واشنتن پۆست تێوەگلانی روسیا لە جەنگی ئێران ئاشکرا دەکات

2 كاتژمێر لەمەوپێش



روسیا یەکەم هەنگاوی بەرەو بەشداریکردن و تێوەگلان لە ئێران هەڵگرت، وەک ئەوەی نەیەوێت هاوپەیمانە گەورەکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دەستبدات

رۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمریکی لە زاری چەند بەرپرسێکی هەواڵگریی ئەمریکاوە بڵاوی کردووەتەوە، روسیا لە سەرەتای جەنگەوە، هاوکاری ئێرانی کردووە دژ بە ئەمریکا و ئیسرائیل

بەرپرسە ئەمریکییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، روسیا زانیاریی هەواڵگری لەبارەی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی کەنداو، داوەتە ئێران. کە ئەوەش بەبەشداری ناڕاستەوخۆی جەنگەکە هەژمار دەکرێت

یەکەمجارە هەواڵی تێوەگلانی روسیا لە جەنگەکە بڵاو دەبێتەوە، کە ئاماژەیە بۆ فراوانتربوونی جەنگ و هاتنەناوەی رکابەرێکی ئەتۆمیی ئەمریکا بۆ نێو گۆڕەپانی جەنگ

واشنتن پۆست دەڵێت، ئێران بۆ دیاریکردنی شوێنی بنکە و پێگە سەربازییەکانی ئەمریکا، پشتی بە زانیاریی هەواڵگریی دەرەکی و بەتایبەت زانیارییەکانی روسیا بەستووە، بەڵام هێشتا قەبارەی هاوکارییەکانی روسیا بۆ ئێران دیار نیە.

بەگوێرەی واشنتن پۆست، ئێران تەنها ژمارەیەکی کەم مانگی دەستکردی هەواڵگری هەیە، بەڵام لێدانەکانی لە ئامانجەکان ورد و دروستن، ئەمەش ئەگەری یارمەتیدانی لەلایەن روسیاوە بەهێز دەکات.

روسیا جەنگی ئێران، بە دوژمنکارییەکی بێپاساو ناودەبات، بەڵام هێشتا بە فەرمی هیچ ئاماژەیەکی بۆ پشتیوانی راستەوخۆی ئێران پیشان نەداوە.

لەبارەی راپۆرتەکەی واشنتن پۆستیشەوە، نە روسیا و نە ئەمریکا لێدوانی فەرمییان نیە

پێت هێگسس، وەزیری جەنگی ئەمریکا رایگەیاندووە، هێرشەکەیان بۆ سەر ئێران، هیچ پەیامێکی بۆ روسیا و ئێران تێدا نیە.

چاودێران پێیان وایە، روسیا و چین سەرەڕای هاوپەیمانێتیان لەگەڵ ئێران، بەشداری جەنگەکە ناکەن، هاوکارییەکانیشیان لە چوارچێوەی دەربڕینی نیگەرانی و لە باشترین حاڵەتیشدا لە پێدانی زانیاریی هەواڵگری تێپەڕناکات

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار