نووسراوی خەرجکردنی موچە درایە وەزارەتى دارایی

3 كاتژمێر لەمەوپێش



سەرچاوەیەک لە حکومەتی عێراق ڕاگەیاند، نوسراوی فەرمیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بۆ خەرجکردنی مووچەی مانگی 6ـی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان رادەستی وەزارەتی دارایی عێراق کرا.

بەرپرسێکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رۆژی چوارشەممە، ئەوەى ئاشکراکرد حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئاستی باڵا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق لەسەر هێڵە، بۆ ئەوەی تاوەکو سبەی نووسراوی فەرمیی خەرجکردنی مووچەی مانگی حوزەیران بگاتە وەزارەتی دارایی عێراق و سبەی پارەکە خەرج بکرێت، دوای ئەوە هەرێم[ـی کوردستان] راستەوخۆ 120 ملیار دینار لە داهاتی ناوخۆ بۆ بەغدا دەنێرێت.

سەرچاوەکەی حکومەتی عێراق ئەمڕۆ ڕاگەیاند، ناردنی مووچە لەسەر رەزامەندیی وەزیری دارایی عێراق و جێبەجێکردنی بریارەکە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان وەستاوە. 

بەگوێرەی دوایین رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، دەبێت هەولێر 120 ملیار دینار لە داهاتی ناوخۆ و 230 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە رادەستی بەغدا بکات.

ئەم بڕیارەی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵ لە کاتێکدایە، دوێنێ چوارشەممە، 20ـی ئابی 2025، شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، لەگەڵ تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق کۆبووەوە و ڕادەستکردنی داهاتی نانەوتییان تاوتوێ کرد. 

ئەندامێکی شاندەکەی هەرێم ڕاگەیاندبوو بەرەوپێشچوونی باش لەکۆبوونەوەکان هەبووە و دەمانەوێت لە ماوەی هەفتەیەکدا لەسەر پرسی داهاتی نانەوتی بگەینە ڕێککەوتن."

بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەبارەی خەرجکردنی مووچە

دوێنێ سێشەممە، 19ـی ئابی 2025، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆبووەوە و دواتر لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند،  ئەنجوومەنەکە بڕیاری داوە بە شێوەیەکی بنەڕەتی رەزامەندی لەسەر نوێکردنەوەی کارکردن بە بڕیاری ژمارە (550)ی ساڵی 2025 بدات، بۆ دابینکردنی پارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی حوزەیران، دوای رەچاوکردنی ئەم خاڵانەی خوارەوە:

1. ئەو لیژنانەی بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی ڕادەستکردنی داهاتی نانەوتی و هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان پێکهێنراون، کارەکانیان تەواو بکەن، بە مەرجێک هەریەکەیان کۆنووسێکی واژۆکراو لە ماوەی هەفتەیەکدا، پێشکێشی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بکەن.

2. ئەو تیمەی بەپێی بڕگەی دووەم پێکهێنراوە، لە ماوەی هەفتەیەکدا کارەکانی تەواو بکات، بە ژماردنی پشکی گەنجینەی گشتیی فیدراڵی لە داهاتە نانەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بەگوێرەی یاسا. هەروەها حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەو پشکە بدات لەبری ئەو بڕە پارەیەی کە لە بڕگەی (دووەم/1)ـی بڕیارەکەدا ئاماژەی پێکراوە، بە مەرجێک میکانیزمی ژماردنەکە لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵی و دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵییەوە پەسند کرابێت.

3. حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کۆمپانیاکانی نەوت کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن، پابەند بکات بە رادەستکردنی ئەو نەوتەی بەرهەم دێت، بەگوێرەی بڕگەکانی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی و بڕیاری ژمارە (550)ـی ساڵی 2025ـی ئەنجوومەنی وەزیران.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار