هەسەدە: هێرشێکى چەکدارانی سوپای سوریامان تێکشکاند

3 كاتژمێر لەمەوپێش
هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە)، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: ڕێگرییان لە ژمارەیەک چەکداری سەر بە حکوومەتی سووریا کردووە کە، هەوڵیانداوە دزە بکەنە نێو ناوچەکانی دەورووبەری"تل حافر" لە بەرەی باشوور لە ڕۆژهەڵات و نائارامیان دروستکردووە، دوای هێرشەکەشی بۆ سەر ئەو چەکدارانە، جارێکی دیکە ئارامیان بۆ ناوچەکە گەڕاندووەتەوە.
هێزەكانی سوریای دیموكرات دەڵێت: هێزەکانمان لە ناوچەی دێرحافەر بەوپەڕی تواناوە بەرپەرچی هەوڵەكانی دزەکردن و دوژمنكاری تۆپبارانيان داوەتەوە، کە لەلایەن گروپە لە یاسا دەرچووەكانی سەر بە حکومەتی دیمەشقەوە ئەنجامدراوەو، تەواوی ئەو هەوڵانەیان پوچەڵ کردووەتەوە.
ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە، لە راگەیەندراوێكدا كە ئەمڕۆ بڵاویكردووەتەوە، رایدەگەیەنێت:هێزەکانمان دووپاتی دەکاتەوە بەرپرسیارێتی تەواوی ئەم هێرشانە لە ئەستۆی ئەو لایەنەیە دەستپێشخەری ئەو پێشێلکارییە دووبارەیەی كردووە، کە هەڕەشە لە سەقامگیری گشتی دەکات.
لە هەمان كاتدا، هێزەکانمان دڵنیایی دەداتە سەرجەم دانیشتوان کە دۆخەکە لەژێر کۆنترۆڵی تەواودایەو لە ئامادەباشی بەردەوامدایە، بۆ روبەڕوبونەوەی هەر پێشێلکارییەکی نوێ.
ئاماژە بەوەشدەكات: هێزەکانیان جەخت لەسەر پابەندبونی بە ئەرکی نیشتمانی خۆی دەکاتەوە بۆ بەرگریکردن لە خاک و پاراستنی گەل، هەر هەوڵێکی دیکەی دوژمنكاری وەڵامێکی یەکلاکەرەوەی دەدرێتەوە، بە جۆرێك ئاسایشی ناوچەکە و شكۆی خەڵكەكەی بپارێزێت.
لەلایەکى دیکەوە فەرمانگەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی وەزارەتی بەرگریی سووریا ڕایگەیاند: ئێوارەی دوێنێ 10ـی ئەیلوولی 2025، هێزەکانی سووریای دیموکرات( هەسەدە)، کتوپڕ هێرشێکی فراوانی کردووەتە سەر هێزەکانیان لە فڕۆکەخانەی سەربازیی(جەڕاح) و دەورووبەری شارۆچکەی مەسکەنە لە ڕۆژئاوای حەلەب، لە هێرشەکەشدا، ماڵ و خانووی هاووڵاتییانی گوندەکانی ئەو ناوچەی وێران کردووە کە، بەهۆیە دوو هاووڵاتی گیانیان لەدەستدا و سێ هاووڵاتیی دیکەش برینداربوون.
وەزارەتی بەرگریی سووریا ئاشکرای کردووە، دوای هێرشەکەی هێزەکانی سووریای دیموکرات، سووپای سووریا دەستی بە هێرشکردنی پێچەوانەوە بۆ سەر سەرچاوەی هێرشەکە، کردووە.

