سەرۆک بارزانی: لە رۆژاڤا خەریکبوو کارەساتێکی گەورە روویدەدا بەڵام رێگریمان لێکرد
2 كاتژمێر لەمەوپێش
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 5ـی شوباتی 2026، بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی و بە بەشداریی 800 پزیشک و پسپۆڕی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، 11ـەمین کۆنگرەی تەندروستیی میزۆپۆتامیا لە هەولێر دەستیپێکرد. لە کۆنگرەکەدا، سەرۆک بارزانی گوتارێکی پێشکەشی ئامادەبووان کرد.
بەشێک لە قسەکانی سەرۆک بارزانی:
- دەمەوێت بڵێم، دڵ و دەرگای هەولێر هەموو کاتێک بۆ ئێوەی پزیشکان و ئەم جۆرە چالاکییانە کراوەیە. ژمارەیەکی زۆری پزیشکان لە هەر چوار پارچەی کوردستانەوە ئەمڕۆ لێرەن، ئەمە جێی ئومێد و شانازییە. ئەم جۆرە چالاکییانە زۆر بەبەهان. ئاڵوگۆڕکردنی ئەو زانست و ئەزموونە، خزمەتێکی گەورە بە گەلەکەمان دەکات.
- ئەگەر دەرفەت بڕەخسێت بۆ تاکی کورد، تاکی کورد کەمتر نییە لە خەڵکی تر. پرۆفیسۆر و زانای زۆر گەورە هەڵکەوتوون و ئێمە شانازییان پێوە دەکەین.
- خەریک بوو کارەساتێکی گەورە لە رۆژئاوای کوردستان روو بدات. ترسی گەورەی من ئەوە بوو، ببێتە شەڕی کورد و عەرەب. بە درێژایی مێژوو، کورد دەستپێشخەریی هیچ شەڕێکی نەکردووە، بەڵکوو شەڕەکەی لە دژی زۆردار بووە، نەک لە دژی میللەت.
- ئەوەی پێمان کرا بۆ ڕۆژئاوای کوردستان کردمان و پێیەوە سەربەرزین.
- هەلومەرجی ئەمجارە جیاواز بوو لەگەڵ ساڵی 2014 کاتێک هێزی پێشمەرگەمان ناردە کۆبانێ، ئەمجارە پێویستی بەوە بوو ئاگرەکە بکوژێنینەوە. سوپاس بۆ خوا شەڕەکە نەبووە شەڕی کورد و عەرەب، شتی ناخۆش رووی داوە، بەڵام دەکرا شتی گەورەتر ڕوو بدات.
- ئەگەر ئێمە ئیرادەمان هەبێت و بڕوامان بە دۆزی میللەتەکەمان هەبێت، هەمیشە دۆستمان هەیە؛ بەڵام ئەگەر ئیرادەمان نەبێت و بڕوامان بە دۆزی گەلەکەمان نەبێت، کەس دۆستی ئێمە نییە.
- سوپاسی خەڵکی هەرێمی کوردستان و دەزگای خێرخوازیی بارزانی و هەموو ئەو ڕێکخراو و کەسایەتی و میدیایانە دەکەم کە کۆمەک و هاوکارییان بۆ خوشک و برایانمان لە رۆژئاوای کوردستان کۆکردەوە.
- من ئومێدەوارم ئەو یەکێتییەی لەسەر ئاستی نەتەوەیی بینیمان، ببێتە بنەمایەک بۆ هەموو ڕووداوێکی داهاتوو. ئێمە نابێت بیر لە شەڕ بکەینەوە، بەڵام لە هەمان کاتیشدا، زۆری زۆردارانیش قبووڵ ناکەین.
- سەبارەت بە پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا، لە یەکەم رۆژەوە ئێمە پشتیوانیمان لە پڕۆسەکە کردووە، ئومێدەوارین بگاتە ئەنجامێک کە خێری هەموو لایەکی تێدا بێت.
- هەوڵی چارەسەرکردنی گیروگرفتەکانی بەردەم پێکهێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەدەین. ئەوەی پێشمان بکرێت بۆ برادەرانمان لە بەغدا بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێ، ئامادەین پێشکەشی بکەین. بۆ ئەوەی زوو لەم قەیرانە دەربچین، هەم لە هەرێمی کوردستان و هەم لە عێراق؛ بەڵام گرفت زۆرن.
- دۆخی ناوچەکە ئاڵۆز بووە؛ هیوادارم وڵاتان بە دیالۆگ کێشەکانیان چارەسەر بکەن و شەڕ لە نێوان هیچ لایەکدا روو نەدات، چونکە شەڕ لە بەرژەوەندیی هیچ لایەکدا نییە و زیان بە هەمووان دەگەیەنێت.
