هەسەدە: لەئۆپراسیۆنەکەی حەسەکەدا 51 چەکدارى داعش دەستگیرکران

دوێنێ
هێزەکانی سووریای دیموکرات "هەسەدە" کۆتاییهاتنی ئۆپراسیۆنێکی ئەمنییان لە حەسەکە راگەیاند و 51 داواکراوی سەر بە داعشیان دەستگیرکردووە.
لە راگەیەندراوێکدا، هێزەکانی سووریای دیموکرات رایگەیاند، زیاتر لە سێ هەزار شەڕڤانی ژن و پیاو بەشدارییان لە ئۆپراسیۆنەکەدا کردووە، کە لەژێر ناوی "ئاسایشی هەمیشەیی گەلاندا" بەڕێوەچوو و نزیکەی 14 کاتژمێری خایاند.
ئەوەشیان خستووەتەڕوو، هێزەکانیان سەرکەوتوو بوون لە گەیشتن بە هەموو ئامانجەکانی ئۆپراسیۆنەکە، بە دەستگیرکردنی 51 داواکراوی سەر بە داعش، کە بەشداربوون لە هێرشکردنە سەر هاوڵاتییانی سڤیل و ناوەندە ئەمنی و خزمەتگوزارییەکان.
دەشڵێت، توانیویانە چەند تۆڕێکی مەترسیدار هەڵوەشێننەوە، کە پلانیان هەبووە هێرش بکەنە سەر زیندانی سناعە و کامپی هۆل و توانیویانە دەست بەسەر کۆگای چەک و تەقەمەنی و پاڵپشتیی لۆجستی شانەکانی سەر بە داعشدا بگرن.
ئاماژەیان بەوەشکردووە، ئۆپراسیۆنەکە بە مەبەستی رێگریکردن بووە لە هێرشی پێشوەختەی داعش، هاوکات بۆ رێگریکردن بووە لە خۆڕێکخستنەوەی ئەو رێکخراوە، کە هاوکات بووە لەگەڵ جموجۆڵە چڕەکانی داعش لە سەرانسەری سووریا و هەوڵە ئاژاوەگێڕییەکانیان بۆ قۆستنەوەی بۆشایی ئەمنی لە بیابانەکان و ناوخۆی سووریا.
