وەزارەتی تەندروستی: لە رۆژانی پشوودا خزمەتگوزاری تەندروستی بەردەوامە

9 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
- کۆگاکانی دەرمان و پێداویستی پزیشکی و تاقیگەیی کراوە دەبن لەسەرجەم شار و شارۆچکەکان.
- نەخۆشخانەکانی فریاکەوتن و نۆرینگە دەرەکیەکان کراوەدەبن.
وەزارەتی تەندروستی هەرێمى كوردستان رایگەیاند لەپێناو بەرژەوەندی گشتی و بەمەبەستی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی لە رۆژانی پشوودا، کۆگاکانی دەرمان و پێداویستی پزیشکی و تاقیگەیی کراوە دەبن لەسەرجەم شار و شارۆچکەکان.
وەزارەتەكە لە راگەیندراوێكی فەرمیدا بڵاویكردەوە بە مەبەستی پێشکەشکردنی ڕێنمایی و خزمەتگوزاری تەندروستی بۆ کارئاسانی و خزمەتکردنی هاوڵاتیان، لە رۆژانی پشووی سەرژمێری چەند بڕیارێکمان دەركرد.
رونیكردەوە وەزارەتی تەندروستی بە مەبەستی پێشکەشکردنی ڕێنمایی و خزمەتگوزاری تەندروستی بۆ کارئاسانی و خزمەتکردنی هاوڵاتیان لە ڕۆژانی پشووی سەرژمێری دووپاتی چەند خاڵێکی گرینگ دەکاتەوە و چەند بڕیارێک دەردەکات :
ئاماژە بە نوسراوی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران/ سەرۆکایەتی دیوان ژمارە (١٥٩٨٨) لە (٢٠٢٤/١١/١٤) لەپێناو بەرژەوەندی گشتی و بەمەبەستی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی لە ڕۆژانی پشووی سەرژمێری ڕەچاوی ئەم خاڵانەی خوارەوە بکەن:
١. رۆژانی( ٢٠٢٤/١١/١٥ تاکوو ٢٠٢٤/١١/٢٣) پشوو دەبێت بۆ فەرمانبەرانی ڕاژەی شارستانی و کارمەندانی ڕاژەی سەربازی و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و قوتابیان لە گشت قۆناغەکانی خوێندن لە قوتابخانە و زانکۆکان کە خەڵکی ناوچەکانی ماددەی (١٤٠) ی دەستوورن.
٢. ڕێخراوەکان و کۆمپانیاکان و دامەزراوەکانی کەرتی تایبەت کارئاسانی بکەن بۆ کارمەندەکانیان کە خەلکی ناوچەکانی ماددەی (١٤٠) ی دەستوورن بۆ ئامادەنوبوون لە هەمان ماوە تاکوو بتوانن بەشداربن لە پڕۆسەی سەرژمێری گشتی.
٣. پابەندبوون بە سەرجەم ڕێنمایی و ڕێکارەکانی ڕاگەیاندراو لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان پاڵپشت بە ڕێنماییەکانی وەزارەتی ناوخۆ.
٤. دانانی لێژنەی بەدواداچوون لەسەرجەم بەرێوەبەرایەتی گشتی و نەخۆشخانەکان.
٥. بۆ هەرکارێکی پێویست و لەناکاو پێویستە هێلی گەرمی پەیوەندی هەبێت.
٦. لە کاتی پێویستدا کۆگاکانی دەرمان و پێداویستی پزیشکی و تاقیگەیی کراوە دەبن لەسەرجەم شار و شارۆچکەکان.
٧. پابەندبوونی پزیشکانی پسپۆڕ و نیشتەجێی دێرین و خولاو و پەرستار و کارمەندانی تەندروستی بە دەوامی ئێشکگری.
٨. هاتنەژوورەوەی ڕاگەیاندن تەنها لە ڕێگای ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیەکان دەبێت.
٩. ئامادەباشی بۆ ئەمبولانس و دابینکردنی گاز و بەنزین بکرێت.
١٠. بەدواداچوونی بەردەوام بۆ پڕۆژەکانی خاوێنکردنەوە و دابینکردنی خۆراک بکرێت.
١١. هێلەکانی مۆبایلی بەرپرس و (مستلم)ی بەشەکان کراوە بێت وەڵام بدرێتەوە.
١٢. نەخۆشخانەکانی فریاکەوتن و نۆرینگە دەرەکیەکان کراوەبن و هەموو سەردان و زانیاریەکان تایبەت بە نەخۆش تۆماربکەن.
١٣. سەنتەرەکانی پێدانی چارەسەری کیمیاوی بۆ نەخۆشانی شێرپەنجە پێویستە بە شێوەی ئێشکگری کراوەبێت.
١٤. سەنتەرەکانی شوشتنی گورچیلە پێویستە بە شێوەی ئێشکگری کراوەبێت.
١٥. تیمەکانی فریاگوزاری و هێلی ( ١٢٢)بەردەوام دەبن لە ئەرک و کارەکانیان بە شێوەی (٢٤) کاتژمێری وە هۆبەی پزیشکی فریاکەوتن خشتەی دابینکردنی تیمەکانی دادەنێت بۆ شوێنەکانی پێویست.
١٦. پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی بۆ ئاوارەکان لە کەمپەکان بەردەوام دەبێت.
