ڕێکخراوی هاریکاریی شەنگەهای: لە ئاسایشی ناوچەییەوە بۆ هاوسەنگی جیهانی

2 كاتژمێر لەمەوپێش
نووسین: ئەحمەد ڕەسوڵ
ڕێکخراوی هاریکاریی شەنگەهای (SCO) لە دوو دەیەی ڕابردوودا وەک یەکێک لە کاریگەرترین بلۆکە ناوچەییەکان لە ئۆراسیا دەرکەوتووە، کە نوێنەرایەتی سەکۆیەک و بەشێکی گەورە و گرنگی جیهان دەکات بۆ هاوکاری سیاسی و ئابووری و ئەمنی لە نێوان ئەندامەکانیدا.
ڕێکخراوی هاریکاریی شەنگهای لە مانگی حوزەیرانی ٢٠٠١ لە شەنگەهای لەلایەن چین، ڕووسیا، کازاخستان، قرقیزستان، تاجیکستان و ئۆزبەکستان دامەزراوە، سەرەتا هەوڵیدا چارەسەری کێشە سنوورییەکان، تیرۆر و تەحەددیاتی ئەمنی ناوچەیی بکات. بەدرێژایی ساڵان، مەودای ئەو ڕێکخراوە فراوانتر بووە و ئەمڕۆش ڕێکخراوەکە هیندستان، پاکستان و ئێران لەخۆدەگرێت، لەگەڵ زۆرێک لە دەوڵەتانی دیکە- وەک تورکیا و هەندێک وڵاتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست- ئارەزووی خۆیان بۆ هاوبەشییەکی نزیکتر دەربڕیوە.
لە ناوەڕۆکی خۆیدا، ڕێکخراوی هارکاریی شەنگهای SCO سێ ئامانجی ڕاگەیەندراوی هەیە: دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە، پێشخستنی هاوکاری ئابووری، و بەهێزکردنی متمانەی سیاسی لە نێوان وڵاتانی ئەندامی ڕێکخراوەکەدا. ئەم گرووپە لە کاتێکدا سەریهەڵدا کە باڵادەستی یەک جەمسەری ئەمریکا خەریکی داڕشتنی سیاسەتی جیهانی بوو. ڕووسیا و چین، وەکو دوو زلهێزی سەرەکی ناو ڕێکخراوەکە، لە ڕێکخراوەکەدا دەرفەتێکیان بینی بۆ بنیاتنانی هاوپەیمانییەک کە توانای هاوسەنگکردنی کاریگەرییەکانی ڕۆژئاوای هەبێت و لە هەمان کاتدا نەزمێکی نێودەوڵەتی فرە جەمسەری بەرەوپێش ببات.
لە ڕووی ئابوورییەوە، ئەندامانی ڕێکخراوەکە نوێنەرایەتی نزیکەی نیوەی دانیشتوانی جیهان دەکەن و باڵادەستیی بەسەر سەرچاوە سروشتییە بێئەندازە زۆر و گرنگەکانەوە دەکەن، لەوانەش نەوت، گاز و کانزا دەگمەنەکان.
دەستپێشخەرییەکانی ڕێگاوبانی چین زەمینەیەکی بەپیتی لەناو ڕێکخراوەکە دەستەبەر کرد، وەبەرهێنانی لە بوارەکانی ژێرخانی ئابووری، هێڵی ئاسن، بۆری وزەی نەوت و گازی سروشتی و تەکنەلۆژیای دیجیتاڵیدا پەرەپێداوە.
لە بەرامبەردا ڕووسیا، ڕێکخراوەکە وەک میکانیزمێک بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکانی و دیپلۆماسیەتی وزە لەگەڵ ئاسیا دادەنێت. وڵاتانی ئەندام بە کەمکردنەوەی پشتبەستن بە بازاڕەکانی ڕۆژئاوا، هەوڵدەدەن خۆیان لە سزاکانی ئەمریکا و فشارە ئابوورییەکان بپارێزن.
لە بواری سەربازی و ئەمنیدا، ڕێکخراوەکە SCO ساڵانە لە ژێر ئاڵای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و توندڕەوی، مانۆڕی هاوبەش ئەنجام دەدات. بەڵام زۆرێک لە شیکەرەوەکان ئەم مەشقانە وەک نیشاندانی هێزی سەربازی بەکۆمەڵ و کارکردنی هاوبەش لێکدەدەنەوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ڕۆژئاوا کە ئۆراسیا چیتر ئەکتەرێکی پاسیڤ نییە لە کاروباری ئەمنی جیهانیدا. میکانیزمە هەواڵگرییە هاوبەشەکان و هاوکاری تەکنەلۆژی لە پیشەسازییەکانی بەرگریدا زیاتر ئاستی یەکگرتوویی بلۆکەکە بەرز دەکەنەوە.
لە ڕووی سیاسییەوە،ڕێکخراوی هاریکاریی شەنگهای SCO وەک سەکۆیەک و ناوەندێک بۆ ئەندامان، کاردەکات بۆ هەماهەنگی هەڵوێستەکان لەسەر پرسە سەرەکییە نێودەوڵەتییەکان. لە کاتێکدا کە هاوپەیمانییەکی سەربازی فەرمی نییە وەک ناتۆ، بەڵام هەڵوێستی بەکۆمەڵی وڵاتانی ئەندام لە ڕێکخراوەکەدا هەندێکجار تەحەدای هەژموونی ئەمریکا دەکات، بەتایبەتی سەبارەت بە دەستێوەردانەکان، سزاکان و سیاسەتی تاکلایەنە.
ڕێکخراوەکە لە سەرکۆیەکی ناوچەیی زیاترە و بگرە هاوپەیمانییەتێکی ستراتیژییە کە هەوڵدەدات هاوکێشەی پەیوەندییەکان و هاوسەنگی هێز لەئاستی جیهاندا سەر لەنوێ دابڕێژێتەوە. ڕێکخراوەکە بە ئاوێتەکردن و پێکەوەگرێدانی پەیوەندی ئابووری و هاوکاری سەربازیی و هاودەنگی سیاسیی خۆی وەک پڕۆژەیەک و بەرەیەکی دژ بە باڵادەستی ڕۆژئاوا پیشان دەدات و دەیەوێت بەدیلی فرە جەمسەری لە کاروباری جیهاندا بێنێتە ئاراوە.

