رێبەر ئەحمەد: ئەوەی لە دادگای سلێمانی رویدا هەڵەیەكی گەورە بوو

3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند:" ئەوەی هەفتەی رابردوو لە دادگای سلێمانی رویدا هەڵەیەكی تاكە كەسی بوو... من دەپرسم ئەمە لە چەند شوێن دوبارە بوەتەوە؟ لەماوەی چەند ساڵی رابردودا ئەمە یەكەمجارە روبدات".
ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە 19ی حوزەیرانی 2022، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێم لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند:" بەداخەوەم بۆ ئەو روداوەی هەفتەی رابردوو لەناو دادگای سلێمانی رویدا، پێم سەیرە دەزگاكانی راگەیاندن ویستیان وای پیشان بدەن كە ئەمە دیاردەیە و لە شوێنی دیكە دوبارە بوەتەوە".
ناوبراو راشیگەیاند:" من دەپرسم ئەمە لە چەند شوێن دوبارە بوەتەوە؟ لەماوەی چەند ساڵی رابردودا ئەمە یەكەمجارە روبدات، هەرچۆنێك بێت ئەوەی رویدا هەڵە بوو، دەربڕی رای حكومەت و دادگا و هێزەكانی پۆلیس نییە، ئەمە هەڵەی كەسییە، ئەو كەسەی ئەم كارەی كرد سزا دەدرێت".
وەزیری ناوخۆ پێشیوابوو كە هەندێك ویستیان خۆیان بكەن بە خاوەنی دادگا و دادوەر، هەندێك ویستیان خۆیان بكەن بە خاوەنی مافی ئافرەت، حكومەتی هەرێم لە هەموو ئەمانە بەرپرسە، بۆیە بەرپرسانە مامەڵەمان كردووە و دواتر ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان رادەگەیەنن.
" حكومەتی هەرێم پابەندە بە پاراستنی مافی ئافرەتان و رێكەوتنە نێودەوڵەتییەكان، بەڵام دەبێت لە چوارچێوەی كۆنفرانس و كۆنگرەكان بچینە دەرەوە و بە فعلی كاربكەین بۆ پاراستنی مافەكانیان"، رێبەر ئەحمەد وای وت.
