بۆ چارەسەری كێشەی هەسەدە و دیمەشق ئەمریكا پێشنیارى نوێى هەیە

5 كاتژمێر لەمەوپێش



ئەمریكا پێشنیازێكی نوێی بۆ چارەسەریی كێشەكانی نێوان هەسەدە و حكومەتی نوێی سووریا لە دیمەشق گەڵاڵە كردووە؛ بەشێك لە هێزە كوردییەكان تێكەڵ بە سوپای سووریا بكرێن و بەشێكی دیكەش لەژێر فەرماندەیی ڕاستەوخۆی مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی هەسەدە بمێننەوە.

بەپێی ڕاپۆرتێكی ڕۆژنامەی زە نەشناڵ، واشنتن هەوڵە دیپلۆماسییەكانی بۆ ڕێگریكردن لە هەڵكشانی گرژییەكان لە سووریا چڕكردووەتەوە، بەتایبەت دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی زیادبوونی گرژی و ناكۆكییەكان و لێدوانی دژ بە یەكی هەسەدە و دیمەشق لە ماوەی 72 كاتژمێری ڕابردوودا.

ئەمریكا بۆچوونی وایە، سەرجەم هێزە چەكدارەكانی نێو هەسەدە نەچنە نێو سوپای سووریا و، بەشێكی ئەو هێزانە هەر لە ژێر فەرماندەیی مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی سووریای دیموكرات بمێننەوە، ئەوەش دوای دژایەتیی ئاشكرای دیمەشق بۆ لامەركەزیەتی ڕۆژئاوای كوردستان.

ئەمریكا لەسەر داوای كشانەوەی هێزە كوردییەكان لە ناوچە عەرەب نشینەكانی ڕۆژهەڵاتی سووریا و ڕادەستكردنەوەی بە سیستمی بەرگریی حكومەتی سووریا، ڕژدە. هەروەها داواش دەكات وەبەرهێنان لە كێڵگە نەوتییەكانی ئەو ناوچانە ڕابگرێت.

بە وتەی دیپلۆماتكارە ئەمریكییەكان، تەنانەت ئەگەر ئەحمەد شەرع بەرامبەر داخوازیی كورد بۆ لامەركەزیەت، نەرمیش بنوێنێت، توركیا بەهیچ جۆرێك ڕازی نابێت و وەكو هەڕەشەیەكی ئەمنی، لە هەسەدە دەڕوانێت.

حكومەتی ناوەندیی سووریا باس لەوە دەكات، ڕێگری لە چوونی بڕێكی زۆر مووشەكهاوێژ و چەكی مامناوەند كردووە كە بڕیاربووە بۆ ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە بگوازرێتەوە، هاوكات ئەوەشی باسكردووە كە هەوڵێكی هێزە كوردییەكانی شكست پێهێناوە كە ویستوویانە سەنگەریی بەرگری لە دێرەزوور ببەزێنن، هەسەدەش ئەو هەواڵانە ڕەت دەكاتەوە و بە پڕوپاگەندە وەسفی دەكات.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار