جارێکی تر حزبه‌کان و پلاسخارت له‌سه‌ر پرسی هه‌ڵبژاردن کۆده‌بنه‌وه‌

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

وابڕیاره‌ ئه‌مڕۆ  لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، جارێکی تر بە ئامادەبوونی جێنین پلاسخارت، نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، لایەنەکانی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردن کۆببنه‌وه‌، ئه‌مینداری گشتی یه‌کگرتووش ده‌ڵێت هه‌ر دواخستنێکی هەڵبژاردن بەشێکە لە پیلانی بەردەوامیی دۆخەکە.
ناوەڕۆکی کۆبوونەوەى ئه‌مجاره‌ی نوێنه‌ری نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان و حزبه‌ سیاسییه‌کانی هه‌رێم بۆ قسەکردنە لەسەر یاسای هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان و دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردن و چارەسەری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان که‌ تا ئێستا لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان له‌سه‌ری ناکۆکن.
به‌پێی زانیارییه‌کان پارتی داواده‌کات یاسای هه‌ڵبژاردن به‌مجۆره‌ی ئێستا بمێنێته‌وه‌، یەکێتیش پێیوایە یاسای هەڵبژاردن دەبێت بە سازانی لایەنەکان هەمواربکرێتەوە؛ هاوکات گۆڕان داوا دەکات، هەرێمی کوردستان بکرێتە هەشت بازنەی هەڵبژاردن؛ کۆمەڵی دادگەریش داوای تۆمارێکی نوێی دەنگدان دەکات و یەکگرتووش دەڵێت، با پێکهاتەکان تۆماری تایبەتی خۆیان هەبێت.
 له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ سەلاحەدین بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو رایگەیاندووه‌: "بەشدار دەبم لە کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان و نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بۆ تاوتوێی پرسی هەڵبژاردن، چونکە هەر دواخستنێکی هەڵبژاردن بەشێکە لە پیلانی بەردەوامیی دۆخەکە."
جێگای ئاماژه‌یه‌ لە 24ی شوباتی 2022، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، فەرمانی هەرێمی بۆ دەستنیشانكردنی رۆژی هەڵبژاردنی گشتیی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان واژۆ كردبوو، بڕیاریدا رۆژی 1ی تشرینی یه‌كه‌می 2022 هەڵبژاردن بکرێت، بەڵام بەهۆی ناکۆکی لایەنەکان گفتوگۆ لەسەر دواخستنی وادەکە و یاسای هەڵبژاردنەکە دەکرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار