کاروان یاروەیس: وەزیری دارایی وتویەتى موچە بە گۆترە نانێرم

17 كاتژمێر لەمەوپێش



کاروان یاروەیس، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی لە لێدوانێکدا رایگەیاند، تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق لە کۆتا کۆبوونەوەدا بە راشکاوی وتوویەتی "من مووچە بە گۆترە نانێرم، هەموو شتێک بە نوسراوی ئەنجوومەنی وەزیران دەوێت،چونکە نامەوێت لە داهاتوودا توشی بەرپرسیارێتی یاسایی ببمەوە".

ئاماژەی بەوەکردووە، "مووچەی مانگی 10 و 11 و 12 دەکەوێتە دوای هەڵبژاردن، کە ئەگەری هەیە مووچەی ئەو سێ مانگە بکەوێتە مەترسییەوە و رەنگە بکەوێتە ساڵی داهاتوو، عێراق خۆی کێشەی دارایی هەیە و ناتوانێت لە ماوەی چوار مانگدا مووچەی شەش مانگ بنێرێت"

سەبارەت بە مووچەی مانگی حەوت کاروان یاروەیس دەڵێت "ئەگەر رێککەوتن نەکرێت مووچەی مانگی حەوتیش  نایەت، سودانی وتوویەتی مووچەی مانگی شەش ئاخر مووچەیە، بەبێ رێککەوتنیش یەک مووچەی تر نانێرم ئەگەر رێکنەکەوتین ئەوا دەدرێتە دادگای فیدراڵی و ئەو یەکلایی دەکاتەوە".

لەلایەکى دیکەوە، ئەمڕۆ پێنج شەممە کۆبوونەوەی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندی وەزارەتی دارایی فیدراڵ بەڕێوەچوو کۆبوونەوەکە لە میوانخانەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بووەو گفتوگۆ لەسەر بابەتی داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان کراوە، بەڵام تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق لە کۆبوونەوەکەدا بەشدار نەبووە.

شاندەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هەر یەک لە ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامانج ڕەحیم سکرتیری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، کۆڤان تەحسین، بەڕێوەبەری گشتیی ژمێرکاری و سێ بەڕێوەبەری گشتیی دیکەی وەزارەتی دارایی هەرێم پێکهاتبوون.

ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە، تیمی تەکنیکی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی داهاتی نانەوتی و مووچەی مانگی حەوتی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان چوونەوە بەغدا.

ئەمە لەکاتێکدایە ڕۆژی دووشەممە، 1ـی ئەیلوولی 2025، مووچەی مانگی حوزەیران 'شەش'ـی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە ڕەوانەی سەر هەژماری وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان کرا، هاوکات لە هەمان ڕۆژدا، لیستی مووچە لەلایەن وەزارەتی دارایی بڵاوکرایەوە و مووچەی مووچەخۆران لە ڕێگەی هەژماری منەوە دابەشکرا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار