بەرپرسانی کورد و دروز لە لوبنان کۆدەبنەوە

5 كاتژمێر لەمەوپێش
جێگری هاوسەرۆكی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەر، سەردانی باڵاترین دەسەڵاتی دروز لە لوبنان دەکات و دووپاتی دەکاتەوە: لامەرکەزیەت چارەسەرە.
لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ لوبنان بەدران چیا کورد جێگری هاوسەرۆكی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەر ، ڕۆژی هەینی لە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆی لە شارۆچکەی شارۆن لە لوبنان سەردانی باڵاترین دەسەڵاتی دروزەکان، شێخ ئەبو یوسف ئەمین ئەلسەیغ، سەرۆکی ئەنجومەنی ڕۆحانی کۆمەڵگەی تاکخودای دروزەکانی لە لوبنان کرد.
بەرپرسانی کورد و دروز کە زۆرجار لەم دواییانەدا ناویان پێکەوە لە سوریا دەهێنرێت، لەم سەردانەدا پتەوکردنی پەیوەندییەکانی کورد و دروزەکانیان دوپاتکردوەتەوە.
بەدران چیا کورد بۆ شێخى دروزەکان جەختی لەسەر ڕەسەنایەتی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو گەل کردەوە، وتیشى: پێویستە پەیوەندی و هەماهەنگی نێوان پێکهاتە جیاوازەکانی سوریا و لوبنان لەم کاتەدا بەردەوامبێت، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی ئەو گۆڕانکارییە خێرایانەی کە چەند مانگێکە لەسوریا ڕوودەدەن و کاردانەوەکانیان لەسەر ناوخۆی لوبنان.
سەرۆکی ئەنجومەنی ڕۆحی دروزەکانی لوبنان سوپاسی کوردەکانی کرد بۆ هەڵوێستی کورد لە دژی کۆمەڵکوژی سوەیدا.
هاوکات دەستخۆشى لە ئیدارەی خۆسەر و هێزەکانی سوریای دیموکرات کردو ئەزموون و فرەییەکەی بەرز نرخاند، لەوانەش بەشداری پێکهاتە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکان. ئاماژەی بەوەشکرد، دەتوانێت ببێتە مۆدێلێک بۆ ناوچە جۆربەجۆرەکانی سوریا، لەنێویاندا سوەیدا ئەمەش دەبێتە هۆی پاراستنی سەقامگیری سوریا، کە بە وتەی ناوبراو بۆ ئاسایش و سەقامگیری لوبنان زۆر گرنگە.
بەرپرسەکەى ئیدارەى خۆسەر دڵتەنگى خۆی لە ڕووداوە خوێناوییەکانی ئەم دواییەی پارێزگای سوەیدا دەربڕی و جەختی لەسەر هاوسۆزی خۆی لەگەڵ خەڵکی پارێزگاکە کە کەوتنە قوربانی هێرشە سەربازییەکانی دەسەڵاتی ئینتقالی سوریا. ناوبراو جەختی لە پێویستی یەکخستنی ڕیزەکانی سوریا بە گشتی و دروزەکان بە تایبەتی کردەوە، پێیوابوو هیچ چارەسەرێک بۆ قەیرانی سوریا نییە جگە لە ڕێگەی سیستەمێکی حکومەتی لامەرکەزی و فرەیی کە هەموو پێکهاتەکان لە باوەش بگرێت و ڕێز لە تایبەتمەندی هەموو گروپە ئایینی و نەتەوەیی و تائیفیەکان بگرێت.

