تورکیا هۆشداری دەداتە هێزەکانی هەسەدە

16 كاتژمێر لەمەوپێش
وەزارەتی بەرگری تورکیا ڕۆژی پێنجشەممە هۆشدارییەکى دایە هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)و داوای لێکردوون بچنە ناو سوپای نوێى سوریا و دەستبەرداری هەر ڕەفتارێک بن کە هەڕەشە لە یەکڕیزی وڵاتەکە بکات.
لەبەشێکى بەیاننامەکەى وەزارەتى بەرگرى توركیا ئەوەخراوەتەڕوو بەردەوام دەبین لە چاودێری ئاستی پابەندبوونی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) بە بەڵێنەكانییەوە، لەكاتی پێویستدا هەموو شێوەیەكی پاڵپشتی پێشكەشی سوریا دەكەین، لەپێناو ئاسایش و سەقامگیریی ئەو وڵاتەدا.
هەروەها دەشلێن: پێویستە (هەسەدە) تێكەڵ بە سوپای سوریا ببێت و دەست لە هەر كارو كردەوەیەك هەڵگرێت كە یەكێتیی سوریا تێكبدات، پابەندنەبوونی (هەسەدە) بە چەكدانان و تێكەڵبوونی بە دەوڵەتی سوریا، هەڕەشەیە بۆسەر یەكێتیی سوریاو ئاسایشی نەتەوەیی توركیا.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا ئاشکرای کرد، سوپای تورکیا لە ئۆپەراسیۆنەکانیدا لە تل ڕەفەعت و منبج لە باکووری سووریا، 580 کیلۆمەتر تۆنێلی هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە)ـی وێران کردووە کە بۆ چالاکیی خۆیان بەکاریان هێناوە.
لە 10ی ئازارى ئەمساڵدا، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریا و مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) ڕێککەوتنێکیان واژۆکرد بۆ یەکخستنی دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا بۆ ئیدارەی دەوڵەت، لەوانە دەروازە سنوورییەکان و فڕۆکەخانە و کێڵگە نەوتی و گازییەکان. ڕێککەوتنەکە یەکپارچەیی خاکی وڵاتەکەی دووپات کردەوە و دابەشکردنی ڕەتکردەوە.

