پێگەی بلومبێرگ بڵاویکردوەتەوە، ئیسرائیل تێچوی زیانەکانی لە شەڕی 12 رۆژی لەگەڵ ئێراندا بە سێ ملیار دۆلار خەمڵاندوە. شای ئاهارۆنۆڤیچ، بەڕێوەبەری گشتیی دەسەڵاتی باجی ئیسرائیل بە پێگەی بلومبێرگ ئەوەشی راگەیاندوە، ئیسرائیل گەورەترین ئاڵنگاری ئابوری روبەڕوبوەتەوە لە جەنگی لەگەڵ ئێراندا، کە پێشتر زیانێکی لەو شێوەیە لە مێژوی ئیسرائیلدا نەبوە. بانکی ئیسرائیل پێشبینی دەکات لەمساڵدا گەشەی ئابوری بەڕێژەی 3.5% بێت، هەرچەندە ڕەنگە ئەمە بەهۆی شەڕی ئەم دواییە کاریگەری لەسەر بێت. لە ماوەی شەڕی ١٢ رۆژەدا، ئابوری ئیسرائیل بە شێوەیەک وەستا، قوتابخانە و شوێنە بازرگانییەکان داخران جگە لە خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان، حکومەت قەرەبوی ئەو کۆمپانیایانە دەکاتەوە، کە وەزارەتی دارایی یەک ،لیار و 500 ملیۆن دۆلار خەمڵاندویەتی. ئیسرائیل لە 13ـی حوزەیران هێرشێکی سەرەتایی بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و موشەکی ئاراستەی ئێران کرد و دواتر ئێران وەڵامی هێرشەکانی دایەوە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە کاتژمێرەکانی سەرەتای ڕۆژی سێشەممە 25ی حوزەیران ئاگربەستی راگەیاند.

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ڕایگەیاند، بەردەوامبوون و مانەوەى ئیسرائیل لە بەرزاییەکانی جۆلان مەرجی پێشوەختە بۆ هەر ڕێککەوتنێکی ئەگەری ئاساییکردنەوەی لەگەڵ سوریا. هاوکات جەختی لەوە کردەوە کە دانپێدانانی دیمەشق بە سەروەری ئیسرائیل بەسەر جۆلاندا هەنگاوێکی پێویستە بۆ ئەنجامدانی ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریا. لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی عیبری i24NEWS، گیدۆن ساعر، وەزیرى دەرەوەى ئیسرائیل ڕوونیکردەوە: ئەگەر دەرفەت بدرێت بە ئیسرائیل بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئاشتی یان ئاساییکردنەوە لەگەڵ سوریا، لەکاتێکدا بەرزاییەکانی جۆلان لەژێر سەروەری ئیسرائیلدا بمێننەوە، ئەمە بە بۆچوونی من شتێکی ئەرێنییە بۆ داهاتووی ئیسرائیلییەکان. لێدوانەکانی ساعر هاوکاتە لەگەڵ ڕاپۆرتێکی هەمان کەناڵ، بە پشتبەستن بە سەرچاوەیەکی ئاگاداری سوری، کە پێشبینی کردبوو بەر لە کۆتایی ساڵی 2025 ڕێککەوتنی ئاساییکردنەوەی تەواو لە نێوان دیمەشق و تەلئەبیب بکرێت. سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەدا کە گفتوگۆکان تا ئێستاش بە سەرپەرشتى ڕاستەوخۆی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بەردەوامن، بە هاندانی بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، و لەسەر داوای ئەحمەد شەرعی سەرۆکی سوریا. بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، ڕێککەوتنەکە بریتییە لە کشانەوەی وردە وردەی ئیسرائیل لەو خاکانەی سوریا کە دەستی بەسەردا گرتبوو دوای ئەوەی لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤دا هاتە ناو ناوچەی پارێزراوەوە، لەنێویاندا لوتکەی چیای حەرمون. بەرزاییەکانی جۆلان دەگۆڕدرێن بۆ "پارکی ئاشتی"، بەبێ ئەوەی بەڕوونی پرسی سەروەری کۆتایی بەسەریدا ڕوون بکرێتەوە.

  سەدان هاوڵاتى و بەرپرسى حکومى و سەربازى لە تارانی پایتەختی ئێران ئامادەبوون لە مەراسیمى پرسەى فەرماندە سەربازییە باڵاکانی ئێران، زانایانی ئەتۆمی و خەڵکی مەدەنی کە لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلدا کوژراون. ئامادەبووان دروشمی مەرگ بۆ ئیسرائیل، بۆ ئەمەریکا، مەرگ بۆ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەوتەوە. زۆربەی ئەوانەی ئامادەبوون بە تەواوی جل و بەرگی ڕەشیان لەبەردا بوو، هەوڵیان دەدا دەست لەو تابوتانە بدەن کە لەسەر چەند بارهەڵگرێکی گەورەدا دانرابوون و بەدرێژایی کاروانەکە دەڕۆشتن. جەماوەرەى ئامادەبوو بەیعەتیان دەدایەوە بە ئایەتوڵڵا خامنەیی ڕێبەری مەزنی ئێران دا و بە دروشمی: ئەی ڕێبەری بەرز، ئێمە ئامادەین! پیاوێک کە بەشداریی کردبوو وتی: پەیامی من بۆ ترەمپ ئەوەیە: ان شاءاللە دەمری! چونکە هێرشت کردە سەر ئێران. دڵنیابن کە خەڵک بەم زووانە بە سڕینەوەی ترامپ و ئیسرائیل و ئەمریکا تۆڵەی خوێنی ئەو شەهیدانە دەکەنەوە. کێ دەنێژرێت؟ بەگوێرەی میدیاکانی سەر بە دەوڵەت، پرسەی ڕۆژی شەممە بۆ کۆی گشتی ٦٠ کەس بووە کە بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە کوژراون. لەوانە حوسێن سەلامی کە وەک بەرپرسی باڵاى یەکەمى سپای پاسدارانى ئیسلامی بووە و یەکێک بووە لە پیاوە بەهێزەکانی ئێران، محەمەد باقری کە وەک سەرۆکی ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران بووە، هەروەها ئەمیر عەلی حاجی زادە، فەرماندەی پێشووی هێزی ئاسمانی سوپای پاسداران. بەپێی ئەو وێنانەی کە میدیای دەوڵەتی ئێران بڵاویان کردۆتەوە، بەرپرسێکی باڵای سەربازی و سیاسی ئێرانی کە پێشتر وا بیردەکرایەوە مردووە، ڕۆژی شەممە لە پرسەیەکی دەوڵەتی بۆ ئەو کەسانە دەرکەوت کە لە کاتی شەڕی ١٢ ڕۆژەی لەگەڵ ئیسرائیلدا کوژراون. عەلی شەمخانی، یاریدەدەری نزیکی ئایەتوڵڵا خامنەیی، ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، دوای لێدانە بێوێنەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە ١٣ی حوزەیران، لەلایەن ئیسرائیل و میدیاکانی ئێرانەوە هەواڵی کوژرانی ڕاگەیەندرا. دواتر میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە کە شەمخانی هێشتا لە ژیاندایە، پەیامێکیان بۆ خامنەیی بڵاوکردەوە کە دەوترێت لە شەمخانییەوە کە نووسرابوو “من لە ژیاندام و ئامادەم خۆم بەخت بکەم”. ڕۆژی شەممەی ڕابردوو، شەمخانی لە وێنەکاندا بینرا کە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی ئێران لە پرسەی بەکۆمەڵ لە تاران بڵاویان کردۆتەوە، پشتی بە دارێکی ڕۆیشتن بەستووە و چوار پیاوی دیکە لە لایەکەوە بووە.

  دەستلەکارکێشانەوەی بەکۆمەڵی دادوەرانی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق، دەرگای بەڕووی ئەگەری دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کردووەتەوە. محەمەد عەنوز ئەندامى لیژنەى یاسایی لە پەرلەمانى عێراق بە رۆژنامەی عەرەبی جەدیدی گوتووە، دەستلەکارکێشانەوەی ئەو دادوەرانە،  کێشەى دەستووری و یاسایی دروستدەکات، لەبەرئەوەى دادگای فیدراڵی تاکە سەرچاوەى چارەسەرکردنى کێشە گەورەکانى عێراقە، ئەنجامی هەڵبژاردنیش هەر دەبێت لەلایەن ئەو دادگایەوە پەسەندبکرێت، بۆیە کێشەکانی دادگاکە کێشە بۆ هەڵبژاردن دروستدەکات. محەمەد عەنوز ئاماژەی بەوەشکردووە، لە یاسای تایبەت بە دادگای فیدراڵی، هیچ ئاماژەیەک بە دەستلەکارکێشانەوەی بەکۆمەڵی ئەندامانی دادگاکە نەکراوە، ئەوەش چارەسەرکردنی کێشەکەی ئاڵۆزتر کردووە. هاوکات سەرۆکی ناوەندی رەشید بۆ پەرەپێدان بە عەرەبی جەدیدی گوتووە، رەنگە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دوابخرێت تاوەکو ئەوکاتەی کێشەکانی دادگای فیدراڵی چارەسەردەکرێن و دادگاکە دووبارە پێکدەهێنرێتەوە.

  چەند سەرچاوەیەکى میسر بەکەناڵى ئەلعەرەبییەیان ڕاگەیاندووە، ئەمریکا نێوەندگرانی ئاگادارکردووەتەوە کە لە ئێستادا فشار دەخاتە سەر بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بۆ گەیشتن بە ئاگربەستێکی درێژخایەن لە غەززە. سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەشکردووە، ناوبژیوانان داوای کاتێکی دیاریکراویان کردووە بۆ ئاگربەست لە غەززە، جەختیان لەوە کردووەتەوە کە دانوستانەکانی غەززە دەستپێدەکاتەوە و لە هەفتەی دووەمی مانگی تەمموزدا بڕیاری کۆتایی دەدرێت. ناوبژیوانان داوایان کردووە کە ئەمریکا ئاگربەست لە غەززە بۆ ماوەی نزیکەی دوو هەفتە بسەپێنێت، هەروەها ئەمریکا پلانێک دابنێت بۆ چوونە ناوەوەی هاوکارییەکان بۆ غەززە لە ماوەی مانگی تەمموزدا. لەلایەکى دیکەوە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند کە ٣٠ ملیۆن دۆلاری وەک بودجە بۆ دامەزراوەی مرۆیی غەززە پەسەند کردووە، داوای لە وڵاتانی دیکەش کرد پشتیوانی ئەو ڕێکخراوە بکەن کە هاوکاری دەگەیەنێتە هاوڵاتیان لە کەرتی غەززە. تۆمی پیگۆت، جێگری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی: ئەم پشتیوانییە دووپاتکردنەوەی زیاتری پابەندبوونی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ و مارکۆ ڕوبیو وەزیری دەرەوەی ئەمریکایە بۆ گەیشتن بە ئاشتی لە ناوچەکەدا. ئاژانسی ڕۆیتەرز لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا بڵاویکردەوە، ئەمریکا 30 ملیۆن دۆلار دەداتە ئەو ڕێکخراوە فریاگوزارییە. واشنتۆن لە مێژە پشتیوانی لە دامەزراوەی مرۆیی غەززە دەکات لەڕووی دیپلۆماسییەوە، بەڵام ئەمە یەکەم بەشداری دارایی ئاشکرایە لەلایەن حکومەتی ئەمریکاوە، کە کۆمپانیا تایبەتەکانی سەربازی و لۆجستی ئەمریکی بەکاردەهێنێت بۆ گواستنەوەی هاوکارییەکان بۆ ناوچەی فەلەستین بۆ دابەشکردن لە "شوێنە سەلامەتەکان".

  رۆژنامەی "الشرق الاوسط" دەڵێت توڕەیی جەماوەریی لە پارێزگای سلێمانی لەهەرێمی کوردستان بەرەو هەڵکشان دەچێت، بەهۆی  دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی کەرتی گشتی بۆ دووەم مانگ لەسەریەک. لە چەند رۆژی رابردودا بانگەوازی ئەنجامدانی خۆپیشاندانی جەماوەری بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەران كرا، کە لە مانگی ئایاری رابردووەوە نەگەیشتووەتە دەست ئەو کەسانەی کە مافی خۆیانە، مانگی حوزەیرانیش لە کۆتایدایە، ئەوە لە كاتێكدایە هیچ ئاماژەیەكی  خەرجكردنی مووچە لە ئارادانیە. بڕیاربوو رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، خۆپیشاندەران بڕژێنە سەر شەقامەکان، بەڵام دەسەڵاتدارانی سلێمانی رێوشوێنێكی ئەمنی توندیان گرتەبەرو رێگەیان نەدا ئەنجامبدرێت.  رۆژنامەكە لە زاری سەرچاوەكانیەوە زانیویەتی: دەسەڵاتدارانی سلێمانی ژماریەكی بەرچاو لە چالاكوانان و مامۆستایان و ئەو كەسانەیان دەستگیركردووە كە داوای مووچەكانیان كردووە، هاوكات ئەو رۆژنامەنوسانەش دەستیگركراون كە هەوڵیانداوە رووماڵی خۆپیشاندانەكە بكەن. هەر لەو چوارچێوەیەدا، هێزە ئەمنیەكانی سلێمانی، عەلی حەمەساڵح، سەرۆكی رەوتی هەڵوێست و ژمارەیەك پەرلەمانتاری تریان دەستگیركردووە، بەهۆی ئەو رەخنانەی ئاڕاستەی دەسەڵاتیان كردووە لەبەرامبەر قەیرانی مووچە. لەلایەکى دیکەوە ڕۆژنامەى ئەلعەرب جەدید ڕاپۆرتێکى لەسەر هەمان گرفت بڵاوکردوەتەوەو دەڵێت: دوو مانگە فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان مووچەیان وەرنەگرتووە و بەوەش بەشێکى زۆر لە بازاڕەکان چۆڵییان پێوەدیارە و هەمووان هاواریان لێهەستاوە. تەنها رێگەیەکی شارستانیانەى داواکاریی مافەکانی فەرمانبەران و مامۆستایانە بەڵام حکومەتى هەرێمى کوردستان لە بری ئەوەى چارەسەرى کێشەکەیان بۆ بکات رێگرییان لە خۆپیشاندانی مەدەنییانەش کرد و نەیانهێشت رۆژى پێنج شەممە مامۆستایان کۆببنەوە، رۆژنامەى عەرەب ئاماژەى بەوەشکردووە هێورکردنەوەى شەقام بە دابینکردنى مووچە دەبێت نەک بە بڵاوکردنەوەى هێز و دەستگیرکردنى خۆپیشاندەران و میدیاکاران، بۆ چارەسەرکردنى ئەو کێشەیە وابڕیارە بە نزیکترین کات لیژنەیەکى تایبەت لە بەغدادەوە بگەنە هەرێم تا لە بارەى کێشەى مووچەخۆرانەوە بگەنە بڕیارێکى دڵخۆشکەر. محەمەد عەنوز ئەندامى لیژنەى یاسایی لە پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، ئەوەى کە لە دادگاى فیدراڵیی رویدا و ژمارەیەکی زۆر لە دادوەرەکانى پێکەوە دەستیانلەکارکێشایەوە کێشەى دەستووری و یاسایی دروستدەکات. گوتیشى دەستلەکارکێشانەوەکەیان لەکاتێکدایە کە تا دێت لە هەڵبژاردنی بڕیارلێدراو نزیکتر دەبینەوە و یەکێک لە مەرجەکانى سەرگرتن و تەواوی هەڵبژاردنەکانیش ئەوەیە دەبێت دادگاى فیدراڵی ئەنجامەکان پەسەندبکات. ئاماژەى بەوەشکردووە، لە یاساى ژمارە 30ـى ساڵی 2005 کە تایبەتە بە دادگاى فیدراڵی هیچ ئاماژەیەک بە دەستلەکارکێشانەوەى بە کۆمەڵی تێدا نەکراوە و ئەوەش هێندەى تر پرۆسەکەى قوڵترکردووە.

  شوان کەلاری، بڕیاردەری فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت:، لێکتێگەیشتنی باش لەنێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقدا هەیە و بە ئەگەرێکی زۆرەوە هەفتەی داهاتوو لەسەر پرسی مووچە و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەگەنە رێککەوتن. بە گوتەی شوان کەلاری، لە کۆبوونەوەی شەوی رابردووی شاندی تەکنیکیی هەردوو حکومەتدا، لێکتێگەیشتنی باش هەبووە و هەردوولا ئامانجیان ئەوەیە بگەنە رێککەوتنێک. گوتیشی، شاندێکی باڵای حکومەتی عێراق دێنە هەرێمی کوردستان و لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبنەوە و پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی تاوتوێ دەکەن. هەوڵەکان بەو ئاڕاستەیەن هەردوو وەزارەتی نەوت و سامانە سروشتییەکان بگەنە رێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکان سەبارەت بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەڕێی کۆمپانیای سۆمۆوە. دەشڵێت، پرسی هەناردەکردنەوەی نەوت چارەسەر بکرێت راستەوخۆ کێشەی مووچەش چارەسەر دەبێت و بە ئەگەرێکی زۆرەوە هەفتەی داهاتوو رێککەوتن دەکرێت و کێشەی مووچە چارەسەر دەبێت. لەلایەکى دیکەوە سەرچاوەیەکی حکومی ئاگادار لە وردەکاری گفتوگۆكانی نێوان شاندەكەی بەغداد كە سەردانی هەولێری كردووە لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم، ئاشكرایكردووە: له چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ گەیشتن به لێکتێگەیشتنێکی گشتگیر لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوت و رەوانەكردنی موچه، شاندێكی تەكنیكی، كە نوێنەری وەزارەتەكانی نەوت و دارایی عێراقی لەخۆگرتووە، لەگەڵ نوسینگەی سەرۆك وەزیران، گفتوگۆیەكی ئەرێنیان لەبارەی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت ئەنجامداوەو، بڕیارە سبەینێ‌ گفتوگۆ لەگەڵ نوێنەری كۆمپانیا نەوتییە بیانیەكان بكەن.

  عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان، نامەیەکی بۆ کۆنفرانسی" 100 ساڵەی سەرهەڵدانی شێخ سەعید و بزووتنەوەی ئازادی" نارد و تێیدا باسی رۆڵی شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران و هاوڕێکانی لە بزووتنەوەی سیاسیی کوردستانیدا دەکات. ئۆجەلان لە نامەکەدا دەڵێت، سەرهەڵدانی شێخ سەعید، کە خەبات بوو بۆ مانەوە، زیاتر بوو لە سەرهەڵدانێکی ناوچەیی و کاریگەرییەکی قوڵی لە بیرەوەریی گەلی کورددا دروستکرد. سەرهەڵدانەکە خەباتی کورد بوو، دژی ئەو هزرە سەپێنەرەی لەو کاتەدا هەبوو. دەقەکەی بەمشێوەیەیە: “بۆ کۆنفرانسی سەدساڵەی سەرهەڵدانی ١٩٢٥ کۆمەڵەی ئازادی، شێخ سەعید و هەڤاڵانی، بیر و بانگەوازی هاوبەش حەقیقەتێکی مێژوویی کە ئێمە لە کەسێتی شێخ سەعید دا باسی دەکەین، لە سەرهەڵدانێک یان لە سەرهەڵدێرێکی هەرێمی زیاترە. ئەم حەقیقەتە تێکۆشانێکی نەریتییە بۆ هەبوونێک کە لە یادەوەری هاوبەشی گەلی کورد دا شوێنەواری قووڵی جێهێشتووە. تێکۆشانی سەرهەڵدانی کۆمەڵگەی کوردە کە بە باوەڕیی، نەریت و ئیرادە دژی زیهنییەتی تاکپەرستی سەپێندراو دەرکەوت. شێخ سەعید وەک پێشەنگێک لە هەلومەرجی سەردەمی خۆییدا، بەرپرسیارێتییەکی کۆمەڵایەتی لەئەستۆ گرت و دژی سیاسەتەکانی نکۆڵی کە ئیرادەی کوردایەتی بە ئامانج دەگرت، هەڵوێستی بەهێزی نیشان داوە. ئەم سەرهەڵدانە کە لە کەسێتی ئەودا مانادار دەبێت، بە تەنها هەڵوێستێکی سیاسیی نییە، هاوکات هەڵوێستێکی کۆمەڵایەتیشە. ئەم هەڵوێستە گوزارشتێکی مێژوویی دڵسۆزی کوردە بۆ حەقیقەتەکەی. سیاسەتی ناوەندیگەرای و تاک-شووناسی کە لە ساڵانی سەرەتای کۆماردا بەڕێوەبرا، ئامانجی ئەوەبوو گەلی کورد لە هەبوونی خۆی دابڕێت. شێخ سەعید وتی ‘ئێمە دادپەروەریمان دەویست، بەڵام ئێوە سزای لەسێدارەدنتان پێداین’ بەم وتنەی دژی ئەم سیاسەتە دەنگی گەلێکی بەرزکردەوە لە دژی سێدارە. ئەم قسەیە ڕوونترین و بەهێزترین نیشانەیە کە پێمان دەڵێت حەقیقەت لە دژی ستەم پاشەکشەکی نەکردووە. هەروەها ئەو قسەیەکی دیکەی کە دەڵێت، ‘بەڕێز دادوەر، کوا خۆ ئێمە دەچووین پێکەوە بەرخ بخۆین’ گوزارشتە لەو پیلانگێڕییەی ڕووبەرووی کرایەوە. ئەو قسەیەی دیکەی ‘بێگومان نەوەکانم تۆڵەم دەکەنەوە’ هیوای بەرخۆدانێکە کە ئەو بۆ نەوەکانی داهاتووی جێهێشتووە. خاڵێکی تر هەیە کە لێرەدا دەبێت لە بنەڕەتەوە هێڵکاری بۆ بکرێت: وەک هەر بەرخۆدانێکی مێژوویی، سەرهەڵدان بە سەرکردایەتی شێخ سەعید، هەلومەرجی سەردەمەکەشی لە خۆیدا هەڵگرتووە. بەستنەوەی ئەو سەرهەڵدانە بە تێکۆشانی ئازادیی ئەمڕۆوە، نەک بە ڕۆمانسیزەکردنی بەڵکو بە خستنەڕووی وانە بنەڕەتییەکانی و دووبارە بوونیادنانەوەی بەردەوامی مێژوویی بە درێژایی هێڵێکی ئازادیخوازانە و دیموکراسی، مومکینە. من ئەم نەریتەم کردووەتە بنەما بۆ گۆڕینی شۆڕشگێڕێتی کوردانەی ئازاد. ئەو تێکۆشانەی کە من بەڕێوەی دەبەم ئامانجی ئەوەیە کە میراتی بەرخۆدانی واتاداری ڕابردوو لەگەڵ سیستەمی دیموکراسی و فرەیی و ئاشتی کۆمەڵایەتی داهاتوودا کۆبکاتەوە. هێڵی شێخ سەعید کاتێک مانای ڕاستەقینەی خۆی بەدەست دەهێنێت کە لەگەڵ پارادایمی نەتەوەی دیموکراتیکی ئەمڕۆدا یەکانگیر دەبێت. کوردبوونێکی ئازاد بە دڵسۆزی بۆ مێژوو و کولتوور و بەها ئەخلاقی-سیاسییەکانی گەل مومکینە. پێویستە گەلەکەمان لەم بابەتەدا هۆشیار بێت و ئەو میراتە پیرۆزە بپارێزێت کە ڕێبەرە مێژووییەکان لە دوای خۆیان بەجێیان هێشتووە. لەسەر ئەم بنەمایە، بە ڕێزەوە شێخ سەعید و هەڤاڵەکانی بەبیر دەهێنمەوە و جارێکی دیکە بڕیارداریی خۆم بۆ بەرزڕاگرتنی بەهاکانی تێکۆشان لەسەر ڕێگای ئازادی و ڕاستی دەردەبڕم، بە هیوای کۆنفڕانسێکی سەرکەوتوو، سڵاو لە هەموو بەشداربووان دەکەم. عەبدوڵا ئۆجالان ئیمرالی، حوزەیرانی ٢٠٢٥”

  چوار سەرچاوەی ئاگادار بە (سى ئێن ئێن)یان ڕایانگەیاندووە، ئیدارەی ترەمپ باسی لە ئەگەری یارمەتیدانی ئێران کردووە بۆ دەستڕاگەیشتن بە تا ٣٠ ملیار دۆلار بۆ بنیاتنانی بەرنامەیەکی مەدەنی وزەی ئەتۆمی. هاوکات سووککردنی سزاکان و ئازادکردنی ملیارەها دۆلار لە سەروەت و سامانی سنووردارکراوی ئێران، هەموو ئەمانەش بەشێکن لە هەوڵە چڕکراوەکان بۆ گەڕاندنەوەی تاران بۆ سەر مێزی دانوستان. سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە دیبلۆماتە سەرەکییەکانی ئەمریکا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە پشت پەردەوە وتووێژیان لەگەڵ ئێرانییەکان ئەنجامداوە، تەنانەت ئەوکاتەشى شەڕو هێرشە سەربازییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا بەردەوامبووە.  سى ئێن ئین ئەوەشى زیادکردوە: ئەم گفتوگۆیانە لەم هەفتەیەدا بەردەوام بوون دوای ئەوەی ڕێککەوتن لەسەر ئاگربەست کراوە. بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ پشتڕاستیان کردەوە کە چەند پێشنیارێک خراوەتەڕوو. ئەمانە سەرەتایین و لە پەرەسەندندان و یەک بابەتی جێگیر و دانوستانیان لەسەر نییە: "وەستانی تەواوەتی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێران". لانی کەم یەک پرۆژەی سەرەتایی کە لە لایەن دوو سەرچاوە بۆ سی ئێن ئێن باسکراوە، چەندین هاندان بۆ ئێران لەخۆدەگرێت. لە نێو ئەو بڕگانەی کە باسیان لێوە دەکرێت، کە پێشتر ڕانەگەیەندراون، وەبەرهێنانی نزیکەی ٢٠-٣٠ ملیار دۆلار لە بەرنامەیەکی نوێ و ناپیتێنراوی ئەتۆمی ئێران بۆ مەبەستی وزەی مەدەنی هەیە، بەگوێرەی بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ و سەرچاوە ئاگادارەکان لەو پێشنیازە بە سی ئێن ئێنیان ڕاگەیاندووە.

  بەگوێرەی دوایین راپۆرتەکانی میدیا فەرمییەکانی ئێران بەشێک لە بینای زیندانی ئەوین وێران کراوە و زیندانیانی زیندانی ئەوینیش بە دەستوپێ بەستراوی گوازراونەتەوە. رۆژی دووشەممە 23-06-2025 بەهۆی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر بەشێک لە زیندانی ئێڤین، بەشێکی باڵەخانەی کارگێڕیی زیندانەکە رووخا. لە ئەنجامی ئەو رووخانەدا، ژمارەیەک لە کارمەندانی کارگێڕی، ئەو هاووڵاتیانەی سەردانیان کردبوو و هەروەها کەسوکاری زیندانیان و خودی زیندانییەکانیش بریندار بوون، هەروەها کوژراویشیان هەبووە. رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ باس لە دۆخی خراپی زیندانیانی سیاسی دەکەن، دوای هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر زیندانی ئەوین، دەگوترێت لە کاتێکدا بە زنجیر دەستوپێیان بەستراوەتەوە، گوازراونەتەوە بۆ هەندێک هۆڵی وەرزشی یان زیندانی دیکەی تاران. یەکێک لە بەرپرسانی زیندانەکە کە ناویان بڵاونەبووەتەوە دەڵێت، دۆخی زیندانیانی زیندانی گەورەی تاران زۆر ناجێگیرە و ژیانیان لە مەترسیدایە. باس لەوەش کراوە، لە هەر ژوورێکدا 40 کەسیان بەند کردووە، زۆربەی زیندانییەکان لەسەر زەوی دەخەون و ئاوی خواردنەوەش وەک پێویست بەردەست نییە. زیندانی ئەوین دەکەوێتە ناوچەی ئێڤین لە باکووری ڕۆژئاوای تاران. ساڵی 1972 بنیاتنراوە و لەدوای ساڵی 1979ــشەوە لەگەڵ دروستبوونی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕووبەرەکەی فراوانکراوە. لای ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی وەک زیندانێکی خراپ و توند ناوی دەهێنرێت، بەجۆرێک بووەتە شوێنی زیندانیکردنی سیاسییەکان، ڕۆژنامەوانان، کەسانی ئەکادیمیست، چالاکوانانی مافی مرۆڤ و کەسانی بیانی. زیندانەکە شوێنی 15 هەزار زیندانیی دەبێتەوە.

  داواکاری گشتی ئیسرائیل، داواکارییەکەی نەتانیاهۆى ڕەتکردەوە کەداواى کردبوو بۆ ماوەی دوو هەفتە پشووبدات ئەوکات بچێتە بەردەم دادوەر بۆ دادگاییکردنی لەسەر دۆسیەکانى گەندەڵی. بڕیارە ڕۆژی دووشەممە بنیامین نەتەنیاهوو لەسەر تۆمەتەکانی بەرتیل، ساختەکاری، و خیانەت لە دەستپاکی، دووبارە بچێتە بەردەم دادگا.   ئەمیت حەداد، پارێزەری نەتانیاهۆ ڕایگەیاندووە سەرۆک وەزیران پێویستی بە پشووی دوو هەفتەیی هەیە، بۆ ئەوەی کاتەکانی بۆ "پرسە دیپلۆماسی و نیشتمانی و ئەمنییەکانی" تەرخان بکات، ئەمەش لە دوای شەڕی ئەم دواییە لەگەڵ ئێران کە ڕۆژی سێشەممە کۆتایی هات. بە وتەی حەداد، پرسەکان بریتین لە “بەڕێوەبردنی شەڕی غەززە و مامەڵەکردن لەگەڵ پرسی بارمتەکان”. لە وەڵامەکەیدا، نووسینگەی داواکاری گشتی دەوڵەت دەڵێت کە "ئەو هۆکارە گشتیانەی کە لە داواکارییەکەدا بە وردی باسکراون ناتوانن پاساو بۆ هەڵوەشاندنەوەی دوو هەفتەی دانیشتنەکان بهێننەوە، بەتایبەتی لە پێش پشووەکاندا." ئاماژە بەوە دەکات کە پێشتر دادگا چەند جارێک دەستکاریی کاتى دانیشتنەکانى کردووە بۆ ئەوەی باشتر لەگەڵ کاتەکانى نەتانیاهۆدا بگونجێت، لەوانە ڕێگەی پێداوە کە هەفتەی دووجار ئیفادە بدات، نەک سێ جار لە هەفتەیەکدا. رۆژی چوارشەممە، 25ـی حوزەیرانی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس سۆشیەڵ نەتەنیاهووی وەک "جەنگاوەرێک" ناوبرد و ستایشی سەرکردایەتییەکەی کرد و ماوەی دەسەڵاتی بە "یەکێک لە مەزنترین ساتەکانی مێژووی ئیسرائیل" ناوبرد.   ترەمپ نووسیویەتی: "من و بیبی پێکەوە بەنێو دۆزەخدا تێپەڕین، لە شەڕدا بووین لەگەڵ دوژمنێکی دێرینەی زۆر سەرسەخت و زیرەکی ئیسرائیل، کە ئێرانە،" و ئاماژەی بەوەش کرد کە لەگەڵ نەتەنیاهوو کاریان کردووە بۆ رێگری لە هەڕەشەیەکی گەورەی ئەتۆمی.    ترەمپ زیاتر باسی نەتەنیاهوو دەکات و دەڵێت، هیچ کەسێک نییە لە ئەو "باشتر، زیرەکتر یان بەهێزتر" بۆ ئیسرائیل.

  بەپێی ڕێنماییەکی نوێی وەزارەتی دارایی و ئابووریی کوردستان، لەمەودوا ئەوانیش خانەنشین دەکرێن، بۆ ئەم مەبەستەش قسە لەگەڵ حکومەتی عێراق کراوە و ڕەزامەندی دراوە، چونکە لە عێراقیش فەرمانبەرانی گرێبەست خانەنشین دەکرێن. پرۆسەی خانەنشینی تاوەکو ئێستا فەرمانبەرانی گرێبەستی نەدەگرتەوە، بەڵام بەگوێرەی ڕێنمایی ژمارە 2ـی ساڵی 2025ـی  وەزارەتی دارایی و ئابووری لەمەودوا فەرمانبەرانی گرێبەستیش دەتوانن داوای خانەنشینبوون بکەن، بڕیارەکەش زیاتر لە 75 هەزار فەرمانبەر دەگرێتەوە. لەمەودوا بۆ یەکەمجار فەرمانبەرانی گرێبەست هاوشێوەی فەرمانبەرانی هەمیشەیی خانەنشین دەكرێن، وەزارەتی دارایی کوردستان داوای لە سەرجەم وەزارەت و فەرمانگەکان کردووە دۆسیە ئەو فەرمانبەرانە ئامادە بکەن کە خانەنشینبوون دەیانگرێتەوە. لەمەودوا 10% لە مووچەی ئەوانیش بۆ خانەنشینی دەبڕدرێت، قەرزی ساڵانی ڕابردووشیان لێ وەردەگیرێتەوە. پێویستە فەرمانبەرەکە 15 ساڵ خزمەتی هەبێت و تەمەنی لە 50 ساڵ کەمتر نەبێت بۆ خانەنشینی ئارەزوومەندانە، بۆ نموونە ئەگەر خانەنشینەکە خۆی داوای بکات، واتا هاوشێوەی فەرمانبەرانی هەمیشەیی یەک مەرجە، ئەگەرنا حکومەت خۆی لە 60 ساڵی خانەنشینی دەکات.

  وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند کە ٣٠ ملیۆن دۆلاری وەک بودجە بۆ دامەزراوەی مرۆیی غەززە پەسەند کردووە، داوای لە وڵاتانی دیکەش کرد پشتیوانی ئەو ڕێکخراوە بکەن کە هاوکاری دەگەیەنێتە هاوڵاتیان لە کەرتی غەززە. تۆمی پیگۆت، جێگری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی: ئەم پشتیوانییە دووپاتکردنەوەی زیاتری پابەندبوونی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ و مارکۆ ڕوبیو وەزیری دەرەوەی ئەمریکایە بۆ گەیشتن بە ئاشتی لە ناوچەکەدا. ئاژانسی ڕۆیتەرز لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا بڵاویکردەوە، ئەمریکا 30 ملیۆن دۆلار دەداتە ئەو ڕێکخراوە فریاگوزارییە. واشنتۆن لە مێژە پشتیوانی لە دامەزراوەی مرۆیی غەززە دەکات لەڕووی دیپلۆماسییەوە، بەڵام ئەمە یەکەم بەشداری دارایی ئاشکرایە لەلایەن حکومەتی ئەمریکاوە، کە کۆمپانیا تایبەتەکانی سەربازی و لۆجستی ئەمریکی بەکاردەهێنێت بۆ گواستنەوەی هاوکارییەکان بۆ ناوچەی فەلەستین بۆ دابەشکردن لە "شوێنە سەلامەتەکان". دامەزراوەی مرۆیی غەززە لە کەرتی غەززە لەگەڵ کۆمپانیایەکی لۆجستیکی قازانج بە ناوی Safe Reach Solutions کاردەکات کە ئەفسەرێکی پێشووی سی ئای ئەی سەرۆکایەتی دەکات و کۆمپانیایەکی خزمەتگوزاری ئەمنی سەر بەو کۆمپانیایە بە ناوی UG Solutions کە سەربازانی پێشووی ئەمریکی دامەزراندووە. لە مانگی ئاداردا، سوپای ئیسرائیل رێگەی گەیاندنی هاوکاری بۆ غەززە داخست و لەبری ئەوە، رێگەی بە رێکخراوێکی سەر بە ئەمریکا دا لە خاڵەکانی نزیک سنوور هاوکاری دابەش بکات.   ئەوە بووە هۆی دروستبوونی پشێویی زۆر و چەندین فەلەستینی کوژران. ئەمە جگە لە تاڵانکردنی بەشێکی زۆری هاوکارییەکان و دواتر فرۆشتنەوەیان بە نرخی خەیاڵی. ئێستا لە غەززە نرخی یەک فەردە ئارد لە نێوان 580 بۆ 880 دۆلارە. ئێستا غەززە برسییە، 71 هەزار منداڵ و 17 هەزار دایکی شیردەر پێویستیان بە چاودێریی تەندروستیی بەپەلەیە و تووشی بەدخۆراکی بوون.   2.1 ملیۆن دانیشتووی غەززە بێ خواردنن، 470 هەزار کەس لە برسێتیی کارەساتباردان. دابەشکردنی خواردنیش 80٪ کەمکراوەتەوە.

سێ بەرپرسی باڵای ئیسرائیل بە ماڵپەڕی ئاکسیۆسی ئەمریکییان راگەیاند، یۆرانیۆمی فرەپیتێنراوی ئێران لە وێستگە ئەتۆمییەکانی فۆردۆ و ئیسفەهان گواستراوەتەوە بۆ تونێلەکانی ژێرزەوی، ئەمەش بە ئامانجی پاراستنیان لە هەر هێرشێکی دەرەکی. بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەو بەرپرسانە کە راستەوخۆ ئاگاداری زانیارییە هەواڵگرییەکانی پەیوەندیدار بە بەرنامەی ئەتۆمی ئێرانن، یۆرانیۆمی فرەپیتێنراوی کۆگاکراوی ئێران لە تونێلەکانی ژێرزەوی فۆردۆ و ئیسفەهانن، بە تەواوەتی بەهۆی بۆردومانەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە دابڕاون لە جیهانی دەرەوە. لە راپۆرتەکەی ئاکسیۆسدا هاتووە، بەرپرسە ئیسرائیلییەکان باوەڕیان وایە دەتوانن هەر هەوڵێکی ئێران ئاشکرابکەن بۆ گەڕاندنەوەی یۆرانیۆمە فرەپیتێنراوەکانی. بەرپرسە ئیسرائیلییەکان دەڵێن، بەهۆی ئەوەی ئەم تونێلانە لەدوای بۆردومانەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە دابڕاون لە جیهانی دەرەوە، سەختە ئێران بتوانێت بە خێرایی ئەم یۆرانیۆمە فرەپیتێنراوەی دەستبکەوێتەوە کە پێشتر هەیبووە.

هەرچەندە مانگێک زیاترە لیستی مووچەی مانگی پێنج ڕادەستی بەغدا کراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا لەلایەن بەغداوە وردبینی تێدا نەکراوە، هاوکات لیستی مووچەی مانگی شەشیش ڕەوانە کراوە، وەزارەتی دارایی کوردستانیش دەڵێت، وردبینی لە لیستی هەردوو مانگ دەکەوێتە دوای هاتنی شاندی دارایی عێراق بۆ هەولێر. مانگی ڕابردوو کاتێک وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی مانگی پێنجیان ڕادەستی وەزارەتی دارایی عێراق کرد، تەیف سامی بڕیارێکی بە نووسراوی فەرمی دەکرد کە چیتر مووچە بۆ هەرێمی کوردستان نانێرێت، ئیتر بەهۆی بڕیارەکە وردبینی نەکرا. مانگی پێنج مووچە نەدرا، بەڵام وەزارەتی دارایی کوردستان لیستی مووچەی مانگی شەشی ئامادەکرد، ڕۆژی چوارشەممە 2025-06-25، تیمێکی تەکنیکی لیستەکەیان ڕادەستی وەزارەتی دارایی عێراق کرد، بەڵام بەهەمانشێوەی مانگی ڕابردوو، لیستەکەیان لێ وەرگرتوون و وتوویانە جارێ دەست بە وردبینی ناکەن، تیمە تەکنیکییەکەی کوردستانیش گەڕاونەتەوە هەولێر. بەوتەى سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی کوردستان، پرۆسەی وردبینی لە لیستی مووچەی مانگەکانی پێنج و شەش دەکەوێتە دوای سەردانی شاندەکەی عێراق و ڕێککەوتن لەو بارەیەوە. دواین جار، 2025-05-13، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بڕی 959 ملیار و 514 ملیۆن دینار وەکو شایستەی مووچەی مانگی نیسانی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق. هەر ئەو رۆژە لیستی مووچە بڵاوکرایەوە. لە سەرەتای ساڵ، ڕێککەوتن لەسەر ناردنی تەواوی مووچەی مانگەکانی ئەمساڵ لە نێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق کرا، بەڵام بەغدا ماوەی دوو مانگە هیچ بڕە پارەیەکی بۆ مووچە ڕەوانە نەکردووە.