دادگای تێهەڵچونەوەی سلێمانی: رووداوەكەی ئەمڕۆ كاردانەوە بووە بەرانبەر كەسوكاری تارقی بەقاڵ

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی سەبارەت بە روداوەكەی ئەمڕۆی دادگا و هێرشكردنە سەر كەسوكاری تاریقی بەقاڵ رایگەیاند:" حاڵەتەكەی ئەمڕۆی ئەفسەرو پۆلیسەكان كاردانەوەی ئەو رەفتارانەی كەسوكاری تارقی بەقاڵ بووە".

سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی لەڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە "جێگەی داخ و نیگەرانییە كە دوای ئەوەی ئەمڕۆ لەناو دادگای سلێمانی حاڵەتێكی نەخوازراو رویدا و گرتە ڤیدیۆیەكی كورت لە دەزگاكانی راگەیاندن و تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان بڵاو كراوەتەوە كە چەندین تۆمەت و چەواشەكاری و ناڕاستی تێوەئاڵێنراوە، بۆیە بۆ هەمولایەكی روندەكەینەوە كە دۆسیەی كوشتنی تارقی بەقاڵ لە دادگا كۆتایی هاتوە و بكوژەكانی حوكمدراون بە لەسێدارەدان و سزاكەشیان لەلایەن دادگای پێداچونەوەی هەرێمی كوردستان پەسەند كراوە".

هەروەها ئاماژە بەوە كراوە كە"ئەو دانیشتنەی ئەمڕۆی دادگا پەیوەندی بە بكوژەكانەوە نەبوە، بەڵكو دادگایی كەسێك كراوە كە دوای دزینی ئۆتۆمبێلەكەی تاوانلێكراوی كڕیوەتەوە و بەتۆمەتی (حیازە اموال مسروقە) دادگایی دەكرێت و دادگاییش لەو دۆسیەیە بەردەوامە".

ئەوەشیان دووپاتكردووەتەوە "كەسوكاری تاوانلێكراوی ناوبراو كە هەمیشە و لە هەمو دانیشتنێكی دادگادا پشێوییان ناوەتەوە و سوكایەتی و تەشهیر و بێڕێزی زۆریان بە دادوەران و داواكاری گشتی و پۆلیس و هەمولایەك كردووە بەو كەرەستانەش لەبەردەستیان بوە ئازاری پۆلیس و پاسەوان و تەنانەت پارێزەریشیان 
داوەو حاڵەتەكەی ئەمڕۆ كاردانەوەی ئەو رووداوانەی پێشتر بووە".

سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی باسی لەوەشكردوە، "سەبارەت بە دەستگیردنیان، لەسەر سكاڵای پۆلیسەكان و بەپێی مادەی (230)ی یاسای سزادان هەواڵەی دادگای لێكۆڵینەوە كراون و پاشان بە كەفالەت ئازاد كراون تا رۆژی دادگایی".

سەبارەت بە لێدان لەكەسوكاری تاریقی بەقاڵ لەلایەن ژمارەیەك لە هێزە ئەمنیەكانەوە، سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی ئاشكرایكردوە، "ئەو حاڵەتی لێدانە كە لە گرتە ڤیدیۆكەدا دەركەوتوە رەفتارێكی كەسییە و ئەو كەسە خۆی بەرپرسیارێتی هەڵدەگرێت و سەرۆكایەتی دادگا پەسەندی ناكات بە نەخوازراوی دەزانێت و ئەو كەسەی ئازار دراوە دەتوانێت سكاڵا تۆمار بكات و دادگا ئیجرائاتی یاسایی پێویست دەگرێتەبەر".
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار