشە هیگڵ لەگەڵ هەریەک لەشیلینگ و هۆلدەرلین دا لە(تیۆبنگن) کۆدەبنەوەو بەیەک ئاشنادەبن.. سەرەتا ئەوان بەمەبەستی خوێندنی تیۆلۆژیا دەچنە ئەوێ‌، بەڵام کەسیان ئەوە جێبەجێ ناکەن و بەلای فەلسەفەو خوێندنی فەلسەفی دا بادەدەنەوە. واتە لەبری ئەوەی ببنە کەشیش و پیاوی ئایینی، یەکێکیان دەبێتە شاعیرێکی پایەبەرز (هۆڵدەرلین)و دوانەکەی تریشیان (هیگڵ و شیلینگ)، وەک فەیلەسوف ناو دەردەکەن و دەناسرێن. هیگڵ لەهەردوو بەرهەمەکەیدا (ژیانی یەسوع و فینۆمینۆلۆژی هۆش)، بەچڕی باس لەپرسی ئایین دەکات. دەکرێت گەر بەکورتیش بێت باسی رۆڵی ئایین و فەلسەفەی ئایینمان لای هیگڵ بۆبکەیت؟ د.محەمەد کەمال: هەروەک ئەوەی تۆ لەپرسیارەکەتدا باسی دەکەیت، سەرەتا ئەو بۆ ئەوە نێردراوە تاخوداناسی بخوێنێت. ئەڵبەتە فەیلەسوفی دیکەشمان هەن کەسەرەتا تیۆلۆژیایان خوێندووەو دواتر بەرەو فەلسەفە چوون، وەک: (نیشتەو هایدیگەر)و نمونەی دیکەش هەن. هیگڵ لە(فینۆمینۆلۆژیای هۆش)دا، ئایین دەکات بەئایدیۆلۆژیای کۆیلەو دەڵێت: (کۆیلە لەمێژوودا تێدەگات کەمرۆڤ سەربەستە، تێدەگات ئەم جیهانەی هاتۆتە کایەوە - نەک سروشت -ئەم جیهانەی کەدروستکراوە، ئەو دروستی کردووە بۆ خاوەنەکەی و خاوەنەکەشی کەسێکی مشەخۆرو پاسیڤە (خاوەن کۆیلە)، کارناکات و کۆیلە خۆی کاردەکات و جەوهەری خۆی لەکارکردنەکەی دا دەردەکەوێت، بەڵام ئامادەنییە لەپێناوی سەربەستی خۆیدا شۆڕش بکات. ئەوە بۆچی؟ بەدیدی هیگڵ، کۆیلە لەمردن دەترسێت و ئامادەنییە واز لەغەریزەی ژیان بهێنێت و خۆی بخاتە نێو جەنگی مان و نەمانەوە. ‌هاوڵاتى: واتە خواست و ویستی ئەوەی تێدا نییە، ریسک بەژیان و بوونی خۆیەوە بکات؟ د.محەمەد کەمال: بەڵێ‌. لەبەرئەوە ئایدیۆلۆژیایەک دروستدەکات، جۆرێک بێت لەپاساو بۆ ئامادەنەبوونی، بۆ ئەنجامنەدانی شۆڕش. یەکێک لەو ئایدیۆلۆژیانەی کۆیلە دروستدەکات ئایینەو یەکەمجار هیگڵ پێی دەڵێت: (ئاگامەندی غەمگین)، چونکە ئاگامەندی ئایینی، ئاگاییەکی غەمبارەو بەردەوام لەغەم و پەژارەدایە. لەبەرئەوەی مرۆڤی دیندار دەزانێت، خودا لەسەروو بوونی ئەوەوەیە و ئەم لێی دابڕاوە. بۆیە بەردەوام لەغەمی ئەو دابڕانەدایە لەگەڵ ئەو راستەقینەیەدا دواجارو دوای ئەم قۆناغە ئایین سەرهەڵدەداتەوە، بەڵام بەشێوەیەکی جیاوازتر. پیاوانی ئایینی دێن و ئەمجارە دەیانەوێت بیسەلمێنن کەئایین بنەمایەکی ئەقڵانی هەیەو دەیانەوێت لەگەڵ رۆشنگەری دا، پێشبرکێ‌ بکات. وەک دەزانین رۆشنگەری هەموو زانین و دەسەڵاتێکی گەڕاندۆتەوە بۆ ئەقڵی مرۆڤ. هەر لەوێشدا هیگڵ باس لەسێ جۆر ئایین دەکات: - ئایینی سروشتی. - ئایین لەگەڵ هونەردا . - ئایینی ئاسمانی (کەئایینی مەسیحی بەبەرزترین و پێرفێکترین ئایین دادەنێت)و دەڵێت، ئایین ناتوانێت چارەسەری ناکۆکییەکان بکات. لەبەرئەوە قۆناغێکی تر پێویستە، قۆناغێک کە لەئایین پێشکەوتووترەو دەتوانێت چارەسەری تەواوی کێشەو ناکۆکییەکانی ناو کۆمەڵگە بکات، ئەویش بیرکردنەوەی فەلسەفییە. بەگشتی لای هیگڵ (ئایین و فەلسەفە)، جوڵان و بەرجەستە بوونی ئاکامەندی رەهایە، لەپرۆسەکەدا.  

دەربارەی هیگڵ‌و فینۆمینۆلۆژی هۆش، گفتوگۆیەکی فەلسەفی لەگەڵ د.محەمەد کەمال سازدانی: شوان ئەحمەد بەشی سێیەم   د.محەمەد کەمال، نوسەرو ئەکادیمست و توێژەرێکی بواری فەلسەفە لەبەشی سێیەمی چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ هاوڵاتی دەربارەی فینۆمینۆلۆژی هۆش،  تیشکدەخاتە سەر چەند لایەنیکی دیکەی فەلسەفەی هیگڵ. هەروەها باسی کەسایەتی هیگڵ دەکات کە لەسەرەتاوە کەسێکی رادیکال و شۆڕشگێڕ بووە، بەڵام لەدواساڵەکانی تەمەنیدا بووە بەکەسێکی موحافیزکارو زیاتر پشگیری لەڕژێمی پاشایەتی دەکرد لەئەڵمانیا. لەبارەی ئەوەشەوە کەهەندێک هیگڵ وەک فەیلەسوفێکی ریالیست و هەندێکی کەش وەک ئایدیالیستێکی رەها سەیری دەکەن، د.محەمەد کەمال دەڵێت «هیگڵ وەکو ئەفلاتون، فەیلەسوفێکی ریالیستەو وەکو ئەویش فەیلەسوفێکی ریالیستە. چونکە ئەفلاتونیش، ئایدیالیست و ریالیستە». هەروەها دێتەسەر باسی پرۆژەی نووسینی خۆی بەتیابەتی لەبارەی هیگڵەوەو دەڵێت «ئەوەی من دەمەوێت دروستکردنی زەمینەیەکی فەلسەفیە، تاخوێنەری کورد بەفەلسەفەو بەبیرکردنەوەی فەلسەفی ئاشنا بێت. بۆ ئەوەی من لەدواڕۆژدا گەر کتێبێکم نووسی، کتێبێکی رەخنەگرانە لەسەر هیگڵ، خوێنەری کورد دەقێکی هیگڵی لەبەردەستدابێت، بۆ ئەوەی بەراورد بکات لەنێوان رەخنەکانی من و بۆچوونەکانی ئەودا». ‌هاوڵاتى: کەواتە ناتوانین بڵێین ئەو لەنیوەی یەکەمی سەدەی نۆزدەهەمدا، باسی هەموو شتێکی کردووە؟ د.محەمەد کەمال: ئەو خۆی وتوویەتی باسی هەموو شتێکم کردووەو وتوویەتی من دوایین فەیلەسوفم، دوای من ئەوانەی دێن منداڵی منن و هیچی تازەیان پێ‌ نییە. ‌هاوڵاتى: دەتوانین بڵێین دوایین فەیلەسوفی شمولییە لەمێژووی فەلسەفەدا؟ د.محەمەد کەمال: دەتوانین وەها ناوی بنێین، چونکە دوای ئەو هیچ فەیلەسوفێک نەهاتووە بڵێت: (من جیهانبینیم هەیەو دەمەوێت هەموو شتێک لەجیهاندا بکەم). ‌هاوڵاتى: هەندێک لەو بڕوایەدان گەورەترین رووداو لەمێژووی فەلسەفەی نوێ‌دا، گواستنەوەو پەڕینەوەیە لەئیمانوێل کانتەوە بۆ هیگڵ. ئەمە چۆنە؟ د.محەمەد کەمال: پێم وانیە ئەوە گەورەترین رووداوبێت لەمێژووی فەلسەفەی نوێ‌دا. ئەوەی هەیە کانت بەو ئاکامە گەیشت کەبیرکردنەوەی مرۆڤ ناتوانێت، راستەقینەی دەرەکی (یاخود ڕاستەقینەی رەها) بناسێت یاخود بدۆزێتەوە..... ئەمەش بۆچی؟ چونکە تێگەیشتنی مرۆڤ سنوردارەو پەیوەستە بەو زانیاریانەوە (یاخود ئەو خەسڵەتانەوە) کەئەزموونی هەستەکی پێی دەگەیەنن. ئەزموونی هەستەکیش توانای ئەوەی نیە، بچێتە ئەودیو دیاردەکانەوە. کەوابوو گەرهاتوو شتێک لەودیو دیاردەکانەوە هەبوو، ئێمە ناتوانین بیناسین و پەی پێبەرین. واتە ڕاستەقینەی رەها وەک ئەوەی ئایدیالیستەکان بڕوایان پێیەتی (هەرچەندە کانت خۆشی ئایدیالیست بووە)، دەبێت بەڕاستەقینەیەکی شاراوە. ئەمە لێرەدا کێشەی دروستکردووە بۆ هەموو ئەو فەیلەسووفانەی دوای کانت هاتوون، یاخود لەسەردەمی کانت دا ژیاون. بۆنمونە: (شۆپنهاوەر، فێختە، هیگڵ، شیلنگ) و هەموویان کێشەیان هەبووە لەگەڵ ئەم قەناعەتەی کانت دا. ئەمەش بۆچی؟ چونکە ئەگەر بیرکردنەوەی مرۆڤ (یاخود ئاگایی مرۆڤ) نەتوانێت راستەقینە بناسێت، ئەوا لەڕاستەقینە نامۆدەبین و ناتوانین لەو جیهانە تێبگەین کە لەنێویدا دەژین، چونکە ناتوانین لەبنەماکەی تێبگەین. بۆیە زۆرگرنگە مرۆڤ راستەقینەی رەها بدۆزێتەوەو بیناسێت. هەموو ئەو فەیلەسوفانەی دوای کانت هاتن، هەوڵیانداوە ڕێگەیەک بدۆزنەوە بۆ ناسینی ئەو راستەقینە رەهایەی کەکانت شاردویەتیەوەو بەنەرێ‌ باسی کردووە. هەوڵدانەکەی هیگڵیش یەکێکە لەو هەڵدانانە کەزۆر بەجدی کاری لەسەر کردووەو بەبۆچونی بیریارانی سەردەمەکەی و ئەوانەی سەر بەهیگڵ بوون، هیگڵ تاکە فەیلەسوفێکە توانیویەتی رێگەیەکمان بۆ بدۆزێتەوە راستەقینەی رەهای پێبناسین. ‌هاوڵاتى: یەکێک لەخواستە فەلسەفیەکانی هیگڵ ئەوەبووە، مێژوو بەیاسایی بکات و لەسەر رێتمی تیۆریاو ئایدیاکانی خۆی رێکی بخات؟ د.محەمەد کەمال: گەر راڤەکردنی مێژوو لای هیگڵ بخوێنیتەوە، دەبینیت کە (هەرچەندە دیالێکتیکیانە دەگۆڕێت)، بەڵام ئەو گۆڕانکاریە هەر دەبێت رووبدات، چونکە گۆڕینی مێژوو جوڵانی ئاگامەندی رەهایە (بۆ خۆتەواوکردنەکەی خۆی). کەواتە من و تۆ چەند بتوانین مێژوو بگۆڕین، هێشتا ناتوانین (ئەوەندە ئیرادەو هێزمان نییە) بەرپەرچی ئەو جوڵانە بدەینەوەو بەری پێبگرین کە ئاگامەندی رەها خۆی دەیەوێت تێیدا بگوزەرێت. ئەمە جۆرە ناچارەکیەک (جۆرە جەبریەتێک) دروستدەکات لەنێو مێژوودا کەدەبێت ب ڕەخنە لەهیگڵ و لەفەلسەفەکەی، چونکە هێگڵ دەیەوێت مێژوو لەسەر یاسای دیالەکتیک راڤە بکات، ئەو یاسای دیالەکتیکەش من و تۆ دروستمان نەکردووە، بەڵکو ئاگامەندی رەها دروستی کردووە. کێشەکەش لەوێدا دروستدەبێت، ئەمەش بەپێچەوانەی مارکسەوەیە کەدێت باسی شۆڕشی پڕۆلیتاریاو ویستی مرۆڤ و پێداویستی و ئەو شتانە دەکات. هیگڵ باسی ویستی مرۆڤ ناکات لەوێداو ئەمەش وەک جۆرێک لەڕەخنە ئاراستەی ئەو کراوە. تەنانەت کەسانی وەکو کارل پۆپەر (گەربزانیت)، رەخنەی توندیان لەهیگڵ گرتووە. ‌هاوڵاتى: بەڵێ ئەو رەخنانە زۆر بەوردی لەکتێبی (کۆمەڵگەی کراوەو دوژمنانی)دا دەبینین کە پۆپەر تێیدا وەک سێ پێغەمبەر درۆزن، قسە لەسەر (ئەفلاتۆن، هیگڵ و مارکس) دەکات؟ د.محەمەد کەمال: دواجاریش کەسی وەک هێربەرت مارکۆزە دێت، فریای هیگڵ دەکەوێت و دەیەوێت رزگاری بکات لەو ڕەخنانە. ‌هاوڵاتى: بەشێکی زۆری فەلسەفەی هیگڵ فەلسەفەیەکی سیاسیە، بەڵام دەکرێت بپرسین ئەو فەلسەفە سیاسیە (لیبراڵە یان تۆ تالیتارە)؟ د.محەمەد کەمال: لیبرال نییەو تۆتالیتاریش نییە، بەو جۆرەی لەمڕۆدا چەمکی تۆتالیتاری تێدا بەکاردەهێنین. گەرچی هیگڵ لەسەرەتاوە کەسێکی رادیکال و شۆڕشگێڕ بووە (لەتەمەنی لاوێتی)دا، بەڵام لەدواساڵەکانی تەمەنیدا بوو بەکەسێکی موحافیزکارو زیاتر پشتگیری لەڕژێمی پاشایەتی دەکرد لەئەڵمانیا. ئەڵبەت ئەمە هەڵوێستی خۆیەتی، بەڵام گەربێتو سەیری فەلسەفەکەی بکەین، ئەوا دەتوانین لەڕوانگەی لۆژیکی دیالەکتیکیەوە، لەلایەکەوە بڵێین هیگڵ سەرهەڵدانی جۆرە ئایدیۆلۆژیایەک بووە (بۆنمونە قۆناغی مێژووی ئەوروپا لەکاتی جەنگی جیهانی دووەمدا، سەرهەڵدانی فاشیزم و نازیزم)، بەپێویستیەکی مێژوویی دادەنێت. چونکە هەموو شتێک لەنێو مێژوودا کەدێتە ئاراو سەرهەڵدەدات، پێویستیەکە ئاگامەندی رەهای پێدا تێدەپەڕێت. ئەمە جۆرێکە لەو رەخنانەی لەهیگڵ گیراوە، بەتایبەت کارل پۆپەر باس لەم شتانە دەکات. بەڵام لەهەمان کاتدا هیگڵ دەڵێت:(هەموو ساتێکی مێژوو لەنێو ئەم گۆڕانکارییە دیالەکتیکیەدا، کاتییەو گۆڕانی بەسەردا دێت. لەقۆناغێکدا پێویستەو لەقۆناغێکدا ناپێویستەو دەبێت زوو تێپەڕی کەین). ئەمە بۆخۆی جۆرێک لەلیبرالیزم دروستدەکات و رێگەنادات ئەو سیستمە تۆتالیتارە، یان سیستەمە ستەمکارە بمێنێتەوەو بەردەوام بێت. ‌هاوڵاتى: هەندێک وەک فەیلەسوفێکی ریالیست و هەندێکی کەش وەک ئایدیالیستێکی رەها سەیری هیگڵ دەکەن، ئەو کامیانە؟ د.محەمەد کەمال: هیگڵ وەکو ئەفلاتون، فەیلەسوفێکی ریالیستەو وەکو ئەویش فەیلەسوفێکی ریالیستە. چونکە ئەفلاتونیش، ئایدیالیست و ریالیستە. ئەمە چۆن؟ ئەفلاتون بڕوای بەبوونی ئایدیاکان و فۆرمە هەمەکیەکان هەیە، وەکو راستەقینەیەکی هەمەکی و راستەقینەیەکی دەرەکی، لەسەروو ئەم جیهانەوە. ئەو فۆرم و ئایدیایانەی ئەفلاتون باسیان دەکات، ئەو بیرۆکانە نین کە لەنێو بیرکردنەوەی من و تۆدا هەن (ئەو بیرۆکە هەمەکیانە نین)، بەڵکو راستەقینەی خۆیان هەیەو ئۆنتۆلۆژیانە، بوونیان هەیەو لەجیهانێکی بەرزدان. ئەمە جۆرێکە لەڕیالیزم. بەڵام لەهەمان کاتدا ئەو فۆرمە هەمەکیانەی کەبوونی خۆیان هەیە، مادە (یاخود ماتریاڵ)نین و ئایدیان. ئەمە جۆرێکە لەئایدیالیزم. بەهەمان شیوە لەفەلسەفەی هیگڵ دا، هۆشی رەها کەخۆی لەناو سروشت و مێژوودا بەرجەستە دەکات، سروشت و مێژوو دەبن بەبابەت و وەکو تۆ باست کرد دەبن بەئۆبژێکت، بۆ ئاگامەندی ڕەها، دەبن بەبەشێکی دەرەکی. کەواتە ئەم جیهانە دەرەکییە (یاخود ئەم جیهانەی ئێمەی تێداین)، جیهانێکی راستەقینەیەو ئەمەش ریالیزمە. کەتۆ دەڵێی جیهان راستەقینەیە لەدەرەوەی بیرکردنەوەی مندا، ئەمە ریالیزمە. بەڵام لەهەمان کاتدا ئەو جیهانە راستەقینەیەی کەمن و تۆ بەڕاستەقینەی دادەنێین و دەڵێین ئۆبژێکتە، سەربەخۆ نییەو بەشێکە لەخۆ. بەشێکە لەئاگامەندی رەها. بەرجەستە بوونی ئاگامەندی رەهایە.. دەگەڕێتەوە بۆ ئاگامەندی خۆی. ئەمەش جۆرێکە لەئایدیالیزم. لەبەرئەوەی فەلسەفەی هیگڵ، ئایدیالیزمێکی ریالیستانەیەو بەتەنیا ئایدیالیزم نییە. ‌هاوڵاتى: بۆ داهاتوو دەتانەوێت درێژە بەپرۆژەی ئیشکردن لەسەر هیگڵ بدەن و لەوبارەیەوە، چیترتان هەیە بۆ کتێبخانەی کوردی؟ د.محەمەد کەمال: بەر لەوە حەزدەکەم لەبارەی پرۆژەی نووسینی خۆمەوە، هەندێ‌ شتت بۆ باس بکەم. ‌هاوڵاتى: بەڵێ‌، فەرموو.. د.محەمەد کەمال:  نووسین بۆ من تەواوکەری پرۆسەی بیرکردنەوەیە. تۆ تاکو بیرنەکەیتەوە ناتوانیت بنووسیت، ئەمە بۆ منیش وایە. لەپرۆژەی نووسینمدا دەمەوێت، زەمینەیەکی فەلسەفی بۆ خوێنەری کورد دروستبکەم. خوێنەری کورد بەهەندێ‌ دەقی فەلسەقی جدی ئاشنابکەم. ئەڵبەتە هەڵبژاردنی منیش بۆ دەقەکان، دەکەوێتە سەر تێگەیشتنم لەو دەقانە. دواتر من وەک کەسێک، وەک بیرگەرایەک بیردەکەمەوە لەژیانی رۆژانەمدا بۆخۆم. بۆنمونە کاتێک لەسەر هیگڵ یان ئەریستۆ دەنووسم، کتێبێکم هەیە دەربارەی (میتافیزیکی ئەریستۆ) نووسیومە، خوێنەر راستەوخۆ تێبگات ئەریستۆ دەڵێت چی، ئەمە پرۆژەکەیە.. ئێستا دەمەوێت خوێنەر لەهیگڵ تێبگات چۆنە. لەدووەم قۆناغی پرۆژەکەمدا، دەمەوێت جەند کتێبێک یان چەند نووسراوێک بنووسم، لەبۆچونی فەلسەفەی خۆمەوە سەیری ئەم فەیلەسوفانە بکەم. ئەمە پرۆژەی دووەممە. کەمن دەمەوێت لەداهاتوودا دەستی پێبکەم. بۆچی؟ لەبەرئەوەی گەربێتو من بێم و لەبۆچونی فەلسەفی خۆمەوە باس لەهیگڵ بکەم، بێ‌ ئەوەی خوێنەری کورد هیچ پاشخانێکی فەلسەفەی هیگڵی لەبەردەستدابێ، ئەو نازانێت من چەند راستگۆم، لەڕوونکردنەوەو رەخنەکانمدا لەسەر هیگڵ. لەکاتێکدا ئەو هیگڵ نەناسێت، من چی بڵێم بەرامبەر بەو بیرمەندە ئەو بەڕاستی دەزانێت. ئەوەی من دەمەوێت دروستکردنی زەمینەیەکی فەلسەفیە، تاخوێنەری کورد بەفەلسەفە و بەبیرکردنەوەی فەلسەفی ئاشنابێت. بۆ ئەوەی من لەدواڕۆژدا گەر کتێبێکم نووسی، کتێبێکی رەخنەگرانە لەسەر هیگڵ، خوێنەری کورد دەقێکی هیگڵی لەبەر دەستدابێت، بۆ ئەوەی بەراورد بکات لەنێوان ڕەخنەکانی من و بۆچوونەکانی ئەودا. بەڵام گەر من هەر لەئێستاوە دانیشم، رەخنەگرانە بەسەروگوێلاکی فەیلەسوفەکاندا بێمە خوارێ‌ بەزمانی کوردی و خوێنەریش بەرهەمی ئەو فەیلەسوفانەی لەبەردەستدا نەبێت، ئەوسا خوێنەر ناتوانێت حوکم بدات لەسەر هیچ شتێک. جاپرۆژەکەی من ئەوەیە، بتوانم زەمینەیەکی فەلسەفی دروست بکەم. ئەوەش بەپێی توانا، چونکە ئەوە کارێکی هێندە ئاسان نییە، وانییە؟ لەڕێی نووسینەکانەوە فینۆمینۆلۆژیانە باسی ئەریستۆ دەکەم، باسی ئەفلاتون، باسی هیگڵ، هایدیگەر، سارتەر، نیتشە دەکەم. خوێنەریش دەتوانێت راستەوخۆ بۆ ئەو سەرچاوانە بگەڕێتەوە، بەبێ‌ ئەوەی شرۆڤە و لێکدانەوەی منی تێدابێت. چونکە وەک دەزانێت راڤەکردن، هەمیشە جۆرە دەسکاریکردن و رەخنەگرتن و هەڵسەنگاندنێکی تێدایە. بەڵام لەدووەم قۆناغی پرۆژەکەمدا، دەمەوێت رۆژێک دابنیشم کتێبێک لەسەر (فینۆمینۆلۆژی هۆش) بنووسم بەکوردی، تا لەڕوانگەی بیروبۆچوونەکانی خۆمەوە بیروباوەڕەکانی هیگڵ شیبکەمەوە. مەرج نییە هەمیشەو بەردەوامیش رەخنەی لێبگریت و زۆرجار لەوانەیە لەگەڵیشدا بیت، بەڵام جۆرێک بێت لەهەڵسەنگاندنی. ئەوە پرۆژەی دووەمی منە

سازدانی: شوان ئەحمەد بەشی دووەم (د.محەمەد کەمال)، نوسەرو ئەکادیمست و توێژەرێکی بواری فەلسەفە لەبەشی دووەمی چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ هاوڵاتی باس لەوەدەکات کەفەلسەفەی هیگڵ دەوڵەمەندەو راڤەو خوێندنەوەی جیاوازی بۆ کراوە. هەروەها باسی کۆڕەکەی خۆی دەکات کە لەسەر هیگڵ سازی کردوە، کەتێیدا هەوڵیداوە ناوەڕۆکی (فینۆمینۆلۆژی هۆش)، بەخوێنەری کورد بناسێنێت. د.محەمەد کەمال دەڵێت «فەلسەفەی هیگڵ بۆ تێگەیشتن سەخت و گرانە، چونکە تۆ دەبێت بەئارامییەوە بەرهەمەکانی بخوێنیتەوەو شەونخونی لەگەڵدا بکێشی و پشوودرێژ بیت بۆ تێگەیشتن لێی». ‌: ئاشکرایە ئێمە لەبەردەم نەک هیگڵێک، بەڵکو چەند هیگڵێکداین... هیگڵی کیرکیگارد، هیگڵی مارکس، هیگڵی هایدیگەر، هیگڵی سارتەرو پۆست مۆدێرنەکان و.......هتد. بەڵام ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە ئەوەیە، ئەو هیگڵەی تۆ دەتەوێت بیناسێنیت و بەخوێنەری کوردی ئاشنا بکەیت کامە هیگڵە؟ د.محەمەد کەمال: ئەڵبەت پرسیارەکەی تۆ ئەوە رووندەکاتەوە کەفەلسەفەی هیگڵ فەلسەفەیەکی دەوڵەمەندە، هەربۆیە راڤەو خوێندنەوەی جیاوازی بۆ کراوە. من لەو کۆڕەدا کەلێرە لەسەر هیگڵ سازم کردبوو، هەوڵمداوە فینۆمینۆلۆژیانە هیگڵ یاخود ناوەڕۆکی (فینۆمینۆلۆژی هۆش)، بەخوێنەری کورد بناسێنم. لەبەرئەوە لەو کۆڕانەدا بۆچوونی خۆم لەسەر کێشەکانی ئەو باس ناکەم، یان بەراوردی ناکەم لەگەڵ بۆچوونی فەیلەسوفەکانی تردا. ئەویش بۆ ئەوەی خوێنەر لەپێشدا بۆچونەکەی هیگڵ بەتەواوی تێبگات، ئەوسا دەتوانێت بۆچونەکانی دیکەش بناسێت و پێداچونەوەیان بۆ بکات یاخود خۆی بەراوردیان بکات. لەبەرئەوە من دەمەوێت هیگڵ وەکوخۆی چۆن هەیە، بەوشێوەیە بەخوێنەری کوردی بناسێنم. ‌: ئەوەی جێی سەرنج و تێڕامانە ئەوەیە هیگڵ (لەفینۆمینۆلۆژی هۆش)دا، دوو پێشەکی نووسیوە.... هۆکاری ئەمە چییەو بۆچی وایە؟ د.محەمەد کەمال: راستیەکەی هیگڵ بۆخۆی کێشەی زۆری هەبووە لەگەڵ ئەم کتێبەداو لەنووسینی دواکەوتووە. تەنانەت دەزگای چاپەمەنییەکە هەڕەشەیان لێکردووە، پێیان وتوە:(کتێبەکەت بۆ چاپ ناکەین و پارەکەشمان دەوێتەوە). ئەو پارەیەی پێشوەختە بۆ نووسینی کتێبەکە داویانەتێ‌. هۆکاری ئەمەش ئەوەیە کەتۆ دێیت کتێبێکی فەلسەفی جددی و قوڵ دەنووسیت، لەنێویدا باسی کێشەیک یان چەند کێشەیەک ناکەیت، بەڵکو باسی هەموو جیهان دەکەیت کەچۆن مێژووی مرۆڤایەتی لەسەرەتاوە دیالەکتیکیانە دەگۆڕێت. ئەو گۆڕانە لەگەڵ راڤەکردنەکەی خۆتدا دەگونجێنیت. واتە گۆڕانەکەت دەکەیت بەبەشێک لەڕاڤەکردنەکەی خۆت . ئەڵبەتە ئەمەش کارێکی زۆر ئاسان نییەو کارێکی سەختە. سەروەختێک هیگڵ کتێبەکەی تەواو کردووە، بەدوا قۆناغی گەشەکردنی بیرکردنەوەی مرۆڤ دەگات و بیرکردنەوەی فەلسەفی بەدوا قۆناغ دادەنێت و دەپرسێت:(ئایا مەبەست لەدوا قۆناغ و بیرکردنەوەی فەلسەفی چییە؟). مەبەست ئەوەیە کەئاگایی جارێکی تر خۆی لەنامۆبوون رزگار دەکات و لەگەڵ بابەتەکەیدا یەکدەگرێتەوە. کەیەکیشی گرتەوە، ئەوسا بەتەواوی بابەتەکە دەناسێت. ناسینی تەواو پڕی بابەتەکە لەوێدا دروست دەبێت. لەبەرئەوە جارێکی دیکە هاتووەو پێشەیەکەی نووسیوەتەوە. مەبەستی هیگڵیش لەم راڤەکردنە فەلسەفیە بۆ جیهان و جیهان گۆڕین و مێژووی جیهان ئەوەیە، فەلسەفە بکات بەزانستێکی رەها. بۆیە هەندێ‌ جار گەر هەموو کتێبەکە نەخوێنیتەوەو بەکۆتاییەکەی نەگەیت، نازانیت مەبەستی هیگڵ لەزانستی رەها چییە، چونکە زانستی رەها لەزانستەکانی دیکە جیادەبێتەوە. بۆ نمونە زانستی فیزیا، مامەڵە لەگەڵ جوڵەی تەنە مادییەکاندا دەکات. ئەمەش بوارێکی تایبەت و سنوردارە لەتوێژینەوەدا، وەلێ‌ هیگڵ دەڵێت:(زانستی رەها دەیەوێت بابەتەکەی بەتەواوی بناسێت و هەست بکات کەخۆی بابەتەکەیەو بابەتەکەش خۆیەتی). لێرەدا هیچ شتێک یان لایەنێکی شاراوە سەبارەت بەبابەتەکە نابینێت. کەواتە ئەو زانینەی ئاگایی هەیەتی(ئاگامەندی هەیەتی لەبابەتەکە)، زانینێکی رەهایە. زانینی رەهاش، زانستی رەها دروست دەکات. کەواتە فەلسەفە زانستێکی رەهایە. لێرەوە دەگەڕێتەوە بۆ کۆتایی و لەکۆتاییشەوە جارێکی تر دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتا. ‌: وەک هەقیقەتێکی بەڵگەنەویست هەر کەباسی پرۆژەی مۆدێرنە دێتەگۆڕێ‌، رێک و راست ئەوە دەدرێت بەگوێماندا کەئەو پرۆسەیە بەدیکارت و کۆژیتۆی دیکارتی دەستپێدەکات لەسەدەی حەڤدەهەمدا. کەچی یۆرگن هابرماس لەکتێبەکەیدا(گوتاری فەلسەفی مۆدێرنە) شتێکی دیکە دەڵێت و باس لەوەدەکات کەمۆدێرنە نەک بەدیکارت، بەڵکو بەهیگل وفەلسەفەکەی ئەو دەست پێدەکات. ئەمە هەوڵێکی هابرماس نییە، بۆ بەخشینی سەنگ و قورساییەکی زیاتر بەهیگڵ و فەلسەفەکەی؟ د.محەمەد کەمال: رەنگە بۆ ئەو بابەتە، هابرماس خوێندنەوەو راڤەکردنی خۆی هەبێت. بەڵام نابێت ئەوەمان لەیادبچێت کە دیکارت بۆ مۆدێرنە زۆر گرنگە، چونکە کۆژیتۆکەی شتێکی هەروا هاکەزایی و ئاسان نیە بڵێیت:(من بیردەکەمەوە کەواتە من هەم). ئەمە لەئاکامی ئەو بیرکردنەوە فەلسەفیە دروست بووە کەدەسەڵاتی زانینی بۆ ئەقڵی مرۆڤ گەڕاندەوە. وەکو دەزانین لەسەدەکانی ناوەڕاستدا، ئەقڵی مرۆڤ نەبووە بەسەرچاوەی زانین و سەرچاوەی زانین لەشوێن و جێیەکی دیکە بووە، بەڵام دیکارت هاتووە گەڕاوەتەوە بۆ ئەقڵی مرۆڤ. لەئەقڵی مرۆڤیشدا تەنها نەگەڕاوەتەوە بۆ هەستکردن، بەڵکو گەڕاوەتەوە، بۆ لایەنی ئەقڵانی بیرکردنەوەی مرۆڤ. ئەمەش بۆخۆی گۆڕانکارییەکی گەورەیە. ئەڵبەتە هەر کۆژیتۆکەی گرنگ نییەو دیکارت کتێبێکی دیکەشی هەیە بەناوی (باسی میتۆد) و لێکۆڵینەوە دەربارەی میتۆد دەکات و زۆر لەمێژوونووسان دەڵێن:(ئەم کێبەی دیکارت بووە بەبنەمای تازەگەری)، چونکە میتۆدێکی باسکردووە کە بەتەواوەتی فەلسەفەی نوێ‌ و زانستەکان، سوودیان لێوەرگرتووە. هەروەها بیرکردنەوەی بەتەواوی گۆڕیوە. دوای دیکارتیش بێگومان بیرمەندانی دیکە هەن، رۆلیان هەبووە لەزەمینەخۆشکردن بۆ سەردەمی مۆدێرن و لەدواجاریشدا، هیگڵ رۆڵێکی زۆر سەرەکی هەبووە، وەک ئەوەی هابرماس باسی دەکات.. ‌: پرسیارێکی تر سەبارەت بە (فینۆمینۆلۆژی هۆش)، بۆچی هیگڵ وەک فەیلەسوفێکی سیستماتیک و بەبەرنامە، لەناونانی ئەو کتێبەیدا دوودڵ و راڕا بووەو لەدیاریکردنی تایتڵ و ناونیشانەکەیدا، گۆڕانکاری کردووە؟ د.محەمەد کەمال: زیاتر کتێبەکە لەسەر فینۆمینۆلۆژی ئاگامەندی، یاخوود ئەزمونی ئاگایی بووە. تیایدا باسی ئەوەدەکات کەئەم کتێبە بەشی یەکەمی سیستمە فەلسەفیەکەیەتی، بەڵام دوای بڵاوبوونەوەی بەو راستییە گەیشت کەئەمە بەشی یەکەمی سیستمەکەی نییە، لەڕاستیدا بەشی یەکەمی سیستمەکەی لۆژیکە. هەربۆیە لەچاپی دووەمدا، بەشی یەکەمی لابردو نەینووسی بەشی یەکەم و هەر نووسی(فینۆمینۆلۆژی ئاگامەندیی) و دواتر کردی بە (فینۆمینۆلۆژی هۆش). ئەمە بۆچی؟ لەبەرئەوەی هیگڵ سیستمەکەی واداناوە، لۆژیک بەشی یەکەمە کەکاتیگۆرییەکان لەیەکتری لەڕێی دیالێکتەوە دەردەهێنێت و کاتێک ئەو سیستەمی لۆژیکە تەواودەبێت، سیستەمی بیرکردنەوەی پەتییە، پاشان دێتە سەر سروشت کەبەشی دووەمی سیستەمەکەیەتی. سروشت چۆن پەیدابووەو چۆن چۆنی سروشتیش دیالێکتیانە دەگۆڕێت. ئەڵبەتە لەمڕۆدا ئەو بەشەی فەلسەفەی هیگڵ زۆر زۆر گرنگ نییەو دواجار دێتەسەر ئەو کێشانەی لە (فینۆمینۆلۆژی هۆش) و (فینۆمینۆلۆژی ماف)دا باسی کردوون. ئەوەش دەبێتە بەشی سێیەمی سیستەمە فەلسەفیەکەی. کەواتە(فینۆمینۆلۆژی هۆش) بەشی سێیەمی سیستەمە فەلسەفیەکەیەتی نەک بەشی یەکەمی. بۆیە ناونیشانەکانی گۆڕیوە. ‌: دەتوانین بڵێن ئەوەی فەلسەفەی هیگڵی قورس و ئاڵۆز کردووە، ئەوەیە کەبیرکردنەوەی ئەو تایبەتە بەسوبێکت و ئوبێکت و پێکەوە قسەیان لەسەر دەکات، نەک سوبێکت یان ئوبێکت بەتەنها؟ د.محەمەد کەمال: بەبۆچونی من مەسەلەی قورسی و ئاڵۆزی بیرکردنەوەی هیگڵ هەرئەوە نییە.. بەگشتی ئەو لەهەوڵی ئەوەدا بووە، فەلسەفە بکات بەجیهانبینی و ویستویەتی هەموو شتێک لەناو سیستەمە فەلسەفیەکەیدا جێ‌ بکاتەوە کەئەمەش بۆخۆی کارێکی گران و زەحمەتە. وەکو خۆشی باسی دەکات، توانیویەتی ئەو کارە بکات. بۆیە سەروەختێک فەلسەفەی هیگڵ دەخوێنیتەوە، لەگەڵ سیستەمێکدا ڕوبەڕوو دەبیتەوە کەهەموو شتێکی ڕاڤە کردووەو باسی هەموو شتێکی کردووە. لەدووەم بەشی کۆڕەکەمدا دەربارەی (فینۆمینۆلۆژی هۆش)، هەرچەندە دەبێت بلێم من غەدرم لەهیگڵ کرد، چونکە لەماوەی کاتژمێرێکدا باسم لەناوەرۆکی ئەو بەرهەمە کردووە، ئەوەش بۆخۆی جۆرە ناهەقیەکە دەرهەق بەهیگڵ. بەڵام ئەو هاتووە هەموو مێژووی بیرکردنەوەی، لەسەرەتاوە تاکو کۆتایی باس کردووە. ئەمەش خۆی لەخۆیدا ئەرکێکی زۆر سەختەو کارێکی ئاسان نییە. هەربۆیە فەلسەفەی هیگڵ بۆتێگەیشتن سەخت و گرانە، چونکە تۆدەبێت بەئارامیەوە بەرهەمەکانی بخوێنیتەوەو شەونخونی لەگەڵدا بکێشی و پشودرێژ بیت بۆ تێگەیشتن لەو. ‌: ئەڵبەتە هیگڵ لەنێو سیستەمە فەلسەفیەکەیدا، باس لەهەموو شتێک دەکات:(ئایین، فیزیک، مێتافیزیک، لۆژیک، مۆراڵ، سیایەت، دەوڵەت، کۆمەڵگە.......هتد). بەڕای ئێوە شتێک ماوە ئەو لەنێو سیستمە فەلسەفیە گشتگیرەکەیدا باسی نەکردبێت؟ د.محەمەد کەمال: بێگومان زۆر شتی دیکە هەیە کەباسی نەکردووە. ئێمە دەتوانین گەر ئەو کێشە فەلسەفیانە لەم چەمکانە پێکهاتبێت کەئێستا بەڕێزتان ناوتان هێنان، کەواتە هیگڵ باسی هەموو شتێکی کردووە، بەڵام هێشتا زۆر شت هەن کەباسیان نەکراوەو فەیلەسوفانی دوای ئەو هاتوون باسیان کردووە. بۆ نموونە یەکێک لەو بابەتانە(کێشەی شوناسە)و هیگڵ باسی نەکردووە. وەک ئەوەی شوناسی تاکەکەس چۆن دروست دەبێت؟ یان کێشەی سەربەستی بەوجۆرەی هیگڵ باسی دەکات رەنگە تۆ لەگەڵی نەبیت، چونکە گەر ئێمە هەموومان، هەموو تاکەکانی کۆمەڵ بەشێک بن لەو سیستمە گشتگیر و جیهانیەی ئەو باسی دەکات، لەوێدا کێشەی سەربەستی تاک دێتەئارا. کەئەو بیری لەو کێشەیە نەکردۆتەوە. لەوبڕوایەدا بووە تاکەکان لەنێو کۆمەڵدا، سەربەستن و لەنێو سیستمەکەشدا هەر سەربەست دەبن. ئەمەش مانای وایە بۆچونی جیاوازی بۆ سەربەستی هەبووە. بۆیە دەتوانین بڵێین زۆر کێشە هەیە کەئەو لەفەلسەفەکەیدا باسی نەکردوەو دوای خۆی فەیلەسوفانی دیکە وەک:(مارکسیستەکان و بوونگەراکان) هاتوون و جۆرێکی تر لەبیرکردنەوەی فەلسەفییان هێناوەتە ئاراوە. گەر فەلسەفەی هیگڵ پڕو تەواو بوایەو هەموو شتێکی لەخۆی بگرتایە، پێویستی نەدەکرد لەوەزیاتر بیربکەینەوە.

سازدانی: شوان ئەحمەد بەشی یەکەم سەرەتا: تاکوتەرا نەبێت تابەراییەکانی ئەم سەدەیەش، کتێبخانەی کوردی لەمیراتی فەلسەفەی مرۆڤایەتی و لەسەرچاوە فیکریە گرنگەکان بێبەش بوو.. ئێمە تەنها ناوی فەیلەسوف و فێرگە فەلسەفیەکانمان دەبیست و هیچی تر. وەکو ئەوەی زمانی کوردی دەرەقەتی بواری فەلسەفە نەیەت و لەکتێبخانەی کوردیشدا، جێگەی ئەو تێکستە فکریانە نەبێتەوە. بەڵام بەهەوڵ و کۆشش و ماندووبونی چەند کەسانێک (کە ئەڵبەت د.محەمد کەمال) یەکێکە لەوانە، کۆتایی بەو قۆناغە هات و لەئێستادا خوێنەرانی ئێمە، دەتوانن بەزمانی کوردی دەستیان بەچەند تێکستێکی فەلسەفی گرنگ رابگات و بەقەڵەمی ئەکادیمیست و نوسەران و توێژەرانی بواری فەلسەفە، بەکوردی لەسەر چەندین بیرمەندو قوتابخانەی فەلسەفی بخوێننەوە. لەم چارەکە سەدەیەی رابردودا (د.محەمەد کەمال)، وەک نووسەرو ئەکادیمست و توێژەرێکی بواری فەلسەفە (بەنووسین و وەرگێڕان)، زیاتر لەبیست بەرهەمی پێشکەش بەکتێبخانەی کوردی کردووە،(کەلێرەدا ئاماژەمان پێداون). بۆ ئێمە گەڕانەوەی ئەمجارەی (د.محەمەد کەمال) لەوڵاتی ئوسترالیاوە بۆ کوردستان، دەرفەتێک بوو تاگفتوگۆیەکی چڕو پڕو هەمەلایەنی لەگەڵدا سازبکەین، دەربارەی(فەلسەفەی هیگڵ و فینۆمینۆلۆژی هۆش)، بەو پێیەی بەڕێزیان دوو کتێبیان لەبارەی هیگڵەوە نووسیوە (هیگڵ، لۆجیکی هیگڵ)، لەگەڵ وەرگێڕانی(فینۆ مینۆلۆژی هۆش) لەزمانی ئینگلیزیەوە. هاوکات لەبەرنامەیدایە لەداهاتودا کار لەسەر وەرگێڕانی (فەلسەفەی ماف)یش بکات. هەڵبەتە بەوپێیەی ئێمە لەبەردەم یەکێک لەمەزنە فەیلەسوفەکانی مێژووداین و (فینۆمینۆلۆژی هۆش)یش یەکێکە لەتێکستە فەلسەفیە گرنگ و ئاڵۆزەکان، ئەوا بەوریاییەوە هەندێ‌ پرسیاری سەرەتاییمان وروژاندووەو ئامانجمان لەمەش ئەوەبووە، خوێنەری کورد کەمێک روونتر لەفەلسەفەی هیگڵ و تێکستە گرنگەکەی تێبگات.   دەقی گفتوگۆکە: ‌هاوڵاتى: زۆرجار لێرەو لەوێ‌ لەڕێی مێژوونووسانی فەلسەفەو فەلسەفەکارو ئەکادیمیستەکانەوە، گوێبیستی ئەوە دەبین کەباس لەگەورەیی و کاریگەرێتی فەیلەسوفێکی وەک هیگڵ دەکەن. ئەڵبەتە ئێوەش وەک نووسەرو ئەکادیمیست و فەلسەفەکارێک کەسەروکارتان لەگەڵ فەلسەفەی هیگڵ و بەرهەمەکانیدا هەیەو لەبارەیەوە نووسیوتانەو یەکێک لەتێکستە گەورەو گرنگەکانیشتان کردووە بەکوردی (فینۆمینۆلۆژیی هۆش-2016)، لەو حاڵەتە بەدەرنین و وەک زۆرێکی تر جەخت لەبەهاو گەورەیی و گرنگی ئەو دەکەنەوە. ئەوەتا لەپێشەکی کتێبەکەتاندا (فەلسەفەی هیگڵ- چاپی دووەم، 2009-ل 9بۆ12)، دەنووسن:(هیگڵ لەمێژووی فەلسەفەدا، جێگای تایبەت و گرنگی خۆی هەیە. باوەڕناکەم فەیلەسوفێک هەبێت پاش ئەریستۆ هێندەی ئەم زانایە، کاری کردبێتە سەر بیرکردنەوەی فەلسەفیانەی پاش سەردەمەکەی. کەم فێرگەی فەلسەفیش هەن بەباش و خراپ، سودیان لەبیروڕاکانی هیگڵ وەرنەگرتبێت). ئێوە لێرەدا دەوەستن و هەرئەوەندەمان پێدەڵێن.. دەی ئەگەر لەکۆڕێکدا یان کڵاسێکدا لەگەڵ چەند گوێگرو خوێندکارێکدا کۆبیتەوە، لەسەر بەهاو گەورەیی و گرنگی هیگڵ و فەلسەفەکەی چییان پێ‌ دەڵێیت؟ -ئەڵبەتە هیگڵ وەک فەیلەسوفێک کاریگەری گەورەی لەسەر ڕەوتی فەلسەفەی پاش خۆی جێهێشتووەو ڕۆڵی ئەو لەفەلسەفەی نوێدا، وەک ڕۆڵی ئەریستۆیە لەپێش خۆیدا. کاریگەری هیگڵ و ئەریستۆش لەهۆکار بەدەر نییە. وەکو دەزانین ئەریستۆ بەدرێژایی مێژووی فەلسەفە (بەسەدەکانی ناوەڕاست و فەلسەفەی ئیسلامی و تەنانەت فەلسەفەی تازەگەریش)، چونکە دێکارتیش بەشێکە لەنەریتی ئەریستۆیی، بە ئەریستۆ کاریگەر بووە. هیگڵیش بەهەمان شێوە، کاریگەرێتیەکی گەورەی لەسەر سەردەم و قۆناغی خۆی بەجێ‌ هێشتووەو تەنانەت ئەو کاریگەرێتیەی، لەسەر بیریارانی پاش سەردەمەکەی خۆشی هەبووە. جگە لەوەی دوای مردنی هیگڵیەکان بوون بەدوو بەشەوە (هیگلیە راستڕەوەکان و هیگلیە چەپڕەوەکان) کە فەیلەسوفانی گەورەی وەک فیۆرباخ و مارکسی تێدا هەڵکەوتووە. لەلایەکی دیکەوە کاریگەرێتی لەسەر فەلسەفەی بوونخوازیش هەبووە. بۆ نمونە رەخنەکانی کیرکیگارد لەسەر هیگڵ و فەلسەفەکەی، یاخود خوێندنەوەی ژان پۆل سارتەرو مارتن هایدیگەریش بۆ هیگڵ. تەنانەت لەسەردەمی ئێستاشماندا ناتوانین بەبێ‌ هیگڵ، لەفەلسەفەی رۆژئاوا تێبگەین. ئەو بزاوتە مارکسیەشی کەدروست بوو (وەک دەزانین نیوەی جیهان کەوتە نێو بلۆکی سۆشیالیزمەوە)، مارکسیش لەژێر کاریگەرێتی هیگڵ دا بیری کردۆتەوە.. لەبەرئەوە دەتوانین بڵێین هیگڵ توانیویەتی کاریگەرێتیەکی گەورە، لەدوای خۆی جێ بهێڵێت. تاکو خۆی هەندێ‌ جار، بیرم نایەت لەچ کتێبێکدا بەتەواوەتی دەڵێت: (پاش من فەلسەفەی نوێ‌ دروست نابێت. هەرکەسێک دێت و بەناوی فەلسەفەوە شتێکی نوێ‌ بهێنێتە ئارا، ئەوە وەچەی منە). ئەمەش نیشانەی ئەوەیە هیگڵ وەک فەیلەسوفێک، رۆحیەتی فیزو لوت بەرزی و خۆبەشت زانی تێدابووە، وەک کەسێک کە توانیویەتی سیستەمێکی تۆکمەی فەلسەفی دابڕێژێت و جیهانبینیەکی تەواو دروستبکات. ‌هاوڵاتى: لەگفتوگۆیەکی دا لەگەڵ ئانجا ستێنباوەر، فەیلەسوفی سلۆڤینی سلاڤۆی ژیژەک دەڵێت:(من گومان لەخوێنەرانی هیگڵ دەکەم و پێم وانیە ئەوانە کتێبەکانی ئەویان خوێندبێتەوە، بەتایبەتی کتێبەکانی لەبارەی لۆژیکەوە. من گومان دەکەم خەڵکی لۆژیکی هیگڵیان خوێندبێتەوە. ئەویش لەبەر یەک هۆکار: بەبڕوای من گەر نەشیان خوێندبێتەوە، هیچ شتێکی گرنگیان لەدەست نەچووە). هەر بەڕاست خوێندنەوەو نەخوێندنەوەی بەرهەمەکانی هیگڵ، وەک یەک وایە؟ د.محەمەد کەمال: ئەڵبەت من لەگەڵ ئەو بۆچوونەدا نیم و ئەوە باوەڕی ژیژەک خۆیەتی. یەکەم/ ئێمە ناتوانین حوکم بەسەر خوێنەری فەلسەفەدا بدەین و بڵێین:(کتێبی هیگڵیان نەخوێندۆتەوە). ئەوە بۆخۆی حوکمدانێکی سەختە، چونکە ئەوانەی فەلسەفە دەخوێننەوەو دەیانەوێت لەهیگڵ تێبگەن، دەبێت لۆژیکەکەشی بخوێننەوە. پاشان خوێنەر چەند تێدەگات یان تێناگات، ئەوە دەکەوێتە سەر توانای خوێنەر خۆی و شارەزابوونی لەپاشخانی فەلسەفەی هیگڵ. دووەم/لۆژیکی هیگڵ کە لۆژیکی دیالەکتیکە، دواتریش مارکس سودی لەو لۆژیکە وەرگرت، یاخود لۆژیکەکەی خۆی دیالێکتیانە لەسەر سیستمەکەی هیگڵ دایمەزراند بوو بەتەنیا ئامرازێک یاخود تەنیا لۆژیکێک بۆ راڤەکردنی مێژوو. ئێمە تائەمڕۆش کە باسی مێژووی چینایەتی دەکەین یاخود باسی خەباتی چینایەتی دەکەین (کە خەباتی چینایەتی هەتا ئێستاش لەکۆمەڵگەی سەرمایەداریدا بەردەوامە)، گەرچی بزوتنەوەی مارکسیزم لەزۆر شوێندا کۆتایی پێ‌ هاتووە، بەڵام ئەو ڕاڤەکردنەی مارکس بۆ مێژووی کردووە لەسەر بنەمای لۆژیکی هیگڵ، تاکو ئێستا راڤەکردنێکی راست و دروستە بۆ مێژوو. لەبەرئەوە تۆ ناتوانیت بڵێیت، خوێندنەوەو نەخوێندنەوەی لۆژیکی هیگڵ وەک یەک وایە، چونکە لەڕاستیدا لۆژیکی هیگڵ زۆر گرنگە بۆ تێگەیشتن لەبزاوتی مێژوو، لەجوڵەی قۆناغەکانی مێژوو و گۆڕانکاریەکانی ناوی کەماوەیەکی زۆر مارکسیستەکانیش خۆیان پێیەوە ماندوو کردووە. لەبەرئەوە من باوەڕم بەوە نییە بڵێیت ئەو ڕاڤەکردنانەی مارکس و هیگڵ بۆ مێژوویان کردووە بەسەرچووە، چونکە جیهانی سۆشیالیزم کۆتایی پێهاتووەو داڕماوە. ئاخر داڕمانی ئەو ئەزمونە، ناکاتە داڕمانی فەلسەفە.. وەک خۆت دەزانیت فەلسەفە بیرکردنەوەیە، راڤەکردن و تێگەیشتنە لەواقیعی دەرەکی. بیرکردنەوەش کۆتایی پێ‌ نایەت و ناڕوخێت، بەردەوام دەمێنێتەوە. ‌هاوڵاتى: بێگومان بۆ تێگەیشتن لەخۆمان و لەدنیاو لەدەوروبەرمان، هەندێک کتێب هەن ناچارین بەخوێندنەوەیان. پێتان وایە (زانستی لۆژیک و فینۆمینۆلۆژی هۆش)، لەو کتێبانە بن کەناچار بین بەخوێندنەوەیان؟ د.محەمەد کەمال: پێم خۆشە جیاوازیەکی سەرەکی لەنێوان دوو جۆر خوێندنەوەدا دیاری بکەین: یەکەم خوێندنەوەی دەقە فەلسەفیەکان کە ئەمەش هەموو کەسێک قەرەیان ناکەوێت. دووەمیش خوێندنەوە بەگشتی، چونکە هەموو ئەوانەی خوێندەوارن لەژیانی رۆژانەیاندا چەند کتێبێکیان خوێندۆتەوە. رۆژانە گۆڤارو رۆژنامەکان دەخوێننەوە، کتێبی شیعرو رۆمان دەخوێننەوە. ئەمە جۆرێکە لەخوێنەری گشتی کەهەمانە. بەڵام خوێنەری تایبەتیشمان هەیە، لەبوارێکدا دەخوێننەوەو دەیانەوێت لەو بوارەدا قوڵ ببنەوە. یەکێک لەو بوارانە فەلسەفەیە. بەبۆچونی من دەبێت خوێنەری فەلسەفە، ئاوڕێکی جدی لەهیگڵ بداتەوە. نەک لەبەرئەوەی هیگڵ تاکو ئێستا زیندوەو فەیلەسوفێکە ئێمە ناتوانین تێیپەڕێنین، بەڵکو لەبەرئەوەی کاریگەرێتی هەبووە بەسەر بیرکردنەوەی فەلسەفیەوەو کاریگەرێتی هەبووە بەسەر مێژووی فەلسەفەشەوە. من شتێکی خۆمت بۆ دەگێڕمەوە. کە ماستەرەکەم تەواوکرد لەفەلسەفەدا، ویستم دکتۆرا بخوێنم. چووم بۆ لای یەکێک لەمامۆستاکانم (پڕۆفیسۆر مەنزور ئەحمەد)، ئەوکاتە سەرۆکی بەشی فەلسەفە بوو لەزانکۆی کاراتشی و راگری کۆلێژی ئادابیش بوو. پێمووت:(دەمەوێت دکتۆرا بکەم لەسەر فەلسەفەی هیگڵ)، لەوەڵامدا وتی:(نا، تۆ دەبێت دکتۆرا بکەیت لەسەر فەلسەفەی ئیسلامی، چونکە تۆ عەرەبیەکەت زۆر باشە، دەتوانیت شتێکی چاک بنووسیت). ئەڵبەت منیش رازی نەبووم بەپێشنیارەکەی ئەوو وتم:(من دەمەوێت لەسەر فەلسەفەی هیگڵ بنووسم و نامەی دکتۆراکەم لەسەر فەلسەفەی هیگڵ بێت). نەک لەبەرئەوەی هیگڵیانە بیرم دەکردەوە، بەڵکو بەپێویستم دەزانی. مامۆستاکەم وتی: (یەک تاکە هۆکارم پێ‌ بڵێ‌ کە من قەناعەتی پێ‌ بکەم، ئەوسا بچۆ لەسەر هیگڵ بنووسە). منیش وتم:(تەنیا هۆکار ئەوەیە کەمن وەک خوێندکارێکی فەلسەفە، گەرچی ماستەریشم تەواوکردوەو نامەی ماستەرەکەشم لەسەر هیگڵە، نەمتوانیوە لەو فەیلەسوفە بەچاکی تێبگەم، بۆیە ئەمە تاکە ڕێگایەکە بۆ من، تاسێ‌ چوار ساڵ ئیش لەسەر هیگڵ بکەم، بۆ ئەوەی بەقووڵی و بەجدی لە هیگڵ و فەلسەفەکەی حاڵی ببم). دواجار مامۆستاکەم رازی بوو، بۆیە دەستم بەخوێندنەوەی هیگڵ کردو دکتۆراکەم لەسەر لۆژیکی هیگڵ نووسی. ئەمانەم بۆ ئەوە باسکرد تابڵێم، تێگەیشتن و تێنەگەیشتن دەکەوێتە سەر خوێنەر خۆی. ئەگەر یەکێک خوێنەری فەلسەفە بێت، خوێنەری تێکستە قوڵ و جدییەکان بێت، پێویستە ئاوڕ لەهیگڵ بداتەوەو ناتوانێت فەرامۆشی بکات.   بەرهەمە چاپکراوەکانی ((د.محەمەد کەمال)): ١-بوون و داهێنان (نووسین)- چاپی یەکەم، 2004-(241)لاپەڕە. ٢-گفتوگۆیەک لەگەڵ هایدیگەردا (وەرگێڕان)- چاپی یەکەم، 2005-(82)لاپەڕە . ٣-هایدیگەرو شۆڕشێکی فەلسەفی (نووسین)- چاپی یەکەم، 2007-(377)لاپەڕە. ٤-مێتافیزیک، ئەریستۆ (وەرگێڕان)-چاپی یەکەم، 2008-(321)لاپەڕە. ٥-کاتیگۆرییەکان، ئەریستۆ (وەرگێڕان) چاپی یەکەم، 2009-(54)لاپەڕە. ٦-فەلسەفەی هیگڵ (نوسین)-چاپی دووەم،2009-(88)لاپەڕە. ٧-نیتشەو پاش تازەگەری (وەرگێڕان)-چاپی دووەم، 2009 -(270)لاپەڕە. ٨-کۆمار، ئەفلاتۆن (وەرگێڕان)-چاپی یەکەم، 2009 - (355)لاپەڕە. ٩-فەلسەفەی ئەفلاتۆن (نووسین)-چاپی یەکەم، 2010 -(350)لاپەڕە. ١٠-فەلسەفەی سارتەر، خوێندنەوەیەکی نوێ‌ (نووسین)-چاپی دووەم، 2011-(205)لاپەڕە. ١١-بوون و نەبوون، ژان پۆل سارتەر (وەرگێڕان)-چاپی یەکەم، 2011-(625)لاپەڕە. ١٢-فینۆمینۆلۆژی (نووسین)- چاپی یەکەم، 2012- (157) لاپەڕە. ١٣-بوون و کات، مارتن هایدیگەر (وەرگێڕان)-چاپی یەکەم، 2013- (553) لاپەڕە. ١٤-فەلسەفەی بوون، لێکۆڵینەوەیەک لەسەر هزری پاش میتافیزیک (نووسین)- چاپی یەکەم، 2014- (319) لاپەڕە. ١٥-مێتافیزیکی ئەریستۆ (نووسین)- چاپی یەکەم، 2016-(186)لاپەڕە. ١٦-فینۆمینۆلۆژیی هۆش، هیگڵ (وەرگێڕان)- چاپی یەکەم،2016-(874)لاپەڕە. ١٧-لۆژیکی هیگڵ (نووسین)-چاپی یەکەم، 2016-(409)لاپەڕە. ١٨-فەلسەفەی هونەر (نووسین)-چاپی یەکەم، 2017- (250) لاپەڕە. ١٩-فەلسەفەی کانت (نووسین)- چاپی یەکەم، 2017-(365) لاپەڕە. ٢٠-فەلسەفەی سپینۆزاو جەوهەر (نووسین) -چاپی یەکەم، 2018- (239) لاپەڕە. ٢١-ئەفلاتۆنیزمی نوێ ‌(نووسین)- چاپی یەکەم، 2019- (287) لاپەڕە. ٢٢-مارکس وەکو فەیلوسوف (نووسین)-چاپی یەکەم، 2019- (349) لاپەڕە

هاوڵاتى  به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى رۆشنبیرى و هونه‌ر له‌ سلێمانى ئاماده‌کارى کردووه‌ بۆ ئه‌نجامدانى ئێواره‌یه‌کى تایبه‌ت به‌ شیعرو موزیک و نامه‌کانى خۆشه‌ویستى. بڕیاره‌ رۆژى 13ى شوباتى 2020 له‌ هۆڵى یه‌ڵماز گونه‌ى له‌ ئه‌منه‌ سوره‌که‌ى سلێمانى و هه‌ریه‌ک له‌ که‌ژاڵ ئه‌حمه‌دى شاعیر و ئالان عراف و گۆڤه‌ند عه‌بدوڵا موزیک ژه‌ن و چلوره‌ هه‌ردى و کنێر عه‌بدوڵا به‌شدار ده‌بن تێیدا. ئێواره‌یه‌کى تایبه‌ت به‌ شیعرو نامه‌کانى خۆشه‌ویستى کاتژمێر 4ى پاشنیوه‌ڕۆى رۆژى پێنجشه‌مه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌چێت 

جه‌عفه‌ر قاره‌مانى روونبێژی، بریتییە لەکۆمەڵێک یاسا کە بەسوود وەرگرتن لەم یاسایانە دەکرێت یەک واتا بەشێوازی جیاوازو جۆراوجۆر دەرببڕدرێت، بەو مەرجەی ئەو شێوازانە لەڕێژەی روونی و ناڕوونی لەگەڵ یەک جیاوازییان هەبێت و ئەو جیاوازییە تەنیا لەسەر بنەمای خەیاڵ بێت.  زانستی روونبێژی تایبه‌ت به‌زمان و نه‌ته‌وه‌یه‌کی دیاریکراو نییه‌. شوبهاندن و خوازه‌ بەچ شێوەیەک لە شیعری فارسی یان عەرەبیدا واتای هه‌یه، هه‌ر به‌م جۆره‌ش له‌شیعری کوردیدا واتای هەیە. زانستی روونبێژی پەیوەندی به‌واتاوه‌ هه‌یه ‌و پوختی و ناپوختی و پله‌ی داهێنه‌ری به‌رهه‌مه‌کانی ئه‌ده‌بی هه‌ڵده‌سه‌نگێنێت. گرنگی زانستی رەوانبێژیی ئەدەبی و بەتایبەت زانستی روونبێژی زانستی رەوانبێژیی ئەدەبی بەرجەستەترین و گرنگترین بەشی ئەدەبییە کە لایەنی ئافراندن و داهێنانی ئەدەبی تێدا دەردەکەوێت. لەشێوازناسیدا یەکەمین گۆڕانگاریی شێوازی لەباری ئەدەبییەوە لەڕەوانبێژیی ئەدەبیدا روودەدات. بۆ نموونە، بە لێکدانەوەی پێکهاتەی شوبهاندن بەشێوەیەکی ورد دەکرێت گۆڕانکارییەکانی شێوازی ناسی دیاری بکرێت. لەلایەکی ترەوە، بەهۆی ئەوەی کە لەهەرکام لەقوتابخانەکاندا شوبهاندن بەشێوەیەکی جیاواز لەلایەن شاعیرانەوە بەکارهاتووەو ئەڵقەی پەیوەندی هزرو روانینی نوێ شاعیر بەدونیای راستەقینەو خەیاڵییە، شوبهاندن بەباشی دەتوانێت دەربڕی بیرو روانگەی شاعیر بەدونیاو سروشت بێت. لەشوبهاندندا، رووی شوبهاندن جگە لەوەی کە بە تەرازووی هەڵسەنگاندنی بایەخی ئەدەبی شوبهاندن ناسراوە، لەشێوازناسیشدا دەربڕی گۆڕان و جیاوازی شێوازی چاخێکی ئەدەبی بۆ چاخێکی ترە؛ ئەو بابەتە تەنیا دەرخەری گرنگی بەشێک لەزانستی روونبێژی لەڕەخنە و لێکدانەوەکانی ئەدەبییە. تایبەتمەندییەکانی بەشی دووهەمی زانستی رەوانبێژیی ئەدەبی، واتە روونبێژی سەرەتا پێویستە ئاماژەبکرێت لەبەشی دووهەمدا، واتە زانستی روونبێژی بۆ ئەوەی خوێنەر زۆر بەوردی و بەشێوازێکی زانستی و نوێ رووچوونی بۆ ناخی تەوەرەکانی زانستی روونبێژیدا هەبێت، لێکدانەوەیەکی کورت لەسەر پێناسە زمانی شیعری کراوە. هەر لەپێشەکیدا مژاری وێنەی شیعری و رۆڵی زمانی شیعری لەسەر ئافراندنی وێنەی شیعری بەشێوەیەکی تۆکمە شیکراوەتەوە. لەهەرکام لەبەشە سەرەکییەکانی زانستی روونبێژی، سەرەتا پشکنینێکی چڕوپڕ لەسەر پێشینەی هەرکام لەکۆڵەکەکانی زانستی روونبێژی و  بابەتەکانیان ئەنجامدراوە، بۆ نموونە، لەبەشی خواستندا دوای لێکدانەوەی بۆچوونی نووسەرانێکی وەک: ئەبو هیلالی عەسکەری، تفتازانی، جاحیز، ئیبنی موعتەز، کەدکەنی، شەمیساو هتد، بەشێوازێکی بەربڵاوتر هەر لەسەر ئەو مژارە ئاماژە بەڕوانگەی رەخنەگران و نووسەرانێکی تری وەک: ئەرەستوو، یاکۆبسێن، ریچاردێز، کۆلرێج، هاوکس و هتد، کراوە. بۆیە لەو توێژینەوەیەدا هەوڵدراوە هەرکام لەبابەتەکانی زانستی روونبێژی بەپێی روانگەی رەخنەگران و پسپۆڕانی بیانی بەوردی شرۆڤە بکرێت؛ پاشان رەنگدانەوەی ئەو زانستەی لەئەدەبی کوردیداو بەتایبەت لەدەلاقەی شیعری شاعیرانی کلاسیکی کوردی شیبکرێتەوەو لەئەنجامدا ئاکامی کۆبەندی باسەکان ئاراستە بکرێت. بۆ ئەوەی ئەو توێژینەوەیە زانیاری نوێ بەخوێنەری وێژەی کوردی ببەخشێت؛ سەرەتا هەوڵدراوە تایبەتمەندی هەرکام لە توخمە پێکهێنەرەکانی زانستی روونبێژی بەوردی تاووتوێ بکرێت و پاشان بەهێنانی نموونەی شیعری شرۆڤەی هەرکام لە کۆڵەکەکانی روونبێژی و جۆرەکانیان ئەنجامدراوە. لەبەشێکی تردا لایەنەکانی جوانیناسی هەرکام لەبابەتەکانی زانستی روونبێژی لەئافراندنی وێنەی شیعری، بەگشتی شیکراوەتەوە. جێی ئاماژەیە لەو بەرهەمەدا بەمەبەستی دەرخستنی رۆڵی رازەکانی زانستی روونبێژی لەپێکهێنانی وێنەی شیعری بۆ هەموو بابەت، یان توخمەکانی زانستی روونبێژی، نموونەی شیعری لەدیوانی شاعیرانی کلاسیک  هاتووە. دیارترین تایبەتمەندی ئەو توێژینەوەیە هەڵبژاردنی زمانی ساکار بۆ شرۆڤەی بابەتەکانی زانستی روونبێژییە. مەبەستی سەرەکی ئەم لێکۆڵینەوەیە پێناسەو بەرجەستە کردنی رازەکانی زانستی روونبێژی لەشیعری کوردی و کۆکردنەوەیان بەشێوازێکی زانستی و دەرخستنی رادەی دەوڵەمەندی زمان کوردی لەبەرهەمهێنانی شێوازی نوێ و کاریگەر بووە. شایانی باسە لە کاتی ئەنجامی ئەو لێکۆڵینەوەیە تووشی چەندین گرفت بووین؛ کە لەهەمووان سەرتر بەهۆی نەبوونی فەرهەنگی زانستی ئەدەبی کوریی، هەڵبژاردنی زاراوەی تایبەت بۆ هەرکام لەڕازەکانی زانستی روونبێژی بوو. لە ئەدەبی کوردیدا بەهۆی کەمی لێکۆڵینەوە لەسەر زانستی رەوانبێژیی ئەدەبی و بەتایبەت زانستی ڕروونبێژی زۆرێک لەزاراوەکانی تایبەت بەو زانستە نەکراونەتە کوردی، یان لە ئەدەبی کوردیدا بۆ هەموویان چەمکی تایبەت دانەنراوە، بۆیە هەندێ جار ئەو زاراوانە بەکارهاتوون کە توێژەرانی پێش ئەم توێژینەوەیە بەکاریانهێناوەو هەندێ جاریش بۆ ئەوەی دەوڵەمەندی زمانی کوردی دەرکەوێت و سەربەخۆیی زمانی کوردی بپارێزرێت؛ زاراوەی کوردی بۆ بەشێک لەڕازەکان لەلایەن نووسەرەوە داتاشراوە. ئەو لێکۆڵینەوەیە (روونبێژی) بەشێوەیەکی گشتی لەپێشەکییەک و چوار بەشی سەرەکی و فەرهەنگۆکێک پێکهاتووە. ناواخنی هەرکام لەبەشەکان بریتین لە: بەشی یەکەم: شوبهاندن. بەشی دووهەم: خوازە. بەشی سێهەم: خواستن. بەشی چوارەم: درکە. لەبەشی دوایی بۆ زانیاری زێدەتری خوێنەری هێژا فەرهەنگۆکێکی تایبەت بەوشەو زاراوەکانی تایبەت بەزانستی روونبێژی دانراوە.

هاوڵاتى دانیشتووانی گوندی «گاگەشی»ی خواروو له‌ مه‌هاباد بەشێوەی خۆڕسک و هەروەها بەهاوکاریی چەند ئەنجومەن و فێرگەی زمانی کوردی، کتێبخانەیەکی کتێبی کوردییان کردەوە. رۆژی هەینی رابردوو  لەگوندی گاگەشی خواروو سەر بە مەهاباد، لەلایەن دانیشتووانی ئەو گوندەوە، بەشێوەی خۆڕسکانەو هەروەها بەبەشداریی چەند ئەنجومەن و فێرگەی کوردی، پەرتووکخانەیەکی کوردی کرایەوە. لەبەشێکی ئەو رێوڕەسمەدا، «سووسەن حەسەنزادە»، زمانناس و مامۆستای زمانی کوردی، بەنوێنەرایەتیی فێرگەی کوردیی مامۆستا زیرەک، لەسەر چۆنیەتیی پەرەپێدانی خوێندنەوەی کتێب بەوردی دواو بە خوێندنەوەی شیعری بەندیخانەی مامۆستا قانع کۆتایی بەوتارە هەست بزوێنەکەی هێنا. «ئامانج محەممەدزادە»، بەرپرسی پەرتووکخانەی گاگەشی باوەمەر، بەشیکردنەوەی بارودۆخی دانانی پەرتووکخانەکە، زانیاریی پێویستی دایە دانیشتووان و «ئازاد ئەمینی» بەنوێنەرایەتیی ئەنجومەنی هیوای زانست و «ئەنوەر ئیسماعیل‌پوور» وەک نوێنەری پەرتووکخانەی رووناکیی موکریانی شاری گوێگتەپە، وتاری خۆیان سەبارەت بەگرنگیی بوونی پەرتووکخانە پێشکەشی ئامادەبووان کرد. هەروەها گرووپی شانۆی گاگەشی باوەمەر بەسەرپەرشتیی «بایەزید جەهانیفەڕ» کە بەیتی سەرەمەڕی مامۆستا هەژاری بە شانۆ ئامادە کردبوو، خستە نێو ئارشیڤی بەڵگەفیلمەکانی خۆی و «مەولوود محەممەدی» بەخوێندنەوەی شیعرێک سەبارەت بەگاگەش رازێنەرەوەی ئەو رێوڕەسمە بوو. لەکۆتاییدا «سابیر ژاکاو»، زمانناس و لێکۆڵەری فەلسەفە، لەسەر پەیوەندیی نێوان زمان و پەرتووکخانە بەوردی و بەشێوەی فەلسەفییانە دوا.  پاش رێوڕەسمەکە، سەرجەم بەشداربووانی کۆڕەکە بۆ کردنەوەی پەرتووکخانەی گاگەشی باوەمەرو پێشکەشکردنی پەرتووکگەلی بەنرخ لەلایەن ئەنجومەنی هیوای زانست، ئەنجومەنی ئیزەرتوو و فێرگەی کوردیی مامۆستا زیرەک، جوانی و دڵاوایی زیاتریان بەکۆمەڵگا بەخشی.