بەرهەمهێنانى نەوت گەیشتە 232 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێكدا

13 كاتژمێر لەمەوپێش
بەیانی ئەمڕۆ، كۆمپانیای گەلف كیستۆن، دەستپێكردنەوەی بەرهەمهێنانی لە كێڵگەی نەوتی شیخان راگەیاند، لە چەند رۆژی رابردووشدا كۆمپانیای شاماران دەستپێكردنەوەی كاركردنی لە هەردووە كێڵگەی ئەتروش و سەرسەنگ راگەیاند، كە هەندێك لەو كێڵگانە بەهۆی هێرشانە درۆنییەكانی ئەم دواییەوە زیانیان بەركەوتبوو، یان وەك رێكارێكی خۆپارێزی كاردنیان لە زۆرێك لە كێڵگە نەوتیەكان راگرت، بەوەش ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی كوردستان بۆ نزیكەی (80) هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا دابەزی، بەڵام دوای دوای چەند رۆژێك لە كەوتنەكاری كۆمپانیا نەوتیەكان، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی كوردستان (200) بەرمیلی رۆژانەی تێپەڕاند.
عەلی حەمەساڵح، بڕیاردەری رەوتی هەڵوێست دەڵێت: بەرهەمی نەوت هەرێم لە ئێستادا گەیشتووەتە (٢٢٣) هەزار بەرمیلێك لە رۆژێكداو لە ناوخۆ دەفرۆشرێت، هیچ ئامادەكارییەك بۆ رادەستکردنی بەعێراق نەکراوە، پێشتریش حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆبونەوەی ئاسایی خۆیدا بڕیاردا (١٢٠) ملیاری داهاتی ناوخۆ بۆ بەغداد رەوانە نەكات، تا بەغداد موچەی مانگی حوزەیرانی موچەخۆرانی هەرێم رەوانە نەكات.
عەلی حەمەساڵح دەشڵێت: ئەم بەیانیە تەنێک نەوتی خاوی شێخان بە ٢٣٠ دۆلارو خورمەڵە بە ٢٦٠ دۆلار تاوكێ ٢٧٠ دۆلار فرۆشراوە.
رادەستكردنی بڕی (230) هەزار بەرمیل نەوت و (120) ملیار دیناری مانگانەی داهاتی نا نەوتی، دوو خاڵی سەرەكی رێككەوتنەكەی ئەم دواییەی حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستانە، لە بەرامبەر رەوانەكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم.
شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە دواین لێدوانیدا، ئاماژەی بەوەكرد: رێككەوتن لەسەر دۆسییەی نەوت كراوەو پرسی داهاتە ناوخۆییەكانیش هەنگاوی گەورەی بڕیوە، بەڵام بە گوێرەی دواین زانیارییەكان، هەرێم تائێستا هیچ بڕە نەوتێكی رادەستی كۆمپانیای سۆمۆ نەكردووە، ئەوە لە كاتێكدایە، وەزارەتی نەوتی عێراق و سۆمۆ ئامادەییان دەربڕيووە بۆ وەرگرتنی هەر بڕە نەوتێك كە لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە رادەستبكرێت.
حكومەتی عێراقی لە چەندین بۆنەی جیاوازدا جەختیكردووەتەوە، هەرێم نەوت و داهاتە ناوتیەكان رادەست نەكات، ناتوانن موچەی فەرمانبەران رەوانە بكەن.
