ماڵپەرێکى عێراقى: یەك شەممە بڕیار لە ناردنی موچەی هەرێم دەدرێت

5 كاتژمێر لەمەوپێش



ماڵپەڕی "بەغداد ئەلیەوم" لە زاری سەرچاوەیەکی حکومەتی عێراقەوە بڵاویكردووەتەوە: ئەنجومەنی وەزیران لە دانیشتنی یەک شەممەی داهاتوو، بڕیاری خەرجکردنی موچەی فەرمانبەران بۆ مانگی حوزەیران دەدات، دوای ئەوەی هەرێم بڕی  (120) ملیار دینار لە داهاتە ناوخۆییەکانی رەوانەی بەغداد دەكات. 

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشكردووە: دوای رێککەوتنی تەواوەتی لە نێوان وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی نەوتی عێراق و واژۆکردنی رێککەوتنەکە، نەوتەكە بووەتە پشکی کۆمپانیای سۆمۆ، وادەی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن دەمێنێتەوە كە لە ئەستۆی بەغدادو ئاستی خێرایی گەیشتنێتی بە رێککەوتن لەگەڵ لایەنی تورکی.

وتوشیەتی: وەزارەتی دارایی هەرێم بڕی (120)ملیار دینار لە داهاتە ناوخۆییەکان دەگوازێتەوە بۆ بەغداد، دوای ئەوە ئەنجومەنی وەزیران لە دانیشتنی رۆژی یەکشەممەدا بڕیار دەدات راستەوخۆ موچەی فەرمانبەران بۆ مانگی حوزەیران خەرج بکات.

ئەمەش لەکاتێکدایە ئێوارەى ئەمڕۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ڕایدەگەیەنێت لەگەڵ عێراق لەسەر میکانیزمی هەناردەکردنەوەی نەوت رێککەوتین،  کۆنووسی رێککەوتنەکە لەلایەن 23 کەسایەتیی شاندی هەردوولا واژۆ کراوە.

چوارشەممە 13ـی ئابی 2025، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیەنراوێکدا، ئاماژە بەوە دا، لەسەر میکانیزمی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم، لەگەڵ وەزارەتی نەوتی حکوومەتی عێراق ڕێککەوتین، ڕێککەوتنەکەش لە لایەن 23 کەسایەتی شاندی هەردوولا واژۆ کراوە، کە 17ـیان ئەندامی شاندی وەزارەتی نەوتی عێراق بوون.

وەزارەتەکە باسی لەوە کرد، کۆبوونەوەکان لە 17ـی مانگی ڕابردووەوە دەستیان پێکرد و لەم ماوەیە سەردانی تەواوی کێڵگەکانی نەوتی هەرێم کراوە و دوای هەڵسەنگاندنی کێشەکانی هونەری گفتوگۆیەکی زۆر، لە 11ـی ئەم مانگە ڕێککەوتن لەسەر میکانیزمی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم کراوە، کە بە گوێرەی بەرهەمی ڕۆژانەی کێڵگە نەوتییەکان دەبێت.

وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان، دەڵێت: 50 هەزار بەرمیل نەوت بۆ پێویستی ناوخۆی هەرێم گلدەدرێتەوە، بەرهەمەکەی دیکە بۆ هەناردەکردن ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ دەکرێت.

لە کۆتایی ڕاگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، ماوەتەوە حکوومەتی فیدراڵ لەگەڵ حکوومەتی تورکیا قسە بکات و پرۆسەکە جێبەجێ بکرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار