ساڵح موسلیم: ئەحمەد شەرع سەری لێ شێواوە

11 كاتژمێر لەمەوپێش
ساڵح موسلیم، ئەندامی سەرۆکایەتی پارتی یەکێتی دیموکرات (پەیەدە) ڕایدەگەیەنێت هێشتا نازانین ئەحمەد شەرع ئامادەیە چی ببەخشێتە کورد، ئەو هێشتا سەری لێ شێواوە نازانێت چی بکات، لە لایەک فەرمان لە تورکیا وەردەگرێت، لە لایەکی ترەوە ئەوەی گەلی سوریا لێی دەوێت هێواش هێواش دێتە دی.
لەچاوپێکەوتنێکى تەلەفزیۆنیدا ساڵح موسلیم، باس لەچەند پرسێکى جیاواز دەکات، لەبەشێکیدا دەڵێت: سەرۆکى حکومەتى سوریا ئەگەر ڕاست بێت لەگەڵ قسەکانیدا، کاتێک هاتە سەر دەسەڵات، خۆی وتی کە دەیەوێت سوریا یەک بێت، هەموو سوریاییەکان پێکەوە بن، بەڵام ئەو پرسی دیموکراسی نەهێنایە ئاراوە.
سەبارەت بەوەى تێڕوانینی لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان وەک یەکن، ئەندامی سەرۆکایەتی پارتی یەکێتی دیموکرات جەختى کردەوە بەڵێ وەک یەکن، وتیشى: بەکورتی ئێمە سەر بەم وڵاتەین، سەر بە سوریاین، پڕۆژەکەمان سوریا دابەش ناکات، دەمانەوێت چارەسەرەکە لە چوارچێوەی سوریادا بێت.
ناوبراو ئاماژە بۆ ئەوەشدەکات، ئێمەی کورد هاوبەشین لەم وڵاتەدا، جا لە ئیدارەی خۆسەر بێت یان بە شێوەیەکی تر، ئێمە هاوبەشین لەم وڵاتە، نابێت هیچ شتێک بەبێ ئێمە بکرێت.
وتیشى: کەواتە، ئێوە هەڵبژاردن بکەن، ئێمەش تێیداین، ئێوە دەستورێک دادەنێن، حکومەت پێکدەهێنن، ئێمەش تێیداین و لە هەموو شتێکدا هاوبەشین لەم وڵاتەدا. ئێمە ئەمەمان دەوێت، بۆ ئەوەی بتوانین باس لەوە بکەین کە فۆڕمی ئەو هاوبەشییە چۆن دەبێت. ئێمە پێی دەڵێین ئۆتۆنۆمی دیموکراتیک. ئۆتۆنۆمی دیموکراتیک لە شتی بچووکەوە دەست پێدەکات و دەگاتە فیدرالیزم.
لەبەشێکى دیکەى چاوپێکەوتنەکەیدا باس لەپەیوەندى نێوان ئەمریکاو ڕۆژئاواى کوردستان دەکات، ساڵح موسلیم وتى: لە ساڵی ٢٠١٥ەوە پەیوەندیمان لەگەڵ ئەمریکا هەیە، فەڕەنساش لە سەردەمی هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە لەگەڵماندایە. بەڵام فەرەنسا لە ئێمە نزیکترە.

