ئەو فەرماندە باڵایانەی سوپای پاسداران کە لە سوریا کوژراون

2 هەفتە لەمەوپێش



هاوڵاتی

رۆژی ١ی نیسانی ٢٠٢٤، بە هۆی هێرشی سوپای پاسداران بۆ سەر بینای کۆنسولگەری ئێران لە دیمەشقی سووریا ٧ ئەفسەری پلەباڵای سوپای پاسداران  کوژران. کوژرانی ئەم ٧ ئەفسەرە پلە باڵایەی سوپای پاسداران دەنگدانەوەی گەورەی هەبوو لە میدیا ناوخۆیی و دەرەکییەکانی ئێران. سەرەنجام درەنگانی شەوی شەممە ١٣ی نیسان لە لایەن ئێرانەوە هێرشی مووشەکی کرایە سەر ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامی بە زیاتر لە ٣٠٠ مووشەک و درۆن هێرشی کردە سەر ئیسرائیل. ٩٩٪ مووشەک و درۆنەکان بەر لەوەی بگەنە خاکی ئیسرائیل لە لایەن هێزی بەرگری ئاسمانی ئیسرائیل، ئەمریکا، فەرەنساوە تێکشکێنران و خرانە خوارەوە. بە وتەی وەزیری بەرگری ئیسرائیل بە هۆی هێرشەکانی ئێرانەوە کچێکی ٧ ساڵان بریندار بووەو خەسارێکی زۆرکەم بە بنکەیەکی سەربازی ئیسرائیل گەیشتووە. لە ئێستادا میدیاکان باس لەوە ئەکەن ئیسرائیل خۆی ئامادە ئەکات بۆ وەڵامدانەوەی ئێران و ئەمەش ئەگەری ئەوەی لێئەکەوێتەوە کە ئەو جەنگەی ئێستا لە رۆژهەڵاتی ناوەراست هەیە بەربڵاوتر بکات. ئەمە یەکەمجار نەبوە کە ئەفسەر و پلەدارەکانی سوپای پاسداران لە سووریا لە لایەن هێزەکانی ئیسرائیل یان ئەمریکاوە ئەکوژرێن. لەم بابەتەدا باس لەو ئەفسەرانە ئەکەین کە لەم هێرشانەدا کوژراون.

١ی نیسانی ٢٠٢٤

رێکەوتی ١ی نیسانی ٢٠٢٤، بە هۆی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر بینای کۆنسولگەری سوپای پاسداران ٧ ئەفسەری پلەباڵای سوپای پاسداران بە ناوەکانی: عەمید محەممەد رەزا زاهیدی، عەمید محەممەد هادی حاجی رەحیمی، حسێن ئەمانوڵڵاهی، مەهدی جەلالەتی، موحسێن سەداقەت، عەلی ئاقا بابایی و عەلی ساڵەحی روزبەهانی کوژران. عەمید محەممەد رەزا زاهیدی دوای قاسم سولەیمانی دیارترین سەرکردەی سوپای پاسداران بووە کە لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێرانەوە کوژراوە. محەممەد رەزا زاهیدی بەرپرسی دۆسیەی سووریا و لوبنان بوو لە سوپای قودس. پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ بەشار ئەسەد سەرۆککۆماری سووریا و سەید حەسەن نەسروڵڵا کەسی یەکەمی حزبوڵڵای لوبنان هەبوو.

محەممەد رەزا زاهیدی ٦٤ ساڵ تەمەن، یەکێک بوو لە فەرماندە بە ئەزموونەکانی سوپای پاسداران و لە تەمەنی ٢٠ ساڵییەوە پەیوەست ببوو بە سوپای پاسدارانەوە. لە ماوەی جەنگی عێراق و ئێراندا بەشداری جەنگ بووەو هەروەها بە پێی هەندێ گرتە ڤیدیۆش کە سوپای پاسداران دەربارەی ئەم فەرماندەیە بڵاوی کردۆتەوە بەشدار بووە لە جەنگ دژی حیزبەکوردییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە دەیەی ١٩٨٠.

محەممەد رەزا زاهیدی یەکێک بوو لە ٢٤ فەرماندەیەی سوپای پاسداران کە ساڵی ٢٠٠٠ نامەیەکیان بۆ خاتەمی سەرۆککۆماری ئەو کاتی ئێران نارد دەربارەی رووداوی کوژرانی بەکۆمەڵی خوێندکاران لەو ساڵەدا و یەکێک بوو لەو فەرماندانەی کە وەک بڕیاردەری هێرش بۆ سەر خوێندکارەکان ناو دەبرێت. لە مانگی ٧ی ٢٠٠٠ دا دوای داخرانی رۆژنامەی سەلام، ژمارەیەک لە خوێندکارەکان خۆپیشاندانیان کرد و لە لایەن بەسیج و سوپای پاسدارانەوە هێرش کرایە سەر بەشی ناخۆیی خوێندکارەکان و دەیان خوێندکار کوژران و بریندار بوون و قۆڵبەستکران و ئێستاش هەندێ لە خوێندکارەکان بێ سەر و شوێنن.

محەممەد رەزا زاهیدی بەشدار بووە لەجەنگی ٣٣ رۆژەی لوبنان- ئیسرائیل لە ساڵی ٢٠٠٦.

 

محەممەد رەزا زاهیدی یەکێک بوو لە کەسە نزیکەکانی ئایەتوڵڵا خامنەیی و دوای کوژرانی ، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی هەڕەشەی لە ئیسرائیل کرد و پێی وتن پەشیمان ئەبنەوە لەم کارەیان.

٢٦ی ئازاری ٢٠٢٤

بەرەبەیانی ٢٦ ی ئازاری ٢٠٢٤ بە مووشەک ڤیلایەک لە دیرەزوور کرایە ئامانج و بەو هۆیەوە بێهرووز واحیدی، یەکێک لە فەرماندەکانی سوپای پاسداران، وێڕای ١٤ کەس لە ئەندامانی حیزبە میلیشیاکانی عێراق و سووریە کوژران. سوپای پاسداران رایگەیاند ئەم هێرشە لە لایەن ئیسرائیلەوە بووەو رێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤی سووریا رایگەیاند سوپای قودس ئەو ڤیلایەی وەک ناوەندی پەیوەندیکردن بەکار هێناوە.

بێهرووز واحیدی فەرماندەی باڵای سوپای قودس و سوپای پاسداران لەو هێرشەدا کوژران و ئیسماعیل قائانی فەرماندەی گشتی سوپای قودس لە رێ و رەسمی ناشتنەکەی بەشداریکرد.

٢٠ی کانوونی دووهەمی ٢٠٢٤

رۆژی ٢٠ی کانوونی دووهەمی ٢٠٢٤ ، لە گەڕەکی " المزە" لە رۆژئاوای دیمەشق پێنج ئەندامی پلەباڵای سوپای پاسداران بە ناوەکانی : حوجەتوڵڵا ئومیدوار، عەلی ئاقازادە، حسێن محەممەدی، سەعید کەریمی و محەممەد ئەمین سەمەدی کوژران.  سوپای پاسداران کوژرانی ئەم ٥ ئەندامەی خۆی دایە پاڵ ئیسرائیل.

حوجەتوڵڵا ئومیدوار بە ناوی خوازراوی "حاج سادق" یەکێک بوو لە فەرماندە باڵاکانی سوپای قودس و یەکێک لە بریکارەکانی قاسم سلێمانی بوو. ماڵپەڕەکانی سەر بە سوپای پاسداران رایانگەیشند پێش کوشتنی چەند جار لە لایەن ئیسرائیلەوە هەوڵی کوشتنی دراوە. ئومیدوار یەکێک بوو لە فەرماندەکانی سوپای پاسداران لە جەنگی ٨ ساڵە و هەروەها لە جەنگ دژی لایەنە کوردییەکانیش بەشدار بوو لە دەیەی ١٩٨٠.

٢٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣- کوژرانی رەزی مووسەوی

رۆژی ٢٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ بە هۆی هێرشی مووشەکی بۆ سەر بینایەک لە گەڕەکی زەینەبییەی دیمەش، سەید رەزی مووسەوی، کە وەک کەسی ژمارە ٢ی سوپای قودس دوای قاسم سلێمانی دەناسرا.

سوپای پاسداران لە راگەیاندنێکدا رەزی مووسەویوەک " بەرپرسی یارمەتیگەیاندن بە بەرەی بەرگری لە سووریا" ناوی برد.

رەزی مووسەوی فەرماندەیەک بوو کە زۆر  کەم ناسراو بوو و تەنانەت لە فیلمێکی دێکۆمێنتاری کە دەرباری قاسم سولەیمانیدا دروستکراوە، دەم و چاوی دادەپۆشرێت ووەک " یاری کۆن" و " نزیکترین هاوسەنگەر"ی قاسم سلێمانی ناوی دەبرێت.

حسێن ئەکبەری، باڵیۆزی ئێران لە سووریا وتبووی رەزی مووسەوی تا کاتژمێر ٢ی دوانیوەڕۆ لە باڵیۆزخانەی ئێران بوو لە دیمەشق و دواتر گەڕاوەتە بۆ ماڵەکەی خۆی لە گەڕەکی زەینەبییە و کاتژمیر ٤:١٠ دوانیوەڕۆ بە ٣ مووشەک لە لایەن سووریاوە کرایە ئامانج و کوژرا.

رەزی مووسەوەی ماوەی ٢٥ساڵ بوو لە سووریا و لوبنان و فەلەستین بوو. بە وتەی بەشار ئەسەد سەرۆککۆماری سوریا، پێشتر ٢ جار ئیسرائیل هەوڵی کوشتنی داوەو سەرکەوتوو نەبووە.

٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣- گەڕەکی زەینەبییەی دیمەشق

گەڕەکی زەینەبییە لە باشووری رۆژهەڵاتی دیمەشق وەک گەڕەکێک دەناسرێت کە هێزەکانی سوپای پاسدارانی تێدا جێگرکراون. رۆژی ٢ی کانوون یەکەم لە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازییدا کە هیچ کات وردەکارییەکەی رانەگەیەنرا ، ٢ فەرماندەی سوپای پاسداران بە ناوەکانی " پەناە تەقی زادە" و " محەممەد عەلی عەتایی شوورجە" کوژران.

دواتر سوپای پاسداران رایگەیاند  ئەم ٢ فەرماندەیەی سوپای قودس لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان وەک راوێژکار لە بەرەی مقاومەی ئیسلامی سووریا لە لایەن ئیسرائیلەوە کوژراون.

٢٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢- سنووری ئیسرائیل

رۆژی ٢٢ی کانوونی دووهەمی ٢٠٢٢، داوود جەعفەری یەکێک لە کادێرە بە ئەزموونەکانی هێزی ئاسمانی سوپای پاسداران لە نزیک سنوورەکانی سووریا- ئیسرائیل کوژرا.

سەرەتا میدیاکانی ئێران رایانگەیاند بە هۆی تەقینەوەی مین لە قەراخ جاددە ، لە دیمەشق و نزیک فڕۆکەخانە کوژراوە. بەڵام بە پێچەوانەی ئەوەی سوپای پاسداران بڵاوی کردەوە لە نزیک سنوورەکانی ئیسرائیل کوژرا . هەروەها بە پێی هەواڵی ماڵپەڕی "صوت المعاصمە" ٦ ئەفسەری پلەباڵای سووریا بە تۆمەتی گەیاندنی زانیاری دەربارەی "داوود جەعفەری" بە دوژمن دەستگیرکران.

داوود جەعفەری یەکێک لە فەرماندەکانی سوپای پاسداران بوو کە تۆمەتبار ئەکرا بەوەی دەستی بووە لە تەقە کردن لە فڕۆکە ئۆکراینییەکە کە ١٧٦ کەسی تێدا کوژرا.

١٨ی کانوونی دووەمی ٢٠١٥- بەرزاییەکانی جەولان (گوڵان)

رۆژی١٨ی کانوونی دووهەمی ٢٠١٥ ژمارەیەک لە هێزەکانی حزبوڵڵای لوبنان لە نزیک شاری " مزرعە الامل" لە ناوچەی "قنطریە" لە نزیک بەرزاییەکانی جەولان (گوڵان) کە بەدەست ئیسرائیلەوەیە، بە فڕۆکەیەکی جەنگی کرانە ئاماج و محممەد عەلی ئەڵڵا دادی یەکێک لە فەرماندە باڵاکانی سوپای قودس و ژمارەیەک لە ئەندامانی حزبوڵڵا کوژران.

١٢ی شوباتی ٢٠١٣- رێگای دیمەشق بۆ لوبنان

عەمید حەسەن حەسەن شاتری ، کەبە ناوی خوازرای " حیسان خۆشنویس" دەناسرا، بەرپرسی بەشی نۆژەنکردنەوەی باشووری لوبنان، پردی پەیوەندی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ لوبنان، لە رێگای نێوان دیمەشق بەیرووت لە لایەن هێزی ئاسمانی ئیسرائیلەوە کرایە ئامانج و کوژرا.

لە سەردەمی جەنگی عێراق- ئێران حەسەن شاتری وەک ئەندازیار بەشداری جەنگ بوو. دوای جەنگی ٣٣ رۆژەی ئیسرائیل – حزبوڵڵا لە ساڵی ٢٠٠٦ لە لایەن ئەمریکاوە خرایە لیستی گەمارۆکانەوە. حەسەن شاتری ساڵی ٢٠٠٦ بۆ بونیادنانەوەو نۆژەن کردنەوەی ناوچەکانی باشووری لوبنان رۆشتبووە ئەو وڵاتە.

لە دوای دەستپێکی نائارامییەکانی سووریا و جەنگی ناوخۆیی ئەو وڵاتە، کۆماری ئیسلامی بە مەبەستی پشتیوانی لە بەشار ئەسەد ژمارەیەکی زۆر لە هێزەکانی خۆی ناردە سووریا، بەناو پارێزەرانی مەزارگەی "زەینەب" و راوێژکاری سەربازی. لەم ماوەیەدا ژمارەیەکی زۆر لە هێزەکانی سوپای پاسداران لە لایەن دژبەرانی بەشار ئەسەدەوە کوژراون. لەگەڵ ئەمەش ئیسرائیل ئەم هێزانەی کردۆتە ئامانج. لە خوارەوە ناوی ژمارەیەک لە فەرماندە باڵاکانی سوپای پاسداران دەهێنن کە لە سووریا کوژراون.

  • حسێن هەمەدانی ، ٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٥، حەلەب
  • هادی کەجباف، نیسانی ٢٠١٥، دەرعا
  • فەرشاد حەسونیزدە، ١٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٥ قەنتەریە
  • حەمید موختربەند، تشرینی یەکەمی ٢٠١٥ قەنتریە
  • سەعید سەیاح تاهیری ١٣ی کانوونی دووهەمی ٢٠١٦ خان توومان
  • حەسنعەلی شەمس ئابادی ٧ی ئازادی ٢٠١٦

 

  • غوڵامڕەزا رەسایی ٢٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٦ ، حەلەب

 

  • داریووش دروستی ، ٣٠ ئابی ٢٠١٦،  حەماء

 

  • ئەحمەد غوڵامی، ١١ی ئەیلوولی ٢٠١٦ ، حەلەب

 

  • مستەفا سەدرزادە، ٢٣ تشرینی یەکەمی ٢٠١٥ ، حەلەب

 

  • جان محەممەد عەلیپوور، ٣ی ئابی ٢٠١٧- تەدمیر

 

  • محەرەمعەڵی مرادخانی، ٦ کانوونی یەکەمی ٢٠١٥، حەمس

 

  • جەبار دریساوی ٨ی تشرینی دریساوی، ٢٠١٤ حەلەب

 

  • محەممەد جەمالی پاقەلعە، ٢ی کانوونی دووهەم ٢٠١٣، دیمەشق

 

  • حەمیدرەزا تەباتەبایی مێهر، ٢٢ی شوباتی ٢٠١٣، حەلەب

 

  • ئەمیررەزا عەلیزادە، ٢١ی نیسان ٢٠١٣، حەلەب

 

  • دادالـلە شیبایی، ٢٣ی حوزەیران ٢٠١٤

 

  • محەممەد حسێن عەتری، ٤ی حوزەیرانی ٢٠١٣
  • مووسا کازمی دەرەبیدی، ٢٣ ئاب ٢٠١٤
  • عەبدوڵڵا ئەسکەندەری، مانگی ٦ی ٢٠١٤ ، حەلەب
  • ئیسماعیل حەیدەری، ١٩ی ئابی ٢٠١٣، حەلەب

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار