تورکیا.. کۆمیسیۆن لەگەڵ دایکانی ئاشتی و دایکانی شەممە کۆدەبێتەوە

3 كاتژمێر لەمەوپێش



هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد و کۆتاییهێنان بە دەیان ساڵ لە پێکدادانی  چەکداری، چوونەتە قۆناغێکی نوێوە. 

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، کۆمیسیۆنی "دیموکراسی، برایەتی و یەکڕیزی نیشتمانی" کە لە نوێنەرانی پارتە سیاسییەکانی ناو پەرلەمان پێکدێت، چەندان کۆبوونەوەی گرنگی ئەنجام داوە. دوێنێ سێشەممە، 19ـی ئابی 2025، میوانداریی ماهینوور گۆکتاش، وەزیری کاروباری خێزان و خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان و نوێنەرانی کۆمەڵەی کەسوکاری شەهیدان و قوربانییانی سەربازی و پۆلیسی کرد.

نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، لە گوتاری دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا جەختیکردەوە، ئەم قۆناغە "مێژووییە" و نابێت وەک دانوستان یان سازش سەیر بکرێت. کورتوڵموش ئاماژەی بەوەدا، ئەم هەنگاوە نوێیە دەرفەتێکە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە چوارچێوەی یاسادا و دوور لە توندوتیژی.

لەلایەن خۆیەوە، ماهینوور گۆکتاش ڕایگەیاند "دیموکراسی بەبێ برایەتی و لەسەر بنەمایەکی پتەو دانامەزرێت."

عومەر فاروق گەرگەرلیئۆغڵو، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە کۆجائێلی، پێیوایە کە پرسی کورد دەبێت لەسەر بنەمای مافە یەکسانەکان چارەسەر بکرێت و گوێگرتن لە داواکارییەکانی "دایکانی ئاشتی" زۆر گرنگە. گەرگەرلیئۆغڵو لە لێدوانێکدا ڕاگەیاند: "لەم خاکەدا ئازار و مەینەتی زۆر بینراوە. کاتی ئەوە هاتووە کە هەردوولا، تورک و کورد، لە یەکتری تێبگەن و هەنگاو بۆ ئایندەیەکی هاوبەش بنێن. تەنها کورد نامرێت، تورکیش دەمرێت، چ گەریلا بێت یان سەرباز. بۆیە گوێگرتن لە دایکان زۆر گرنگە."

هەروەها، ئیدریس شاهین، پەرلەمانتاری پارتی 'دەڤا' لە ئەنقەرە، ئاماژەی بەوەدا، نابێت ئەم هەوڵانە ببنە هۆی ڕکابەری و پێویستە گوێ لە هەموو لایەنەکان بگیرێت. شاهین باسی لە لێدوانەکانی عەلی باباجان، سەرۆکی پارتەکەی کرد سەبارەت بە ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان و گوتی: "گوێگرتن لە ئۆجەلان بۆ پرسی ڕێکخستنەوەی ڕێکخراوەکە گرنگە، بەڵام داواکارییەکانی هاووڵاتیان و دیداری سەرکردەکانی ڕێکخراوەکە دەبێت جیا بکرێنەوە."

کۆبوونەوەکانی کۆمیسیۆن بەردەوام دەبن و بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە، 20ـی ئابی 2025، میوانداری "دایکانی ئاشتی" و "دایکانی شەممە" بکرێت. هەروەها نوێنەرانی کۆمەڵەکانی مافی مرۆڤیش بانگهێشت دەکرێن. 

دوای گوێگرتن لە هەموو لایەنەکان، کۆمیسیۆن ڕاپۆرتێک ئامادە دەکات و پێشکەشی پەرلەمانی دەکات بە مەبەستی داڕشتنی نەخشەڕێگایەکی یاسایی بۆ پرۆسەی ئاشتی.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار