عەلی حەمەساڵح: هەولێر لەبەردەم كارەساتێكی مرۆیدایە

3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان ئاشكرایدەكات، هەولێر لەبەردەم كارەساتێكی مرۆیدایە، بەیەكجاری بێ ئاو دەبێت.
عەلی حەمەساڵح ئەندامی پەرلەمانی كوردستان نوسیویەتی:"هەولێر لەبەردەم گەورەترین كارەساتدایە، چونكە قوڵایی بیر لەماوەی 26 ساڵدا لەهەولێر لە 120 مەترەو هاتووە بۆ 700 مەتر، پارساڵیش 500 مەتر بوو، دوو ساڵی دیكە قوڵایی بیر دەگاتە نزیكەی هەزار مەترو دواتر بەیەكجاری نیوەی هەولێر بێ ئاو دەبێت".
هەروەها ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەكردووە، "ئێستا بەشێكی زۆری هەولێر پشت بەئاوی ژێر زەوی دەبەستێت، هۆكاری سەرەكیش، لێدانی بیرێكی ئێجگار زۆرە لەم ماوەدا، شوقەو پڕۆژەكانی نیشتەجێبون تێكڕا پشتیان بەئاوی ژێر زەوی بەستووەو بەویستی خۆیان قوڵیان كردووە، ژمارەیەكی زۆریش لەباخ (مەزرعە) لەدوروبەری هەولێر بەویستی خۆیان بیریان لێداوە".
بۆ چارەسەری ئەو مەترسییو كارەساتەش عەلی حەحەساڵح دەڵێت:"پێویستە پەلەبكرێت لەڕاكێشانی بۆری ئاو بۆ سەرجەم ئەو گەڕەكو پڕۆژە نیشتەجێبونانەی پشتیان بەئاوی ژێر زەوی بەستوە، لەنێوخۆش تۆڕی ئاو دابندرێت، پاشان دروستكردنی هۆشیاریی بۆ بەفیڕۆدانی ئاو".
هاوكات، لەبەشێكی دیكەی نوسینەكەیدا عەلی حەمەساڵح وتویەتی:"دوو زەوی نایاب هەن تەنیشت هۆتێل ڕۆتانا (200 دۆنم) زەوی بەهاكەی (700 ملیۆن دۆلارە)، زەوی دوەم (77 دۆنم) لەنێو شاری خەونەكان بەهاكەی (267 ملیۆن دۆلارە)، ئایا لەو دەیان هەزاران دۆنم زەویە ناكرێت دوو پارچە زەوی بۆ خەڵكی هەولێر بێت؟".
