هەسەدە پێشنیازى ئەنجومەنێکی سەربازی لەگەڵ حکومەتی سوریا دەكات

9 كاتژمێر لەمەوپێش
رۆژنامەی "الشرق الاوسط": سیپان حەمۆ، فەرماندە هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، پێشنیازی پێکهێنانی ئەنجومەنێکی سەربازی هاوبەشی لەگەڵ حکومەتی راگوزەر سوریا دەكات وەك هەنگاوی یەکەم بۆ بونیادنانەوەی سوپایەکی نیشتمانی نوێ، کە هەموو سورییەکان لە باوەش بگرێت و لەسەر بنەمای پڕۆژەیەکی گشتگیری دیموکراسی.
حەمۆ رایگەیاندووە: تێكەڵاوبون لە سوپای سوریادا ناكرێت بە شێوەیەکی نەریتی یان ناوەندگەرایی ئەنجام بدرێت، بەڵکو دەبێت لە رێگەی پرۆسەیەکەوە بێت کە لەسەر بنەمای دیموکراسی و نا ناوەندی و ئازادی ژنان بێت.
ئاماژەی بەوەشداوە، هێزەکانی سوریای دیموكرات چوونە ناو سەپای سوریا رەتناكاتەوە، بەڵكو دەیەوێت لەسەر بنەمایەكی سیاسی و روون بێت و زامنی مافی تەواوی سورییەكان بكات.
ئەو سەرکردە سەربازییە باسی لەوەشكردووە: هەسەدە خاوەنی ئەزمونێكی گەورەی سەربازی و سیاسیە كە لە ماوەی ساڵانی شەڕی داعشدا بەدەستهێناوە، ئەوەش وایکردووە ببێتە یاریزانێکی سەرەکی کە دەتوانرێت پشتی پێ ببەسترێت لە بونیادنانەوەی سوپای نیشتمانی، وتوشەیەتی: ئەو هێزانە توانای خۆیان لە بەڕێوەبردنی شەڕە ستراتیژییەکان و پاراستنی ناوچەیەكی بەرفراوانی سوریا سەلماندووە.
