مەسرور بارزانی داوا لە وەزیری سامانە سروشتییەكان دەكات كێشەی بەنزین چارەسەر بكات

3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
لەكۆبونەوەی حكومەتی هەرێمدا تیمی یاسایی ڕاسپێردرا، ڕێكاریی پێویست دەستپێبكەن بۆ داكۆكیی یاسایی بە تایبەتیش كە ئێستا خەرجی و داهات و میلاكی وەزیفیی هەرێم لەلایەن دیوانی چاودێریی دارایی بەغدا پەسەندكراوە، مەسرور بارزانیش داوای لە وەزیری سامانە سروشتیەكان كرد كێشەی بەنزین چارەسەر بكات.
هەر لەكۆبونەوەكەدا بڕیاری ئاسانكاریی بۆ هاوڵاتیان لە دانەوەی قەرز و سزای دارایی و پێشینەكانی حكومەت بۆ 90 (نەوەد) ڕۆژ و دواجار درێژكرایەوە، هەروەها سەرۆكی حكومەتیش، وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی ڕاسپارد بە زوترینكات گرفتی گرانبونی بەنزین چارەسەر بكەن.
ئەمڕۆ چوارشەممە 15ی حوزەیرانی 2022، بەپێی راگەیەندراوێكی حكومەتی هەرێم، بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران ، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبوەوە، لە بڕگەی یەكەمی كۆبونەوەكەدا، ئەنجامی سەردانی شاندی هەرێمی كوردستان بۆ دیوانی چاودێری دارایی فیدڕال لە بەغدا تایبەت بە ڕاپۆرتی تیمی هاوبەشی چاودێری دارایی لەلایەن خالید شوانی وەزیری هەرێم بۆ كاروباری دانوستان لە گەڵ حكومەتی فیدراڵ خرایەڕو.
هەروەها ئەنجومەنی وەزیران هەڵوێستی خۆی دوپاتكردەوە لە بەردەوامبون لە دانوستان و گفتوگۆ لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵی لە پێناوی چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێراوەكانی نێوان هەرێم و بەغدا لە چوارچێوەی دەستور.
هاوكات، لیژنەی دانوستان و دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمیش ڕاسپێردران بەردەوام بن لە كۆبونەوە و گفتوگۆكان بەو ئاڕاستەیە و هەر بۆ ئەو مەبەستەش، هەماهەنگیی پێویست لەگەڵ فراكسیۆنە كوردستانییەكان بكەن و تیمی یاسایی ئەنجومەنیش ڕاسپێردران، ڕێكاریی پێویست دەستپێبكەن بۆ داكۆكیی یاسایی و دەستوریی لە ماف و شایستەكانی هەرێم وەك لە دەستوردا جێگیركراوە، بە تایبەتیش كە ئێستا خەرجی و داهات و میلاكی وەزیفیی هەرێم لەلایەن دیوانی چاودێریی دارایی هەرێم و بەغدا پەسەندكراون.
مەسرور بارزانی ئەوەشی دووپاتكردەوە كە"بە زوترینكات گرفتی گرانبونی بەنزین چارەسەر بكەن كە بارگرانیی زۆری لەسەر هاوڵاتیان دروستكردوە"
لە كۆتایی كۆبونەوەكەدا، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و لایەنە پەیوەندیدارەكانی ڕاسپارد كە بە زوترینكات گرفتی گرانبونی بەنزین چارەسەر بكەن كە بارگرانیی زۆری لەسەر هاوڵاتییان دروستكردوە و هاوردەكردنی بەنزینیش لە چوارچێوەی ڕێنماییەكان ڕێگەپێدراو بێت.
