سەرۆک کۆماری عێراق ڕایگەیاند، ڕۆژانە پەیوەندی لە نێوان حکوومەتەکانی هەرێم و بەغدا بۆ چارەکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان هەیە و بەردەوامە. چوارشەممە، 2ـی تەممووزی 2025، د. لەتیف جەمال ڕەشید، سەرۆک کۆماری عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی مۆندۆی ئیسپانی گوتی: سەبارەت بە ناکۆکی و کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، ڕۆژانە پەیوەندی لە نێوان حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەیە بۆ تاوتوێکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان. سەرۆک کۆماری عێراق گوتیشی: بۆ چارەکردنی ئەو کێشانە دەبێت یاسای نەوت و غاز دەربکرێت. لەتیف ڕەشید، دەڵێت: عێراق هەر جۆرە پێشێلکارییەکی ئاسمانی وڵاتەکەی لە شەڕی 12 ڕۆژەی نێوان ئیسرائیل و ئێران ڕەتدەکاتەوە، ئاماژەی بەوەدا، دەبوو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا لەو ماوەیەدا ئاسمانی عێراق بپارێزێت. جەختیشی کردەوە "ئێمە ئیدانەی پێشێلکردنی ئاسمانی عێراق لەکاتی شەيی نێوان هەردوولا دەکەین"، "ئێمە داوای کڕینی سیستەمی بەرگریی بۆ پاراستنی ئاسمانی خۆمان دەکەین." دەشڵێت "دەبوو هێزەکانی هاوپەیمانان پارێزگارییان لە ئاسمانی عێراق بکردایە." سەرۆک کۆماری عێراق لە درێژەی چاوپێکەوتنەکەیدا گوتی: بوونی هێزەکانی هاوپەیمانان لەسەر بنەمای ڕێککەوتنەکانی نێوان واشنتن و حکوومەتی عێراقە، هەروەها چارەنووسی بەردەوام بوونیان یان ڕۆیشتنیان، پەیوەستە بە دانوستانەکانی نێوان حکوومەت و ئەمەریکا. لەتیف ڕەشید هۆشداریی دا لە مەترسی گرووپە چەکدارەکان و ڕایگەیاند، داعش لە هەموو شوێنێک مەترسی دروست دەکات نەک تەنیا لە عێراق، بەڵام ئەوە ئەو مەترسییە نییە کە لە ڕابردوودا ڕووبەڕووی بووینەوە، چونکە شکستیان هێناوە، ئەو تاوانانەی کە بە تایبەتی دژی ئێزدییەکان ئەنجامیاندا، لەبیرمان ناچێتەوە. سەبارەت بەچەک هەڵگرتن گوتی: سیاسەتی حکوومەت ئاشکرایە، دەبێت چەک لە رێگەی هێزە ئەمنییە فەرمییەکانەوە لە دەستی دەوڵەت دابێت.  دەربارەی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق لەتیف ڕەشید ڕوونی کردەوە، داوا لە هەموو هێزە سیاسییەکان دەکەم بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بکەن، بەتایبەتی ئەو هێزانەی بایکۆتیان کردووە، جەختیشی کردەوە، پێویستە پێکەوە کاربکەین بۆ چارەکردنی کێشەکان و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و پرسەکانی دیکە، بەڵام بایکۆتیش دیاردەیەکی سروشتیە و لە هەموو وڵاتاندا ڕوودەدات.

  لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا میدیاکانی ئێران و هەندێک لە بەرپرسانی ئێران چەندین ڕاپۆرتیان بڵاو کردووەتەوە سەبارەت بە "ئامانجکردنی چەند فڕۆکەیەکی جەنگی ئێف ٣٥ی هێزی ئاسمانی ئیسرائیل".  ئەم ڕاپۆرتانە لە کاتی شەڕی ١٢ ڕۆژەی لەگەڵ ئیسرائیل دەستیان پێکردووە و تا ئەمڕۆش بەردەوامن، ئیسرائیل ئەم هەواڵانەی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند کە هەموو فڕۆکەکان و فڕۆکەوانەکانیان بە سەلامەتی گەڕاونەتەوە بنکەکانیان. ڕاپۆرتەکانی بەشێک لە میدیاکان و بەرپرسانی ئێران سەبارەت بە بەئامانجکردنی ئەم فڕۆکەیە - کە بە مۆدێرنترین فڕۆکەی جەنگی ڕۆژئاوایی ناسراوە - تەنانەت باس لەو "شوێنەی کە تێیدا کەوتوونەتە خوارەوە" بە "نزیک فۆردۆ و تەبرێز و کرماشان" و تەنانەت بانگەشەی ئەوە دەکەن کە "فڕۆکەوانێکی ژنی ئیسرائیلی دوای دەرچوونێکی بەپەلە دەستگیرکراوە". ئەکاونتی فارسی وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل گاڵتە بە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنی ئێرانی کرد کە ئەو قسانەیان کردبوو و کەوتنەخوارەوەی ئەو فڕۆکانەی بە کارەسات ناوبرد و نووسیبووی "بۆچی تا ئێستا وێنەی فڕۆکەوانە دیلەکانمان بڵاونەکردۆتەوە؟ ئێمە زۆر نیگەرانین". لە وتووێژێکدا کە لە تەلەفزیۆنی ئێرانەوە پەخشکرا، چاوپێکەوتوو لە وەڵامی پرسیاری پێشکەشکار سەبارەت بە هۆکاری نیشان نەدانی "وێنەی فڕۆکە جەنگییە کەوتووەکە"، گرێدایەوە بە پرسە ئەمنی و سەربازییەکان و ئامادە نەبوو وەڵامی ڕاستەوخۆ بداتەوە. بانگەشەى کاربەدەستان و میدیاکانی ئێران، سەرنجی ئەوتۆی لە میدیاکانی جیهان و شرۆڤەکارانی بەرگریدا ڕاکێشاوە.  پرۆفیسۆر جەستن برانک، لێکۆڵەری هێزی ئاسمانی و تەکنەلۆجیا لە دامەزراوەی بیرکردنەوەی بەریتانیی ئینستیتیوتی ڕۆیاڵ یونایتد سێرڤیس (RUSI) بە بی بی سی دەڵێت کە ئەم جۆرە بانگەشانە بە لەبەرچاوگرتنی توانا سەربازییەکانی ئێران هیچ ئیعتبارێکیان نییە. ناوبراو بە ئاماژەدان بە توانا ناسراوەکانی ئێران لە بواری بەرگری ئاسمانیدا، دەڵێت: "هەرچەندە ئێران هەندێک ڕادار وەک سیستەمی نێبۆ ئێمی ڕووسی بەکارهێنابوو، بۆ زیادکردنی ئەگەری دۆزینەوەی فڕۆکەی جەنگی ئێف ٣٥ و فڕۆکە دزێوەکانی دیکە، بەڵام توانای تەکنیکی نەبوو بۆ شوێنپێهەڵگرتنی فڕۆکە جەنگییەکانی وەک ئێف ٣٥، چ جای بەشداریکردنیان ئەمە لە دۆخێکدا بوو کە زۆربەی ڕادارەکانی بەرگری ئاسمانی و سیستەمی مووشەکی مەودای دوور لە سەرەتای شەڕەکەدا بە خێرایی لەناوچوون”. جگە لە خەمڵاندنە تەکنیکی و سەربازییەکان، بەڵگەیەک کە دەتوانێت پشتگیری لە ئیدیعای ئێران بکات، بڵاوکردنەوەی وێنەی داروپەردووی فڕۆکەکە بە ژمارەی زنجیرەیی لەسەر باڵەکانى کە دەتوانرێت بە ئاسانی پشتڕاست بکرێتەوە.  بەڵام تا ئێستا جگە لە چەند وێنەیەکی دروستکراوی زیرەکی دەستکرد یان داروپەردووی فڕۆکە جەنگییەکانی دیکە کە پەیوەندییان بە ململانێی ئەم دواییە نییە، هەروەها وێنەی فڕۆکە جەنگییەکانی ڕووسیا کە لە ئۆکرانیا کەوتوونەتە خوارەوە، هیچ وێنەیەکی دیکە بڵاونەکراوەتەوە کە سەرنجی میدیای بێلایەن یان توێژەرانی سەربازیی بۆ لای خۆی ڕابکێشێت. ئەم هەڵسوکەوتە پێچەوانەی خستنەخوارەوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئیسرائیلە. میدیاکانی ئێران وێنەی ڕوونی دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئیسرائیلیان بڵاوکردووەتەوە کە لەکاتی جەنگدا لەلایەن بەرگرییەکانەوە کراونەتە ئامانج و ئیسرائیلیش خستنەخوارەوەی ئەو دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەی پشتڕاستکردووەتەوە.  هەرچەندە میدیاکان ژمارەی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی ئیسرائیلیان ڕاگەیاندووە کە دەگاتە ١٧ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کە کەوتوونەتە خوارەوە، بەڵام هێشتا هیچ بەڵگەیەکی باوەڕپێکراو نییە لەسەر داروپەردووی هەموو ئەم فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە. سەرەڕای ئەو بانگەشانەی ئێران سەبارەت بە گرتنی فڕۆکەوان یان فڕۆکەوانێکی ئیسرائیلی، کە ئیسرائیل ڕەتیکردۆتەوە، تا ئێستا هیچ وێنەیەکی هیچ دیلێک بڵاونەکراوەتەوە، هەروەها باس لە ناسنامەی ئەو "فڕۆکەوان یان فڕۆکەوانە" نەکراوە کە ئێران بانگەشەی ئەوە دەکات "دەستگیری کردووە". ساڵانی ململانێی سەربازیی نێوان سوپای ئیسرائیل و حەماس و حزبوڵڵای لوبنان و دۆسیەی دیل گرتنی هێزەکانی ئیسرائیل لە ساڵانی پێشوودا، ئەوە دەردەخات کە کۆمەڵگای ئیسرائیل هەستیارە بەرامبەر بە گرتنی هێزە سەربازییەکان و کردەوەیەکی لەو شێوەیە ناتوانێت بە شاراوەیی بمێنێتەوە. بۆ نموونه ڕفاندنی دوو سه ڕبازی ئیسرائیلی به ناوه کانی ئه لداد ڕیجب و ئیهود گۆڵدواسه ڕ له لایه ن حزبوڵای لوبنانییه وه بووه هۆی شه ڕی ئیسرائیل و حزبوڵای لوبنان له ساڵی 2006 و ڕفاندنی گیلاد شالیت له لایه ن حه ماسه وه له هه مان ساڵدا بووه هۆی ململانێی سه ڕبازی و قه یرانی سیاسی له ئیسرائیل. هەروەها میدیاکانی ئیسرائیل کە سەربەخۆ لە حکومەت کاردەکەن، بە شێوەیەکی ئازادانە هەواڵیان لەسەر گرتن و ڕفاندنی کارمەندانی سەربازی لە ساڵانی ڕابردوودا بڵاوکردووەتەوە. هەروەها هێزە سیاسییەکانی دژایەتی حکومەتەکەی بنیامین ناتانیاهۆ، چەندین جار تەحەدای کارەکانی حکومەت و قوربانییەکانی سوپای ئیسرائیلیان کردووە لە دوو ساڵی ڕابردوودا. بەڵام تا ئێستا میدیاکانی ئیسرائیل هیچ هەواڵێکیان لەبارەی گرتن یان خستنەخوارەوەی فڕۆکەکانی هێزی ئاسمانی ئیسرائیل بڵاونەکردۆتەوە و ڕاپۆرتەکانی میدیاکانی ئێرانیان بە "پڕوپاگەندەی حکومەت" ناوبردووە. لە کاتێکدا ژمارەی وردی فڕۆکە جەنگییەکان لە هێزی ئاسمانی ئیسرائیلدا پۆلێنکراون، ڕاپۆرتە میدیاییەکان و لێدوانەکانی بەرپرسانی ئیسرائیل ئاماژە بەوە دەکەن کە ئیسرائیل نزیکەی 40 فڕۆکەی ئێف 35 و نزیکەی 75 فڕۆکەی ئێف 15 و زیاتر لە 190 فڕۆکەی ئێف 16ی هەیە. تا ئێستا هیچ زانیارییەک نییە کە چەند لەو فڕۆکانە کاردەکەن. ئەو وێنانەی کە لەلایەن هێزی ئاسمانی ئیسرائیلەوە بڵاوکراونەتەوە لە هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر ئێران، فڕۆکەکانی ئێف ١٥ و ئێف ١٦ بە بۆمبی ڕێنمایی قورس چەکدار کراون. هەروەها هەواڵی هاتنە ناوەوەی فڕۆکەی جەنگی ئێف-35 بۆ ئێران بڵاوبووەتەوە. بەڵام ڕەنگە هۆکاری گرنگیدان بە میدیاکان و بەرپرسانی ئێران بەم فڕۆکە شەڕکەرە، تایبەتمەندییە ناوازەکانی و مێژووی ئەو فڕۆکەیە بێت، کە چەندین جار لە میدیاکاندا باسی لێوە کراوە و بووەتە مانشێتی ڕۆژنامەکان. فڕۆکەی جەنگی ئێف ٣٥ پێوەرێکی جیهانییە بۆ فڕۆکە جەنگییەکانی نەوەی پێنجەم. دیزاینی فۆسێلاجی F-35 و ئەو کەرەستانەی کە بۆ دروستکردنی بەکارهێنراون، وا دەکات نزیک بێت لە نەبینراوی بۆ ڕاداری دوژمن. بەڵام ئەوە تاکە تایبەتمەندی فڕۆکەکە نییە.

  دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا رایگەیاند: ئیسرائیل رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر مەرجەکانی ئاگربەست بۆ ماوەی (60) رۆژ لە کەرتی غەززەو، هەموو لایەنەکان کاردەکەن بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ لەو ماوەیەدا. ترەمپ ئاماژەی بەوەشکرد: رەزامەندی تەلئەبیب دوای ئەوە هاتووە، تیمەکەی رۆژی سێشەممە كۆبونەوەیەکی درێژو بەرهەمداریان لەگەڵ ئیسرائیلییەکان ئەنجامداوە، هیواشی خواست حەماس ئەو پێشنیازە قبوڵ بکات، وەك خۆی وتی، بۆ چاکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ترەمپ پێیوابوو، دۆخی ناوچەكە باشتر نابێت، بەڵکو خراپتر دەبێت، ئەگەر حەماس رەتی بکاتەوە، وتیشی: قەتەرییەکان و میسرییەکان کە هەوڵی زۆریان داوە بۆ یارمەتیدانی گەیشتن بە ئاشتی، ئەم پێشنیازە کۆتاییە پێشکەش دەکەن. ترامپ ڕۆژی سێشەممە بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاندبوو کە هیوادارە هەفتەی داهاتوو لە نێوان ئیسرائیل و حەماسدا "ڕێککەوتنی ئاگربەست بۆ بارمتەکان" بکرێت. بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە ترەمپ لە کۆشکی سپی لەگەڵ نەتانیاهۆ کۆببێتەوە. نەتەنیاهوو لە سەردانێکیدا بۆ دەزگای ئاسایشی گشتی (شاباک) لە باشووری ئیسرائیل گوتی، "ژمارەیەکی زۆر دەرفەت هەن. یەکەم و پێش هەموویان، رزگارکردنی بارمتەکانە. بێگومان پێویستە پرسی غەززەش چارەسەر بکەین و حەماس لەنێوببەین، بەڵام بڕوام وایە دەتوانین هەردوو ئامانجەکە بەدەست بهێنین."   کۆمەڵەی خێزانی بارمتەکان پێشوازییان لە "گۆڕان"ی هەڵوێستی نەتەنیاهوو کرد، ستایشی بڕیارەکەیان کرد بۆ گەڕاندنەوەی بارمتەکان وەک کاری لەپێشینەی حکومەت.   نەتەنیاهوو لە قسەکانیدا وشەی "رزگارکردن"ی لەبری "ئازادکردن" بەکارهێنا و خۆی لە وشەی "رێککەوتن" بەدوور گرت.   شەڕی غەززە کاتێک سەریهەڵدا چەکدارانی حەماس لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ هێرشیان کردە سەر ئیسرائیل و ئامارە ئیسرائیلییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بووەتە هۆی کوژرانی ١٢٠٠ کەس و گرتنی ٢٥١ کەس لە غەززە.

مەسعود پزشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، گشتاندنی بۆ یاسای راگرتنی هاوکاری لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی كرد، کە لەلایەن پەرلەمانی ئێرانەوە پەسەند کرابوو.  ئاژانسی هەواڵی "تەسنیم" بڵاویكردەوە: ئەم یاسایە لە دوای هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل  بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران هاتە ئاراوە، پەرلەمانتاران پرۆژە یاسایەکیان لەژێر ناوی هەڵپەساردنی هاوکاری نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لە پەرلەمان  پێشكەشكرد و پەسەند کرا. پێنجشەممەى ڕابردوو 26ـی حوزەیرانی 2025 ئەنجوومەنی هەموارکردنەوەی دەستووری ئێران، ڕەزامەندییان لەسەر پلانی حکوومەتدا بۆ هەڵپەساردنی هاوکاریکردنی ئاژانسی وزەی ئەتۆم. وتەبێژی ئەنجوومەنی هەموارکردنەوەی دەستوور  ڕایگەیاند: بەپێی ئەم بڕیارە، حکوومەت پابەندە بە هەڵپەساردنی هەر هاوکارییەک بە ئاژانسی  نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، لە پێناو پاراستنی سەروەریی وڵاتەکە و ناوەندە ئەتۆمییەکان. پەرلەمانی ئێران پرۆژە یاسای هەڵپەساردنی هاوکارییەکانی بۆ ئاژانسی نێودەڵەتی وزەی ئەتۆمی پەسەند کرد. ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێران، ڕایگەیاند: ئەو پرۆژە یاسایەیان پەسەند کردووە کە حکوومەت پابەند دەکات بە هەڵپەساردنی هاوکارییەکانی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم. ئاماژەی بەوەش کرد، ڕافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی وزەی ئەتۆم، لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەکرێت. گوتەبێژی ئەنجوومەنە ئاشکرای کردووە، ئەو پرۆژە یاسایەی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران پەسەندی کرد، بەندێکی تێدایە، کە ڕافایل گرۆسی تۆمەتبار دەکات بە نووسینی ڕاپۆرتی نادروست و پڕ لە سیخوڕی بەسەر پرۆژە ئەتۆمییەکانی ئێراندا.

  راوێژكارێكی حكومەتی عێراق، دەڵێت: ئەمریكا لەبارەی حەشدی شەعبیەوە فشار لە حكومەت دەكات، واشنتۆن دان بە حەشدی شەعەبیدا نانێت وەك بەشێك لە سیستمی ئەمنیی عێراق، بەڵكو وەك چەتری كۆكەرەوەی گروپە لایەنگرو پاڵپشتیكراراوەكان لەلایەن ئێرانەوە تەماشایان دەكات. ئەو بەرپرسە حكومەتی عێراق، كە قسەی بۆ رۆژنامەی "العربي الجدید" كردووە، لەبارەی راگرتنی مووچەكانیانەوە رایگەیاندووە:  ئەگەری پێدانی پارەی ئەندامانی حەشد بەشێوەی كاش هەیە لەناو بارەگاكانیان، لەحاڵێكدا ئەگەر گواستنەوەی داتاكانیان بۆ كۆمپانیایەكی تری ناوخۆیی دواكەوت، جەختیشكردووە لەوەی، ئەم فشارانەی ئەمریكا تەنها سەرەتایە. هاوكات، موعین كازمی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق  رایگەیاندووە: دواکەوتنی پێدانی مووچەی حەشدی شەعبی بەهۆی فشاری ئەمریکاوە بووە لەسەر بانکی رافیدەین و ئەو کۆمپانیایەى کە بەرپرسیارە لە دابەشکردنی مووچە بە شێوەیەکی مانگانە. راگرتنەكەش دوای ئەوە هاتووە، كە هەڕەشە لە کۆمپانیاکە كرابوو  ئەگەر مووچەكانیان خەرج بکات ئەوا سزای بەسەردا دەسەپێنرێت. بەوتەی ئەو پەرلەمانتارە ئامانجی واشنتۆن ئەوەیە حەشد دووچاری قەیران و كێشەی ناوخۆیی بكات.

بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی میزۆپۆتامیا، لەلایەک ئامادەکاریی دەکرێت بۆ پێکهێنانی کۆمیسیۆنێک لەژێر چەتری پەرلەماندا لەپێناو چارەسەری پرسی کورد، لەلایەکی تریشەوە، چاوەڕوان دەکرێت پەکەکە هەنگاوی کرداریی بنێت پەیوەست بە چەکدانان. بەگوێرەی هەواڵەکە، چاوەڕێ دەکرێت کەعەبدوڵا ئۆجەلان ڕاستەوخۆ بانگەواز لە هێزەکانی گەریلا بکات. لە چوارچێوەی ئەم بانگەوازەدا ژمارەیەک گەریلای پەکەکە لە مەراسیمێکی سیمبولیکدا چەک دادەنێن و چاوەڕێ دەکرێت لەنێویاندا بەڕێوەبەری پلەباڵاش هەبن. سەرۆکی پەرلەمان نوعمان کورتولموش هەفتەی ڕابردوو دەربارەی پێکهێنانی کۆمیسیۆنێک لەگەڵ نوێنەری پارتە سیاسییەکان کۆبووەوە. چاوەڕێ دەکرێت کە هەموو پارتەکان ئەم هەفتەیە پێشنیارە نووسراوەکانیان پێشکەش بکەن. ئامانجی "کۆمیسیۆنی ئاشتی کۆمەڵایەتی و دیموکراتیکبوون" ئەوەیە کە ئەم بناغەی یاسایی بۆ پرۆسەی "چەکدانان" دابمەزرێنێت و هەمیش هەنگاوی دیموکراتیکبوون بنێت. پلان وایە، بۆ نیشاندانی نیازپاکی، ژمارەیەک گەریلای پەکەکە، لە هەرێمی کوردستان مەراسیمی چەکدانان ئەنجام بدەن، ئەم مەراسیمە لە بەرچاوی ڕای گشتی و بەشێوەی ڕاستەوخۆ پەخش دەکرێت. دووپاتکرایەوە کە نوێنەری پارتە سیاسییەکان و ڕێکخراوە مەدەنییەکان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن بانگهێشت بکرێن بۆ مەراسیمەکە. هەروەها لە مەراسیمەکەدا پەیامی "ئێمە ئامادەین بۆ  بەشداریکردن لە سیاسەتی دیموکراتیک" دەدرێت. قۆناغێکی تری یەکلاکەرەوەی پرۆسەکە، کۆبوونەوەی شاندی ئیمراڵیی دەم پارتییە لەگەڵ سەرۆککۆمار ئەردۆغان، کە چاوەڕوان دەکرێت لەم ڕۆژانەدا بەڕێوەبچێت. لە کۆبوونەوەکەدا ڕەوشی هەنوکەیی و ئایندەی پرۆسەکە تاوتوێ دەکرێت. بناغەی پرۆسەکە پشت دەبەستێت بە "بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک"ـی ڕێبەر ئاپۆ کە ٢٧ ی شوبات ڕاگەیاندرا و پێشنیاری کردووە بۆ کۆتاییهێنان بە تێکۆشانی چەکداریی پەکەکە. پەکەکە لەسەر بناغەی ئەم بانگەوازە لە مانگی ئایار کۆنگرەی خۆی ئەنجامدا، بڕیاری دا بە کۆتاییهێنان بە هەموو کار و خەباتێک لەژێر ناوی پەکەکەدا و چەکدانان. لەبەرئەوەی حکومەت هەنگاوی ڕوونی نەهاویشت، ڕووبەڕووی ڕەخنە بووەوە. دەم پارتی دەستنیشانی کرد، دەبێت کۆمیسیۆنەکە لەسەر بناغەی ڕێککەوتنی بەرفراوانی کۆمەڵایەتی کاربکات، جەختی کردبووەوە کە پرۆسەکە بە پێشەنگایەتی بەڕێوەدەبرێت. جەهەپە هەڵوێستێکی ئەرێنی سەبارەت بە پرۆسەکە نیشانداوە. پشتگیری ئۆپۆزیسیۆن بۆ ئەوەی پرۆسەکە لە پەرلەمان بەڕێوەببرێت، بە هەنگاوێکی ئومێدبەخش شرۆڤە دەکرێت. لە ڕۆژانی ئایندەدا، بە بانگەوازە چاوەڕوانکراوەکەی ڕێبەر ئاپۆ و هەنگاوە کردەییەکانی پەکەکە، پێدەچێت پرۆسەکە ببرێتە قۆناغێکی نوێوە. وەڵامی ئەم هەنگاوەش گرێدراوە بە هەنگاوی ڕوونی یاسایی و سیاسیی حکومەتەوە.

  كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق كۆتاییهات، لە كۆبوونەوەكەدا باسی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان نەكرا، بە پێی زانیاریەکان نە محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق باسی رێككەوتنی هەرێم و بەغداد و موچەموچەخۆرانی هەرێم كردووەو نە وەزیرە كوردەكانیش ئەو بابەتەیان لە كۆبوونەوەكە باسكردووە. وەزیرێکى کوردى بەشداربووى کۆبونەوەکە، ڕایدەگەیەنێت لە کۆبوونەوەى ئەنجومەنى وەزیراندا باسی مووچە نەکرا، چاوەڕوان بووین لە کۆبوونەوەى ئەنجومەنى وەزیراندا باسی مووچە بکرێت، وتیشى: نازانین سودانى خۆى بڕیارى ناردنى مووچە دەدات یان نا. هەرچەندە نازانرێت سودانی تاك لایەنە موچە دەنێرێت یان نا، بەڵام لە كۆبوونەوەكە ئەو پرسە نەوروژێندراوەو دوای كۆبوونەوەكەش وەزیرە كوردەكان لەگەڵ سودانی كۆنەبوونەتەوە. چاوەڕوان دەكرا لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا پرسی رێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغداد لەسەر نەوت و شایستە داراییەكانی هەرێم بڕیاری لەسەر بدرێت. لە رۆژى شەممەى رابردووەوە شاندى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە بەغدادە و رۆژى یەکشەممە ژمارەیەک کۆبوونەوەیان لەگەڵ کۆمپانیاى سۆمۆ، نوێنەرى وەزارەتى نەوت، نووسینگەى سەرۆکوەزیرانى عێراق ئەنجامداوە. دوێنێش شاندەکە لەگەڵ ئەنجوومەنى ئابووریى عێراق و وەزارەتى نەوتى عێراق کۆبووەوە، بەگوێرەى بەدواداچوونەکان، کە لە چەند سەرچاوەیەکى عێراقەوە دەستکەوتووە، شاندەکە نزیکن لە رێککەوتن، بەجۆرێک 280 هەزار بەرمیل نەوت لەلایەن هەرێمى کوردستانەوە رادەستى سۆمۆ دەکرێت و 16 دۆلاریش بۆ تێچووى بەرهەمهێنانى هەر بەرمیلێک دیاریکراوە. رۆژى 26ـى حوزەیرانى 2025، شاندى تەکنیکیى حکومەتى عێراق گەیشتە هەولێر و لەگەڵ شاندى حکومەتى هەرێمى کوردستان زنجیرەیەک کۆبوونەوەیان لەبارەى نەوت، داهاتى نانەوتی و شایستە داراییەکانى هەرێمى کوردستان ئەنجامدا.

ئەمڕۆ ئەنجومەنی دادوەری عێراق بەسەرۆكایەتی فایەق زێدان كۆبووەوە، كۆبوونەوەكە بە ئامادەبوونی دادوەرانی دادگای تەمیزو داواكاری گشتی و دادگای فیدراڵی كۆبوونەوە. لە كۆبوونەوەكەدا پیرۆزبایی لە مونتەزر ئیبراهیم كرا، وەك سەرۆكی نوێی دادگای فیدراڵی عێراق و سوپاسی ئەندامانی دادگای فیدراڵیان كرد كە داواكارییان بۆ خانەنشینی كشاندەوە دوای ئەوەی بیانووەكانیان بۆ خانەنیشین بوون كۆتایی هات. لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، "ئەوانەی ئامادەبوون دەستخۆشییان لە سەرۆکی دادوەری نوێ، دادوەر مونته‌زڕ ئیبراهیم کردووە، بەبۆنەی دەستبەکاربوونی بۆ ئەو پۆستە و سوپاسی ئەندامانی دادگاشیان کردووە بۆ کشانەوەی داواکارییەکەیان بۆ ڕەوانەکردنیان بۆ خانەنشینی دوای ئەوەی هۆکارەکانی ڕەوانەکردنیان چیتر کارپێنەکراوە". ڕوونیشیکردەوە، "کۆبوونەوەکە بریتی بوو لە گفتوگۆکردن لەسەر میکانیزمەکانی کاری دادوەری دروست، پابەندبوون بە دەسەڵاتی دادوەری، بەپێی بڕگەکانی دەستوور و یاسا کارپێکراوەکان، هەروەها گرنگی پاراستنی سەربەخۆیی و بێلایەنی دەسەڵاتی دادوەری و دوورکەوتنەوە لە هەر ڕەفتارێک یان پراکتیزەیەک کە ئەم کارە تێکبدات". هەفتەی رابردوو 9 ئەندامی دادگای فیدراڵی دەستلەكاركێشانەوەیان پێشكەشی سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەری كرد  بەهۆی ناڕەزاییان بەرامبەر جاسم عمێری سەرۆكی دادگای فیدراڵی، دواتر جاسم عێمری داوای خانەنشینبوونی كرد و سەرۆكی نوێی دادگای فیدراڵی دانرا.

  سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕۆژی سێشەممە هۆشدارییدا کە بەرنامەی ئەتۆمی و توانای مووشەکی ئێران هێشتا هەڕەشەو مەترسى گەورە بۆ ئیسرائیل دروستدەکات. بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانى ئیسرائیل ئەمڕۆ ڕایگەیاند: هەڕەشەی ئێران گەورەترە لە هەڕەشەی ناسیۆنالیزمی عەرەبی، کە هەمیشە بەردەوام بووە لەسەرمان. ئەو وتیشى: ئێران لە رێگەی هێزی ئەتۆمی و توانای مووشەکییەوە هەڕەشەیەکی گەورەی بۆ سەر ئێمە دروست کردووە نەتەنیاهۆ جەختیکردەوە مەرج نییە ئەمریکا بەشداربێت لە وەستاندنی هەڕەشەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل و هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ کۆتایی هێنان بەو هەڕەشەیە. لەلایەکى دیکەوە، پێگەى واڵا نیوزى ئیسرائیل بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ نەتانیاهۆ لەگەڵ وەزیری بەرگریی و سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل کۆدەبێتەوە، کۆبوونەوەکە بۆ تاوتوێکردنی بیرۆکەکانە سەبارەت بە سەربازە رفێنراوەکان لە کەرتى غەزە و پلانى داهاتووی شەڕەکان لەو کەرتە. بەپێی ئەو ماڵپەڕە، دواتر ئەو پێشنیازانە دەخرێنە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران بۆ پەسەندکردنی. لەلایەکى دیکەوە، عەباس عراقچی، لە چاوپێکەوتنێکدا بە کەناڵی 'سی بی ئێس'ـی ئەمەریکی ڕاگەیاند "تەکنۆلۆجیا و زانستی پیتاندنی یۆرانیۆم بە بۆمباران لەناو ناچن." ئەم قسەیەی ئاماژەدان بوو بە هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر شوێنە ئەتۆمییەکانی ئێران لە هەفتەی ڕابردوودا. ئاماژەی بەوەش کرد، ئێران دەتوانێت بەخێرایی زیانەکانی هێرشەکان چاک بکاتەوە، هەروەها  ئەگەر ئیرادەمان هەبێت بۆ پێشکەوتنی نوێ لەم پیشەسازییەدا، دەتوانین قەرەبووی کاتە لەدەستچووەکان بکەینەوە.  وەزیری دەرەوەی ئێران گوتیشی: پێم وانییە دانوستانەکان بەو خێراییە دەست پێ بکەنەوە، پێش ئەوەی بڕیاری دووبارە بەشداریکردنەوە بدەین، پێویستە سەرەتا دڵنیابین لەوەی ئەمەریکا لە کاتی دانوستانەکاندا هێرشی سەربازی ناکاتە سەر ئێمە.

  ماوەى سێ رۆژە ئاگر لە دارستانێکی پارێزگای ئیزمیرو هاتایی تورکیا کەوتەوە و تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە لە هەوڵی کوژاندنەوەیدان تائێستا بەردەوامە، زیاتر لە ٦٠ هەزار کەسیش ناوچەکەیان جێهێشتووە، بەهۆى بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرماشەو کارى تیمەکان زۆر سەختربووە. ئیبراهیم یوماکلی وەزیری کشتوکاڵ و دارستانى تورکیا سەبارەت بە ئاگرکەوتنەوەکان لە ئەکاونتی ئێکسی خۆی پەیامێکى بڵاوکردوەتەوەو تیایدا دەڵێت: لەگەڵ یەکەم ڕووناکی بەیانیەکى نوێ، دیسانەوە دەستە پۆڵاییەکان لە ئاسمانن بۆ کوژانەوەى ئاگرەکە ئێمە بەردەوامین لو دارستانەکانی ئیزمیر و مانیسا و هاتای تیمەکان لەئاسمان و زەوییەوە، شەو و ڕۆژ شەڕ دەکەین بۆ پاراستنی نیشتمانە سەوزەکەمان.   ڕۆژى هەینی ڕابردوو 27ـی حوزەیران، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دارستانەکانی تورکیا بڵاویکردەوە، ئاگر لە دارستانێکی سنووری شاری کینیک لە پارێزگای ئیزمیر لە باشووری رۆژئاوای تورکیا کەوتەوەو سەرەتا ئاگرەکە لە پوش و پاوانی سنووری شارەکە کەوتوەتەوە و دواتر تەشەنەی سەندووەو تائئستاش فراوانتر دەبێت.    ئاگری دارستانەکانی لە مانیسا بە 3 فڕۆکە، 5 هێلیکۆپتەر، 85 بارهەڵگری ئاو، 31 ئامێری بیناسازی و 13 ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوەو دەیان کرێکارانی دارستان لە هەوڵی کوژاندنەوەیدان، بەڵام بەهۆى بەرزى پلەى گەرماو کاریگەریی باوە ئاگرەکە بەردەوامە. بەشێک لەو ئاگرە دارستانانەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە سەرانسەری تورکیا ڕوویداوە، کۆنترۆڵکراون و هەندێکی تریش بەردەوامن. تا ٣٠ی حوزەیران، دوای ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکان کە لە ئیزمیر، بیلەجیک و هاتای کەوتەوە، زیاتر لە ٦٠ هەزار کەس بە شێوەیەکی کاتی گواسترانەوە بۆ ناوچە ئارامەکان. لە ٣٠ی حوزەیران ئاگر لە گەڕەکە جیاوازەکانی هاتای کەوتەوە، بای بەهێز ڕێگری لە بەکارهێنانی فڕۆکەکانی ئاگرکوژێنەوە کرد کە ڕەوانەی ناوچەکە کراون. ئاگرەکە کە لە هەندێک شوێن کۆنتڕۆڵ کرابوو، تا ئێستا نەکوژاوەتەوە.

  چوار ژنە زیندانی لە بەشی ژنانی زیندانى ئەوینى ئێران، کە دوای هێرشی ئیسرائیل بۆ زیندانى قەرچاک ڤارامین گواستراونەتەوە، وردەکاری نوێیان بۆ بی بی سی فارسی گێڕایەوە سەبارەت بە ساتى هێرشەکەو کاتى گواستنەوەی زۆرەملێ و بارودۆخی نامرۆڤانەی قەرچاک. یەکێک لەو ژنانە سەبارەت بە هێرشەکەی دووشەممەی ڕابردووی ئیسرائیل دەڵێت: لە تەنیشت جێگاکەم دانیشتبووم، کتێبێکم بەدەستەوە بوو، لەناکاو ئەو دەنگەی کە نزیکتر و نزیکتر دەبووەوە، بەهۆی تەقینەوەیەکی ترسناکەوە پچڕا، وەک ئەوە وابوو دیوارەکان بەرزکراونەتەوە بۆ هەوا و سەقفەکان دەلەرینەوە". یەکێکیان دەڵێت، شەپۆلی تەقینەوەکە بەشی ژنانی هەژاندووە و لانیکەم پێنج تەقینەوەی دیکە بیستراوە و زیندانییەکان گریمانەیان کردووە کە دەنگەکە لە "بینای ئیدارەیی و ژووری کۆبوونەوە و بینای تەندروستی و ئەمنی"ەوە هاتووە. ئەوان دەڵێن دوای هێرشەکە بۆ ماوەی سێ کاتژمێر هیچ کارمەندێکی فریاگوزاری نەچووەتە ناو بەشی ژنانەوە، پاسەوانەکانیش تەنها دوای ئەوەی دڵنیابوون کە سەلامەتە، گەڕانەوە بۆ بەشی ژنان. دەڵێن "خۆمان گەیشتینە دەست بریندارەکان، بەشی نەخۆشخانەکەمان پاککردەوە، بەڵام کەس نەهاتە لامان". بە وتەی ئەو زیندانییانە، "لەهەمان کاتدا لەگەڵ هێرشەکەدا هێڵی ئاو و تەلەفۆن پچڕاوە". یەکێک لەوانە دەڵێت: پەیوەندیکردن لەگەڵ خێزانەکان نەدەکرا، کەمی زانیاریش بووە هۆی ئەوەی هەندێک لە خانمان تووشی تێکچوونی دەمارەکان، گرژبوون، یان بێهۆشبوون ببن". ئەم چوار ژنە سەبارەت بە گواستنەوەیان بۆ زیندانی قەرچاک دەڵێن: ئەو شەوە بە زیندانییە ژنەکان گوترا کە یەک سەعات ماوە کەلوپەلەکانیان کۆبکەنەوە، ئەگینا بە گازی فرمێسکڕێژ و لێدان دەگوازرێنەوە، دەیانگوت باشترە ئەگەر خۆبەخشانە بچن، ئەگینا خۆمان دەتانبەین". بەرەبەیانی ڕۆژی دواتر ٦١ ژن بە دەستبەندەوە و لەگەڵ زۆرێک لە دەرمان و کەرەستەی پێویستیان بۆ زیندانی قەرچاک گوازرانەوە. لە کۆشکێکی کانزاییدا جێگیرکرابوون کە هەواگۆڕکێی تێدا نەبوو و ئاودەست و خزمەتگوزاری سەرەتایی نەبوو: "پەرستار نەبوو، تەنها فێنککەرەوەی ئاوی بەتاڵ لە گۆشەی هۆڵەکەدا هەبوو، ئەمەش تەنیا تینوێتییان زیاتر دەکرد." لەگەڵ چوونە ژوورەوەی ژنان لە قەرچاک، پشکنینی جەستەیان بۆ کراوە. بە وتەی یەکێک لەوان، “مامەڵەی بەشێک لە ئەفسەرانی قەرچاک توند بووە، تەنانەت بەزۆر پاڵیان بە ژنانی بەساڵاچوو و نەخۆشیشەوە دەنا،. دوای گەڕانەکە، گروپەکە بردرانە کۆشکێکی داخراو و بێ پەنجەرە کە هەوای لەڕادەبەدەر قورس و خنکێنەر بوو. دوای ٥٠ کاتژمێر مۆڵەتی پەیوەندیکردن بە خێزانەکانەوە دراوە: تەنها هەریەکەیان دوو خولەکیان پێداین. هەندێک منداڵ لە پەنجەرەی پاسەکەوە خێزانەکانیان بینیبوو و تەنانەت نەیاندەتوانی دەستیان لێبدەن". یەکێکیان دەڵێت: "خۆزگە ئێمە هەر لەوێ لە ژێر داروپەردووی ئەوین کوژرابایە، نەک بەم مردنە وردە وردە لە کۆشکێکی بێ هەوا و بێ ئاگاداردا".

  رۆژنامەی "الشرق الاوسط": ژمارەیەك سەرچاوە لە هەولێر رایانگەیاندووە: شاندەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق لە بەغداد، گەیشتونەتە رێککەوتنی سەرەتایی، لەبارەی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت و پشکی بەکاربردنی ناوخۆ، بەڵام پرسی شایستەی کۆمپانیا نەوتییەکان تا ئێستا چارەسەرنەکراوە. بەرپرسێکی یەکێک لەو کۆمپانیایانە وتویەتی: بڕیارە لە ئەم هەفتەیەدا کۆبونەوەیەکی دوو قۆڵی لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، یان سێ قۆڵی بە بەشداری نوێنەری حکومەت لەسەر ئەم بابەتە، ئەنجام بدرێت. بەگوێرەی سەرچاوە ئاگادارەكان، کۆبونەوەی شاندەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی كە ماوەی چەند کاتژمێرێکی خایاندووە، هەردوولا گەیشتونەتە رێککەوتنی سەرەتایی لەسەر رادەستکردن و هەناردەکردنی نەوت و رادەستكردنی لەسەدا (٥٠)ی داهاتەکان، بڕیارە کۆبونەوەیەکی دیکەش بە بەشداری ئەندامانی ئەنجومەنی وەزاری ئابوری لەسەر هەمان بابەت ئەنجام بدرێت. رۆژنامەكەیئاماژەی بەوەشكردووە، فەرەنسا چووەتە ناو هێڵی نێوەندگیری نێوان بەغداد و هەولێر، لەوچوارچێوەیەدا مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەگەڵ پاتریک دورێل، باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق تاوتوێی ئەم پەیوەندییە ئاڵۆزەیان کردووە.  هێشتا روون نییە، ئاخۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانی نێوان بەغداد و هەولێر لە ئەنجامی نێوەندگیری فەرەنسا بووە یان نا، ئەوە لەكاتێكدایە، بەغداد بە هەستیارییەوە مامەڵە لەگەڵ پرسی پەیوەندییەکان لەگەڵ کوردستان دەکات، لە ئەگەری دەستوەردانی لایەنە نێودەوڵەتییەکان تێیدا.

  یسرائیل کاتز وەزیرى بەرگرى ئیسرائیل لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، نزیکدەبنەوە لە کۆتایی ئۆپراسیۆنەکانیان لە غەزە، ئەمەش دوای هەفتەیەک لە کۆتاییهێنان بە جەنگی 12 رۆژەی ئیسرائیل و ئێران. کاتس دووبارە جەختی لە ئامانجەکانی ئیسرائیل لە جەنگی غەزە کردووەتەوە، لەنێویاندا ئازادکردنی تەواوی دیل و بارمتەکانیان و لەناوبردنی تەواوەتیی حەماس. ژمارەیەک بەرپرسی ئیسرائیلی باسیان لەوەکردووە، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا و نێوەندگیرە قەتەرییەکان گەشبینن بەرامبەر بە رێککەوتنی ئاگربەست، بەڵام ماڵپەڕی ئاکسیۆس ئاماژەی بەوە کردووە، ئیسرائیل هێشتا تێناگات بنەمای ئەم گەشبینییەی ئەمریکا و قەتەر چییە. لەبەرامبەردا چەند سەرچاوەیەک بە رۆژنامەی ئیسرائیل هیومیان گوتووە، دوێنێ لە کۆبوونەوەی وەزیرانی کابینەی جەنگی ئیسرائیلی، چەند وەزیرێک جەختیان لەوەکردووەتەوە هێشتا ئامانجەکانی جەنگ لە غەزە بەدینەهاتووە و پێویستە فشاری سەربازی و سیاسی بەردەوامبێت.

  ئیسرائیل پلانی دانابوو زیاتر لە دەیان زانای باڵای ئەتۆمى ئێرانی لە یەک کاتدا لە شەڕی ئەم دواییەی دژی تاران تیرۆر بکات. ئەمەش لوتکەی پانزە ساڵ هەوڵەکانی چاودێری ئیسرائیل بوو، چونکە تەلئەبیب بە وردی بەدواداچوون بۆ جموجووڵەکانی ئەو زانایانە دەکرد. سەرچاوە ئاگادارەکان لە پلانەکە بە ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵیان ڕاگەیاندووە کە کاتی ئەم لێدانانە بە وردی هەڵبژێردراوە بۆ ئەوەی دڵنیابن لەوەی زاناکان نەتوانن هەڵبێن و نە خۆیان بشارنەوە. هەمان سەرچاوەکان ڕایانگەیاندووە، ئەلئەبیت لەساڵی 2003ه وه بەوردی چاودێری بەشێک له زانایانی باڵای ئێران دەکات، تەنها چەند ساڵ دوای ئەوەى بۆیەکەمجار هەواڵگرى ئیسرائیل  بۆی دەرکەوتووه که ئێران هەوڵەکانی بۆ بەدەستهێنانی چەکێکی ناوەکی دەستپێکردووه. ئیسرائیل لە ساڵی ٢٠١٠ هەوڵەکانی چڕتر کردەوە، کاتێک دوو زانا لە هەوڵی تیرۆرکردندا کرانە ئامانج. یەکێک لەو زانایانەی لە هێرشەکانی ئەم مانگەدا کوژرا، فەرەیدون عەباسی، سەرۆکی پێشووی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران بوو، کە لە ساڵی 2010 لە هەوڵێکی تیرۆرکردن ڕزگاری بووبوو. هەروەها محەممەد مەهدی تارانچی کە بەرپرسی دروستکردنی تەقەمەنی بۆ چەکی ئەتۆمی بووە و مامۆستا بووە لە زانکۆی شەهیدى بەهەشتی کە زۆرێک لە زانایانی ئەتۆمی لەوێ کاریان کردووە، کوژراوە. هاوکات پێدەچێت زۆربەی ئەو زانایانەی کە لە کاتی "جەنگی ١٢ ڕۆژەدا" لەناوچوون، بەشدار بوون لە تاقیکردنەوە و کۆکردنەوەی بەشە سەرەکییەکانی سەری ئەتۆمی. لە نێو ئەو کەسانەی کە کوژراون، سەید سدیقی سابیر، زانایەکی دیار بوو کە بەم دواییە لەلایەن ئەمریکاوە سزای بەسەردا سەپێندرا بەهۆی کارەکانی لەسەر چەکی ئەتۆمی. ئەم گورزانە یەکەم جارە کە زانایانی ئەتۆمی ئێران لە دوای تیرۆرکردنی موحسین فەخریزادە لە ساڵی ٢٠٢٠ بە ئامانج گیرا. لای خۆیەوە، ئێریک بریور، بەڕێوەبەری پێشووی پرۆگرامی دژە بڵاوبوونەوەی چەک لە دەزگای ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا، پشتڕاستی کردەوە کە لەدەستدانی ئەم شارەزاییە لە قۆناغی پەرەپێدانی بۆمبدا کاریگەری زیاتری دەبێت لە لەدەستدانی وردە وردە بە تێپەڕبوونی کات، بەپێی ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ. لە هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە ١٣ی حوزەیران، ٩ زانا کوژران کاتێک ئیسرائیل لە هێرشێکی نزیک لە یەک کاتدا هێرشێکی مووشەکی لە ماڵەکانیان لە تاران هەڵدا. لە هێرشەکانی دواتری ئیسرائیل لانیکەم پێنج کەسی دیکە کوژران.

  محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاشکرایکرد، عێراق نەیتوانیوە ڕێگری لە فڕینی فڕۆکە ئیسرائیلییەکان بکات لە ئاسمانی خۆیدا لە کاتی هێرشەکەی ئەم دواییەی بۆ سەر ئێران، هۆکارەکەی بۆ نەبوونی سیستەمێکی پێشکەوتووی بەرگری ئاسمانی گەڕاندەوە. ئەمەش یەکەمین دانپێدانانی ڕاشکاوانەو ئاشکرایە کە ڕەنگدانەوەی لاوازى سیستەمی بەرگری ئاسمانی عێراق نیشاندەدات، سودانی، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی فارسی بی بی سی، ڕۆژی دووشەممە بڵاوکراوەتەوە دەڵێت: ئەوەی ڕوویدا پێشێلکردنی ئاشکرای سەروەری و یاسا و دەستووری نیشتمانی عێراقە. ئاماژەی بەوەدا کە "ڕاپۆرتە هەواڵگریەکان ٤٨ کاتژمێر پێش شەڕەکە ئاماژەیان بەوەدەدا کە پێشلکارى ئاسمانى هەیە، ئەمەش هاوکات بوو لەگەڵ ئەوەى لایەنە ئەمنى و سیاسی و تەنانەت میدیاییەکانیش ئاماژەیان بەوە دەکرد کە کردەوەیەکی سەربازی لە ئارادایە. ئێمە لە کەشێکی وادا بووین، لە ڕێگەی گفتوگۆی بەردەوامەوە لەگەڵ دۆست و هاوپەیمانان و دراوسێکانمان هۆشداریماندەدا لە مەترسییەکانی دەستدرێژییەکی لەو شێوەیە. سەرۆک وەزیرانی عێراق سەبارەت بەوەى چ ڕێوشوێنێک بۆ ڕێگریکردن لە پێشێلکارییەکانی ئاسمانی گیراوەتەبەر، ئەوە دەخاتەڕوو، پێشێلکردنی ئاسمانی عێراق لەلایەن ئیسرائیلەوە پێشێلکردنی سەروەری دەوڵەتێکی سەربەخۆیە کە ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکانە، پێشێلکردنی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانە و هەڕەشەیە بۆ سەر سوپا و ئاسایشی عێراق و دانیشتوانی وڵاتەکە. ئاماژەى بەوەشدا لەدەستوورى عێراقدا باس لەوە دەکات کە بەکارهێنانی ئاسمانی عێراق بۆ دەستدرێژی بۆ سەر وڵاتانی دیکە ڕێگەپێدراو نییە، بەجۆرێک ئەو دەستدرێژیەش پێشێلکارییەکی ڕوونی یاساکان بوو، هەر بۆیەش پەنایان بۆ ڕێکارە یاساییەکان برد بە پێشکەشکردنی سکاڵایەکی فەرمی بۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان". سەبارەت بە هۆکارەکانی ئەوەى عێراق هیچ وەڵامدانەوەیەکى سەربازی نەبووە، سودانى لەوەڵامدا دەڵێت: بەداخەوە بەهۆی ئەو ئاڵۆزیی زۆرانەی کە لەماوەی ڕابردوودا بەهۆی بوونی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەعێراق هەبوون، هەروەها لاوازى حکومەتەکانی پێشوو لە دابینکردنی سیستمی بەرگری ئاسمانی، بەرگریی گونجاومان نەبوو بە تەکنۆلۆژیای پێشکەوتوو بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو جۆرە پێشێلکارییانە". حەختى کردەوە کە "بەدڵنیاییەوە ئێمە بەدوای بەهێزکردنی سیستەمی بەرگری ئاسمانی عێراقیشداین، کە لە سەرەتای ئیدارەکەمەوە دەستیپێکردووە". سەرۆک وەزیرانى عێراق ئەوەش دەخاتەڕوو حکومەتەکەی پەیوەندیی چڕ و پڕی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ ئەنجامدەدا بۆ ئەوەی ئاگاداریان بکاتەوە لە مەترسییەکانی پەرەسەندنی شەڕەکە. سودانی هەر لەو چاوپێکەوتنەیدا ئاماژە بۆ ئەوەشدەکات لەو کاتەوەی دەستبەکاربووە، حکومەتەکەی کاردەکات بۆ دەستپێکردنی پڕۆژەیەکی نیشتمانی بۆ دروستکردنی سیستەمێکی بەرگری ئاسمانی یەکگرتوو، بەڵام دانی بەوەدانا کە پڕۆژەکە هێشتا لە قۆناغی سەرەتاییدایە.