وەزارەتی دارایی 120 ملیار دینارەکەی بۆ بەغدا نارد
کاتژمێرێک لەمەوپێش
وەزارەتى دارایی و ئابووریی هەرێمى کوردستان، ڕایگەیاند، ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی 5ـی شوباتى 2026، بڕى 120 ملیار دینارى وەک داهاتى نانەوتیی هەرێمى کوردستان بۆ مانگى کانوونى دووەمی ئەمساڵ ڕادەستى حکومەتى فیدراڵ کرا.
بەگوێرەى ڕاگەیێندراوە فەرمییەکەی وەزارەتى دارایی، ئەم بڕە پارەیە بەشێوەى "کاش" خراوەتە سەر هەژمارى بانکیى وەزارەتى دارایی حکومەتى فیدڕاڵ. پڕۆسەى گواستنەوە و تەمویلکردنى پارەکە لە لقی هەولێرى بانکی ناوەندیى عێراق ئەنجامدراوە.
دواى ئەوەى سەرلەبەیانى ئەمڕۆ، پارێزگاى سلێمانى داهاتى نانەوتى پارێزگاکەى کە 48 ملیار دینار بوو ڕەوانەى هەولێرى کرد، وەزارەتى دارایی هەرێمى کوردستان، پڕۆسەى تەواوکارى پارەکەى لە داهاتى نانەوتى هەریەک لە پارێزگاکانى هەولێر و دهۆک، کە 72 ملیار دینارە ئەنجامدا و ئێستا تەواوى پارەکە کە 120 ملیار دینارە، خرایە سەر هەژمارى دارایی وەزارەتى دارایی عێراق.
بۆ تەمویلکردنی مووچەی مانگی 1ـی 2026، پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕی 120 ملیار دینار وەک داهاتی ناوخۆ بنێرێت بۆ حکومەتی فیدراڵی لە بەغداد. لەو چوارچێوەیەدا، بڕی 48 ملیار دینار لەلایەن پارێزگای سلێمانییەوە دابینکراوە، بڕی 72 ملیار دیناری دیکەش لەلایەن پارێزگاکانی هەولێر و دهۆکەوە دابین دەکرێت تاوەکو کۆی بڕی پێویست بۆ خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەران تەواو بکرێت.
