لەسەر موچە کۆبوونەوەیەکی چارەنووسساز لە بەغدا دەکرێت

17 كاتژمێر لەمەوپێش



لەسەر مووچە و ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، بڕیارە سبەینێ یەکشەممە لە بەغدا کۆبوونەوەیەک بکرێت و چاوەڕوان دەکرێت محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بڕیارێک لەسەر لابردنی بەربەستەکانی بەردەم مووچە بدات.

هەوڵەکانی ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا بەردەوامن، لە ئێستادا دوو پرسی سەرەکی ماون کە پێویستیان بە ڕێککەوتن هەیە بۆ ناردنی مووچە، یەکەم؛ هەناردەکردنەوەی نەوت،  دووەم؛ داهاتی ناوخۆ. شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو کۆنووسێکیان لەبارەی داهاتی ناوخۆ ئامادەکردووە.

سبەی یەکشەممە، کۆبوونەوەیەکی گرنگ لە بەغدا ئەنجام دەدرێت. شاندی دانوستانکاری حکومەتی عێراق کاتژمێر 12ـی نیوەڕۆ لەگەڵ سوودانی کۆدەبنەوە و کۆنووسەکە و ئەنجامی کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ شاندی کوردستان بە وردی دەخەنەڕوو. بەپێی سەرچاوەکەی ئاڤا، شاندەکەی عێراق تێگەیشتنی باشیان سەبارەت بە بۆچوونەکانی شاندی هەرێمی کوردستان هەیە لەبارەی داهاتی نانەوتی.

سەرچاوەیەک لە حکومەتی عێراق لەوبارەیەوە وتى: بۆچوونی شاندەکەی عێراق لەبارەی ڕاپۆرتەکەی حکومەتی کوردستان ئەرێنی بووە و پشتڕاستیان کردووەتەوە کە کوردستان لەسەر حەقە بەپێی دەستوور و یاسای بودجە. هەرچەندە ناکۆکی و بۆچوونی جیاواز هەبووە، بەڵام هەردوو ڕاپۆرتەکە یەکیان گرتووە و کۆنووسێکی هاوبەشیان نووسیوە، کە بڕیارە بدرێتە محەممەد شیاع سوودانی بۆ یەکلاییکردنەوە.

شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاپۆرتێکی گشتگیریان لەبارەی سەرجەم داهاتەکانی ناوخۆ، لە گومرگ و دەروازە سنوورییەکانەوە هەتا پارەی ئاو و کارەبا، ئامادەکردووە، کە تێیدا ڕوونکراوەتەوە چەند داهات بۆ حکومەتی هەرێمە و ئامادەن چەند بدەنە بەغدا. 

ئەوان پشتیان بە بەڵگەنامەی یاسایی، وەک بڕگە و ماددەکانی دەستوور، یاسای بودجە، و یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدراڵی ژمارە 6ـی ساڵی 2019 بەستووە. بۆ نموونە، بەپێی بڕگەی دووی ماددەی 51ـی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی، داهاتی گومرگ و دەروازە سنوورییەکان و فڕۆکەخانەکان بە ڕێژەی 50% بۆ هەولێر و 50% بۆ حکومەتی عێراق دەبێت، و هەمان شێوە بۆ سەرجەم داهاتەکانی تر.

 ئەگەر سوودانی سبەی بە ڕاپۆرتە هاوبەشەکە ڕازی بێت، ئەوا کێشەی داهاتی نانەوتی چارەسەر دەبێت و ڕاپۆرتەکە دەباتە کۆبوونەوەی ڕۆژی سێشەممەی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ پەسەندکردنی، بەڵام ئەگەر سوودانی تێبینی لەسەر خاڵێک یان دوو خاڵ هەبوو، ئەوا داوا لە شاندی دانوستانکاری هەردوولا دەکرێت دووبارە کۆببنەوە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار