وەزارەتى خوێندنى باڵاى هەرێم: بڕیاری قەدەغەکردنی زمانی کوردى هەڵبوەشێننەوە

17 كاتژمێر لەمەوپێش



وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی هەرێم، داوادەکات دەستبەجێ بڕیاری قەدەغەکردنی زمانی کوردى هەڵبوەشێنێتەوە و کار بکات بۆ ئەوەی زانکۆکان و دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا ببنە ناوەندی پێکەوەژیان و ڕێزگرتن لە کولتوور.

وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق وانەگوتنەوە، دانان و وەڵامدانەوەی پرسیاری تاقیکردنەوەکان لە زانکۆ و پەیمانگەکان بە زمانی کوردی قەدەخە دەکات و هەڕەشەی لێپرسینەوەی یاسایی دەکات. 

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئیدانەی بڕیاری وەزارەتی خوێندنی باڵای حکومەتی عێراقی فیدراڵ دەکات بۆ ڕێگرتن لە (خوێندن و دانانی پرسیار) بە زمانی کوردی لە زانکۆکانی (موسڵ و کەرکوک و دیالە).

ئەم بڕیارە لەگەڵ ئەوەی پێشێلکردنی ڕاستەوخۆی مادەی (4)ی دەستووری هەمیشەیی عێراقە، لە هەمان کاتدا پێچەوانەی بەها و بنەماکانی پێکەوەژیانە لە چوارچێوەی دەوڵەتی عیراقی فیدراڵ. بۆیە داواکارین لە وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق دەستبەجێ ئەو بڕیارە هەڵبوەشێنێتەوە و کار بکات بۆ ئەوەی زانکۆکان و دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا ببنە ناوەندی پێکەوەژیان و ڕێزگرتن لە کولتوور و زمان و فەرهەنگى هەموو گەلانی عێراق بەبێ جیاوازى.

بۆ ئەم مەبەستەش لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانى حکومەتى عێراق لەسەر هێڵ دەبین بۆ چارەسەرکردنى ئەم پرسەو ڕێگەگرتن لە دووبارەبوونەوەى ئەم جۆرە هەڵوێستە دوژمنکارانە.

لەلایەکى دیکەوە، ئەکادیمیای کوردیی سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیارەکە بە 'رەگەزپەرستانە' دەزانێت و دەڵێت، "بڕیاری ژمارە 6496ی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق کە لە 16ی تەممووزی 2025 دەرچووە و تێیدا زمانی کوردیی لە ناوەندەکانی خوێندنی باڵای ناوچە کوردییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستاندا قەدەخە کردووە، ریسوا دەکەین و بە بڕیارێکی رەگەزپەرستانەی دەزانین، داواکارین هەرچی زووترە ئەو بڕیارە نایاسایی و نادەستوورییە هەڵبوەشێندرێتەوە و وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق، داوای لێبووردن لە گەلی کورد بکات."

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار