ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق: پێشنیازکراوە تەمەن و مووچەی خانەنشینان زیادبکرێت

2 هەفتە لەمەوپێش



هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد

ئەندامێکی لیژنەی ئابووری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت هەوڵ هەیە بۆ هەموارکردنەوەی یاسای خانەنشینی، ئاماژە بەوەشدەکات زوڵم لە خانەنشینانی هەرێمی کوردستان کراوە.

ئەمڕۆ شەممە 27ی نیسانی 2024، دارا سێکانیانی، ئەندامی لیژنەی ئابووری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە هاوڵاتی راگەیاند، "هەوڵێک هەیە و پێشنیاز کراوە بۆ ئەوەی بەشێک لە مادەکانی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق هەموار بکرێتەوە".

ئاماژەی بەوەکرد، "یەکێک لە مادەکان زیادکردنی تەمەنی خانەنشینییە کە لە ئێستادا لە عێراق لە تەمەنی 60 ساڵییەوەیە دوا دەکرێت بکرێتەوە 63 ساڵ، چونکە لە یاسا کۆنەکەدا هەر 63 ساڵ بوو کاتی هەموار کردنەوەی یاساکە تەمەنی خانەنشینی بووە 60 ساڵ، هەروەها پێشنیازی دووەمیش بۆ زیادکردنی بڕی مووچەی خانەنشینییە".

لەبارەی ئەوەی هەمواری ئەو یاسایە خانەنشینی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە دارا سێکانیانی وتی، "لە دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵیی عێراق ئومێدێکی زۆر هەیە کە خانەنشینانی هەرێمی کوردستانیش مووچەکانیان چاک بکرێت، چونکە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی زۆر روونە لەوبارەیەوە، بەڵام تائێستا هەرێمی کوردستان کاری بەو یاسای نەکردووە و کار بە یاسای ژمارە 27ی ساڵی 2006 دەکات کە زوڵمێکی زۆری لە خانەنشینان کردووە لە هەرێمی کوردستان".

حکومەتی هەرێمی کوردستان تائێستا کار بە یاسای ژمارە 27ی ساڵی 2006 یاسای خانەنشینی یەکگرتووی هەڵوەشێندراوەی فەرمانبەرانی فیدڕاڵی دەکات، بەبێ ئەوەی یاسای بەرکارکردنی بۆ دەرکردبێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار