کۆمپانیای سۆمۆ: هەرێم دەیەوێت هەناردەی نەوت دەستپێبکاتەوە

5 كاتژمێر لەمەوپێش
بەڕێوەبەری کۆمپانیای سۆمۆ دەڵێت: لێکتێگەیشتن هەیە بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم، بۆ ئەو مەبەستەش تورکیا رەزامەندی دەربڕیوە.
عەلی نزار بەڕێوەبەری کۆمپانیای سۆمۆ لەمیانی چاوپێکەوتنێکدا رایگەیاند، حکومەتی هەرێم دەیەوێت هەناردەی نەوت دەستپێبکاتەوە و تورکیاش بۆ ئەو مەبەستە رەزامەندی دەربڕیوە.
وتیشی، لێکتێکگەیشتن هەیە لە نێوان وەزارەتی سامانەسروشتییەکانی حکومەتی هەرێم و وەزارەتی نەوتی عیراق و کۆمپانیای سۆمۆ بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم، هاوکات گفتوگۆکان کە لەماوەی رابردوودا ئەنجامدراوە ئەرێنی بوون.
بەڕێوەبەری کۆمپانیای سۆمۆ ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو کۆمپانیانەی کە لەکێڵگە نەوتییەکانی هەرێم کاردەکەن، داوای گەرەنتی و دڵنیایی دەکەن بۆ ئەوەی ئەوانیش بتوانن کارەکانیان بکەن، هەروەها بەپێی یاسا ئەو کۆمپانیانە رێژەی چەند نەوت بۆ عیراق بنێرن بەپێی بەرهەمەکانیان داهاتیان پێدەدرێت، هاوکات دەبێت وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم پارەی ئەو کۆمپانیانە بدات.
عەلی نزار ئەوەشی خستەڕوو، بەپێی یاسای بودجە حکومەتی هەرێم دەبێت مانگانە 400 هەزار بەرمیل رادەست بکات، بەڵام لە ئێستادا بەرهەمی نەوتی هەرێم ناگاتە ئەو رێژەیە، بۆیە لە ئێستادا ئەنجومەنی وەزیران بەپێی رێژەی بەرهەمێنان 230 هەزار بەرمیل دیاریکراوە، بەڵام ئەگەر بەرهەمی نەوت لەو ژمارەیەش کەمتر بێت پێویستە مامەڵەی پێوەبکرێت و تا ئەو کاتەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بەرزدەبێتەوە بۆ ئەو ئاستەی کە لەبودجەدا دیاریکراوە.
ئاشکراشیکرد، راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم لە زیانی کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێمە.

