مەسعود بارزانی: چاودێری داهاتوو دەكەین

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی
مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە یەكەم كاردانەوەیدا دوای دەستلەكاركێشانەوەی كوتلەی سەدر لە پەرلەمانی عێراق؛ رایگەیاند:" چاودێری بەرەوپێشچوونەكانی داهاتوو دەكەین".

ئەمڕۆ دووشەممە 13ی حوزەیرانی 2022 مەسعود بارزانی لەبارەی بارودۆخی سیاسیی عێراق لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تویتەر پەیامێكی بڵاو كردەوە و تیایدا هاتووە، "رێز لە بڕیارەكەی موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر دەگرین".

هەروەها نوسیویەتی:"چاودێری بەرەوپێشچوونەكانی داهاتوو دەكەین."

دوێنێ یەكشەممە، موقتەدا سەدر فەرمانی بە تەواوی ئەندامانی فراكسیۆنەكەی كرد دەستلەكاركێشانەوەكانیان بدەنە سەرۆكایەتی پەرلەمان، دواتریش سەرۆكی پەرلەمان واژۆی لەسەر كرد.

هەر پاش دەستلەكاركێشانەوەكەش سەدر بڕیاریدا بە داخستنی دامەزراوەكانی تایبەت بە رەوتەكەی، جگە لە چەند دامەزراوەیەك.

لەدوای دەستلەكاركێشانەوەكەی سەدریشەوە میشعان جبوری ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی سیادە لە تویتەری خۆی سیناریۆی دوای دەستلەكاركێشانەوەی فراكسیۆنی سەدری ئاشكرا كرد و باسی لەوەكرد، حكومەتەكەی كازمی دەمێنێتەوە و پەڕلەمان خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە و ساڵی داهاتوو هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمان ئەنجامدەدرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار