یەکەم دانپێدانانى “جەلادەکەى نوگرەسەلمان” بڵاوکرایەوە

4 كاتژمێر لەمەوپێش
یەکەم دانپێدانانى عەجاج، ئەو تۆمەتبارەی بە جەلادەکەى نوگرەسەلمان ناسراوە، بڵاوکرایەوە.
عەجاج ئەحمەد حەردان وتوویەتی: برسیکردنمان وەک چەکێک بەکارهێناوە، کە کاریگەرییەکەی زۆر لە بۆردومانی سەربازی زیاتر بوو، سێ یەکی ئەو کەسانەی دەستگیرکرابوون لە ماوەی 10 مانگدا گیانیان لەدەستداوە.
عەبدولکەریم عەبد فازڵ، سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتیمانی عێراق رایگەیاندووە: پرۆسەی دەستگیرکردنی عەجاج دوای لێکۆڵینەوەی فراوان و دانپێدانانی ژمارەیەک ئەفسەری پێشوو بووە، عەجاج دەستی درێژی رژێمی بەعس بووە لە جێبەجێکردنی چەندین تاوانی راگواستنی زۆرەملێ و دەستگیرکردن و کۆمەڵکوژی.
عەجاج باسى لە ئەشکەنجەدانى زیندانیان کردووە و دانی بەوەدا ناوە لە ماوەی 10 مانگدا نزیکەی دوو هەزار زیندانیی کوردی لەژێر ئەشکەنجەدا کوشتووە.
رۆژنامەى سەباحى نیمچە فەرمیی عێراق چاوپێکەوتنی لەگەڵ ئەم تۆمەتبارە ئەنجامداوە و گوتویەتی، کاتێک لە ساڵى 1989 بووەتە بەڕێوەبەرى زیندانیی نوگرەسەلمان، 400 دەستگیرکراوى عەرەبی لێ بووە، لەبری ئەو زیندانییە عەرەبانە، نزیکەى سێ هەزار کوردى هەولێر و سلێمانى، بۆ نوگرە سەلمان گوازراونەتەوە.
پێش وەرگرتنی ئەم پۆستەش، عەجاج لە ئیدارەی ئەمنی هەولێر و چەند ناوچەیەکی دیکەی عێراق کاری کردووە.
عەجاج دانی بەوەدا ناوە لە نوگرەسەلمان سیاسەتى، دەستدرێژی، برسێتى و ئەشکەنجەی دەروونى و جەستەییان بەکارهێناوە، وەکو چەکێک بۆ کۆمەڵکوژکردنیان، بەجۆرێک ئازاری زیندانیانیان داوە، لە ماوەى 10 مانگدا دوو لەسەر سێ، واتە دوو هەزار زیندانی گیانیان لەدەستداوە.
عەجاج ئەحمەد حەردان عوبێدى، لە پارێزگاى سەڵاحەدین لەدایکبووە، لە دواى رووخانى رژێمى بەعسەوە لەلایەن خێزانەکەیەوە و لەژێر ناوى جیاوازدا شاردراوەتەوە.
ئەم تۆمەتبارە سەرەتاى ئەم مانگە لەلایەن دەزگاى ئاسایشى نیشتمانى عێراقەوە دەستگیرکرا، دەسەڵاتى دادوەریی عێراقیش سەرقاڵى کۆکردنەوەى شایەتحاڵ و سکاڵاکارانى تاوانەکانى عەجاجن، لە هەرێمى کوردستانیش سێ شوێن بۆ وەرگرتنى سکاڵا لەسەر تاوانەکانی ئامادەکران.
