بافڵ تاڵەبانی: لەم شەڕەدا کوردستان پێویستە ‘پردێک بێت نەک سەنگەرێک’
3 كاتژمێر لەمەوپێش
لە دیمانەیەکی تایبەتدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمریکی، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان تیشک دەخاتە سەر ناوەڕۆکی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ و بەرپرسانی تاران، هاوکات هەڵوێستی خۆی لەسەر جەنگی ئێران و ئەگەری گۆڕانکارییە سیاسییەکان ڕادەگەیەنێت.
بافڵ تاڵەبانی لەبارەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، گفتوگۆکە زۆر ئارام و سەرنجڕاکێش بووە. ترەمپ لە پەیوەندییەکەدا کورد وەک "جەنگاوەری مەزن" وەسف کردووە و سوپاسگوزاریی خۆی بۆ ئەو ساڵانە دەربڕیوە کە کورد لەگەڵ هێزە تایبەتەکانی ئەمریکا خزمەتیان کردووە. تاڵەبانی ئاماژەی بەوەش کرد، تێگەیشتنی بۆ قسەکانی ترەمپ ئەوە بووە کە پاراستنی خەڵک لە عێراقدا لە پێشینەی کارەکانیدایە.
سەرۆکی یەکێتی باسی لە پەیوەندییەکی دیکەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران کرد و ڕایگەیاند، بەرپرسانی تاران نائومێدییەکی زۆریان دەربڕیوە، چونکە پێیان وابووە گفتوگۆ دیپلۆماسییەکان بە باشی بەڕێوەدەچوون و بڕیار بوو گرووپێکی تەکنیکی کۆببنەوە. وەزیری دەرەوەی ئێران بە بافڵ جەلال تاڵەبانی گوتووە کە ئەمە جەنگێک نەبووە ئەوان ویستبێتیان، بەڵام ئێستا وەک جەنگی "مان و نەمان" سەیری دەکەن، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا کراوەن بۆ دانوستانی ئاشتییانە.
سەبارەت بە ئەگەری ڕووخانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، بافڵ جەلال تاڵەبانی پێی وایە لە ئێستادا گۆڕینی دەسەڵات ئەگەرێکی بەهێز نییە. ئاماژەی بەوە کرد کە تاوەکو ئێستا هیچ ڕاپەڕینێکی جەماوەری لە ناوخۆی ئێراندا نەبینراوە. هۆشداریشی دا کە حکومەتی ئێران 45 ساڵە پلان بۆ ئەم ڕۆژە دادەنێت، بۆیە پێشبینی بەرگرییەکی توند و ئۆپەراسیۆنێکی درێژخایەن و قورس دەکرێت.
بافڵ جەلال تاڵەبانی جەختی لەوە کردەوە کە بارودۆخی ئێران جیاوازە لە عێراقی ساڵی 2003، چونکە لەو کاتەدا ئۆپۆزیسیۆنێکی ناسراو و ڕێزلێگیراو لە نێو کورد و شیعەدا دژی سەدام هەبوو، بەڵام لە ئێستای ئێراندا هیچ "سیمبولێک" نییە کە خەڵک لە دەوری کۆببنەوە. هەروەها گومانی دەربڕی لەوەی ناردنی سەرباز بۆ سەر زەوی لە وڵاتێکی گەورەی وەک ئێران بژاردەیەکی دروست بێت.
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە بەشداریی کوردانی ئێران لە ئۆپەراسیۆنەکاندا لە خاکی عێراقەوە، بافڵ جەلال تاڵەبانی ڕایگەیاند، هیچ ئۆپەراسیۆنێکی چەکداریی سنووربڕ لە خاکی هەرێمی کوردستانەوە ڕوونادات. ڕاشیگەیاند، جووڵەیەکی لەو شێوەیە زیانبەخشە، چونکە ڕەنگە ناسیۆنالیزمی ئێرانییەکان بوروژێنێت و خەڵک دژی بزووتنەوە جوداخوازییەکان یەکبخات، هاوکات تورکیاش تووشی نیگەرانیی جدی دەکات.
سەرۆکی یەکێتی ئاماژەی بەوە کرد، ئامانجی سەرەتایی ئەمریکا تێکشکاندنی توانای مووشەکیی بالیستی و دڵنیابوونەوەیە لەوەی ئێران هەرگیز چەکی ئەتۆمی بەدەستناهێنێت. بەڵام ئیسرائیلییەکان بە ڕوونی زیاتر خوازیاری گۆڕینی حکومەتن و دەیانەوێت سەرکردەیەکی جیاواز بێتە سەر کار کە ئەمریکا و ئیسرائیل بتوانن کاری لەگەڵ بکەن.
لە کۆتایی دیمانەکەدا، بافڵ جەلال تاڵەبانی ڕایگەیاند کە کوردستان پێویستە ببێتە "پردێک نەک گۆڕەپانی جەنگ". ئاماژەی بەوە کرد کە کورد پێگەیەکی ناوازەی هەیە بۆ گێڕانی ڕۆڵی نێوەندگیری وەک ئەوەی ڕەوانشاد جەلال تاڵەبانی دەیگێڕا. هەروەها گەورەترین نیگەرانیی خۆی بۆ "قەیرانی مرۆیی" دەربڕی و داوای کرد کێشەکان بەبێ خوێنڕشتن و لە ڕێگەی دیالۆگەوە چارەسەر بکرێن، چونکە تەنیا ئاشتیی بەردەوام سەقامگیری بۆ ناوچەکە دەهێنێت.
