پڕۆژە یاسای هێزە چەکدارەکانی حەشدی شەعبی و لێکەوتەکانی

5 كاتژمێر لەمەوپێش
ئامادەکردنی: هاوڵاتی
لەگەڵمان بن بۆ ڕاپۆرتێک لەوبارەریەوە:
مۆدێلی دروستکردنی هێزێکی چەکداری ئایدیۆلۆژیی لە چێوەی سوپایەکدا بە تەنیشت سوپای فەرمی وڵاتەوە، مۆدێلێکە سەرچاوەدەگرێت لە کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە کە بریتییە لە سوپای پاسداران وەکو هێزێکی چەکداریی ئایدیۆلۆژیی بە تەنیشت سوپای فەرمی دەوڵەتەوە. هەموو ئەو هێز و دەوڵەتانەی ناوچەکە کە نزیکایەتیی و لایەنگیرییان بۆ ئێران هەیە، ویستوویانە هەمان مۆدێل بەرهەم بهێننەوە.
حزبوڵڵای لوبنانی پێش لێدانە کوشندەکانی ئیسڕائیل، لەنێو پەرلەمان وەکو هێزێکی سیاسیی و یاسایی بە فراکسیۆنی پەرلەمانییەوە هەبوو بەڵام هێزی چەکداری حزبوڵڵا هەژموونێکی قورسی بەسەر حکومەت و دەزگا دەوڵەتییەکانی لوبنانەوە هەبوو.
حکومەتەکەی حەماس لە کەرتی غەززە، هێزی چەکداری هەبوو بە تەنیشت دەزگا ئەمنییەکانی حکومەتەکەیەوە.
لە عێراقیش لە دوای بانگەوازەکەی سیستانییەوە بۆ بەرەنگاربوونەی داعش، هێزە چەکدارەکانی حەشدی شەعبی پێکهێنران.
حەشدی شەعبی لە کۆمەڵێک هێزی چەکدار پێکدێت لەوانە بزووتنەوەی نوجەبا، کەتائیبی حزبوڵڵا و عەسائیبی ئەهلی حەق. ژمارەی ئەم هێزانە دەگاتە نزیکەی ٢٨٣٠٠٠ چەکدار و ساڵانە بودجەی نزیکەی ٣.٦ ملیار دۆلاری پێویستە. ئەم هێزانە لە ڕووی ئایدیۆلۆژییەوە پابەندی ئێرانن وئەمەش وایکردووە ببنە لایەنگر و جێبەجێکار بۆ سیاسەت و پڕۆژەکانی ئێران.
ئەم ماوەیەی پێشوو پڕۆژە یاسایەک بۆ بە یاساییکردنی هیزەکانی حەشدی شەعبی ئامادەکراوە و براوەتە نێو پەرلەمانی عێراقەوە و خراوەتە نێو بەرنامەی کاری پەرلەمانەوە تا لە ئایندەدا دەنگی لەسەر بدرێت.
لە دوای تێپەڕاندنی پڕۆژەی یاسای هێزە چەکدارەکانی حەشدی شەعبییەوە لە پەرلەمان، حەشدی شەعبی دەبێتە سوپایەکی یاسایی بە تەنیشت سوپای فەرمی دەوڵەتەوە.
پەیمانگای واشنتۆن لە ڕاپۆرتێکی شیکارییدا ەبارەی پڕۆژەی یاسای هێزەکانی حەشدی شەعبیی، هەموو لایەنەکان و ئەگەرەکانی شیکردووەتەوە.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە ڕەشنووسی یاساکە پێشنیاری ئەوە دەکات کە هێزە چەکدارەکانی حەشدی شەعبی بە شێوەیەکی فەرمی دەخرێنە ناو پێکهاتەکانی حکومەتەوە. هەروەها پڕۆژە یاسا پێشنیارکراوەکە، ڕۆڵێکی بەهیز و فەرمیی و ئیمتیازات و ئەکادیمیایەکی سەربازیی تایبەتمەند دەبەخشێت بەهێزە چەکدارەکانی حەشدی شەعبی و بەرزکردنەوەی فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی حەشدی شەعبی بۆ پلەی وەزیر و ئەندام لە لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی عێراق.
هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە پێویستە جیبەجێکردنی کۆمەڵێک ڕێکارە بگیرێتە بەر بۆ ڕێگریکردن لە زیاتربوونی هەژموونی ئێران لەسەر عێراق و پشتگیریکردن لە سەروەری عێراق. هەروەها پاراستنی شکۆ و کاریگەرییەکانی ئەمریکا و متمانەی لە وڵاتەکە و ناوچەکەدا.
ڕاپۆرتەکە ئەگەرەکان و بژاردەکانی بەردەم سیاسەتی ئەمریکا لەبارەی تێپەڕاندنی پڕۆژە یاسای هێزە چەکدارەکانی حەشدی شەعبییەوە دەخاتە ڕوو، کە حەوت بژاردەن و ئەمانەی خوارەوەن:
یەکەم: کشانەوەی سەربازیی: ژمارەی سەربازانی ئەمریکا لە عێراق نزیکەی ٢٥٠٠ سەربازە و ئەمریکا تاوەکو کۆتایی ٢٠٢٦ تەواوی هێزە سەربازییەکانی خۆی بکشینێتەوە لە عێراق، دەبێت پڕۆسەی کشانەوەکە خێراتر بکرێت.
دووەم: ئاشکراکردنی زانیارییەکان لەبارەی ئەو لایەنانەی لە پشتی هێرشە درۆنییەکانەوەن بۆ سەر هەرێمی کوردستان لە دۆخێکدا ئەگەر واشنتۆن زانیاریی متمانەپێکراو و یەکلاکەرەوەی لەوبارەیەوە هەبیت.
سێیەم: ڕەتکردنەوەی بانگهێشتکردنی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ ئەمریکا کە بە نیازە بەم زووانە سەردانی ئەمریکا بکات.
چوارەم: هاندانی فراکسیۆنەکانی هێزە کوردییەکان و فراکسیۆنەکانی دیکە بۆ ئەوەی ووتەی خۆیان هەبێت لەبارەی پڕۆژە یاساکەوە بە ئامنجی ئەگەری ڕەتکردنەوەی پڕۆژە یاساکە لەناو پەرلەمان بەهێز بکەن.
پێنجەم: هۆشداریی و ڕەخنەگرتنی توندی وەزارەتی دەرەوە لە پڕۆژە یاساکە. هەروەها هاندانی هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکانمان لەوبارەیەوە.
شەشەم: هۆشداریی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی پڕۆژە بازرگانییەکانی کۆمپانیا ئەمریکییەکانەوە. کە سەرۆک وەزیرانی عێراق، سودانی، پشکی گەورەی کۆمپانیا ئەمریکییەکانی لە پڕۆژە بازرگانییەکان و پیشەسازییەکاندا بە بابەتێکی زۆر گرنگ دادەنێت.
حەوتەم: بە ئاشکرا و بە فەرمی ناساندنی عێراق وەکو دەوڵەتێک کە پشتگیریی و پاڵپشتی لە تیرۆر دەکات. هەرچەندە دەشێت لە پەرچە کرداری ئەم بژاردەیەدا، عێراق بە تەواوی پاڵ بدات بە ئێرانەوە.
بۆچوونی تۆ چییە لەبارەی پڕۆژە یاساکە و ئەگەرەکانەوە؟
