مەسعود بارزانی: تەسلیم نابین

3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان هۆشداریی بەبەغدا دەداتو ڕایگەیاند:" زۆركەسی بەهێزتر لەمانەی ئێستا بونیان هەیە خۆیان لەگەڵ هەرێمی كوردستان تاقیكردەوەو سەرنەكەوتن، ئێمە تەسلیم نابین"، راشیگەیاند:" لەناو بارزانیەكان جامانەی سور بووەتە نەریت هەركەسێك نەیبەستێت تەسلیمی دوژمن بووە".
ئەمڕۆ شەممە 18ی حوزەیرانی 2022، لەمیانی بەشداری ناساندنی چەند كتێبێكی شۆڕشەكانی بارزان، مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی ڕایگەیاند: "مێژوی خەباتی گەلەكەمان لەلایەن دوژمنانەوە شێوێندراوە، وا نیشاندراوە كە خەباتی چەند عەشیرەتێكە، چەندجارێكیش بەڕێگرو چەتە ناوبراوە".
هەروەها راشیگەیاند:"ڕێبازی بارزان ڕێبازێكی پیرۆزە، ئەو ڕێبازە لەسەر بنەمای خوداپەرستیو مرۆڤدۆستی بونیادنراوە، تێكۆشان فەرزە لەدژی زۆرداران، بۆیە منیش شانازی دەكەم قوتابیەكی بچوكی ئەو قوتابخانەیە گەورەیەم".
هاوكات، مەسعود بارزانی ئەوەشی دووپاتكردەوە لەساڵانی (1931 ـ 1932) بارزانیەكان چوونە توركیا، ئەوكات ئەوەی وڵاخی هەبوایە توانیویەتی بڕواتو ئەوی دیكەش ماوەتەوە، هەر ئەوكات لەهەموو كوردستان مشكی هەبووەو سێ ڕەنگ بووە، دواتر شێخ ئەحمەد ڕۆژێك بەڕێكەوت جامانەیەكی ڕەنگ سوور دەكڕێتو دەیبەستێت، لەخۆشی شێخ، هەموان جامانەی سوریان بەست".
دەشڵێت:"دواتر بڕیارێك دەرچوو لەلایەن حكومەتی ئەوكاتەوە، هەركەس جامانەی سور ببەستێت دەبێت لەسێدارەبدرێت، هەر بەو هۆیەشەوە منداڵێك كە جامانەی سوری لەسەردابوو خنكێندراو بەدوای ئۆتۆمبێلدا ڕاكێشرا، ڕۆژێك دواتریش 12 پیاوی بارزانی بەبەرچاوی خەڵكەوە گولەبارانكران".
مەسعود بارزانی جەختیشیكردەوە، "ئێستا لەناو بارزانیەكان جامانەی سور بووەتە نەریتو هەركەسیش نەیبەستێت واتە تەسلیمی دوژمن بووە، كەواتە جامانەی سوور بووەتە تەحەداو نەریتی بارزانیەكان".
مەسعود بارزانی ئاماژەی بەدۆخی ئێستای عێراقیش كردو ڕایگەیاند، "بەداخەوە لەكۆنەوە تائێستا خۆشباوەڕبوینو بەدوو قسەی خۆش قەناعەتمان بەهەموو شتێك كردووە، من خۆزگە دەخوازم ئەوەی ئیسَستا دەیزانین زۆر زوتر بمانزانیایە".
ئەوەشی بەبیرهێنایەوە كە هیچ كات لەگەڵ شەڕ ننو نەیانویستووە، بەڵام وتیشی:" لەبەرامبەر هەر شەڕێكیش ئێمە تەسلیم نابین، ئەم هەرێمە بەخوێن هاتۆتە بەرهەمو بەخوێنی ڕۆڵەكانیشمان دەیپارێزین".
سەبارەت بەقەیرانی سیاسیی لایەنەكانیش وتی:"نەیانهێشت ئەنجامەكانی هەڵبژاردن وەك خۆی بڕوات، ئێستا عێراق لەقەیرانێكی گەورەو قوڵدایە، ئەوەی بەئێمە بكرێت هەوڵی چارەسەری كێشەكانی عێراق دەدەین، ئەگەر بەغداش جدی بێتو ئیرادەو مەیلی ڕێكەوتنی هەبێت بەگوێرەی دەستور، ئێمە ئامادەین".
هۆشداریی بەبەغدا داو تەئكیدیكردەوە، "ئەگەر بەغدا بیەوێت بەمیزاج بڕیاری نایاسایی دژی مافەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان بدەنو ئەو مافەی لێ بسەننەوە كە دەستوور پێیداوە، ئەوە پێویستە بزانن قابیلی قبوڵ نییە".
مەسعود بارزانی لەبارەی دەنگۆی نەمانی هەرێمی كوردستانیش بارزانی تەئكیدیكردەوە، "لێرەو لەوێ زۆر كەس هەن دەڵێن، هەرێمی كوردستان بەرەو نەمان دەچێت، پێویستە بزانن، ئەگەر زۆر ئێستا زۆركەس هەبن هەڕەشەی چەكو تەحەدا بكەن، پێویستە ئەوە بزانن، خەڵكی لەوان بەهێزتر هەبووەو خۆیان تاقیكردۆتەوەو دەرەنجامەكەشی ماڵوێرانی بووە".
