ملیاردێرێکی چاوچنۆک و گەندەڵ

کاتژمێرێک لەمەوپێش



هاوڕێیەکی نزیکی ترەمپ و خیانەتکارێکی سەرەکی لە کورد

ئامادەکردنی هاوڵاتی

پێشتر لەسەر چەند تۆمەتێکی گەندەڵی دەستگیرکراوە، بەڵام ئێستا بووەتە سیاسییەکی گەورە، بۆ بەرژەوەندی تورکیا کار دەکات و چارەنووسی نەتەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەتی کورد، لە دەستی ئەودان. 

ئەمە چیرۆکی تۆم باراکە، ئەو پیاوەی نغرۆ بووە لەنێو خۆبەزلزانین، ڕەگەزپەرستی و عەقڵییەتی داگیرکاری. ڕەنگە پێشتر ناویت زۆر نەبیستبێت، بەڵام لەم ڕۆژانەدا ناوی تۆم باراکت زۆر گوێ لێدەبێت چونکە بووەتە نێوەندگیر لەنێوان کورد و حکومەتی سوریا.

چیرۆکی تۆم باراک پێمان دەڵێت دەسەڵات و سیاسەت چۆن لە لایەن ئەمریکاوە بەڕێوەدەبرێت. 

تۆم باراک لە 6ـی نیسانی 1947 لە کالیفۆڕنیا لە خێزانێکی کۆچبەری لوبنانی لەدایکبووە. باراک بەهۆی کاری وەبەرهێنان لە کاری خانووبەرەدا هەر زوو دەوڵەمەند بووە، دواتریش کۆمپانیای کۆڵۆنی کاپیتاڵی بۆ وەبەرهێنان لە خانووبەرە دامەزراند و بووە یەکێک لە کەسایەتییە دیارەکانی ئەمریکا.

بەڵام دەسەڵاتی ڕاستەقینەی باراک؛ ئەو کاتە دەستیپێکرد کە چووە نێو جیهانی سیاسەت، بەتایبەتی لەڕێی هاوڕێیەتی لەمێژینەیەوە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا.

باراک، ڕاوێژکارێکی سەرەکی ترەمپ بوو، وەک بەرپرسی لیژنەی ئاهەنگی دەستبەکاربوونی سەرۆکایەتی 2017ـی ترەمپ، کاری دەکرد و لەو ئاهەنگەدا 107 ملیۆن دۆلاری خەرجکرد! بەمەش پێی نایە ناوەندی هەژموونی دەسەڵاتی ئەمریکاوە، بەبێ ئەوەی پۆستێکی فەرمی هەبێت. 

لە پشت پەردەوە، پەیوەندی قووڵی لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروستکرد، بەتایبەتی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئیمارات و سعودیە. 

لە ساڵی 2021، باراک لە لایەن "ئێف بی ئای"ـیەوە بە تۆمەتی کارکردن وەک بریکارێکی تۆمارنەکراو بۆ حکومەتی وڵاتانی دەرەوە دەستگیرکرا، ئەمە جگە لەوەی تۆمەتی دیکەشی درایە پاڵ، وەک پێشێلکردنی یاسا و درۆکردن لەگەڵ ئێف بی ئای. 

لە بەڵگەنامەکانی وەزارەتی دادی ئەمریکادا هاتووە، تۆم باراک تۆمەتبارکراوە بەوەی بە نهێنی بەرژەوەندییەکانی ئیماراتی لەنێو سیاسەتی ئەمریکا و کۆشکی سپی پەرەپێداوە و لەهەمانکاتیشدا هەوڵی بۆ وەبەرهێنانی زەبەلاح داوە لە لایەن وڵاتانی کەنداوەوە تا پارەیەکی زۆر کۆبکاتەوە بۆ وەبەرهێنان. تۆم باراک پێگەی خۆی بەکارهێناوە لە سیاسەتی ئەمریکادا تا پەرە بە سیاسەتەکانی ئیمارات بدات، لۆبی بۆ وڵاتەکە بکات و وێنایەکی جوانی بەرپرسانی وڵاتەکە پیشانی ڕای گشتی ئەمریکا بدات، ئەمانەش بەپێی تۆمەتەکانی پاڵی، نایاسایین و بە گەندەڵی لە قەڵەمدران.

باراک دوو رۆژ دەستگیرکرا و دواتر بە کەفالەتی 250 ملیۆن دینار، ئازاد کرا. لە ساڵی 2022 دوای ئەوەی دادگایی کرا، تۆم باراک بە بێتاوان لە قەڵەم درا. 

هەرچەندە لە ڕووی یاساییەوە بێتاوان دەرچوو، بەڵام لە ڕووی سیاسییەوە ئەو مێژووەی بووە خاڵێکی ڕەش. ئێستا ئەم پیاوە لە مانگی ئایاری 2025ـەوە، لەسەر دەستی ترەمپ گەڕاوەتەوە بۆ نێو جیهانی سیاسەت و دوو پۆستی پێدراوە. هەم وەک باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا و هەم وەک نێردەی تایبەتیی ترەمپ بۆ سوریا کاردەکات.

زۆربەی ڕەخنەگرانی ئیدارەی ترەمپ، تۆم باراک بە کەسێکی ڕەگەزپەرست، خۆبەزلزان و قسە لەڕوو وەسف دەکەن، تەنانەت هەندێک پێی دەڵێن ئێستا بووەتە داردەستی تورکیا. بەشێک لە بەرپرسانی ئیسرائیل دەڵێن، تۆم باراک هێندەی وەک بالیۆزێکی تورکی مامەڵە دەکات، هێندە وەک باڵیۆزێکی ئەمریکی کار ناکات و هەمیشە بەرژەوەندییەکانی تورکیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەوپێش دەبات. 

بیروبۆچوونی لەسەر کورد چاوێکی ڕەخنەگرانەی لەسەرە چونکە لەم شەڕەی حکومەتی سوریا دژی هەسەدە، ڕێک ئەو سیاسەتە جێبەجێ دەکات تورکیا دەیەوێت، ئەویش لەناوبردنی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر و داماڵینی چەکە لە هەسەدە، هەربۆیەش بە ئاشکرا ڕایگەیاند، ئێستا ئیتر ڕۆڵی هەسەدە دژی شەڕی داعش بەسەرچووە و حکومەتی سوریا دەتوانێت ئەو ڕۆڵە وەربگرێت، باشترین کارێکیش کورد بیکات ئەوەیە بچێتە ژێر سایەی حکومەتی سوریا.

هەرچەندە خۆی بە ڕەچەڵەک ڕۆژهەڵاتییە، بەڵام عەقڵیەتێکی ڕۆژئاوایی هەڵگرتووە و بە چاوێکی سووک و عەقڵێکی داگیرکرانەوە لە گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڕوانێت. یەکێک لەو نمونانەی ئەم قسەیە دەسەلمێنێت ئەوەیە کە ساڵی ڕابردوو بە کۆمەڵێک ڕۆژنامەنووسی لوبنانی گوت، دەبێت وەک کەسانی "شارستانی" مامەڵە بکەن و وەک "گیانەوەر" مەبن، ئەمەش ڕێک هەمان عەقڵیەتی ڕۆژئاواییە کە سەدەها ساڵە بەم بیرکردنەوەیە برەویان بە داگیرکاریی وڵاتانی ڕۆژهەڵات داوە.

هەر بۆیەش ئێستا ئەمریکا بە چاوساغی تۆم باراک پشتی لە کورد کردووە و دەڵێت، واشنتن دەیەوێت هەموو نەتەوەکانی سوریا لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی سوریادا بژین و برەو بە جیاکاری و سەربەخۆیی نادات، ئەمەش ڕێک مەبەستی لە ڕۆژاڤایە و دەیەوێت کورد لە ناوچەی خۆی سەربەخۆیی نەمێنێت. 

چیرۆکی باراک تەنها چیرۆکی کەسێکی ئاسایی نییە، بەڵکو چیرۆکێکە بەشە سەرەکییەکەی لەسەر پارە و هەژموونە کە تێیدا باراک، کاتێک لە چاوی کامێراکان دوورە، سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەڕێژێتەوە و وەک بازرگانێک هەمیشە بەدوای بەرژەوەندییەکانی خۆی و ئەوانەوەیە کە پاڵپشتیی لێدەکەن

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار