وەزیری وزەی سوریا: بۆری نەوتی كەركوك-بانیاس نۆژەن دەکەینەوە

12 كاتژمێر لەمەوپێش
محەمەد بەشیر، وەزیری وزەی سوریا، دەڵێت: بەنیازە لە ماوەیەکی نزیکدا سەردانی عێراق بکات، بۆ لێکۆڵینەوە لە سەرلەنوێ نۆژەنکردنەوەی ئەو بۆرییە نەوتیەی، کەرکوک بە بەندەری بانیاسەوە دەبەستێتەوە، لە هەنگاوێکدا بە ئامانجی پتەوکردنی هاوکاری وزەی نێوان هەردوو وڵات.
وەزبری وزەی سوریا "اخباریە" وڵاتەكەی راگەیاندووە: پێدانی کارەبا لە سەرتاسەری سوریا دەگاتە نێوان ٨ بۆ ١٠ کاتژمێر لە رۆژێکدا، ئەوەشی بە زیادبوونێکی بە بێ وێنە وەسف کردووە لە وڵاتەکەی لەماوەی چەندین ساڵی رابردوودا.
ئاماژەی بەوەشکردووە: سوریا لە ماوەیەکی پێوانەییداو بەتوانای ناوخۆیی، بۆری غازی بۆ تورکیا نۆژەنكردووەتەوە، هاوکات یارمەتییەکی لە بانکی نێودەوڵەتی وەرگرتووە، بۆ چاککردنەوەی تۆڕی کارەباو بەستنەوەی بە وڵاتانی دراوسێ.
لە مانگی نیسانی ساڵی ڕابردوو عێراق شاندێکی فەرمی باڵای ڕەوانەی سوریا کرد بۆ لێکۆڵینەوە لە توانا تەکنیکی و ئابوورییەکانی نۆژەنکردنەوە و کارپێکردنی بۆری کەرکوک- بانیاس کە یەکێکە لە کۆنترین ڕێگاکانی هەناردەکردنی نەوت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
تێچووی سەرەتایی مەزەندەکراو بۆ نۆژەنکردنەوەی بۆرییەکە کە لە ساڵی ٢٠٠٣ زیانی پێگەیشتووە و لەو کاتەوە پشتگوێ خراوە، لە نێوان ٣٠٠ بۆ ٦٠٠ ملیۆن دۆلاردایە.
بۆرییەکە لە ساڵانی ١٩٥٠ دامەزراوە و لە ساڵی ١٩٥٢ دەستی بە کارکردن کردووە، درێژییەکەی نزیکەی ٨٠٠ کیلۆمەترە و توانای پەمپکردنی تا ٣٠٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا هەیە.
بۆرییەکە لە کێڵگە نەوتییەکانی کەرکوکەوە لە باکوری عێراق تا بەندەری بانیاس لە کەنارەکانی سوریا، لەسەر دەریای ناوەڕاست درێژدەبێتەوە.
