هەڵبژاردن 9 مانگ یان ساڵێك دوادەخرێت و گوێ بە هۆشدارییەكەی پلاسخارت نادرێت

3 ساڵ لەمەوپێش
ئارا ئیبراهیم
كۆمیسیۆنی هەرێم چاوەرێی وادەیەكی دیكەی سەرۆكی هەرێمە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان و پارتی و یەكێتیش بەرنامەیان ئەوەیە 9 مانگ بۆ ساڵێك هەڵبژاردنەكان دوابخەن و گوێ بە هۆشدارییەكەی پلاسخارت نادرێت.
بەپێی بەدواداچونەكانی هاوڵاتی، پارتی و یەكێتی خۆیان رێككەوتوون لەسەر دواخستنی هەڵبژاردنەكان و دوو بەروار باس دەكرێت، یەكیان 10ی حوزەیرانی ساڵی داهاتوو كە نۆ مانگ هەڵبژاردن دوابخرێت، یان ساڵێكی تەواو هەڵبژاردن دوابخرێت، سەرەرای خۆشدارییەكەی نوێنەری نەتەوەیەكگرتووەكان كە دوای كردبوو پێش جەژنی نەورۆز پێویستە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجام بدرێت.
بریارە ئەم هەفتەیە بەرپرسی مەكتەب و ئۆرگانی حزبەكان كە تایبەتن بە هەڵبژاردن لە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان كۆببنەوە بۆ وەرگرتنی بۆچونەكانیان لەبارەی وادەی هەڵبژاردنەكان و هەمواری یاسای هەڵبژاردن و ئەندامانی كۆیسیۆن كە بمێننەوە یان دادوەران لەشوێنیان دابنرێت.
هەروەها گفتوگۆ لەبارەی تۆماری دەنگەدەران بكرێت كە بەراورد بە تۆماری دەنگدانی عێراق كە تایبەتە بە پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجەو هەولێرو دهۆك 500 بۆ 600 هەزار ناوی دووبارەو مردوو و تەنانەت ئەو كەسانەی تێدایە كە ئاوارەی هەرێمی كوردستانن.
شیروان زرار، وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:" ئەو وادەیەی كە لەلایەن سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە دیاری كرابوو ناتوانرێت هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت، بۆیە واقعەكە پێمان دەڵێت كە دەكەوێتە سەر سازان و لێكتێگەیشتنی لایەنەكان كە رێبككەون لەسەر پرسی هەمواری یاسای هەڵبژاردن و ئەنجومەنی كۆمیسیاران".
ناوبراو وتیشی:" دوای ئەوە سەرۆكی هەرێم وادەیەكی نوێ بۆ هەڵبژاردنەكان دیاری دەكات و كۆمسیۆن پێی پابەند دەبێت".
