پرۆژەیەکی شیعریی فەرەنسی بۆ پشتیوانی لە ژنانی کوردستان و ئێران دروستدەكرێت

یەک ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

🔹پرۆژەیەکی شیعریی فەرەنسی بەناوی (ژینابەندان؛ ژن ژیان ئازادی) بۆ پشتیوانی لە ژنانی کوردستان و ئێران دروست دەكرێت.

🔹پرۆژەکە لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەم دەستی پێکرد و بۆ ماوەی مانگ و نیوێک زیاتر لە ٣٠ شیعر بۆ ژن ژیان ئازادی نووسراون. شیعرەکان بەشێکیان وەرگێڕدراون بۆ زمانی کوردی.

🔻زانیاری زیاتر لەسەر پرۆژەكە بخوێنەرەوە؛

ژینابەندان ژن ژیان ئازادی ‏#Jinamahsaamini پرۆژەیەکی شیعریی فرەنسییە بۆ پشتیوانی لە ژنانی کوردستان و ئێران بە دەستپێشخەریی نەزەند بەگیخانی و نیکۆل باریێر   "ژینابەندان: ژن ژیان ئازادی" پرۆژەیەکی شیعریی فڕەنسییە بۆ پشتیوانی لە ژنانی کوردستان و ئێران دروست کراوە. پرۆژەکە بە دەستپێشخەریی شاعیری کورد لە فڕەنسا نەزەند بەگیخانی و هاوکاریی شاعیری فڕەنسی نیکۆل باریێر دەستی پێکردووە. لە سەرەتادا هەردوو شاعیر باگەوازێکییان لە فرەنسا ئاراستە شاعیرانی فرەنسی و فرانکۆفۆن کرد، داوایان کرد هەر شاعیرێک شیعرێ بنووسێ و پێشکەشی ئەم پڕۆژەیەی بکات بۆ پشتیوانیکردنی ژنانی کوردستان و ئێران دژی چەوسانەوە و بۆ ئازادی و رزگاری. پرۆژەکە لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەم دەستی پێکرد و بۆ ماوەی مانگ و نیوێک زیاتر لە ٣٠ شیعر بۆ ژن ژیان ئازادی نووسراون. شیعرەکان بەشێکیان وەرگێڕدراون بۆ زمانی کوردی. پرۆژەکە بە دوو شێوە بڵاودەکرێنەوە: یەکەمیان لە ڤیدیۆیەک کە ١٠ شیعری لەخۆی گرتووە و بە ژێرنووسی کوردی لە ماوەی ١٠ دەقیقە پەخش دەکرێت. ئەم بەشەی پڕۆژەکە لە ٢٥ ی تشرینی دووەم، رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەت، بڵاودەکرێتەوە. بەشی دووەمی پڕۆژەکە لە کتێبێکی شیعری بە زمانی فرەنسی، لە دەزگای هارماتان، بەشی میللەت و کولتور و ئەدەبیاتی رۆژهەڵات، کە شاعیر نەزەند بەگیخانی سەرپەرشتی دەکات، چاپ دەکرێت. لەو کتێبەدا نەزەند بەگیخانی و نیکۆل باریێر پێشەکییەک دەنووسن کە باس لە رەگ و دەستەواژەی "ژینابەندان " و دروشمی "ژن ژیان ئازادی " کە لە بزووتنەوەی سیاسی کوردییەوە سەریهەڵداوە، دەکات. لەم پێشەکییەدا باس لە بارودۆخی کورد و ژنان لە کوردستان و ئێران دەکەن. باس لەو چەوساندنەوە هەمەجۆرانە دەکەن کە لە رووی نەتەوەیی و ئایینی و جێندەرییەوە لە وڵاتی ئێران لەسەر دەستی سیاسەتمەدارانی ئیسلامی و فارسی و پیاوسالاری بەرەوڕووی دەبنەوە. ژنان بە گشتی لە ئێران بەرەوڕووی چەوساندنەوەی پیاوسالاری و توندڕەویی ئیسلامی سیاسی دەبنەوە، بەڵام ژنانی کوردستان زۆر زیاتر لە ژنانی فارس دەچەوسێنرێنەوە و چەوساندنەوەکان  تێکهەڵکێشن و دۆخی نەتەوەیی و بێ دەوڵەتی و پەراوێزخراوی و دابڕان لەخۆدەگرن. ژینابەندان کە سەرناوی پرۆژەکەیە، وشەیەکی لێکدراوە لە ناوی ژینا (مەهسا ئەمینی) و بەندان پێكهاتووە. بەندان لە وشەی خەنەبەندان-ەوە وەرگیراوە کە ئاهەنگی کۆتایی ژیانی کچانە و چوونە ناو قۆناغێکی نوێیە لە ژیانی ژنان.  لە دوای مەرگی ژینا، مێژووی ژنان لە کوردستان و ئێران ئێستا دوو قۆناغ لەخۆی دەگرێت: قۆناغی پێش ژینا و دوای مەرگی ژینا. بە دروشمی "ژن ژیان ئازادی " پڕۆژەکە ستایش لە ئاهەنگی شۆڕشێک دەنێ کە بە خوێن رەنگکراوە، وەک خەنەبەندان و کۆتایی سەردەمێک و سەرەتای ئازادییە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار