بەهۆی نەبوونی متمانەوە سیستمی بانکی لەهەرێمدا لاوازە

4 هەفتە لەمەوپێش



شەنای فاتح

هەبوونی سیستەمێکی بانکی پێشکەوتوو هۆکاری سەرەکی بەرەوپێشچوونی لایەنی ئابووری و دارایی و کارئاسانیە بۆ خزمەتگوزاریەکان.

لەکاتێکدا ئێستا پڕۆژەی هەژماری من دروست کراوە بۆ دابەشکردنی مووچە بەشێوەی ئەلیکترۆنی لەبانکەکاندا. لەبەرامبەردا ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی فۆڕمێکیان بڵاوکردووەتەوە تایبەت بەهەڵمەتی کۆکردنەوەی پشتگیری لەبڕیارەکانی دادگای فیدراڵیی عێراق دەربارەی چۆنیەتی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، مامۆستایانی ناڕازی لەڕێگەی ئەو فۆڕمەوە هەڵمەتی کۆکردنەوەی واژۆی ئەلیکترۆنی ئەنجامدەدەن، بۆ پێدانی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لەلایەن یەکێک لەبانکەکانی ناوەندییەوەو رەتکردنەوەی هەژماری من.

هەر لەم بارەیەوە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند کەهەر لەسەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم گرنگی زۆریان بەسیستەمی بانکی داوەو لەهەمان کاتدا لەهەوڵدان بۆ ئەوەی لایەنێکی بازرگانی دەستەبەر بکەن و ئابووری وڵات و سەرچاوەکان هەمەجۆر بکەن.

باسیشی لەوەکرد کە تیشکمان خستووەتەسەر چاکسازیەکانی حکومەتی هەرێم لەبواری سیستەمی بانکی و بەدیجیتاڵکردنی خزمەتگوزاریەکان و پارەدانی ئەلیکترۆنی بەدانانی پڕۆژەی هەژماری من کەبەشێکە لەپلان و کارنامەی حکومەت بۆ گەشەپێدانی بازرگانی و هاوکاریکردنی کەرتی تایبەت.

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێم، رایگەیاند کەهەرچی هەوڵ و کارەکانمان ئەوەیە بەزووترین کات سیستەمی دارایی و بانکی هەرێمی کوردستان بەرەوپێش ببەین و سیستەمەکە بەکەینە سیستەمێکی ئەلیکترۆنی و مووچەش بەم سیستەمە دابەش دەکەین لەداهاتوودا.

وتیشی: لەم کابینەیەدا هەنگاوی باش بۆ بەدامەزراوەییکردنی ژێرخانی ئیداری فەرمانگەکانی حکومەت نراوە کەبەشێکی ئەنجامی گۆڕانکاری و بەرەوپێشچوونەکان لەداهاتوودا دەردەکەوێت.

پڕۆژەی هەژماری من لەلایەن هاووڵاتیانەوە رەتدەکرێتەوە بەتایبەتی لەپارێزگای سلێمانی و پارێزگای هەڵەبجەو پێیان وایە حکومەت بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆی لەدژی هاووڵاتیان ئەم پڕۆژەیەی راگەیاندووە، زۆرینەی مووچەخۆران رەتیدەکەنەوە کە بەشداری و هەژماری بانکی بکەنەوە، ئەمە لەکاتێکدایە وا بڕیارە لەداهاتوو مووچە بەسیستەمی ئەلیکترۆنی دابەش بکرێت.

دکتۆر خالید، ئابووریناس و مامۆستای زانکۆ لەلێدوانێکی تایبەتی بەهاوڵاتی وت: بانک خۆی دامەزراوەیەکی داراییە کاردەکات بۆ بەڕێوەبردنی پارە، سەرمایە، ئەو کەسانەی کەسەرمایەدارن بەنموونە پارەکانیان دەخەنە بانک، بانکیش وەکو نێوەندگیری لەنێوان ئەو کەسەی پارەکە دەخاتە بانکەکە یان دامەزراوەکە، ئەو کەسانە حەز دەکەن کاربکەن، بەڵام سەرمایەیان پێ نیە یاخود پارەکەیان لەئاستی پێویست نیە بۆ کارکردن و کردنەوەی پڕۆژە، بۆیە ئەو نێوەندگیریەی دەکەوێتە نێوان دوو لایەنی کارەکە، ئەو کەسانەی کەپارە دادەنێن وەکو سەرمایە و لە بەرامبەر سەرمایەکە سوو وەردەگرن، بۆ ئەو کەسانەشە کەدەیانەوێت ببنە خاوەن پڕۆژە، کارگە، کێڵگە، دەچن داوای قەرز دەکەن لەبانکەکان، ئەم بەڕێوەبردنەی پارەکە ئیش و کاروباری بانکە پارە وەردەگرێت، لەو کەسانەی کەپارەیان پێیە و پاشەکەوتی دەکەن و دەیخەنە ئەو دامەزراوەیەوە کە بانک ئیدارەی دەکات خۆی سوودی لێوەردەگرێت کەپارەکە دەدات بەکەسێک وەک قەرز، سوودی لێوەردەگرێت بۆ خۆی، لەهەمان کاتیشدا سوود دەدات بەو کەسانەی پارە لەبانکەکەدا دادەنێن، لەنێوان ئەو کەسەی پاشەکەوت دەکات و سوودی خۆی وەردەگرێت و بانکیش بەهۆی ئیدارەکردنی پارەکە ئەویش لەبەرامبەری هەیە، کەئەویش فیدە وەردەگرێت لەو کەسانەی کەداوای قەرز دەکەن، بانک ئەو موئەسەسەیە کەئیدارەی ئیش و کاروباری دارایی دەکات لەنێوان ئەو دوو لایەنە، کۆمەڵێک خزمەتگوزاری داراییان هەیە پێشکەش دەکرێت بەهەردوولا، ئاسانکاری بۆ هەر کەسێک کەهەژمارێکی بانکی دەکاتەوە لەبانک ئاسانکاری بۆ دەکرێت، لەنێو وڵاتەکە خۆی و لەشارەکە لەگەڵ دەرەوە.

وتیشی: لەئێستادا سیستەمی بانکی هەمووی بووەتە ئەلیکترۆنی کەگەشت دەکەیت و دەچیتە شوێنێک گەر ئەو بانکە لقی هەبێت لەو وڵاتە دەتوانی شت بکڕیت و ئەو کارتە ئەلیکترۆنیە بەکاربهێنیت، بۆیە بۆ ئیش و کاروباری خۆی دەتوانێت بەکاری بهێنێت، ئەمەش جۆرێکە لەئاسانکاری و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری دارایی لەشارەکە یان لەوڵاتەکە یان لەنێو وڵاتان.

لەنێوان سیستەمی بانکی حکومی و تایبەت، ئەوانە زۆر نزیکن لەیەکتری، بەڵام بانکی حکومی خاوەندارێتیەکەی دەگەڕێتەوە بۆ حکومەت، حکومەتیش بەڕێوبەری دەوڵەتەو کاروبارەکانە، بۆیە خاوەنی ئەو بانکە حکومەت دەبێت کەخەڵک بەشدارە لەحکومەتدا، واتە موڵکیەتی گشتییە، بەڵام بانکە ئەهلیەکان یان بانکی تایبەت موڵکیەتی تایبەتە چەند کەسێکن، کەسێکە یاخود زیاتر کەبەڕێوبەری ئیش و کاروباری دارایی خەڵک دەکەن، ئەو دامەزراوەیە تایبەتە چەند کەسێکن، بۆیە ئەوان خاوەنی بانکەکە دەبن تایبەتە، خەڵک زیاتر لەبەرئەوەی ئیمکانیەت و توانای حکومەت لەزۆرینەی وڵاتان زیاترە، ئەگەر بەراورد بکرێتەوە بەتایبەت، بۆیە ئەو خزمەتگوزاریانەی پێشکەش دەکرێن لەبانکە حکومیەکان زیاترو فراوانترن لەو خزمەتگوزاریانەی پێشکەش دەکرێن لەبانکە تایبەتەکان، خەڵک زیاتر متمانەی بەحکومەت هەیە، جیهازی حکومی ئیدارەی ئیش و کاروباری دەوڵەتەکە دەکات، هەمیشە بەردەوامە ئەو حکومەتە، بەڵام کەرتی تایبەت بەنموونە ئاساییە بانکەکە دابخات و ئیش و کاروباری خۆی کۆتایی پێ بهێنێت، بۆیە حکومەت سیقەو متمانەی زیاترە لەلای خەڵک، خەڵک زیاتر مامەڵە دەکات لەگەڵ بانکە حکومیەکان، بەڵام مەرج نیە ئەمە گشتاندنی بۆ بکەین لەهەموو وڵاتان، لەوڵاتانی دی دەبینین سیستەمی بانکی تایبەت زۆر زۆر پێشکەوتووترە، حکومەت دەستتێوەردان ناکات و ناچێتە ناو ئەو بوارانە، جێی هێشتووە بۆ کەرتی تایبەت ئەو کارانە بکەن، ئیدارەی ئیش و کاروباری دارایی خەڵک بکەن وەک دامەزراوەیەکی بانکی،  بۆیە هەندێک لەوڵاتان، وڵاتانی پێشکەوتوو مامەڵە لەگەڵ بانکە تایبەتەکان دەکرێت نەک بانکە حکومیەکان.

بەگشتی هاووڵاتی بەهۆی قەیرانی داراییەوە تاڕادەیەکی زۆر متمانەی بەبانکە حکومیەکان نیە، بە بانکە ئەهلیەکانیش تاڕادەیەک متمانەی نیە، چونکە دۆخی دارایی لاوازە ئێستا لەهەرێمی کوردستان، بۆیە خەڵک حەز دەکات پارەکە لای خۆی بهێڵێتەوە، ئەمە بیرکردنەوەی خەڵکە دەڵێت باشترە لەلای خۆم بێت، دەتوانم بەکاریبهێنم هەرکاتێک پێویستم پێ بوو، نەک لەبانکەکان بێت، لەوانەیە لەبانکەکان حکومەت پێویستی بەپارە بێت، پارە لەبانکەکە رابکێشێت، یان لەکەرتی تایبەت بێت و بانکەکە دابخرێت، بۆیە سیقە کەم بووە لەنێوان هاووڵاتی و بانکەکاندا، ئەمە وایکردووە کەکەرتی یان بواری بانکی لەکوردستان لاواز بێت ئیش و کاروبارەکەی وەک پێویست نەبێت.

عوسمان تەها، هاووڵاتی لەلێدوانی بەهاوڵاتی وت: زۆربەی خەڵک بەهۆی خراپی باری داراییەوە تاڕادەیەکی زۆر متمانەی بەبانکەکان نیە، چونکە دارایی کوردستان زۆر لاوازە، بۆیە حەز دەکەم پارەکە لای خۆم بێت باشترەو دەتوانم بەکاریبهێنم هەرکاتێک کە ناچاربم و هۆکارێک بێتە پێشەوە.

وتیشی: ئەگەر پارەکانم لەبانکەکان دابنێم لەوانەیە لەبانکەکان نەمێنن و کەس نازانێت بۆ کوێ دەبرێن.

بڕیار جەلال، فەرمانبەری حکومی بەهاوڵاتی وت: راستە زۆر مووچەمان فەوتاوە یان پاشەکەوت کراوە، بەڵام هەرچۆنێک بێت سیستەمی بانکی حکومی شتێکی باش نییەو متمانەم پێی نییە بۆ دانانی پارەکانم و وەرگرتنی قەرز، چونکە بانکی تایبەت هەندێکجار نازانیت کێ خاوەنییەتی و ئەگەر دابخرێت ناتوانی لەکەسی داوا بکەیتەوە.

وتیشی: ئەمە وادەکات کەحکومەت متمانەی زیاد بکات لای خەڵکی و فەرمانبەرانی بەتایبەتی، بەڵام بەبۆچوونی من متمانەی فەرمانبەران بەحکومەت بەئاسانی دروست نابێتەوە تەنانەت بەم سیستمەش. 

بەپێی ئاماری بانکی جیهانی ٤٩ بانکی حکومی و تایبەت لەهەرێمی کوردستان هەن کە بەلقەکانیەوە زیاترن لە ١٠٠ بانک.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار