مەسرور بارزانی باسی سكەی قیتارەكە دەكات

3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
مەسرور بارزانی ئاماژە بەوە دەدات كە توانیویانە چەندین پڕۆژە لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان جێبەجێ بكەن بەتایبەتی لە ڕێگەوبانەكان، راشیگەیاند:" كار لەسەر پڕۆژەی ستراتیجی كراوە وەك هێلی ئاسنین".
ئەمڕۆ یەكشەممە 12ی حوزەیرانی 2022، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی كرد و لەلایەن دانا عەبدولكەریم وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن، پێشوازی لێ كرا.
وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن، كورتەیەكی دەربارەی كار و چالاكی و پڕۆژەكانی وەزارەت پێشكەش كرد و ئاماژەی بە پلانی چوار ساڵەی وەزارەت و ئەو پڕۆژانە كرد كە لەماوەی تەمەنی ئەم كابینەیە جێبەجێكراون، هاوكات تیشكی خستە سەر پڕۆژە بەردەوامەكان و ئەو پڕۆژانەش كە گرنگ و بایەخدارن، لەگەڵ ئاماژەدان بەتەرخانكردنی بودجەی پێویست بۆ ژمارەیەك لە پڕۆژەكانی رێگا دوسایدییەكانی نێوان شارەكان.
دواتر مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەت، لە وتەیەكدا ئاماژەی بەوە كرد كە سەرەڕای كێشە و گرفتەكانی قەیرانی دارایی، بەڵام حكومەتی هەرێمی كوردستان ، بەپێی پلان و بودجەی بەردەست و بەهۆی كارنامە چاكسازییەكەی ، توانی بە هاوكاری كەرتی تایبەت، چەندین پڕۆژە لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان جێبەجێ بكات بەتایبەتی لە بواری گواستنەوە و ڕێگەوبانەكان . هەروەها كار لەسەر پڕۆژەی گرنگ و ستراتیجیش كراوە وەك پڕۆژەی بنیاتنانی هێلی ئاسنین كە هەنگاوێكی زۆر گرنگە بۆ بەیەكەوەبەستنەوەی شارو ناوچەكان و پەرەپێدانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان هەرێمی كوردستان و پارێزگاكانی عێراق و وڵاتانی دراوسێ.
هەروەها جەختی لە گرنگیی بایەخدان بە ڕێگەوبانەكان و دروستكردنی ڕێگەی دووساید لە نێوان پارێزگاكان و شارەكانی هەرێم بە شێوەیەكی پێشكەوتوو و بە پێی مەرج و ستانداردی نێودەوڵەتی كردەوە . لە هەمانكاتدا كار بكرێت لە سەر چاككردنەوە و نۆژەنكردنەوەی ڕێگە و شەقامەكانی ئێستا بە شێوەیەكی باش و بەجۆرێك بەرگەی زۆری ژمارەی ئوتومبێلەكانی كوردستان و كەشو هەوا بگرێت .
سەرۆكی حكومەت، هەروەها باسی لە پلانەكانی حكومەت كرد لە بواری نیشتەجێكردن كە بڕیارە بیست هەزار یەكەی نیشتەجێبوون بە هاوكاری كەرتی تایبەت بۆ كرێنیشینان و كەمدەرامەتان لە پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكانی هەرێمی كوردستان بە هاوكاری كەرتی تایبەت، بە نرخێكی كەم و قیستی درێژخایەن و بە كوالیتیەكی باش دروست بكرێن. لەهەمانكاتدا، كار لە سەر تەواوكردنی ڕێكارەكانی نۆ هەزار یەكەی نیشتەجێبوونی دیكەش بكرێت كە چەند ساڵێكە دەست بە دروستكردنیان كراوە و تا ئێستا تەواو نەكراون.
هاوكات، لە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا، سەرۆكی حكومەت جەختی لەوە كردەوە كە پێویستە زۆر گرنگی و بایەخ بە گوند و دێهاتەكانی كوردستان بدرێت و ڕێگەوبانەكانیان نۆژەن بكرێنەوە و بژێوی گوندنشینان باشتر بكرێت، بۆ ئەم مەبەستەش دەكرێ حكومەت بە هاوكاری كەرتی تایبەت، پشتگیریی لە دروستكردنی پڕۆژەی بچووك لە بواری كشتوكاڵ و پیشەسازی و پیشە دەستكردەكان لە گوندەكان بكات بۆ ئەوەی گوندنشینانی كوردستان لێی سوودمەند ببەن و ئابووری كوردستانیش زیاتر گەشە بكات.
لە كۆتایی كۆبوونەوەكەدا، چەندین پێشنیار و راسپاردە لە پێناو باشتركردنی كاروبارەكانی وەزارەت و جێبەجێكردنی پڕۆژەكان و نەهێشتنی ڕووتین و زیاتر خزمەتكردنی هاووڵاتییان، لەلایەن ئامادەبووانەوە خرانەڕوو.
