ژنه‌ ڕزگاربوویه‌کی ئێزیدی: ھەشت ساڵە لە ترسی داعش نەخه‌وتووم و خەوم زڕاوە

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

سارا رەڤۆ-ی ٧٠ ساڵ، ژنە رزگاربوویەکی دەستی داعشە و ئێستا لە کەمپی شاریا لە دھۆک لەگەڵ هاوسەرەکەی و سێ نەوەی دەژیت کە ئەوان بە یادگاری کوڕەکەی ناو دەبات. سارا خەڵکی گوندی گرعوزێر سەربە قەزای شنگالە و بۆ ماوەی ساڵ و نیوەک رۆژەکانی خۆی لەژێر نەھامەتی و دەسەڵاتی رەشی تیرۆریستانی داعشدا بەسەر بردووە.

سارا رەڤۆ بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژەی بەوە دا کە ھەموو جۆرە نەھامەتییەکی بینیوە و ئەو رۆژە رەشانەی ھەرگیز لە بیر ناچێتەوە کە لەژێر حوکمی داعشدا گوزەراندوویەتی و ناتوانێت ھەموو شتێک باس بکات ئەو تەنیا بەشێک نەھامەتییەکان باس دەکات.

لە سێی ئابی ٢٠١٤دا، کاتێک داعش ھێرش دەکاتە سەر قەزای شنگال، سارا رەڤۆ لەگەڵ نۆ کەس لە ئەندامانی خێزانی دەکەوێتە دەست داعش. ئەو دەڵێت من و دوو ژنی دیکە و حەفت پیاو و منداڵ لە ئەندامانی خێزانی ئێمە کەوتینە دەست داعش.

لەو فەرمانەی ئیزدییەکان ژمارەیەکی زۆری کوردی ئێزدی کوژران و برینداربوون، ھەروەھا ژمارەیەکی زۆری دیکەیش ئاوارەبوون، ئەمە وێڕای ئەوەی سەدانی دیکەیش رفێندران کە تا ئێستا چارەنووسی ژمارەیەکی زۆریان نادیارە.

سارا رەڤۆ باسی ژیانی خۆی دەکات و دەڵێت "کوڕێکی من بە رووداوی هاتوچۆ و یەکێکی دیکەش بە تەقینەوەی گرعوزێر گیانیان لە دەست دا تەنیا کوڕێکم مابوو ئەویش لەگەڵ ئەو فەرمانە کەوتە دەست داعش و داعش کوشتی".

ئەو زیاتر باسی ئەو رۆژە دەکات و دەڵێت "لە رۆژە رەشەکە سەعات هەشتی بەیانی لە ماڵەوە دەرچووین بەرەو قەریچ نزیک گۆری عەودۆ لە وێ کەوتینە بۆسەی داعش و گیراین بێجگە لە ماڵی خۆم ماڵی باوکم و چەندین خزمی دیکەشی گیران، بەڵام ئەو رۆژە ھەر کەس خەمی خۆی بوو، ئەو رۆژە بوو کە کوڕەکەشم لەگەڵ ئێمە گیرا".

سارا رەڤۆ کە زیاتر خەفەت لە کوڕ و نەوەکانی دەخوات گوتی: "دوای ئەوەی کە من و خەلەفی کوڕەکەم و نەوەکانم کەوتینە دەست داعش ئێمە تەنیا چوار کەس گەڕاینەوە، بەڵام مانەوەمان و گواستنەوەی ئێمە لە چەندین شوێنی جیاجیا ھەر ھەمووی تراجیدیا بوو بە جۆرێک لەو رۆژەوە تا ئێستا خەوم لێ زڕاوە و ناتوانم بخەم.

لە سەرەتا کە ئێمەیان گواستەوە بۆ تەلەعفەر کچەکانیان لە ئێمە جیا دەکردەوە و کەس بووی نەبوو قسە بکات، چونکە دەکوژرا و ئێمە دەمانزانی کە ھەر پیاوێکیش لە ئێمە جیا بکرێتەوە دەکوژرێت.

ھەموو رۆژەکانی ژێر دەستی داعش ناخۆش بوون، بەڵام زۆرترینیان ئەو رۆژانە بوون کاتێک لە بیرمە دوای سێ رۆژ کە خەلەف و چوار کوڕی لە ئێمەیان جیاکردەوە، پاش ئەوەی ئازاد بووم (دوای ساڵ و نیوەک) لە نزیک تەلەعفەر رۆشتمە ئەو شوێنە لەوێ کوژرا بوون، چونکە من جلوبەرگی ئەوانم لە بیر بوو، بەڵام من و سێ نەوەی خۆم و بۆکەکم دواتر ئازاد کراین بە جۆرێک من و نەوەکانم دوای ساڵ و نیوێک و بۆکەکەشم دوای پێنج ساڵ".

گوتیشی: "ئەوەی زیاتر لە ئەشکەنجەی داعش ئازارم دەدات بۆکی من بوو خێزانی خەلەف کە دوای رزگاربوونی ئێمەی بە جێھێشت و رۆیشتە ئەورووپا و سێ منداڵی لە دەست ئێمەدا بە بێ باوک و دایک ماون، بە چ نەھامەتییەک ئەوان بەخێو دەکەین.

لە ئێستادا ئەوەی بۆ من ماوەتەوە تەنیا چاوەڕوانییەکە کە دوای دۆزینەوەی گۆرەبەکۆمەڵەکان ئێسک و پرۆسکی ئەوانە کە بتوانم بیانێژم. لەئێستادا لە بەغدان و ئێمە چاوەڕوانین کە بگەڕێننەوە بەشکو دڵمان بەحەسێتەوە".

سارا رەڤۆ بەزمانی جەستە باسی ساتۆرەی داعش و لێدانی گولـلە بە سەری ھاووڵاتییانی ئیزدی کرد و گوتی: "نەمدەتوانی ئەو دیمەنانە ببینم من ھەرگیز ناتوانم لە بیریان بکەم کە ئەگەر ھەر پیاوێک لە ئێمە جیا دەکرایە بە ساتورە یا گولـلە دەیانکوشت".

رەڤۆ لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت "تووشی نەخۆشی دەروونی بووم و لەوەتەی لە دەستیان رزگارم بووە کە دەکاتە شەش ساڵ و نیو، ھەموو رۆژێک دەرمانی دەروونی دەخوم تەنیا بۆ ئەوەی ساتێک ئارام بم سترێسی من کەمتر بێت تووشی دڵەکۆتە دەبم ئەوەندە ترساوم کە لە دەست ئەو بێدینانە لەو رۆژەوە تا ئێستا نەنووستووم چاوەکانم ناخەون، چی بکەم؟".

لە کۆتاییدا باسی ئازادکردنی خۆی کرد و گوتی: "دوای ساڵ و نیوەک لە دەست داعش کە ئەویش چەند جار شوێنیان لە تەلەعفەر، مووسڵ، بادۆش و ھەندێک شوێنی دیکە ھەر نازانین کوێن بە رێککەوتن ئێمە ٢١٤ کەس ئازاد کراین ئەویش لە بەرانبەر پێدانی ئاو و کارەبا بوو بۆ تەلەعفەر".

داعش لە ئابی ٢٠١٤ شنگالی داگیر کرد و کارەساتی مرۆیی بەسەر ئێزیدییەکاندا ھێنا، دیارترین رووداویش رفاندنی شەش ھەزار کچ و ژن بوون کە تا ئێستایش چارەنووسی بەشێکیان نادیارە.

 

سه‌رچاوه‌: ئاژانسی ئه‌نادۆڵ

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار