کەجەکە: لەسوتانى دارستانەکاندا تورکیا خەمساردە

24 كاتژمێر لەمەوپێش



کۆمیتەی ئیکۆلۆژی کەجەکە ڕایگەیاند، پێویستە بە تێکۆشانی هاوبەش بەها هاوبەشەکانمان، دارستانەکانمان و ئاو و خاکەکەمان بپارێزین.

هاوکات ئەوەش دەخاتەڕوو بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لەمساڵدا لە تورکیا و کورستان زیاتر لە سێ هەزار ئاگرکەوتنەوەی دارستان ڕوویداوە و تەنها لە مانگی حوزەیران و تەمووزدا لانیکەم ٦٥٠ سووتانی دارستانەکان کەوتووەتەوە.

کۆمیتەی ئیکۆلۆژی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە)، پەیوەست بە سووتاندنی دارستانەکانی ڕۆژهەڵاتی کورستان و تورکیا بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە.

دەقی بەیاننامەکەی کەجەکە بەم شێوەیەیە:

“کوژاندنەوەی ئەم ئاگرە بە تێکۆشانی هاوبەش دەبێت!

لە تورکیا و کوردستان هەر ڕۆژە و سووتانی دارستانێک و قڕکارییەکی نوێی ژینگەیی ڕوودەدات و لە ئەنجامدا باجێک دەدەین کە بە هیچ شێوەیەک ناتوانین قەرەبووی بکەینەوە. دوای ئەوەی لە ئەسکیشەهیر ١٠ کرێکار لە ئاگری دارستانەکەدا گیانیان لە دەستدا، بەداخەوە لە بورسایش قوربانی لێکەوتەوە. هەروەها پێش چەند ڕۆژێک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سووتانی دارستانەکاندا لە گیان لەدەستدانی لێکەوتەوە. ئەم لە دەستدانە مەزنانەی کە لە تورکیا و کوردستاندا کەوتەوە زۆر غەمگین و دڵگرانی کردین. پێش هەموو شتێک بە ڕێزدارییەوە یادی ئەم ڕۆڵانەی گەل دەکەینەوە کە لە پێناو پاراستنی ژینگەدا گیانی خۆیان کردە قەڵغانێک و گیانی خۆیان بەخشی.

سەرەخۆشی خۆمان لە بنەماڵەکانیان دەکەین لە تورکیا و کوردستان. هەروەها بۆ پاراستنی دارستانی بەهای هاوبەشی مرۆڤایەتی، بە فیداکارییەکی مەزن لە ڕیزی پێشی پێشەوەدا پێزانینی خۆمان لە ڕۆشتنی هاوڕێکانمان دەردەبڕین. ئەم ڕۆڵانەی گەل کە لە سووتانی دارستانەکاندا گیانیان لە دەستدا نیشاندەری بەپێزترین نموونەی وڵاتپارێزی و تێکۆشانی ئیکۆلۆژییە. ڕایدەگەیەنین لە هەموو بارودۆخێکدا بە مەزنکردنی تێکۆشانی ئیکۆلۆژی ئەو سرووشتە بپارێزین کە لە پێناویدا گیانمان بەخشیووە.

بێگومان ئەم دۆخە سەختەی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکاندا ئەوە دەردەخات کە ناتوانین وەک دەسەڵاتداران بانگەشەی ئەوە بکەین کە ئەمە بگەڕێنینەوە بۆ گەرمبوونی هەوا یان نەبوونی هۆشیاری. وەک زیانەکانی ئێستا، ئەو زیانانەی لە ساڵی ڕابردوودا لە ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکانی ئامەد و ماردیندا تووشی بوون، بە ڕوونی بەرپرسیارێتی دەوڵەت نیشان دەدەن. بۆیە وەک گەلەکەمان لە دوای ئەم ڕووداوانە لە ناڕەزایی خۆیدا دەریخست، کەسی سەرەکی بەرپرسیار لەم دەرئەنجامە سەختانە، حکومەتی ئاکەپەیە. هەرچەندە خەباتکار گیانی خۆیان بەخت کرد و چوون بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە، بەڵام کەرەستەی پێویستیان پێنەدرا بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە، هەلومەرجی کارکردنی سەلامەتیش ئامادە نەکرابوو. بەرپرسانی حکومەت خۆیان لە لێدوانەکانیاندا دانیان بەوەدا ناوە کە هیچیان لەبارەی ئاگرەکەوە نەکردووە و تەنها سەیری ئاگرەکەیان کردووە. هەموو ئەمانە بەرپرسیارێتی حکومەت لەم زیانانەدا ئاشکرا دەکات.

بۆ شەڕ پارە هەیە

بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لەمساڵدا لە تورکیا و کورستان زیاتر لە سێ هەزار ئاگرکەوتنەوەی دارستان ڕوویداوە و تەنها لە مانگی حوزەیران و تەمووزدا لانیکەم ٦٥٠ سووتانی دارستانەکان کەوتووەتەوە و لە ئەنجامدا بە دەیان هەزار هێکتار لە دارستان لە ناوچوون. وێڕای ئەوەی دەزانرێت ساڵ بە ساڵ گەرمی هەوا زیاتر دەبێت و ئەمەش دەبێتە هۆکارێک بۆ ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکان، بەڵام حکومەتی ئاکەپە هیچ ڕێوشوێنێکی بەرانبەر ئەم مەترسییە نەگرتووەتەبەر. هاوشێوەیی کارەستی بوومەلەرزە، لافاو و کارەساتەکانی دیکە، سووتاندنی دارستانەکانیش بێخەم جێهڵدراوە، دەوڵەت ئەرکی خۆی جێبەجێ ناکات و ئەم هەڵوێستە خەمساردییە بووە هۆکاری کەوتنەوەی کارەسات و لە دەستدانی نوێ.

دەوڵەت کە ساڵانێکە بە پاساوی ئاسایشی جەنگەوە ملیۆنان دۆلاری خەرجکردووە و خۆیی هەڵدەنێت بەوەی یەکێکە لە سوپا هەڵبژاردێراوەکانی ناتۆ، بۆ کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکان پارەی نییە، بێ چارە ماوەتەوە. دەسەڵاتداری ئاکەپە کە بۆ کڕینی فڕۆکەی نوێی جەنگی ئامادەکاری دەکات و خەرجی سەربازی زیاتر دەکات، لە بەرانبەر سووتانی دارستانەکان هیچ هەنگاوێکی نەناوە.

حکومەتی ئاکەپە، نەک هەر بێباکە لە سووتانی دارستانەکان، بەڵکوو بە سیاسەتەکانی دژ بە گەل و سروشت، ساڵانێکە هێرشی گەورە ئەنجام دەدات و ڕیکۆردی نوێ لە سیاسەتەکانی قڕکردنی ئیکۆلۆژیدا دەشکێنێت. لەوەتەی هاتۆتە سەر دەسەڵات، چاوپۆشی لە ئاو و دارستان و زەوی و زاری گەل دەکات بە یاسای دژ بە گەل و سروشت و بە سیاسەتی بەرفراوانی کرێخۆری ئەمانە دەسەپێنێت.

سەرەڕای دووبارەبوونەوەی ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکان، دارستانەکانی شارەکانی تورکیا پێشکەش بە کۆمپانیاکان دەکرێن. بەهەمان شێوە لە کوردستان، لە شرناخ، ساڵانێکە تاڵانکردنی دارستانەکان لەلایەن سەرباز و جەردەوانی گوندەکانەوە بەبێ پچڕان بەردەوامە و ئەمەش لە سەرتاسەری بۆتاندا بڵاودەبێتەوە. بە تایبەتی لەگەڵ یاسا نوێیەکانی سەردەمی دەسەڵاتداری حکومەتی ئاکەپەدا، گۆرەپانی دارستانەکان پێشکەش بە کۆمپانیاکانی کانگا و وزە دەکرێت. لە لایەکی ترەوە ناوچە دارستانە سووتاوەکان لە دۆخی دارستانەکان لادەبرێن و ڕێگە بە دروستکردنی بینای نوێ دەدرێت. هەموو ئەمانە پرسیار و نیگەرانییەکان لەسەر ئەم ئاگرکەوتنەوانە زیاتر دەکەن.

وێڕای فیداکاری پێویستە ڕێکخستنبوونیش پێشکەوێت

هەروەها ئەم ئاگرانەی کۆتاییە پێمان دەڵێت بەهیچ جۆرێک ناتوانین گیان و دارستانەکانمان بسپێرینە ئەم دەوڵەتە کە قڕکردنی ئیکۆلۆژی سەختتر دەکات و بۆ کرێخۆری، ڕووبار، خاک و دارستانەکانی گەل پێشکەشی کۆمپانیاکان دەکات. تا ئێستا ئەو ئاگرانە زیاتر بە فیداکاری و خەباتی ئەو خەڵکە کوژاوەتەوە کە لە پێناویدا گیانیان بەخشیوە نەک لە ڕێگەی خودی دەوڵەتەوە. دۆخی ئێستا ئەوە نیشان دەدات کە چاوەڕوانییەکان لە دەوڵەت، دەتوانن دەرئەنجامەکانی ئەگەری کارەسات خراپتری لێ بکەوێتەوە. بۆیە زۆر گرنگە، وەک هەموو ئەو کارەساتانەی کە ئەگەری ڕوودانی هەیە، ئەم قوربانیدان و پشتیوانییەی کە گەل لە بەرانبەر ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکاندا نیشانی دەدەن، ببێتە ڕێکخستن و بەدامەزراوەییکردنی هەمیشەیی و درێژخایەن.

ئەوەی سروشت و ژیان ڕزگار دەکات، ئەو دەوڵەتە نییە کە چاوی لە بەهاکانمان بڕیووە، بەڵکوو تێکۆشانی هاوبەشمانە. بەپێچەوانەی چاوەڕوانییەکان، دەبێت ئەم سیاسەتانەی کرێ و بێباکی دەوڵەت ئاشکرا بکرێن و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت. ئەم بەها هاوبەشانە کە لە مێژووەوە تا ئەمڕۆ گەیشتوونەتە دەستمان، تەنیا لە ڕێگەی هاوکاری و ڕێکخستنی فراوان و بەدامەزراوەییکردنەوە دەتوانرێت بپارێزرێن.

ئەو گەلانەی ئەم فیداکارییەیان نیشان داوە بە دڵنیاییەوە دەتوانن بە بەهێزترین شێوە ئەو خەباتە ئیکۆلۆژییەی کە بناغەی داهاتوومان پێکدەهێنن ئەنجام بدەن و وەڵام بۆ هەموو کێشەکان بدەنەوە.

تێکۆشانی هاوبەش مسۆگەری ئایندەیە

بێگومان ئەو زیان و لەدەستدانانەی تاوەکوو ئێستا لە سووتانی دارستانەکان و تێکۆشانی ئیکۆلۆژییدا داومانە، وێڕای بەرپرسیارێتیمان پێمان دەڵێت پێویستە چی هەنگاوێک بگرینەبەر. گرنگی پشتیوانی هاوبەش کە پێویستە لە هەموو لایەکی تورکیا و کوردستاندا بەهێزی بکەین، ئەو تێکۆشان، ڕێکخستنبوون و چالاکییە جۆربەجۆرانە نیشان دەدات کە دەبێت ئەنجامی بدەین. دەبێت پارێزگاری لە بەهای هاوبەش، دارستان و ئاو و خاکەکەمان بکەین. وەک پارێزەرانی ژینگە، ئیکۆلۆژیست، ڕۆشنبیر، گەنج، ژن، بە کورتییەکەی وەک هەموو گەلان کە لەسەر ئەم خاکە دەژین، لە بەرانبەر ئەم کۆمەڵکوژی و قڕکردنانەی کە ڕوودەدەن، دەبێت پەرە بە تێکۆشانمان بدەین و بەبێ ئەوەی ئەم میراتییە کەم و لەناوبەرین بگەینینە ئایندە و نەوێ نوێ، تێکۆشانی هاوبەش لە بەرانبەر مەترسییەکان مەزنترین مسۆگەرییە.”

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار